شێرپەنجە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2020-12-13-23:38:00 - کۆدی بابەت: 684
شێرپەنجە

ناوه‌ڕۆك

شێرپەنجە چییە؟

شێرپەنجە (بە ئینگلیزی: Cancer، بە عەرەبی: سرطان). یەکێکە لە نەخۆشییە کوشندە بڵاوەکان. شێرپەنجە کاتێک ڕوودەدات کە بەشێک لە خانەکانی جەستە بەبێ وەستان دەست دەکەن بە دابەشبوون و بڵاودەبنەوە بە هەموو لایەکدا. شێرپەنجە کە لە ترلیۆنەها خانە پێکهاتووە دەکرێت لە هەر شوێنێکی جەستەی مرۆڤەوە دروست ببێت. لە حاڵەتی ئاساییدا خانەکانی جەستە گەشە دەکەن و دابەش دەبن، تاکوو خانەی نوێ دروست بکەن کە جەستە پێویستی پێیانە. 
کاتێک خانەکانی جەستە پیر دەبن یاخود زیانیان پێ دەگات، ئەوا دەمرن و خانەی نوێ شوێنی ئەوانە دەگرێتەوە. کاتێک کە شێرپەنجە بڵاودەبێتەوە، ئەم یاسایە تێکدەشکێت و خانە پیر و زیانپێگەشتووەکان، لە حاڵەتێکدا کە پێویستە ئەم خانانە بمرن زیندوو دەمێننەوە. ئەم خانانەش بەردەوام دەبن لە گەورەبوون و دابەشبوون و زۆرجار دەبنە هۆی دروستبوونی گرێیەک.
گرێی شێرپەنجەیی زۆرجار تەنها لە شوێنێکی جەستەدا دەمێنێتەوە، بەڵام دەکرێت گرێی شێرپەنجەیەک بگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی تری جەستە و لەوێشدا گرێی تر دروست ببێت.

جیاوازی نێوان خانەی پاک و خانەی شێرپەنجەیی

خانە شێرپەنجەییەکان بە بەراورد بە خانە پاکەکان، کەمتر تایبەتیین. واتە خانە پاکەکان یاسایەکی تایبەتییان هەیە بۆ دابەشبوون، بەڵام خانە شێرپەنجەییەکان ئەم جۆرە یاسایەیان نییە و بەبێ وەستان بەردەوامن لە دابەشبوون. 
هەروەها خانە شێرپەنجەییەکان گوێ نادەن بە ئەو سیگناڵانەی کە پەیوەستە بە وەستانی دابەشبوونی خانەکانەوە، لە کاتێکدا کە جەستە پێویستی بە ئەو سیگناڵانە هەیە بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێت لەو خانانەی کە پێویستی پێیان نییە. 
ئەگەر چی کۆئەندامی بەرگری لەش بەشێوەیەکی ئاسایی خانەی نائاسایی یاخود زیان پێگەیشتوو لە جەستە لادەبات. بەڵام بەشێک لە خانە شێرپەنجەییەکان خۆیان لەناو کۆئەندامی بەرگری لەشدا دەشارنەوه، بەمەش گرێکان دەتوانن کۆئەندامی بەرگری وەک ڕێگایەک بەکاربهێنن بۆ زیندوو مانەوە و گەشەی خۆیان.

شێرپەنجە چۆن دەردەکەوێت؟

شێرپەنجە نەخۆشییەکی بۆهێڵییە، واتە بەهۆی گۆڕانکاری ئەو بۆهێڵانەوە ڕوودەدات کە کۆنتڕۆڵی فەرمانی خانەکان و بەتایبەتیش شێوازی گەشەکردن و دابەشبوونیان دەکات. 
گۆڕانکاری ئەو بۆهێڵانەی کە دەبنە هۆی شێرپەنجە لەوانەیە لە باوانەوە بە بۆماوەیی بۆمان مابێتەوە. یاخود دەکرێت بەهۆی ژیانێکی ناتەندروستەوە بێت کە ژیابێتین.

کەی شێرپەنجە لە جەستەدا بڵاودەبێتەوە؟

کاتێک کە شێرپەنجەیەک لە شوێنێکدا دروست بووە و دەگوزرێتەوە بۆ شوێنێکی تر و بەشێکی تری جەستە پێی دەوترێت شیرپەنجەی (metastatic cancer)، یاخود پێشی دەوترێت گرێی پیس. پڕۆسەیەکە کە تێیدا خانەکانی شێرپەنجە بڵاودەبنەوە و لە شوێنە سەرەتاییەکانی خۆیانەوە دەچن بۆ شوێنێکی تر. ئەم جۆرە شێرپەنجەیە مەترسیدارە و نەخۆشەکە زۆر ئازار دەدات و زۆرجار دەبێتە هۆی مردنی کەسەکەش. 

مێژووی نەخۆشی شێرپەنجە

پزیشکان و زاناکان لەو باوەڕەدان کە مێژووی شێرپەنجە بۆ زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، هەروەها کاتێکی زۆر و ماندووبوونێکی زۆری ویستووە تاکوو نەخۆشییەکە بناسرێت و کاری بۆ بکرێت.
یەکەمین جار ١٦٠٠ ساڵ پێش زایین لە میسڕی دێرینەوە ئەم نەخۆشییە ناسێنرا. ئەگەرچی دەستەواژەی شێرپەنجە بەکارنەهاتووە بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سەر کاغەزە کۆنەکانی میسڕەوە بێت، هەشت نەخۆشی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک دۆزراوەتەوە. پزیشکە میسڕییەکان شوێنی شێرپەنجەکەیان بە ئاگر سووتاندووە. لەسەر ئەو کاغەزە بەجێماوانەش ئاماژە بەوە کراوە کە شێرپەنجە چارەسەری نییە.
پزیشکانی یۆنانی دێرین یەکەمین کەسبوون کە شێرپەنجەیان وەک نەخۆشییەک ناساند. (بوقرات) کە بە باوکی زانستی پزیشکی ناسراوە لە نێوان ساڵەکانی ٤٦٠ بۆ ٣٧٠ـی پێش زایین دەژیا. شێرپەنجەی پێست، لووت، مەمکی بینیبوو و شێوەیانی بە قرژاڵ دەشوبهاند. 
ناوی قرژاڵی بەکارهێنا بۆ ئەم نەخۆشییە. هەروەها پزیشکانی موسوڵمانیش هەمان ناویان بەکارهێناوە بۆی. 
نزیکەی ١٥٠ ساڵ دوای لەدایکبوونی گاڵۆن (Galon) کە پزیشکێکی یۆنانییە، دەستەواژەی (Oncos) بەکارهێناوە کە هاوواتای قوتدانە بە زمانی یۆنانی، ئەم ناوەی بەکاردەهێنا بۆ باسکردنی گرێکان.

- هەندێک لە پزیشکانی میسڕی شێرپەنجەیان بە نەفرەتی خودا دەزانی. تیۆریای بوقراتیش بە تیۆریایەکی باو ناسێنرابوو. بەپێی تیۆریای بوقرات جەستەی مرۆڤ لە چوار بەش پێکهاتووە، ئەوانیش (خوێن، بەڵغەم، زەرداوی زەرد، زەرداوی ڕەش) ئەگەر ئەم چوار بەشەی جەستەی مرۆڤ لە هاوسەنگیدابن ئەوا ئەو کەسە تەندروستە. بەڵام هەریەکە لەم چوارە کەم و زۆر بکەن ئەوا نەخۆشی ڕودەدات. بەپێی تیۆریای بوقرات زۆربوونی زەرداوی ڕەش لە هەر بەشێکی جەستەدا، بە واتای دروستبوونی شێرپەنجەیە لەو بەشەدا.

- یەکەمین دەستنیشانکردنی شێرپەنجە لە ساڵی ١٧٧٥ـدا پزیشک (Percival Pott) کە پزیشکێکی بەڕیتانی بوو، بۆی دەرکەوت کە شێرپەنجەی گونەکان لەنێوان ئەو کەسانەدا زیاترە کە بۆری گەرمی ماڵانی لەندەن پاکدەکەنەوە. دواتر وردە وردە زانیاری زیاتریان دەستکەوت لەسەر شێرپەنجە و لە سەدەی هەژدەیەمدا (metastatic cancer) دۆزرایەوە. 

- ئەبو عەلی سینا نەشتەرکاری بە چارەسەر دەزانی بۆ شێرپەنجە. بە ڕای ئەو دەبوو گرێ شێرپەنجەکە بەتەواوی لە جەستە بکرێتە دەرەوە و تەواوی خانە و شانەکانی دەوروبەریشی لاببرێن و بسوتێنرێن. لە هەندێک کاتیشدا بڕینەوەی ئەو ئەندامەی بە چارەسەری شێرپەنجە دەزانی. بەڵام هەموو ئەمانە قورسبوون و بە قورسی ئەنجامدەدران بەهۆی نەبوونی دەرمانی بێهۆشکەرەوە. لە ساڵی ١٨٤٦ بۆ یەکەمین جار دەرمانی بێهۆشکاری دروستکرا و نەشتەرکاری ئاسانتربوو.

- لە ساڵی ١٨٧٣ یەکەمین نەشتەرکاری سەرکەوتوو بۆ شێرپەنجە ئەنجامدرا لەسەر نەخۆشێکی تووشبوو بە شێرپەنجەی پەنکریاس.

هۆکارەکان

تاکوو ئێستاش بەتەواوی هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵکوو دەکرێت زۆر شت ببنە هۆکار بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە، چەند هۆکارێک هەیە وەک:
بۆماوەیی: دەکرێت هۆکارەکە بۆماوەیی بێت و پێشتر کەسێک یاخود چەند کەسێک لەو خێزانە توشبووی شێرپەنجە بووبن.
ژینگە و تەندروستی: هەبوونی ئاو و هەوای پیس و ژەهراویی هۆکارێکە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە، هەروەها هەبوونی ژیانێکی ناتەندروست و گرنگینەدان بە جەستەی خۆت، وەک قەڵەویی، خواردنی ناتەندروست، هەوای پیس. وەرزشنەکردن و کەمی چالاکی جەستە.
جگەرەکێشان، خواردنەوەی ماددە کحولییەکان، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر. 
ماددەی کیمیایی: بەکارهێنان و هەڵمژینی ماددە کیمیاییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا.
تیشک: بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی X ray
هەبوونی چەند نەخۆشییەکی ڤایرۆسی وەک هەوکردنی جگەر جۆری B، هەروەها ڤایرۆسی (HPV).

نیشانەکان

نیشانەکانی شێرپەنجە بەپێی جۆری شێرپەنجەکە و ئەو شوێنەی کە تێیدا ڕوویداوە دەگۆڕێت. زۆرێک لە نەخۆشەکان دوای ماوەیەکی زۆریش لە تووشبوون بە شێرپەنجە دەکرێت هیچ نیشانەیەکیان نەبێت، بەڵام بەگشتی نیشانەکانی شێرپەنجە ئەمانەن:

  • گۆڕانکاری زۆر لە فەرمانی ڕیخۆڵەکان، گەدە، میزەڵدان.
  • هەبوونی خوێنبەربوون و دەردراویی نائاسایی لە هەر بەشێکی جەستەدا.
  • هەبوونی گرێ لە مەمک، گون، یاخود بەشەکانی تری جەستە.
  • هەبوونی کێشە لە قووتدان و هەرسکردندا.
  • گۆڕانکاری بەرچاو و لەناکاو لە کێشی جەستە، شێوە و پێستدا، لەدەستدانی حەزی خواردن.
  • بەردەوامی و سەرهەڵدانەوەی ئەو هەوکردنانەی کە بەبەکارهێنانی دەرمانیش لەناوناچن. 
  • کۆکەکردن و گیرانی دەنگ.
  • ئازاری ئێسکەکان.
  • ماندوویەتی بەردەوام.
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە.
  • گۆڕانی ڕەنگی میز.
  • هەبوونی خوێن لە پیساییدا

ناکرێت هەرکەسێک ئەم نیشانانەی هەبوو بترسێت لەوەی کە بەدڵنیاییەوە شێرپەنجەیە، دەکرێت ئەمانە نیشانەبن بۆ نەخۆشی تریش. بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئەم نیشانانە ناکرێت بەهیچ شێوەیەک بشتگوێ بخرێن.

جۆرەکانی شێرپەنجە

زیاتر لە ٢٠٠ جۆر لە شێرپەنجە بوونی هەیە، کە بەپێی ئەو خانە و یاخود ئەندامەی کە تووشی کردووە ناوی دەنرێت.

  • کارسینۆما (Carcinoma)
    جۆرە شێرپەنجەیەکە کە لە پێست یاخود ئەو شانانەکانی ناوەوەیان داپۆشیووە دروست دەبن. هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە خانەی خوێنی نائاسایی دروست ببێت و تێکەڵی خوێن ببێت. 
  • لیمفۆما (Lymphoma)
    جۆرە شێرپەنجەیەکە کە لە لیمفەخانەکانی (T یان B) دەست پێ دەکات. 
  • میلانۆما(Melanoma)
    جۆرە شێرپەنجەیەکە لەو خانانەوە دەست پێ دەکات کە دەگۆڕدرێن بۆ میلانۆسایت (Melanocyte)، کە ئەم خانەیە بەرپرسە لە دروستکردنی میلانین بۆ پێدانی ڕەنگ. 
  • شێرپەنجەی مێشک و دەمار
    ئەم جۆرە شێرپەنجەیەیان لە میشک یاخود مۆخەوە دەست پێ دەکات.

باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە پیاواندا

باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە خانماندا

دیاریکردن

جیا لە هەبوونی نیشانە جەستەییەکان، چەندین پشکنینی تر هەیە بۆ دۆزینەوەی شێرپەنجە، هەروەها هیچ پشکنینێک بەتەنها ناتوانێت بیسەلمێنێت کەسەکە تووشبووی شێرپەنجەیە، بۆیە دەکرێت چەندین جۆر پشکنین بکرێت تاکوو دەستنیشانبکرێت، وەک:

  • پشکنینی تاقیگەیی
  • تیشک
  • پشکنینی تایبەت بە بۆهێڵەکان
  • نموونەوەرگرتن لە گرێیەکان

نزیکبینی (endoscop)، کە لەم ڕێگەیەوە ئەندامەکانی ناوەوەی جەستە لە نزیکەوە دەبینێت

قۆناغەکانی شێرپەنجە

زۆرینەی شێرپەنجەکان چوار قۆناغیان هەیە 

قۆناغی یەکەم: شێرپەنجەکە تازە دروست بووە و لە یەک شوێندایە و نەگوازراواتەوە بۆ بەشەکانی تری جەستە.
قۆناغی دووەم: شێرپەنجەکە زیاتر گەشەی کردووە و بەڵام لە ئەندامێکەوە نەچووە بۆ ئەندامێکی تر واتە نەبووە بە شێرپەنجەی (Metastatic cancer)
قۆناغی سێیەم: شێرپەنجەکە بڵاوبووەتەوە بۆ ڕژێنەکان یاخود چەند شانەیەکی تری جەستە.
قناغی چوارەم: شێرپەنجەکە بە زۆرترین ئەندامەکاندا بڵاوبووەتەوە، کە پێشی دەوترێت شێرپەنجەی (Metastatic cancer).

چارەسەر

چارەسەری شێرپەنجە پەیوەستە بە جۆر و قۆناغی شێرپەنجەکەوە. چەندین ڕێگا هەیە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە. دەکرێت لە یەک کاتدا دوو ڕێگا بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری شێرپەنجە، چەندین ڕێگای چارەسەریش هەیە کە ئەمانەن:

  • چارەسەر بە دەرمان
  • نەشتەرکاری
  • دەرمانی کیمیایی
  • چارەسەر بەتیشک
  • چارەسەر بە هۆڕمۆن


سەرچاوەکان



9540 بینین