جەنگ

جەنگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-26-23:58:00 - کۆدی بابەت: 6416
جەنگ

ناوه‌ڕۆك

جەنگ چییە؟

جەنگ (بە ئینگلیزی: War) بریتییە لە ڕووبەڕووبونەوەیەکی چەکداری لە نێوان دوو لایەن یان زیاتر لەسەر بابەتێک، ئامانج لێی دەستکەوتنی ئامانجێک یان دووبارە ڕێکخستنەوەی جوگرافیای سیاسی ناوچەیەکە، دەکرێت وشەی جەنگ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دیکەش بەکاربێت کە چەکداری نەبێت وەک جەنگی پلەبەندی یان جەنگی ئابووری.

جەنگ وەک داگیرکاری و کوشتن و کۆمەڵکوژی دانانرێت بەهۆی هۆکاری سروشتی بەرپابوونی جەنگەکەوە کە زۆرجار کوشتنەکە بەهۆی کاردانەوەیە.

چەندین جۆری جەنگیش هەیە وەک جەنگی دوو وڵات یان جەنگی ناوخۆ کە لە نێو یەک وڵاتدا ڕوودەدات، یان جەنگی وەکالەت کە بریتییە لەوەی دوو لایەن لەجێی ئەوەی خۆیان شەڕ بکەن وڵاتانی دیکە یان لایەنانی دیکە بە شەڕ دەدەن و خۆیان یارمەتییدان دەدەن.

بە شێوەیەکی ڕێکوپێک جەنگ بە مرۆڤ دەکرێت کە چەندین جۆر چەکیان پێیە بەپێی ئەو توانایەی لایەنەکان هەیانە، کە دەکرێت لە چەکی زۆر سووکەوە بێت هەتاوەکوو چەکی ئەتۆمی وەک ئەوەی لە ١٩٤٥ ڕوویدا، ئەو کەسانەی دەنێردرێن بۆ جەنگ لە کڵێشەیەکی سەربازی کۆدەکرێنەوە کە گەورەترین یەکەی سەربازی وڵاتە و پێی دەوترێت سوپا، ئەویش لە چەندین یەکەی بچووکتر پێکدێت، زۆرینەی سوپاکانیش خاوەنی هەریەک لە هێزەکانی پیادە، هێزەکانی ئاسمانی، هێزەکانی دەریایین، هەر جەنگێکیش لە چەندین شەڕ پێکدێت کە پێکەوە دەبنە جەنگێکی تەواو و لە چەندین ناوچەی جوگرافی جیاواز ڕوودەدەن بە چەندین کەشوهەوای جیاوازەوە.

جگە لە شەڕکردن و کەرەستەی سەربازی، بەشێکی دیکەی نەبینراوی جەنگ بریتییە لە پلانی ستراتیژی و دەزگای هەواڵگری و توانای دروستکردنی پەیوەندی سوودبەخش بۆ یارمەتیدان لە کاتی جەنگ و پڕوپاگەندەیە.

لە نێو جەنگ چەندین کرداری دیکەش دەبینرێن دوور لە ناوچەی جەنگ وەک: کوشتن و تیرۆرکردن و ڕفاندن و کۆمەڵکوژی و لێدانی هەڵە و برسیکردن و قاتوقڕی و گرانی.

جەنگ شتێکی تایبەت بە مرۆڤەکان نییە و ئەم کردارە لە هەندێک لە ئاژەڵەکانیش دەبینرێت کە بە شێوەی سووپا کۆدەبنەوە بۆ شەڕکردن وەک مێروولە و شامپانزی.

جیاوازی نێوان شەڕ و جەنگ

جۆرەکانی جەنگ

جەنگی نابەرامبەر: جەنگێکە لە نێوان دوولایەن کە لە ڕووی توانا و ژمارەوە جیاوازن.

جەنگی بایۆلۆجی: یان جەنگی ڤایرۆسی، لەم جەنگەدا جیا لە چەکی ئاگردار چەکی زیندەیی بەکاردێت کە لە تاقیگەکانەوە دروستدەکرێن، وەک ڤایرۆس و بەکتریا و کەڕووی تایبەت بۆ داڕماندنی لایەنی تەندروستی و ئابووری لایەنێک.

جەنگی کیمیایی: بریتییە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جەنگدا، بۆ یەکەمجار ئەم چەکە لە جەنگی جیهانی یەکەم بەکارهێنرا کە بووە هۆی تووشبوونی ١ ملیۆن کەس کە لە نێوان ١٠٠ هەزار کەسی تێدابوو، ئەم چەکە چەند جارێک لەسەر مرۆڤی کورد بەکارهێنراوە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە وەک لە سەردەشت و هەڵەبجە و سێوسێنان.

جەنگی سارد: جەنگی نێوان دوو لایەنە دوور لە ناوچەی سەربازی و جەنگی ڕووبەڕوو و تێیدا هەردوو لایەن هەوڵی بەهێزکردنی هەژموونی خۆیان و بەرەوپێشچوون و ترس دروستکردن بۆ لایەنی بەرامبەر دەدەن، دەکرێت لەم جەنگەدا هەریەک لە جەنگی سیاسی و ئابووری و نهێنی و ئینتەرنێت و وەکالەت هەبن.

جەنگی ئاسایی: جەنگی نێوان دوو لایەنە کە بە چەک دەکرێت و هیچ جۆرە گاز و ماددەیەکی نائاسایی تێدا بەکارنایەت.

جەنگی ئینتەرنێت: جەنگی نێوان چەند لایەنێکە بۆ دەستکەوتنی زۆرترین زانیاری لەسەر یەکتری لەڕێی هاک و دزەکردن و تێکدانی ئاسایشی هەوری لایەنی بەرامبەر.

کودەتا و ڕاپەرین: هەڵکوتانە سەر دەوڵەتە، بەشداربووەکانیشی هەموویان کەسانی چەکدار نین و دەکرێت کەسی مەدەنی لەخۆبگرێت، کاتێک کودەتا و ڕاپەرینەکە لەلایەن حکوومەتەوە بەرپەرچ بدرێتەوە و شەڕ ڕووبدات وەک بەشێک لە جەنگ سەیردەکرێت، هەندێک جاریش دەبێتە هۆی جەنگی ناوخۆ.

جەنگی ئەتۆمی: جەنگێکە کە تێیدا چەکی ئەتۆمی بەکاردێت بۆ فشار خستنە سەر لایەنی دیکە.

جەنگی کۆمەڵکوژ: ئەم جەنگە هەموو شتێک لەخۆدەگرێت و هەموو یاساکانی جەنگ دەشکێنێت، چونکە هێرشێکە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بێتاوان و منداڵ و ژن و پیر، ئەم جۆرە زۆربەی جار بەسەر گەلی کورددا هاتووە.

جەنگی نائاسایی: زۆرینەی هەوڵی ئەم جەنگە بۆ ئەوەیە کەسی بەرامبەر خۆی بەدەستەوەبدات.

مێژووی جەنگ

لە هەزاران ساڵی پێش زایین و یەکەمین مرۆڤەکانەوە جەنگ هەبووە، بەڵام لە کۆندا لە شێوەی گرووپی بچووکدا بووە، لەگەڵ زۆربوونی مرۆڤ و گەورەبوونی ستراتیژیەتی جەنگ گرووپەکان بوون بە سوپا و هۆز و هێزی گەورەتر، لە چەندین هەزار ساڵ پێش زایینەوە جەستەی ئەو کەسانەی دۆزراونەتەوە لەلایەن شوێنەوارناسانەوە بەهۆی جەنگەوە مردوون، لە کتێبە ئاسمانی و ئایینی و مێژوویەکانیشدا چیرۆکی جەنگ و شەڕەکان دەگێڕدرێنەوە کە زۆرێکیان دەگەڕێنەوە بۆ پێش زایین.

لە ئەوروپا لە سەدەی هەژدە زیاتر لە ١٥٠ جەنگ ڕوویداوە لە ٦٠٠ شوێنی جیاواز.

لە دوای جەنگی ساردەوە لە ١٩٩٠ جەنگی نێوان وڵاتان بەرەو کەمی ڕۆشتووە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقا جەنگ زۆرینەی کات لە شێوەی جەنگی گەورە و بچووک و کودەتا و ململانێی تائیفی دەبینرێت.

ژینگەی جەنگی

لە ژینگەی جەنگدا چەندین شێوازی جەنگ و شەڕ هەیە و بەپێی کاتی پێویستی خۆی شێوازی تایبەت هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتن تۆمار بکرێت و زیانی کەمتر ببینرێت.

شێوەکانی جەنگی ئاسایی

  • جەنگی بەرگری
  • جەنگی هێرشبەری
  • جەنگی جەنگەڵ
  • جەنگی سنوور
  • جەنگی ناوشار
  • جەنگی بیابان
  • مانۆڕی سەربازی
  • جەنگی خەندەق
  • جەنگی شاخاوی
  • جەنگی جەمسەری باکوور (واتە جەنگی زستان)
  • جەنگی دەریایی (ئاوییەکان کە ڕووبار و کەناراوەکانیش دەگرێتەوە)

شێوەکانی جەنگی نائاسایی

  • جەنگی چەتە و گرووپەکان
  • جەنگی دەروونی
  • جەنگی زیندەیی
  • جەنگی کیمیایی
  • جەنگی مین
  • جەنگی ئاسمانی
  • نیمچەجەنگی دەریایی
  • جەنگی بۆشایی ئاسمان
  • جەنگی ئەلیکترۆنی
  • جەنگی ئاسایشی ئەلیکترۆنی
  • جەنگی وزە
  • جەنگی ئەتۆمی
  • جەنگی هۆز و تائیفەگەری


سەرچاوەکان

1073 بینین