ناوهڕۆك
شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس
شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە و لەڕۆژی (٢)ی مانگی ئایاری ساڵی (١٩٤٠) لە لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ڕۆژی (٤) ی ئابی ساڵی( ٢٠١٣) لە ستۆکھۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
شێرکۆ بێکەس بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی نەتەوەی کورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون.
لە ساڵی ١٩٨٧ لە سوید “خەڵاتی تۆخۆڵسکی” وەردەگرێت، کە خەڵاتەکەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی سوێد ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەش دەکرێت، دواتر لە ساڵی ١٩٩٢ دەبێتە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمەش لە یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو.
لە ساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێکانی “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ی دامەزراند، لە ساڵی ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕە لە چاپدا.
شێرکۆ یەکەمین شعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاو کردەوە و لە ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شعر خۆی بەناوی “تریفەی ھەڵبەست” لە بەغداد لە چاپدا، و لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شعری کوردی و بەتایبەت چوون بە لای شعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە.
لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئەمریکا و کەنەدا بوو.
لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و راگەیاندنی “خاک” خەڵاتی پیرەمێردی شاعری بە شێرکۆ بەخشی.
شێرکۆ بێکەس یەکێکە لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شعری نوێی کوردی و ھونەری کوردی بە زمانی شعری نوێ ناساند.
نموونە ھەڵبەستێک
لە کاتێکدا کە منداڵ بووم
دەستی چەپم حەزی ئەکرد
وەک دەستی منداڵی پۆشتەی دراوسێمان،
سەعاتێکی تیابێ ئەویش.
وڕکم ئەگرت،
دایکم ناچار گازی ئەگرت لە مەچەکم
بە جێگەی دان سەعاتێکی بۆ ئەکردم
ئای.. کە دڵخۆشی ئەکردم…!
لە کاتێکدا کە منداڵ بووم
واتەی کامەرانیی لای من
لەوەدا بوو: لە حەماما
بەسەر پەشتەماڵی جاما
فوو بە کەفی سابووناکەم
گڵۆپێکی سەوزو سووری لێ دروست کەم!
لە کاتێکدا کە منداڵ بووم
لە زستانا، لەبەر تینی ئاگردانا دائەنیشتم
سەرنجم ئەدا لە پشکۆی،
گەشاوە و ئاڵ
وام حەز ئەکرد، منی منداڵ
بچمە ناو پشکۆکانەوە..
دابنیشم.. بیکەم بە ماڵ!.
کە منداڵ بووم.. زۆر ئێوارە ئەیان ناردم.
لە ماڵی پوورە "مەنیجە"
ترشیات بکڕم
کام تام لەو تامە خۆشتر بوو
لە دوای ئاوڕ، لە پێچی تەنگی کۆڵانا
کاتێ یەک دوو قوومی خێرام
ئەدا لە ترشیاتی ناو جام!
لە کاتێکدا کە منداڵ بووم
خۆشەویستی لام ئەوە بوو:
شەوی جەژن، تا بەیانیی.. چاو ھەڵدێنم
لەگەڵ خۆما..دەس لەملان
پێڵاوی تازە بنوێنم!
کە گەورە بووم دەستی چەپم
زۆر سەعاتی ڕاستەقینەی جوانی… بینی
بەڵام ھیچیان وەک سەعاتی
جێگەدانی دایکم… لەسەر قۆڵ و دەستم
وەھا دڵخۆشیان نەکردم.
کە گەورە بووم
ھیچ چلچراو گڵۆپێکی ژوورەکانم
وەک گڵۆپی کەفی سابوون
پێکەنینیان… پێ نەگرتم.
کە گەورە بووم
ھیچ گڕێکی زۆپای ئێستا
نەکردە ماڵ و تیا بژیم.
کە گەورە بووم ھیچ خواردنێ
تامی ئەو قومە ترشیاتەی پێ نەبەخشیم.
کە گەورە بووم
ھیچ کراس و بۆینباخ و قاتێکێ نوێم
نەھێنایەوە ژێر جێگەوە
وەکوو پێڵاوەکەی جەژن
تا بەیانیی چاو ھەڵدێنم، لەگەڵ خۆما بیان نوێنم
ھیچیان.. ھیچیان!
بەرهەمەكانی
1. تریفەی هەڵبەست 1968
2. كەژاوەی گریان 1969
3. كاوەی ئاسنگەر 1971
4. من تینوێتیم بە گڕ ئەشكێ 1973
5. ئاسك 1976
6. كازیوە 1978
7. دوو سروودی كێوی 1980
8. پیرەمێرد و زەریا 1982
9. رووبار 1983
10. كەشكۆڵی پێشمەرگە 1984
11. داستانی هەڵۆی سوور 1985
12. ئاوێنە بچكۆلەكان 1986
13. تەمتوومان 1988
14. دەربەندی پەپوولە 1991
15. ئافات 1993
16. مێرگی زام، مێرگی هەتاو 1996
17. خاچ و مار و رۆژژمێری شاعیرێ 1998
18. بۆننامە 1998
19. چراكانی سەر هەڵەمووت 1999
20. نسێ 1999
21. ژنێك و دوو پیاو 2000
22. ژن و باران 2000
23. رەنگدان 2001
24. ئەزموون 2001
25. له چلەی چلچرایەكدا 2001
26. پیاوێ لە دارسێو 2002
27. خۆم؛ ئەو وەختەی باڵندەم 2002
28. پاییزە میوان 2002
29. كوكوختیە بزێوەكە 2003
30. گۆڕستانی چراكان 2004
31. ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن 2004
32. سروودە بەردینەكان 2005
33. كورسی 2005
34. لە گوڵەوە هەتا سووتوو 2006
35. حەفتا پەنجەرەی گەڕۆك 2007
36. كتێبی ملوانكە 2007
37. تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین 2007
38. زێ و زنە 2008
39. تەون 2009
40. هەست و نەست 2010
41. ئێستا كچێك نیشتمانمە 2011
42. ئەسپێك لە پەڕەی گوڵاڵە 2012
43. خێراكە مردن خەریكە بگات 2013
44. نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش 2013
سەرچاوەکان
6885 بینین