بولگاریا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-10-23:23:00 - کۆدی بابەت: 10868
بولگاریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بولگاریا یان بولغاریا (بە ئینگلیزی: Bulgaria، بە بولگاری: България، بە عەرەبی: بلغاريا)، بەفەرمی کۆماری بولگاریا، وڵاتێکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا. دەکەوێتە تەنیشت ڕۆژهەڵاتی باڵکان و لە باکوورەوە لەگەڵ ڕۆمانیا، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ سڕبیا و باکووری مەقدۆنیا، لە باشوورەوە لەگەڵ یۆنان و تورکیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ دەریای ڕەش هاوسنوورە. ڕووبەری بولگاریا ١١٠٫٩٩٤ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەگرێتەوە، هەروەها شازدەیەم گەورەترین وڵاتی ئەورووپایە. سۆفیا پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتە.

ناو بولگاریا یان بەفەرمی کۆماری بولگاریا
پایتەخت و گەورەترین شار سۆفیا
سەرۆکی وڵات ڕومێن ڕادێڤ
زمانی فەرمی بولگاری
ڕووبەری گشتی ١١٠٫٩٩٤ كم٢
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢١ـدا ٦٫٥٢٠٫٣١٤
چڕیی دانیشتووان ٦٣/كم٢
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
كۆدی تەلەفۆن ٣٥٩+
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
یەکەی دراو لەڤی بولگاری (BGN)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠٢٢ ٨٦ بلیۆن دۆلار

مێژووی بولگاریا

یەکێک لە سەرەتاییترین کۆمەڵگاکانی خاکی بولگاریای مۆدێرن، کولتووری کارانۆڤۆی بەردینی نوێ بوو، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٥٠٠ پێش زایین. لە سەدەی شەشەم تا سێیەمی پێش زایین ناوچەکە گۆڕەپانی شەڕ بوو بۆ هەر یەکە لە تراقیا، فارس، سێڵت و مەقدۆنیەکان، کاتێک ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە ساڵی ٤٥ـی زایینیدا ناوچەکەی داگیرکرد سەقامگیری دەستی بەسەر ناوچەکەدا کێشا. دوای ئەوەی دەوڵەتی ڕۆمانی دابەشبوو بەسەر چەند کۆمەڵەیەکدا، داگیرکارییە خێڵەکییەکان لە ناوچەکەدا دەستیان پێکردەوە. لە دەوروبەری سەدەی شەشەمدا، سلاڤەکان لەم ناوچانەدا جێگیربوون. پاشان بولگارییەکان هێرشیان کردە سەر ناوچەی بولگاریای مەزن و لە کۆتایی سەدەی حەوتەمدا ناوچەکانی باڵکانیان داگیر کرد. پاشان بولگارییەکان دانوبیان بولگاریایان دامەزراند کە یەکەم ئیمپراتۆرییەتی بولگاری بوو، زاڵ بوو بەسەر زۆربەی ناوچەکانی باڵکاندا و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کولتوورە سلاڤیەکان هەبوو. یەکەم ئیمپراتۆریەتی بولگاری تا سەرەتای سەدەی ١١ بەردەوام بوو، تا ئەو کاتەی ئیمپراتۆری بێزەنتینیی بازڵی دووەم (Basil II) داگیری کرد و هەڵیوەشاندەوە. لە ساڵی ١١٨٥ـدا دووەم ئیمپراتۆریەتی بولگاری دامەزرا، ئەمیش دوای چەندین جەنگ و ناکۆکی لە ساڵی ١٣٩٦ـدا هەڵوەشایەوە و بۆ ماوەی نزیکەی پێنج سەدە کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەوە.

جەنگی ڕووسۆ-تورکی کە لە ساڵی ١٨٧٧ بۆ ١٨٧٨ لە نێوان ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ڕوویدا بووە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی سێیەم و ئێستای بولگاریا. زۆرێک لە بولگارییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتە نوێکە بەجێهێڵران، ئەمەش هەستی گێڕانەوەخوازی ورووژاند کە بووە هۆی دروستبوونی ململانێ لە نێوان دراوسێ و هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا لە هەردوو جەنگی جیهانیدا. لە ساڵی ١٩٤٦ بولگاریا بوو بە بەشێک لە بلۆکی ڕۆژهەڵات و دەوڵەتێکی سۆسیالیست. حزبی کۆمۆنیستی دەسەڵاتدار لە دوای شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٨٩ دەستبەرداری مۆنۆپۆڵی خۆی بوو لەسەر دەسەڵات و ڕێگەی بە هەڵبژاردنی فرە حزبی دا. پاشان بولگاریا گۆڕدرا بۆ دەوڵەتێکی دیموکراسی و ئابووریی ئازاد. بولگاریا لە ساڵی ١٩٩١ـەوە دەستوورێکی دیموکراسی پەسەند کردووە و‌ کۆمارەکە کار بە سیستەمی پەرلەمانی دەکات.

ئابووری و گرنگی وڵاتەکە

بولگاریا وڵاتێکی گەشەسەندووە و خاوەنی ئابوورییەكی سەروو داهاتی ناوەڕاستە، لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)ـدا لە پلەی ٦٨ـدایە. ئابووری بازاڕەکەی بەشێکە لە بازاڕی ناوەکی و تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە خزمەتگوزارییەکان، پیشەسازی (بەتایبەتی دروستکردنی ئامێر و کانسازی) و کشتوکاڵ دەبەستێت. گەندەڵی کێشەیەکی ئابووری کۆمەڵایەتی گەورەیە و وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا وەکوو گەندەڵترین وڵات لە یەکێتی ئەورووپادا ڕیزبەندی کراوە. هەروەها وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دیمۆگرافی دەبێتەوە، بەشێوەیەک کە ژمارەی دانیشتووانەکەی هێواش هێواش کەم دەبێتەوە. ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ١٩٨٨ـدا نزیکەی نۆ ملیۆن کەس بوو و ئەم ژمارەیە لە ئێستادا بۆ نزیکەی ٦٫٥ ملیۆن کەس دابەزیووە. بولگاریا ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، ناتۆ و ئەنجومەنی ئەورووپایە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری نیشتیمانی ساڵی ٢٠٢١، ژمارەی دانیشتووانی بولگاریا ٦٫٥١٩٫٧٨٩ کەسە. زۆربەی دانیشتووانی وڵاتەکە بە ڕێژە ٧٢٫٥٪ لە ناوچە شارییەکاندا نیشتەجێن. لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە، سۆفیا زۆرترین پشکی دانیشتووانی وڵاتی بەرکەوتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ١٫٢٤١٫٦٧٥ کەس دەخەمڵێندرێت. بولگارییەکان گرووپی سەرەکی نەتەوەیین و ٨٤٫٧٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. کەمینەکانی تورکی و ڕۆما بەدوای یەکدا ٨٫٨ و ٤٫٩٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن، نزیکەی ٤٠ نەتەوەی کەمینەی بچووکتر ٠٫٧٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و ٠٫٨٪ـیش گرووپی نەتەوەیی خۆیان ناناسێنن. چڕی دانیشتووان ٦٥ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و نزیکەی نیوەی تێکڕای یەکێتی ئەورووپایە.

لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، تێکڕای بەپیتی گشتی (TFR) لە بولگاریا ١٫٥٦ منداڵ بوو بۆ هەر ژنێک، ئەم ڕێژەیەش لە خوار ڕێژەی جێگرەوە ٢٫١ـەوەیە و زۆر لە خوار بەرزترین ئاستی مێژوویی ٥٫٨٣ـەوەیە کە لە ساڵی ١٩٫٥ـدا بوو. بەمشێوەیە بولگاریا یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە خاوەنی بەتەمەنترین دانیشتووانە و تێکڕای تەمەنی دانیشتووانەکەی ٤٣ ساڵییە.

بولگاریا لە دۆخێکی قەیرانی دیمۆگرافیدایە. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە گەشەی دانیشتووانەکەی نەرێنی بووە، ئەویش ئەو کاتە بوو کە ئابوورییەکەی داڕما و سەرەنجام کۆچی هاوڵاتییەکانی لێکەوتەوە، تا ساڵی ٢٠٠٥ نزیکەی ٩٣٧٫٠٠٠ بۆ ١٫٢٠٠٫٠٠٠ کەس، کە زۆربەیان گەنجانی پێگەیشتوو بوون وڵاتەکەیان بەجێهێشت. زۆربەی منداڵان لەو ژنانەن کە هاوسەرگیریان نەکردووە. جگە لەوەش، یەک لەسەر سێی هەموو ماڵەکان تەنها لە یەک کەس پێکدێن و ٧٥٫٥٪ـی خێزانەکان منداڵی خوار تەمەنی ١٦ ساڵیان نییە. لە ئەنجامدا ڕێژەی لەدایکبوون لەنێو نزمترین ڕێژەکانی جیهان و ڕێژەی مردن لەنێو بەرزترین ڕێژەکانی جیهاندایە.

لە ڕاپۆرتی بۆشایی جێندەری جیهانی ساڵی ٢٠١٨ـدا، بولگاریا لە یەکسانی جێندەریدا لە پلەی ١٨ـدا بوو، هەرچەندە مافی دەنگدانی ژنان تاڕادەیەک درەنگ بوو و لە ساڵی ١٩٣٧ـدا ئەو مافەیان پێدرا، بەڵام ئەمڕۆ ژنان مافی سیاسی یەکسانیان هەیە، بە ڕێژەیەکی بەرز بەشداری لە هێزی کاردا دەکەن و بەشێوەیەکی یاسایی مووچەی یەکسانیان هەیە. لە ساڵی ٢٠٢١ـدا، دەزگای توێژینەوەی بازاڕ ریبۆت ئۆنڵاین بولگاریای وەک باشترین وڵاتی ئەورووپی بۆ کارکردنی ئافرەتان ریزبەندی کرد. بولگاریا خاوەنی بەرزترین ڕێژەی توێژەرانی مێینەی ICT لە یەکێتی ئەورووپا و هەروەها خاوەنی دووەم بەرزترین ڕێژەی مێینە لە کەرتی تەکنەلۆجیا بە ڕێژەی ٤٤٫٦٪ـی هێزی کار.

تەندروستی

تەندروستی لە بولگاریا

ڕێژەی بەرزی مردنی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ئەنجامی زۆری ژمارەی دانیشتووانی بەساڵاچوو و مەترسی هەژاری و سیستمی چاودێری تەندروستی لاوازەوەیە. زیاتر لە ٨٠٪ـی مردنەکان بەهۆی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوەیە. هەروەها یەکێکی تر لە کێشە تەندروستییەکان بریتین لە کۆچکردنی پزیشکان بەهۆی کەمی مووچە، کەمی کارمەند و ئامێری پێویست لە نەخۆشخانە ناوچەییەکاندا. تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی وڵاتەکە ٧٤٫٨ ساڵییە، بە بەراورد بە تێکڕای یەکێتی ئەورووپا ٨٠٫٩٩ و تێکڕای جیهانی ٧٢٫٣٨ ساڵییە.

زمان

بولگاری زمانی فەرمی و ڕەسەنی دانیشتووانی بولگاریایە و لەلایەن ٨٥٪ـی دانیشتووانەوە قسەی پێدەکرێت. ئەم زمانە سەر بە گرووپی زمانە سلاڤییەکانە بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی ڕێزمانی هەیە کە هاوبەشە لەگەڵ زمانی مەقدۆنی و جیای دەکاتەوە لە زمانە سلاڤییەکانی تر. زمانە گرنگەکانی تر کە لەلایەن دانیشتووانی وڵاتەکەوە بەکاردەهێنرێن بریتین لە تورکی و ڕۆمانی، کە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا، یەکەمیان بەڕێژەی ٩٫١٪ و دووەمیان بە ڕێژەی ٤٫٢٪ـی دانیشتووانەوە قسەیان پێ کرا.

ئایین

بولگاریا دەوڵەتێکی عەلمانییە و بە دەستوور ئازادی ئایینی گەرەنتی کراوە، بەڵام ئۆرتۆدۆکسی وەک ئایینێکی نەریتی دیاری کراوە و زیاتر لە سێ لەسەر چوارى بولگارییەکان پشتگیری لە ئۆرتۆدۆکسیى ڕۆژهەڵات دەکەن. مسوڵمانە سوننە مەزهەبەکان دووەم گەورەترین گرووپی ئایینیی وڵاتەکەن و ١٠٪ـی دانیشتووانی بولگاریا پێک دەهێنن. هەروەها کەمتر لە ٣٪ـی دانیشتووان سەر بە ئایینەکانی ترن و ١١٫٨٪ یان بێ ئایینن یان ئایینی خۆیان ناناسێنن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای بولگاریا بەگشتی کیشوەرییە، زستانی سارد و هاوینی گەرمە، کەشی وڵاتەکە بەدرێژایی کەنارەکانی دەریای ڕەش کەمێک مامناوەندترە و لە گرد و شاخەکاندا ساردترە. وڵاتەکە بەرکەوتەی لەگەڵ هەردوو کۆمای هەوای سارد لە باکووری ئەورووپا یان ڕووسیا و کۆمار هەوای گەرم لە باکووری ئەفریقا یان دەریای ناوەڕاستدا هەیە. لە بەشی باشووری وڵاتەکەدا، لە سنووری یۆنان، زنجیرە چیاکانی ڕۆدۆپ کە تا ڕادەیەک بولگاریا لە جیهانی دەریای ناوەڕاست جیا دەکەنەوە، دەتوانن بەشێک لە تەوژمی باشوور بلۆک بکەن، بەڵام، هەندێک جار بارستەی هەوای گەرم دەتوانێت تێپەڕێت و کەشی وڵات لە وەرزی زستاندا مامناوەند بکات و لە وەرزی هاوینیشدا کەش زۆر گەرمتر بکات.

لە ئەنجامدا، دەشێت شەپۆلەکانی سەرما لە زستاندا (بەگشتی، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئازار، بەتایبەتی لە مانگی کانوونی یەکەم تا مانگی شوبات) و شەپۆلەکانی گەرما لە هاویندا (بەگشتی، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، بەتایبەتی لە تەممووز و ئاب) هەڵبکەن. دابارین لە بولگاریا لەڕادەبەدەر نییە ساڵانە لە دەشتەکاندا لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٦٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت، بەڵام لە شاخەکاندا زیاتر دەبارێت. بەهۆی ڕەشەبای بروسکاوی پاشنیوەڕوانەوە مانگی ئایار و حوزەیران باراناویترین مانگەکانی ساڵن، بەڵام ئەم ڕەشەبا کەمتر ناوچە کەنارییەکان دەگرێتەوە، لە کاتێکدا زیاتر ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە. بەشێوەیەکی ئاسایی، لە مانگی ئاب و ئەیلوولدا، بەدەگمەن باران دەبارێت.

خۆر

بولگاریا وڵاتێکی تا ڕادەیەک خۆرەتاوە، بەڵام تیشکی خۆر لە وەرزی زستاندا زۆر نادرەوشێتەوە. خۆرەتاوترین وەرز هاوینە و بەگشتی ساڵانە ٢٫٢٠٠ بۆ ٢٫٣٠٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر وڵاتەوە دەدرەوشێتەوە، هەرچەندە لە ساندانسکی ٢٫٦٠٠ کاتژمێر تێدەپەڕێنێت، لە باشووری ڕۆژاوا، تەنانەت لە زستانیشدا چەند ڕۆژێکی خۆرەتاو هەن.

وەرزەکان

زستان، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێدەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت، کەشی سەرانسەری وڵات لەم وەرزەدا ساردە. هەوای سارد زۆرجار لە دەشتەکاندا پەنگ دەخواتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسمانی وڵات هەوراوییە و کەمێک بەفر دەبارێت، بەڵام ڕەنگە بای گەرم لە باشوورەوە هەڵبکات و پلەی گەرمی بەرز بکاتەوە بۆ ١٥ پلەی سەدی. زۆرجاریش هەوای سارد لە ڕووسیاوە هەڵدەکات و کەش زۆر سارد دەکات.

وەرزی بەهار، لە مانگی ئازار تا ئایار دەخایەنێت، بەهار وەرزێکی زۆر باراناوی نییە، بەڵام بەهۆی پێکدادانی نێوان بارستە هەواییە جیاوازەکانەوە، گۆڕانکارییەکی گەورە لە پلەی گەرمیدا ڕوودەدات، بەتایبەتی لە مانگەکانی ئازار و نیسان، کاتێک ڕۆژە گەرمەکان جێی ڕۆژە ساردەکان دەگرنەوە. بەگشتی، لە ناوەڕاستی مانگی نیسان یان ئایارەوە، پلەکانی گەرما لە دەشتەکاندا مامناوەند یان گەرمن.

هاوین، لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و تا ئاب بەردەوام دەبێت، کەشی وڵات لەم وەرزەدا گەرم یان زۆر گەرمە بەتایبەتی لە دەشتە ناوخۆییەکان، گەرما لە ناوچە نزمەکاندا توندترە بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دوورن لە دەریا. بەشێوەیەکی ئاسایی بەرزترین پلەی گەرما لە دەوروبەری ٣٠ بۆ ٣٢ پلەی سەدیدایە، بەڵام لە ڕۆژە زۆر گەرمەکاندا پلەی گەرمی دەگاتە ٤٠ پلەی سەدی. شەپۆلەکانی گەرما لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا زۆرن، بەڵام هەندێک جاریش لە نیوەی دووەمی مانگی حوزەیران و نیوەی یەکەمی مانگی ئەیلوولدا هەڵ دەکەن.

لە ناوچە کەنارییەکان، گەرما زۆر تووند نییە و شنەبا کەش مامناوەند دەکات.

پاییز، لە مانگی ئەیلوولەوە تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت، وەک وەرزێکی مامناوەند و خۆش دەست پێدەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەدەگمەن بارانی تێدا دەبارێت. لە نیوەی یەکەمی مانگی ئەیلوولدا دەشێت کەش وەکوو هاوین وابێت. بەگشتی لە مانگی تشرینی یەکەمدا بارستەی هەوای ساردتر دەست بە سووڕانەوە دەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە بارانێکی زۆر بە بەراورد بە کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست لە نیمچەدوورگەی باڵکان نابارێت.


سەرچاوەکان



588 بینین