چۆنییەتی دوورخستنەوەی خەفەت لە خۆت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-05-12-21:48:00 - کۆدی بابەت: 12887
چۆنییەتی دوورخستنەوەی خەفەت لە خۆت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنییەتی دوورخستنەوەی خەفەت لە خۆت (بە ئینگلیزی: How to keep sadness away from yourself، بە عەرەبی: كيف تبعد الحزن عن نفسك). هەموو مرۆڤێک ڕۆژانە خەم و خەفەت ڕووی تێ دەکات، هۆکاری خەم و خەفەت هەرچییەک بێت گیرۆدەبوون تێیدا کارەساتە و وردە وردە مرۆڤ لەناودەبات، گرنگترین کار لەدوای بوونی خەم و خەفەت چۆنییەتی ڕوبەڕوبوونەوەیەتی، ئەمەش وادەکات بەهێزتربین و بتوانین بەرگەی خەم و خەفەتی گەورەتریش بگرین.

خەفەت چییە؟

خەفەت هەستێکە کە بۆ هەموو مرۆڤەکان دروست دەبێت، چەندین هۆکاری جۆراوجۆر هەیە بۆ دروستبوونی خەم و خەفەت. ڕێژەی خەفەتخواردن لە هۆکارێکەوە بۆ هۆکارێکی تر دەگۆڕێت، هەروەها لە کەسێکیشەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕدرێت. جیا لە کێشەکانی ژیان کە زۆرینە خەفەتی پێ دەخۆن چەندین جۆری لەدەستدانیش هەیە کە مایەی خەفەتە بۆ خاوەنەکەی، لەوانە: 

  • لەدەستدانی کەسانی ئازیز
  • نەمانی پەیوەندییەک
  • نەمانی دووگیانی (لەبارچوون)
  • لەدەستدانی جەستەیەکی تەندروست
  • لەدەستدانی ئاژەڵی ماڵی

چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی خەفەت دووربخەیتەوە

گریان

هەرچەندە زۆرێک کەس پێیان وایە گریان نیشانەی لاوازییە، بەڵام گریان یەکێکە لە ڕێگا زۆر باش و کاریگەرەکان بۆ ئەوەی خەم و خەفەت کەم بکاتەوە. ئەگەر لە حاڵەتێکدا خەفەتێکی قووڵ ڕووت تێ دەکات و لەناو کۆمەڵێک خەڵکدایت تاکوو دەتوانیت شوێنێکی چۆڵ بدۆزەرەوە و بەدڵی خۆت تێیدا بگری بۆ ئەوەی ئارام ببیتەوە.

نووسین

هەر ڕووداوێک یان هۆکارێک وایکردووە یاخود وادەکات کە خەفەتت هەبێت، ئەوا بەتەواوی ڕووداوەکە و خەمەکانت لەسەر تێنووسێک بنووسە، ئەمە ڕێگایەکی زۆر باشە تاکوو خەفەتەکەت کەم بکاتەوە.

گوێگرتن لە قورئان

قورئان باشترین ڕێگایە بۆ ئارامی دەروون و دووربوون لە خەم و خەفەت، وەک چۆن خوای گەورە دەفەرمێت (الا بذکر الله تطمئن القلوب) واتە: بە یادی خوا دڵەکان ئارام دەبنەوە. بۆیە ئەگەر کەسێکی موسڵمانیت ڕۆژانە گوێگرتن لە قورئان هۆکارێکە تاکوو ئارامی و ئاسوودەیی ببەخشێتە ژیانت. 

گوێگرتن لە مۆسیقا

گوێگرتن لە مۆسیقا یەکێکی ترە لەو ڕێگایانەی کە مێشک ئارام دەکاتەوە و ئاسوودەیت پێ دەبەخشێت. تاکوو دەتوانیت گوێ لە مۆسیقا و گۆرانی شاد بگرە تاکوو دووربیت لە خەم و خەفەت.

خۆت بگۆڕە و لە ماڵ بڕۆ دەرەوە

کاتێک لە شوێنی کارەکەت یاخود لە دەرەوەیت، دەتوانیت خۆت سەرقاڵ بکەیت، چێژ لە هەوای دەرەوە و چوونکە کافێیەک ببینیت و خۆت ئاسوودە بکەیت. بەڵام ئەگەر خەفەتت هەبێت و بەردەوام لە ماڵەوە بمێنیتەوە وردە وردە خەم و خەفەت زاڵ دەبێت بەسەرتدا، هەروەها ڕۆژانە بیری خراپ دەکەیتەوە و زیاتر ئازاری خۆت دەدەیت. بەردەوام پەنا دەبەیتە بەر بیرکردنەوە لە ئازارەکانت و گریان، بۆیە ئەگەر خەم و خەفەت زۆری بۆ هێنایت خۆت بگۆڕەوە و لەگەڵ هاوڕێ یان کەسێکی خێزانەکەت بڕۆ دەرەوە و جەوێک بگۆڕە.

سەرقاڵی کارەکردن بە

مەهێڵە ڕۆژانە بێکاربیت و ئەگەر هاتوو کارێکی دیاریکراویشت نەبوو لە ماڵەوە، ئەوا خۆت سەرقاڵ بکە بە خوێندنەوەی کتێب، سەیرکردنی فیلم و زنجیرە، وەرگرتنی کۆرسی زمان و برەودان بە هەر بەهرەیەک کە خۆت ئارەزووت لێی هەیە.

پاککردنەوە

کاتێک هەست دەکەیت خەم و خەفەت ڕووی تیکردوویت و دەیەوێت هێرشت بۆ بهێنێت، دەتوانیت بە پاککردنەوەی ماڵ ڕوبەڕووی ببیتەوە. ئەگەر دەمێکە دەتەوێت ناو کەوانتەر یان بەفرگر پاکبکەیتەوە و بەڵام هەر دواتخستووه ئەوا دەتوانیت لەوکاتە دەست پێ بکەیت، چونکە پاککردنەوەش یەکێکە لەو کارانەی دەتوانن خۆتیان پێوە سەرقاڵ بکەیت.

دەردەدڵکردن و قسەکردن

زۆرجار خۆخواردنەوە و قسەنەکردن زیانێکی زۆرت پێ دەگەیەنێت، هەرگیز کاتێک خەفەتێک لە دڵتدایە مەهێڵە بەو شێوەیە بمێنێتەوە. قسە بکە و باسی ئازارەکانت بکە بۆ کەسێکی نزیکت، ئینجا ئەو کەسە چ هاوڕێت بێت یاخود کەسێکی نزیکی خێزانەکەت. 

ئەرێنیانە بیربکەرەوە

گرنگ نییە ئێستا لە کام بارودۆخدایت هەمیشە هەوڵبدە ئەرێنیانە بیربکەرەوە و بەردەوام ئەوە بیر خۆت بهێنەوە کە هەرگیز بەمشێوەیە بەردەوام نابێت و باشتر و باشترین دێت بە شوێنیدا، هەمیشەش لەمە خراپتر دەکرێت ڕووبدات.


سەرچاوەکان



3879 بینین