پشکنینی هۆرمۆنی ڕێگریکردن لە گەشە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-10-15-11:15:00 - کۆدی بابەت: 14826
پشکنینی هۆرمۆنی ڕێگریکردن لە گەشە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی ڕێگریکردن یان سەرکوتکردنی هۆرمۆنی گەشە (بە ئینگلیزی: Growth hormone suppression test، بە عەرەبی: اختبار تثبيط هرمون النموّ) بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێندا چۆن کاریگەری لەسەر هۆرمۆنی گەشەکردن هەیە. وەک چۆن سروشتییە ئاستی هۆرمۆنی گەشە لە جەستەدا کەم ببێتەوە لەکاتی خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە شەکر، لەکاتێکدا هۆرمۆنەکە بە بەرزی دەمێنێتەوە ئەگەر تاکەکەس تووشی کێشەی ئەکرۆمێگالی (گەورەبوونی ئێسکەکانی جەستە) بووبێت، و لە کاتی ئەم پشکنینەدا ئاستی هۆرمۆنی گەشە دەپێورێت لە پێش و لە دوای خواردنەوەی خواردنەوەیەک کە لە شەکری گلوکۆز ئامادە کراوە.

ئەو حاڵەتانەی کە پێویستیان بە پشکنین هەیە

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم پشکنینە بەشێک نییە لە پشکنینی ڕۆتینی، بەڵام ئەم پشکنینە کاتێک ئەنجام دەدرێت کە نیشانە ڕوونەکان دەردەکەون کە ئاماژەن بۆ زیادبوونی ئاستی هۆرمۆنی گەشەکردن لە تاکەکەدا، و ئەمانەی خوارەوە ئەو حاڵەتانەن کە پێویستیان بە پشکنینی ڕێگریکردن لە هۆرمۆنی گەشەکردن هەیە:

  • منداڵان بەدەست نیشانەکانی نەخۆشییەکەوە دەناڵێنن کە پێی دەوترێت زەبەلاحبوون.
  • گەورەساڵان بەدەست نیشانەکانی حاڵەتێکی نەخۆشییەوە دەناڵێنن کە پێی دەوترێت ئەکرۆمێگالی، کە بە گەشەکردنی نائاسایی ئێسکە گەورەکانی جەستە لە گەورەکاندا نیشان دەدرێت.
  • پێویستی پشکنینی کارەکانی ژێر مێشکە ڕژێن و دڵنیابوون لەوەی کە هیچ تێکچوونێک لە کارکردنیدا نییە.
  • گومانی گرێیەک لە ژێر مێشکە ڕژێن هەبێت هەروەها پشکنینی سەرکوتکردنی هۆرمۆنی گەشە لەگەڵ پشکنینی هۆکاری گەشەی هاوشێوەی ئەنسۆلین-١ ئەنجام دەدرێت، چونکە بە تێپەڕبوونی کات ئاستەکەی زۆر ناگۆڕێت.
  • چاودێریکردنی کاریگەری ئەو دەرمانانەی کە لە چارەسەری جێگرەوەی هۆرمۆنی گەشەدا بەکاردەهێنرێن، و ئەم پشکنینە بەزۆری بە هاوبەشی لەگەڵ پشکنینی هۆکاری گەشەکردنی هاوشێوەی ئەنسۆلین-١ ئەنجام دەدرێت.

ئامادەکارییەکانی پشکنینەکە

ئامادەکارییەکان بۆ پشکنینی سەرکوتکردنی هۆرمۆنی گەشەکردن بریتین لە وەستاندنی خواردن و سنووردارکردنی چالاکییە جەستەییەکان ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی پشکنینەکە. لە ڕاستیدا، دەبێت لەگەڵ پێشکەشکاری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان قسە بکەیت سەبارەت بە خواردنی دەرمانە چارەسەرییە ئاساییەکانی نەخۆشەکە. وەک چۆن ڕەنگە هەندێک دەرمان کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە هەبێت بوەستێنرێت، گرنگترینیان گلوکۆکۆرتیکۆیدەکانن وەک؛ پرێدنیسۆن، هایدرۆکۆرتیزۆن و دیکسامیتازون جگە لەوەش، تاکەکەس دەبێت نزیکەی ٩٠ خولەک پێش دەستپێکردنی پشکنینەکە ئارام بێت و واز لە ئەنجامدانی هەر هەوڵێکی جەستەیی بهێنێت، چونکە ئەم چالاکییانە ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر گەشەی هۆرمۆنەکان لە جەستەدا.

میکانیزمی ڕێکاری پشکنینەکە

ئەنجامدانی ئەم پشکنینە پێویستی بە وەرگرتنی لانیکەم سێ نموونە لە تاکەکەسەکە هەیە و ئەمەش بەپێی ئەم میکانیزمەی خوارەوە ئەنجام دەدرێت:

  • یەکەم نموونەی خوێن لە نێوان کاتژمێر ٦ بۆ ٨ی بەیانی پێش خواردن یان خواردنەوەی هەر شتێک وەردەگیرێت.
  • نەخۆشەکە گیراوەیەک وەردەگرێت کە لە گلوکۆز ئامادەکراوە، بەزۆری باشترە بە هێواشی بیخواتەوە بۆ ئەوەی هەست بە سکچوون نەکات، بەڵام دەبێت لە ماوەی پێنج خولەکدا خواردنەوەی تەواو بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئەنجامی پشکنینەکە وردە.
  • ئەم نموونانەی خوارەوەی خوێن دوای یەک یان دوو کاتژمێر لە خواردنەوەی شەربەتەکەی گلوکۆز وەردەگیرێن و لە هەندێک حاڵەتدا هەر ٣٠ یان ٦٠ خولەک جارێک چەند نموونەیەک وەردەگیرێن.
  • دەستبەجێ نموونەی خوێن دەنێردرێت بۆ تاقیگە بۆ پشکنینی ئاستی هۆرمۆنی گەشە و گلوکۆز لە خوێندا.

ڕوونکردنەوەی ئەنجامی پشکنینەکان

ئاستی ئاسایی هۆرمۆنی گەشەکردن لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینی ڕێگریکردن لە هۆڕمۆنی گەشەکردن لە تاقیگە جیاوازەکاندا ڕەنگە جیاواز بێت، ئەمەش بەندە بە ئامێری پێوانەکردن و نموونەکانی بەکارهێنراو بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە بۆیە پێویستە بەردەوام بێت لە شیکردنەوەی ئەنجامی پشکنینەکە بە هاوکاری تاکەکەسەکە بەگشتی، ئەنجامی ئاسایی ئەم پشکنینە ئەوەیە کە ئاستی هۆرمۆنی گەشەکردن کەمترە لە یەک نانوگرەم/میلی لیتر، و پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئاستی هۆرمۆنی گەشەکردن لە منداڵاندا لەوانەیە لەمە زیاتر بێت لە ئەنجامی حاڵەتێک کە پێی دەوترێت دابەزینی شەکری خوێنی کاردانەوە ئەگەر ئاستی هۆرمۆنی گەشەکردن لە کاتی پشکنینەکەدا بەرز بمێنێتەوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەیەکی پزیشکی تایبەت یان کەموکوڕی، و لە ڕاستیدا دەبێت پشکنینی ڕێگریکردن لە هۆرمۆنی گەشە دووبارە بکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە وردی ئەنجامەکان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەنجامی پشکنینەکان ڕەنگە بە شێوەیەکی سروشتی لە نێوان تاکەکاندا جیاواز بن بەهۆی جیاوازی تەمەن، ڕەگەز، مێژووی تەندروستی، شێوازێک کە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە و هتد بەکاردەهێنرێت.

ئاستی بەرزی هۆرمۆنی گەشە ئاماژەیە بۆ بوونی یەکێک لەم کێشانەی خوارەوە:

  • ئەکرۆمێگالی لە کەسانی پێگەیشتوودا کە بە زیادەڕۆیی گەورەبوونی ئەندامەکان نیشان دەدرێت، بەهۆی شانە نەرمەکانەوە، هەروەها دەم و چاو، چەناگە، دەست و پێ ئەو شوێنانەن کە زۆرترین کاریگەری گەورەبوونیان لەسەرە لە گەورەکاندا کە گەشەکردنیان وەستاوە.
  • زەبەلاحی لە منداڵاندا، کە بە گەشەکردنی زیادەڕۆیی نائاسایی لەشدا نیشان دەدرێت، بەهۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر لە هۆرمۆنی گەشەکردن لە جەستەدا پێش ئەوەی کۆتاییەکانی گەشەکردنی ئێسکەکانیان دابخرێن هەرچەندە ئەو منداڵەی کە تووشی ماکرۆسۆمیا بووە، قەبارەکەی لە ئاسایی بەرزتر دەبێتەوە و گەورەتر دەبێت، بەڵام هێشتا ڕێژەیەکی جوان و سروشتی لە نێوان ئەندامەکانی جەستەدا دەمێنێتەوە.
  • وەرەمی ناشێرپەنجەیی ژێر مێشکە ڕژێن.
  • دروستبوونی وەرەم لە شوێنێکی تر جگە لە ژێر مێشکە ڕژێن، کە حاڵەتەکانی زۆر دەگمەنن.
  • کێشەکانی تری وەک؛ بەدخۆراکی، نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەر، فشار و فشاری دەروونی کە لە ئەنجامی نەشتەرکاری یان هەوکردنی جددی دروست دەبێت.


سەرچاوەکان



58 بینین