بووکی ناکام - شێرکۆ بێکەس

له‌لایه‌ن: - ئاڵەکۆک - به‌روار: 2021-10-06-16:48:00 - کۆدی بابەت: 6818
بووکی ناکام - شێرکۆ بێکەس

ناوه‌ڕۆك

بووکی ناکام

شاعیر: شێرکۆ بێکەس

بەرهەم: تریفەی هەڵبەست

شیعر: بووکی ناکام

تا دوێنێ بوو تۆش نێرگزی، چەپکی بەهار بووی
لەباوەشی نەورۆزا وەک گوڵاڵە دیاربووی

بەسەر ژینا شنەت ئەهات، تەڕ و پاراوبووی
لەئاسۆدا وەک گزنگی چاوی هەتاو بووی

تا دوێنێ بوو، زەردەخەی لێوی ژیان بووی
وەک تریفەی مانگەشەوی ئارامی گیان بووی

تا دوێنێ بوو، تۆ ڕووناک بووی ئەدرەوشایتەوە
وەک ئەستێرە ورشەت ئەهات ئەجریوایتەوە

لەساماڵی گەنجێتیتا، شەوقی بەیان بووی
لەگەڵ بەختی بووکێنیا دەس لەملان بووی

تا دوێنێ بوو، ئەی جوانی شۆخ، ئەی بووکی ناکام
لەکەژاوەی خەوی خۆشا، گرتبووت ئارام

بەسەر فەرشی ناو چیمەنی نازا ئەگەڕای
لەگوڵزاری جوانێتییا شاگوڵ ئەبینرای

بەڵام هەیهات! لەچاو گووم بووی، لەگەشە کەوتی
بەژاکاوی، بووکی ناکام لەخاکا زەوتی

لەپێش تۆشا زۆر هیوای گەش بێ سەر و شوێن بوو
گەلێ خونچەی نەپشکووتوو خڵتانی خوێن بوو

بەدوای تۆشا، کاروانی کۆچ، ئێمەش هەڵ ئەگرێ
قاپی ژینمان، بەکلیلی مردن دائەخرێ

ئەوەی ئەمڕۆ پێی ناز ئەنێ بەسەر زەمینا
سبەی لەناو زەمینایە وا لە ڕزینا

ئیتر فرمێسک چەند بڕێژرێ، چەند هاوار بکرێ
بەپێڵوی چاو خاکی گوڵکۆت لەسەر بماڵرێ

جارێکی تر کێ ئەتبینێ وەک ڕۆژانی زوو
بشنێیتەوە، بۆ ژیانی حەزوو ئارەزوو

جارجار نەبێ لەخەیاڵا یادگاری تۆ
دێت و ئەڕوا بۆ خەزانی نەوبەهاری تۆ

هەر ئەوەندەش لەدەست من دێ لەچاوی شیعرم
هۆن هۆن فرمێسک هەڵڕێژم و هەرگیز نەیسڕم.

کسپەی یادێکە بۆ جوانەمەرگ «ڕوناک زوهدی»


سەرچاوەکان



869 بینین