ناوهڕۆك
ناساندن
غادە سەمان (بە عەرەبی: غادة السمان، بە ئینگلیزی: Ghada al-Samman) خانمە نووسەر، ڕۆماننووس، ڕۆژنامەنووس، هۆزاناڤانی سووری و عەرەبە، زیاتر لە چل بەرهەم و نووسینی بڵاوکراوە لە دیوانی شیعر و ڕۆمان و دەقی ئەدەبێ هەیە و خاوەن شێوازی نووسینی خۆیەتی و بەرهەمەکانی بۆ چەندان زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕانیان بۆ کراوە.
غادە زیاتر بە کتێبی (نامەکانی غەسان کەنەفانی بۆ غادە سەمان) ناودار بووە و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو چەند نووسەر و ئەدیبێکی عەرەبی نامەی سۆزدارییان لەگەڵ گۆڕییەتەوە نموونەی غەسان کەنەفانی و ئونسی حاج و بەلیغ حەمدی، غادە دوای مردنیان بە ماوەیەک نامەکانی ئەوانی کردووە بە کتێب و بڵاویکردووەتەوە.
زانیاری گشتی
ناو | غادە ئەحمەد سەمان |
بەروار و شوێنی لەدایکبوون | یەکی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٢، دیمەشق، سووریا |
ڕەگەزنامە | سووری |
پیشە | نووسەر، ڕۆماننووس، ڕۆژنامەنووس |
ناوی هاوسەری | بەشیر داعووق |
ناوی منداڵەکانی | حازم |
ژیاننامەی
غادە ئەحمەد سەمان لە یەکی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٢ لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەدایکبووە، لە خێزانێکی دەوڵەمەند پەروەردە کراوە و دکتۆر ئەحمەد سەمانی باوکی سەرۆکی زانکۆی سووریا بووە و بۆ ماوەیەک وەزیری خوێندنی باڵا بووە لە سووریا، غادە لە تەمەنی منداڵیدا دایکی لەدەستداوە و ئەم ڕووداوە کاریگەری زۆری بەسەر ژیانییەوە هەبووەو بۆیە بە کەسایەتی باوکییەوە زۆر پەیوەست بووە، هاوکات باوکی غادە گرنگی زۆری بە کولتوور و ئەدەبی عەرەبی و ئەدەبی جیهانی داوە بۆیە غادە بە کەسایەتی باوکی کاریگەر بووە، بەپێی چەند سەرچاوەیەک خێزانی غادە سەمان خزمایەتی و نزیکایەتیان لەگەڵ نزار قەبانی شاعیری لوبنانی هەبووە.
غادە سەمان لە خوێندنگەی فەڕەنسی تایبەت لە سووریا چەند قۆناغێکی سەرەتایی خوێندنی بڕیوە و پاشان لە قۆناغی ئامادەیی دەخرێتە خوێندنگەیەکی حکوومی بە زمانی عەرەبی لە دیمەشق قۆناغی ئامادەیی تەواو دەکات، دواتر لە زانکۆی سووریا لە دیمەشق لە پسپۆڕی ئەدەبی ئینگلیزی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ساڵی ١٩٦٣ بەدەستهێناوە.
بۆ خوێندنی ماستەر ڕوودەکاتە زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و بڕوانامەی ماستەری لە (ئەدەبی نامەعقوڵ) بەدەستهێناوە، دواتر لە زانکۆی قاهیرە لە میسر بڕوانامەی دکتۆرای لە بوارەکەی خۆی بەدەستهێناوە.
بۆ کارکردن دەگەڕێتەوە بۆ دیمەشق و وەکوو مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە خوێندنگەیەک مامۆستایی کردووە، پاشان لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ناودارەکانی ئەو سەردەمە نموونەی گۆڤاری (هەفتانەی عەرەبی) و (گۆڤاری ڕووداو) وەکوو نووسەر کاری کردووە.
غادە سەمان وەکوو ڕۆژنامەنووس کاری کردووە و بەهۆی ڕۆژنامەنووسییەوە لەنێو جیهانی عەرەبی ناسرا و ناوی درەوشایەوە، لە سەرەتای ئەزموونی کارکردنی لە بەیرووت و سووریا ڕۆژنامەوانی کردووە، پاشان گەشتی زۆرێک لە وڵاتە ئەورووپییەکانی کردووە و وەکوو ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر کاری کردووە.
ژیانی تایبەتی
لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو غادە سەمان لەگەڵ بەشیر داعوق خاوەن چاپخانەی تەڵیعە هاوسەرگیری کردووە، لە هاوسەرەکەی تەنیا خاوەن کوڕێکە بە ناوی حازم کە بە ناوی کەسایەتییە سەرەکییەکەی نێۆ ڕۆمانەکەی (شەوانی نامۆکان) ناوناوە.
هاوسەرەکەی غادە سەمان لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کردووە. غادە سەمان بڕیاریداوە کە هیچ چاوپێکەوتن و دەرکەوتنێکی نەبێت و ژیانی تایبەتی دوورە لە چاوی میدیاکانەوە و لە پاریس دەژێت، تا ڕادەیەک بەرهەمی نووسینی کەمەوە بووە و دەستی لە نووسین هەڵگرتووە.
پەیوەندییە سۆزدارییەکانی غادە سەمان غادە لەگەڵ ئەدیبانی سەردەمی خۆی پەیوەندی سۆزداری و نامەگۆڕینەوەیان هەبووە لە نێوانیان و تا ڕادەیەک خۆشەویستی ئەوانی تر بۆ غادە یەک لایەنە بووە، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو غەسان کەنەفانی شاعیری فەڵەستینی ناودار ئەویندار و خۆشەویستی غادە بووە، تاڕادەیەک خۆشەویستییەکەی یەک لایەنە بووە و لەڕێی نامەگۆڕینەوە و ناردنی نامەی ئەدەبی نێوانیان هەستی خۆی دەربڕیوە، بەڵام غادە سەمان ئەوینی ئەوی پەسەند نەکردووە چونکە هەردووکیان هاوسەرگیریان کردبوو، لە ساڵی ١٩٩٢ غادە سەمان ئەو نامانەی کە لەلایەن غەسان بۆی نێردرابوو کردییە کتێبێک،
غەسان كەنەفانی سیاسەتمەدار و ئەندامی بەرەی میللی فەڵەستینی بووە و هاوکات ئەدیبێکی بەرهەڵستکاری دەسەڵات بووە و زمانی نووسینی زۆر ڕەق و توند بووە، بەڵام لەگەڵ غادە شاعیرێکی ئەوینداری هەست ناسک بووە و ئەوینێکی یەک لایەنەی بۆ غادە هەبووە، بەڵام غادە سەمان ئەوینی غەسانی ڕەتکردووەتەوە و بەو هۆیەوە کاتێک کتێبی نامەکانی غەسانی بڵاوکردەوە ڕووبەڕووی هێرشی توڕەیی خوێنەر بووەوە و غادە بە دڵ ڕەق ناوزەد دەکرا، دوای ئەوەی کەنەفانی لە ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن دەزگای مۆسادی ئیسڕائیلییەوە تیرۆر دەکرێت، غادە سەمان بیست ساڵ دوای تیرۆرکردنی نامەکانی غەسان بڵاودەکاتەوە کە بۆی ناردووە و هیچ نامەیەکی خۆی بڵاوناکاتەوە کە بۆ غەسانی ناردووە بە بیانووی ئەوەی کە لەناوچوون و فەوتاون نامەکانی خۆی بڵاونەکردەوە.
لە ساڵی ٢٠١٦ و دوای دوو ساڵ لە مردنی نووسەر و ئەدیبی عەرەبی ناودار ئونسی حاج غادە نامەکانی ئەویشی بڵاوکرەوە کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بۆی ناردبوو، بەهەمان شێوە نامەکانی خۆی بڵاونەکردەوە و تەنها نامەکانی ئونسی ئەلحاجی بڵاوکردەوە، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نامەكانی ئونسی ئەلحاجیشدا زۆرێك لە خوێنەران كەوتنە پەلاماردان و قسە پێوتنی غادە و سوكایەتی پێكردنی و بە کارێکی ئابڕووبەرانە ناوزەدیان کرد، بەهۆی ئەوەی چەند نووسەرێک نامەی ئەدەبی و خۆشەویستی بۆ غادە سەمان ناردووە زۆرجار بەوهۆیەوە بە نازناوی "ساندرێلای نێو ئەدەبی عەرەبی" ناسراوە.
ئەزموونی نووسین و بەرهەمەکانی
غادە سەمان هەر لە تەمەنی لاوییەوە بەهۆی ئەوەی کە باوکی گرنگی بە کتێب و زمان و کولتووری عەرەبی داوە بۆیە زۆر کاریگەر بووە بە باوکی و ئەویش گرنگی بە خوێندنەوە و نووسین و ئەدەبی عەرەبی داوە.
لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا و لە ساڵی ١٩٦٢ کاتێک لە قۆناغی زانکۆ بووە یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی تایبەت بە خۆی بە ناوی (چاوەکانت چارەنووسمە/ عيناك قدري) بڵاوکردەوە، غادە سەرەتای تەمەنی گەنجی بە ژنێکی جیاواز لە لایەنگرە فێمەنیستەکانی ئەو سەردەمە ناسرا و زیاتر گرنکی بە بابەتە کۆمەڵایەتی و دەروونی و مرۆڤایەتییەکان دەدا.
دوای تەواوکردنی زانکۆ لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو کاتە وەکوو نووسەر دەست بەکار بوو و پاشان لە ساڵی ١٩٦٥ کۆمەڵە چیرۆکی دووەمی بە ناوی (هیچ دەریایەک لە بەیرووت بوونی نییە/ لا بحر في بيروت) بڵاوکردەوە.
دوای کارکردنی وەکوو ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر زیاتر ناوی درەوشایەوە و لە ساڵی ١٩٦٦ کۆمەڵە چیرۆکی سێیەمی بە ناوی (شەوانی بێگانەکان/ ليل الغرباء) بڵاوکردەوە و ئەم کارەی زۆر ناسرا و زۆرێک لە نووسەرە ناودارەکانی ئەو کاتە نموونەی مەحموود ئەمین بۆچوون و تێبینیان لەسەر بابەتەکانی نووسی.
لە ساڵی ١٩٦٧ دوای نسکۆی حوزەیران و شکستی عەرەبەکان لەگەڵ ئیسرائیل غادە دەقێکی بە ناوی (ئابڕووچوونەکەم دەبەم بۆ لەندەن/ أحمل عاري إلى لندن) لەسەر بابەتەکە بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
لە ساڵی ١٩٧٣ کۆمەڵە چیرۆکی چوارەمی بە ناوی (جێهێشتنی بەندەرە کۆنەکان/ رحيل المرافئ القديمة) بڵاوکردەوە و ئەم بەرهەمەی بە گرنگترین بەرهەمی ئەدەبی دادەنرێت و لەلایەن ڕەخنەگران و نووسەرانەوە بۆچوونی ئەرێنی زۆری لەسەر درا. لە ساڵی ١٩٧٤ یەکەم ڕۆمانی بە ناوی (بەیرووت ٧٥/ بيروت ٧٥) بڵاوکردەوە، ئەم ڕۆمانەی بۆ چەندان زمان وەرگێڕدراوە نموونەی زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی و پۆڵندێ، تەنانەت لەبەرگیراوە ئینگلیزییەکەی خەڵاتی زانکۆی تێکساسی بۆ باشترین کتێبی وەرگێڕدراو وەرگرتووە، هاوکات هەمان ڕۆمان لەبەرگیراوە ئیسپانییەکەی خەڵاتی ئەندلۆسیای وەکوو باشترین کتێبی وەرگێردڕاو بەدەست هێناوە.
لە ساڵی ١٩٧٧ بەهۆی کاریگەربوونی بە جەنگی ناوخۆی بەیرووت ڕۆمانی بە ناوکانی (شەوەزەنگەکانی بەیرووت/ كوابيس بيروت) و پاشان لە ساڵی ١٩٨٦ ڕۆمانی (شەوی ملیار/ ليلة المليار) لەسەر ڕووداوەکانی جەنگەکە بڵاوکردەوە.
لە ساڵی ١٩٧٨ بە هاوکاری هاوسەرەکەی چاپخانە و بڵاوکەرەوەیەکیان بە ناوی (بڵاوکەرەوەکانی غادە) دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٩٣ کۆمەڵێک نامەی سۆزدای شاعیری فەڵەستینی غەسان کەنەفانی لە دوو توێی کتێبێکدا بڵاوکردەوە بە ناوی (نامەکانی غەسان کەنەفانی بۆ غادە سەمان) کە لە ساڵانی شەستەکان پەیوەندی ئەوینداری لەنێوانیان هەبوو، ئەم کارە ئەدەبییە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناوەندی ئەدەبی عەرەبی دروست کرد و غادە بەهۆی ئەم کارەوە کارەکانی زیاتر ناسێنرا، بەهۆی ئەم کارەیەوە بە پێشەنگی ئەو ئەدیبانە دادەنرێت کە هونەری نامەگۆڕینەوەی لە ئەدەبی عەرەبیدا بەرەوپێشبرد و داهێنانی تێدا کرد.
ئەزموونی نووسینی غادە سەمان لە ساڵانی نەوەدەکان بەردەوام بوو چەند کۆمەڵە شیعرییەک و ڕۆمانێکی بڵاوکردەوە. لە ساڵانی دووهەزار ئەزموونی نووسینی بەردەوام بوو و دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی لە ساڵی ٢٠٠٨ دیوانێکی شیعری بڵاوکردەوە تێیدا کاریگەر بوو بە لەدەستدانی هاوسەرەکەی.
پاشان دوای ڕووداو و ئاڵۆزییەکانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ دیوانێکی کۆمەڵە شیعری بە ناوی (ئەویندارێکی ئازادی/ عاشقة الحرية) بڵاوکردەوە و لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٨ ڕۆمانێک و کتێبێکی بڵاوکردەوە و کاریگەر بوو بەوەی کە دیمەشق و سووریای بەجێهێشتووە و ڕووی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کردووە.