تێڕوانینێکی گشتی بۆ پشکنینی تاقیگەیی پزیشکی

له‌لایه‌ن: - دیار زرار دیار زرار - به‌روار: 2024-10-02-21:47:00 - کۆدی بابەت: 14802
تێڕوانینێکی گشتی بۆ پشکنینی تاقیگەیی پزیشکی

ناوه‌ڕۆك

بایەخی پشکنینی تاقیگەیی پزیشکی چییە؟

پشکنینە تاقیگەییە پزیشکییەکان چەند سوودێکی سەرەکییان هەیە لەسەر جەستە و زانینی باری تەندروستی هەر تاکێک بەپێی تەمەنی جیاواز، لەبەر ئەم هۆکارانە:

1- دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان
پشکنینی تاقیگەیی پزیشکی یارمەتی پزیشکان دەدات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە رەنگە نیشانەکانیان بە روونی دەرنەکەون، هەر بۆیە دەتوانێت کێشەکانی وەک کەمخوێنی، شەکرە، تێکچوونی غودەی دەرەقی و نەخۆشییەکانی جگەر و گورچیلە دەستنیشانبکات.

2- چاودێریی چارەسەرکردن
پشکنینی تاقیگەیی پزیشکیی بەکاردەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە چارەسەرەکە چەندە باش کاردەکات و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە تا چەند دەرمانەکان کاریگەرییان لەسەر چارەسەرەکە بووە، بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر لە کارکردنیان و ئەگەریش پێویست بێت، گۆڕانکاری تیایاندا.

3- خۆپاراستن و زوو دەستنیشانکردن
پشکنینەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دیاریکردنی نەخۆشییەکان لە قۆناخە سەرەتاییەکانیاندا، ئەمەش کاریگەریی چارەسەرییەکان ئاساندەکات و رێگری
دەکات لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان بەتایبەت بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.

4- هەڵسەنگاندنی باری تەندروستیی گشتی
پشکنینی تاقیگەیی پزیشکی تێڕوانینێکی گشتگیر لە تەندروستیی نەخۆشەکە نیشاندەدات بە هەڵسەنگاندنی کارکردنی ئەندامە گرنگەکان و پێوانەکردنی پێکهاتە سەرەکییەکانی خوێن.

چۆن دڵنیابیین لە وردی و متمانەپێکراویی ئەنجامی پشکنینەکان؟

1- جێبەجێکردنی رێنماییەکان، نەخۆش دەبێت پابەندبێت بە هەموو ئەو رێنماییانەی کە پەیوەستن بە ئامادەکاری پشکنینەکە بۆ دڵنیابوون لە وردیی ئەنجامەکان.

2- کۆکردنەوەی نموونە بە شێوەیەکی دروست؛ پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی کۆکردنەوەی نموونە بە وردی یارمەتی رێگریکردن لە هەڵە و پیسبوون دەدات.

3- بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتوو و ئەنجامدانی پشکنینی کوالێتیی کارکردنی ئامێرەکان؛ تاقیگەکان دەبێت ئامێری مۆدێرن و پێشکەوتوو بەکاربهێنن و بەردەوام پشکنینی کوالێتی ئەنجامبدەن بۆ دڵنیابوون لە وردیی ئەنجامەکان و پابەندبوون بە ستانداردە دامەزراوەکان.


سەرچاوەکان



36 بینین