جەنگی جیهانی یەکەم

له‌لایه‌ن: ویداد ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2021-05-16-00:00:00 - کۆدی بابەت: 24
جەنگی جیهانی یەکەم

ناوه‌ڕۆك

جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م

جەنگێکى خوێناوی بوو، لە ئەوروپا دەستى پێکرد و دواتر تەواوى جیهانى گرتەوە، بە توندوتیژترین ململانێی جیهانى دەناسرێت، زیاتر لە چوار ساڵى خایاند، نزیکەى نۆ ملیۆن مرۆڤ بوونە قوربانى، سەرەتاى چەندین گۆڕانکارى گەورەبوو لەسەر ئاستى جیهان، پاڵنەرى چەندین شۆڕش بوو لە چەند وڵاتێکى جیاوازدا.

هۆکارەکانى هەڵگیرسانى جەنگ

هۆکارى سەرەکى جەنگەکە تیرۆرکردنى جێنشینى نەمسا "فرانز فردیناند" و هاوسەرەکەى بوو لەلایەن خوێندکارێکى سربییەوە بەناوى "گافریلۆ پرینسیپ" لە 28ـى حوزەیرانى 1914، ئەوەش لەکاتى سەردانیکردنیاندا بۆ "سەرایڤۆ".

بەڵام توێژەران چەندین هۆکارى دیکەى ناڕاستەوخۆ بۆ هەڵگیرساندنى جەنگەکە دیاری دەکەن، لەسەرو هەموویانەوە تێکچونى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەرەتاکانى سەدەى بیستەوە بەهۆى ئەو قەیرانە یەک لە دوایەکانەى بەرۆکى جیهان گرتبوو، وەک: قەیرانى بەڵقان، ململانێی فەرەنسا و ئەڵمانیا بەهۆى کێشە سنوورییەکانیانەوە، هەروەها سەرهەڵدانى گیانى نەتەوەپەرستى و خوازیارى سەربەخۆیی بوونى چەند نەتەوەیەک لەناو ئەوروپا.

زیاتر لەوەش، هەڵکشانى کێبڕکێى ئابوورى و بازرگانى نێوان وڵاتە ئیمپریالیستییەکان، بەمەبەستى دابەشکردنى دەسەڵاتیان لەجیهاندا، هەروەها دەستگرتن بە سەر بازاڕەکانى جیهاندا، بۆ ساغکردنەوەى زیادەى بەرهەمهێنراوەکانیان وبەدەستهێنانى کاڵا سەرەکییەکانى بەرهەم هینان، لەگەڵ ئەمەشدا وڵاتە ئیمپریالیستییەکان چەندین هاوپەیمانێتى سەربازییان دروست کرد، کەئەمەش بۆ بەهۆى کێبڕکێى نێوانیان لەڕووى سەربازییەوە و زیادبوونى خەرجییەکانیان لەو بوارەدا.

هه‌ڵگیرسانی جەنگ

لە 28ـى حوزەیرانى 1914، خوێندکارێکى سربی جێنشینى نەمسا و خێزانەکەى لەسەرایڤۆ لە ناوچەى بۆسنە و هەرسک تیرۆرکرد، دواى ئەو ڕوداوە بەمانگێک، نەمسا جەنگى لەدژى سڕبیا ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆى بەگەڕخستنى پەیوەندییەکانى وڵاتانى ئەوروپا، بەو هۆیەوە ڕووسیا پشتگیرى سربیاى کرد و جەنگى لەدژى نەمسا ڕاگەیاند، دواتر ئەڵمانیا جەنگى لەدژى ڕووسیا ڕاگەیاند.

لەسەرتاى ئەو جەنگەدا دوو بەرە بەشدارى شەڕەکە بوون ئەوانیش: وڵاتانى هاوپەیمان بەسەرۆکایەتى "شانشینى بەریتانیا"، وڵاتانى ناوەند بەسەرۆکایەتى ئەڵمانیا، بەڵام دواتر بازنەى هاوپەیمانیەتییەکان بەرەو فراوان بوون چوو، ئەوەش بەهۆى زیادبوونى ئەو وڵاتانەى دەچوونە جەنگەوە بە ڕابەرایەتى یەکێک لەو دوو بەرەیە.

جەنگەکە زیاتر لەچوار ساڵى خایاند، لەماوەى ئەو چوار ساڵەدا لە جەنگێکى ئەورووپییەوە بوو بەجەنگێکى جیهانى، قۆناغى جەنگەکە لە ئەورووپا لە ساڵانى (1914-1916) دوو شێوازى بەخۆیەوە بینى: یەکەمیان ناوبرا بەجەنگى بزاوت (بەواتاى جوڵەپێکردنى هێزەکان)، و دووەمیان جەنگى خەندەقى، لەم قۆناغەدا جەنگەکە سروشتیکى جێگیرى بەخۆیەوە بینى لەشوێنى شەڕەکاندا، تیایدا سوپاکان خەندەقیان بەرامبەر بەیەکتر لێدەدا، هەروەها چەند جۆرە چەکێکى نوێ بەکارهات وەک: تانک و فڕۆکە.

لەسالى 1915، ئەڵمانییەکان توانیان چەند سەرکەوتنێک بەسەر ڕوسەکاندا تۆمار بکەن، سەرەتا پۆلەندا و زۆربەى شارەکانى لیتوانیایان داگیر کرد، ئەوەش بەهۆى سەرکەوتنیان بەسەر ڕوسەکاندا لە جەنگى "جورلیس تارناو". هەروەها لەهەوڵى ئەوەدا بوون کە هێڵەکانى پەیوەندى نێوان سوپاى ڕوسیا و بنکەکانیان بپچڕێنن، بەمەبەستى لەناوبردنى سوپاى ڕوسیا بەتەواوەتى.

لەگەڵ ئەوەى دواتر ڕوسەکان چەند سەرکەوتنێکى لاوەکییان بەسەر ئەڵمانیەکاندا تۆمارکرد، بەڵام ئەو سەرکەوتننانە زیانى زۆرى بۆ سوپاى ڕوسیا هێنا (نزیکەى 350 هەزار دیلیان لێ گیرا)، بۆیە سوپاى ڕوسیا نەیتوانى هێزى خۆى بەدەست بهێنێتەوە، سەرکەوتنەکانى ئەڵمانیا بوو بەهۆى لەدەست دانى بەڵقان، دواتر سوپاى ئەڵمانیا و نەمسا لە ڕوبارى دانوب پەڕینەوە بەمەبەستى شەڕکردن لەگەڵ سربەکاندا و زیانێکى زۆریان پێگەیاندن.

لەهەمان ساڵدا، ئەڵمانییەکان توانیان چەندین سەرکەوتنى دیکە لەچەند بەرەیەکى دیکەى جەنگەکەدا تۆمار بکەن، هەروەها بەرەکەیان توانى بەتەواوەتى خۆى ڕابگرێت لەبەردەم هێرشەکانى سوپاى هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا.

لەساڵى 1916، جەنگەکە گەرمتر بوو، لەوسالەدا جەنگى "فەردان" ڕووى دا کە حەوت مانگ بەردەوام بوو، هەروەها جەنگى "سوم" کە چوار مانگى خایاند، هەردوو جەنگە لەناو خاکى فەرنسادا ڕوویاندا، لەو جەنگەدا بۆ یەکەم جار تانک بەکارهێنرا، ئەمەش بوو بەهۆى پاشەکشەکردنى سوپاى ئەڵمانیا، هەروەها تەواوى سوپا مەشق پێکراوەکەى لەناوچوو، ئەمەش ناچارى کرد کە پشت ببەستێت بە بەکارهێنانى سەربازە لاوەکان.

بەشداریکردنى ئەمریکا

ساڵى 1916، بەجەنگى ژێر دەریایی دەناسرێتەوە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ هاتنە ناوەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، لەو ساڵەدا، لەدەریاى باکور، شەڕیک لەنوان سوپاى دەریایی ئەڵمانیا و بەریتانیا ڕووى دا، پێى دەوترێت شەڕى "گارتلاند".

ئەڵمانیا دواتر هەوڵى دەدا کەهەر کەشتییەکى بازرگانى ڕوو دەکاتە بەریتانیا نوقمى دەریاى بکات، ئەوەش بەمەبەستى برسیکردنى بەریتانیا و ناچارکردنى بە خۆبەدەستەوەدان، لەنێو ئەو کەشتییانەدا، چەند کەشتییەکى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا کرابونە ئامانج، ئەمەش واى کرد کە ئەمریکا لەبەرەى وڵاتانى ویفاق بچێتە جەنگەوە، بەوەش جەنگەکە بوو بە جەنگێکى جیهانى.

پێش جەنگەکە ئەمریکا سیاسەتى "مۆنرۆ"ى پەیڕەو دەکرد، کە بریتى بوو لەبێ لایەنى ئەمریکا لەئاستى سیاسەتى دەرەوەیدا بەرامبەر بە ئەورووپا، هەروەها ڕێگەى نەدەدا بەهیچ وڵاتێکى ئەورووپی دیکە دەست وەربداتە سیاسەتى ناوخۆى ئەمریکاوە، بەڵام دواتر سەرکردەکانى ئەمریکا وایان بە باش زانى کە بەرژەوەندى ئەمریکا لەوەدایە کە سوود لەجەنگەکە وەربگرێت.

لەبەرامبەردا ئەڵمانییەکان سوودیان لەشۆڕشی بەلشەفییەکان لە ڕووسیا بینى کەلە ئۆکتۆبەرى 1917دا ڕووى دا، دواتر بەلشەفییەکان ڕێککەوتننامەى "برست لیتوفسک"ى ئاشتیان واژۆکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ڕوسیا لەجەنگەکە هاتە دەرەوە.

ئەم هاتنە دەرەوەیەى ڕوسیا لەجەنگەکە، هانى ئەڵمانییەکانى دا کە سوپاکەیان بگوێزنەوە بۆ بەرەى فەڕەنسییەکان و بەریتانییەکان، لە 5ى مارسی 1918، ئەڵمانیەکان توانیان سوپاى بەریتانیا تێک بشکێنن، دواتر شەڕى گەورە لەنێوان هەردوولا بەردەوام بوو، لەئەنجامدا زیانى گیانى و ماڵى گەورەى لێکەوتەوە.

لەبەرامبەردا، هاوپەیمانەکان سوودیان لە هاتنە ناوەوەى ئەمریکا وەرگرت، بەشیوەیەک کەئابڵوقەیەکى سەختیان بەسەر ئەڵمانیادا سەپاند، کەبوو بەهۆى لاوازکردنى، لەگەڵ هاتنى هاوینى ساڵى 1918، ڕۆژانە دەهەزار سەرباز ڕەوانەى فەرەنسا دەکران.

لەگەڵ ئەمەشدا وڵاتە یەکگرتووەکان کەشتى جەنگى "سکوبافلو" ى نارد بەمەبستى یارمەتیدانى کەشتى تێکشکینەرى بەریتانى "گراند"، لەئەرکى پاراستنى کاروانە بازرگانییەکاندا، هەروەها چەند فەوجێکى دەریاوانى نارد بۆ فەرەنسا.

بەمەبەستى بەرگرتن لەو هەوڵانە، ئەڵمانیا لە بەهارى 1918، هێرشێکى بەرفراوانى دەستپێکرد بەمەبەستى پەرتکردنى بەرەى بەریتانیا و فەرەنسا، ئەوەش پێش ئەوەى کە هاریکارییە سەربازییەکانى ئەمریکا بگات بەئەورووپا.

بەڵام لە ئابی 1918 هێزەکانى ولاتانى هاوپەیمان هێرشێکى توندیان ئەنجام دا، کەبوو بەهۆى پاشەکشەکردنى ئەڵمانیا، هەروەها ناچارى کرد کە داواى ئاگربەست بکات.

دواى ئەو هێرشە یەک لەدوا یەکانە، هێزە سەربازییەکانى وڵاتانى ناوەند شکستیان هێنا، سەرەتا بولگاریا خۆى بەدەستەوەدا، دواتر ئەڵمانیا لە 11ـى تشرینى دووەمى 1918 ڕێککەوتننامەى ئاگربەستى واژۆکرد، لەکاتژمێر یانزەى هەمان ڕۆژ ڕێککەوتننامەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.

زیانه‌كان

جەنگەکە بوو بەهۆى کوژرانى زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس، ژمارەیەکى زۆر کەمئەندام بوون و دیار نەمان، هەروەها لەڕووى ئابورییەوە، بوو بەهۆى بڵاوبوونەوەى هەژارى و بێکارى، ئەو وڵاتانەى کە بەشدارى جەنگیان کرد، کەوتنە ژێر بارى قەرزێکى زۆرەوە، بەوەش دەسەڵاتى داراییان لەسەر ئاستى جیهان لاواز بوو، لەبەرامبەردا هەریەک لەوڵاتە یەکگرتووەکان و ژاپۆن، لەڕووى داراییەوە دەسەڵاتیان بەرەو هەڵکشان چوو.

بەهۆى جەنگەکەوە، سنورى جوگرافى ئەورووپا گۆڕانکارى بەسەردا هات، هەندیک لەخێزاندارە فەرمانڕەواکان و ئیمبراتۆریەتەکان لەناوچوون، بەمەش ژمارەیەک وڵاتانى دیکە دروست بوون، هەروەها لەئەنجامى جەنگى جیهانى یەکەمەوە، شۆڕشی بەلشەفییەکان سەرى هەڵدا، لەئەنجامدا سیستەمى سۆسیالیستى لەچوارچێوەى یەکێتى سۆڤێتدا جێبەجیکرا.


سەرچاوەکان

1614 بینین