ئەنجامدانی پشکنین بۆ شێرپەنجەی مەمک لە ماڵەوە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-15:40:00 - کۆدی بابەت: 13044
ئەنجامدانی پشکنین بۆ شێرپەنجەی مەمک لە ماڵەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەنجامدانی پشکنین بۆ شێرپەنجەی مەمک لە ماڵەوە (بە ئینگلیزی: Breast self examination test) بریتییە لە پشکنینێک ئافرەتان لە ماڵەوە بۆ زانینی گۆڕانکاری یان کێشە لە مەمکدا ئەنجامی دەدەن. بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی پشکنینێکی گرنگە، دەکرێت لە دۆزینەوەی شێرپەنجەی مەمک لە سەرەتادا سوودبەخش بێت ئەمەش دەبێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەر لە کاتێکدا نەخۆشییەکە لە سەرەتادایە و گەشەی نەکردووە. پشکنینێکە لە ماڵەوە بەبێ خەرجکردنی هیچ بڕە پارەیەک ئەنجام دەدرێت. هەندێک لە ڕێکخراوە پزیشکییەکان پێیان وایە ئەم پشکنینە لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەدا سوودی نابێت، بەڵام پزیشکەکان پێیان وایە خانمان دەتوانن هەست بە گۆڕانکارییەکان بکەن و لە کاتی ڕوودانی هەر شتێکی نائاسایدا پزیشک ئاگادار بکەنەوە.

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە

پێنج هەنگاو بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە:

ئەنجامدانی پشکنین بۆ مەمک لە بەردەم ئاوێنەدا

شانەکان ڕێک دەکرێنەوە و دەستیش لەسەر کەمەر دادەنرێت. لە ئاوێنەدا سەیری مەمک دەکرێت لە ڕووی:

  • شێوە، قەبارە و ڕەنگی ئاسایی
  • شێوەی مەمکەکان بە یەکسانی بەبێ هیچ ئاوسانێک یان تێکچوونی شێوەیەک دابەشبوون.

ئەگەر هەر نیشانەیەک لەم خاڵانەی خوارەوەت بەدی کرد، بەخێرایی سەردانی پزیشک بکە:

  • چاڵ یان ئاوساویی لە مەمکدا
  • گۆڕانی شوێنی گۆیی مەمکەکان یان چوونیان بەرەو ناوەوە
  • سووربوونەوە و ئازار

بەرزکردنەوەی قۆڵەکان بۆ سەرەوە و ئەنجامدانی پشکنین

هەمان ئەو پشکنینانەی لە هەنگاوی یەکەمدا ئەنجام دراون لەم هەنگاوەشدا ئەنجام دەدرێنەوە، بەڵام لە کاتێکدا قۆڵەکان بۆ سەرەوە بن.

سەیرکردن بۆ دۆزینەوەی نیشانەی شلەی مەمک

کاتێک لە بەردەم ئاوێنەدایت

کاتێک لەبەردەم ئاوێنەدایت، بۆ هەر نیشانەیەکی هاتنەخوارەوەی شلەی مەمک لە هەردوو گۆیی مەمکدا بگەڕێ. دەکرێت شلەیەکی وەک ئاو، شیر، شلەیەکی ڕەنگ زەرد یان خوێن بێت.

گەڕان بەدوای گرێ کاتێک پاڵکەوتوویت

کاتێک پاڵکەوتوویت بەدوای گرێ یان ناتەواوییەک لە ڕێگەی دەستلێدانەوە بگەڕێ. بەهۆی دەستی ڕاستەوە بەدوای گرێ لە لای چەپدا بگەڕێ، دواتر دەستی چەپ بۆ گەڕان بەدوای گرێ لەلای ڕاستدا. پەنجەکانی دەست پێکەوە دەلکێنرێن، بەسەری پەنجەکان ئەم کردارە ئەنجام دەدرێت. دواتر کەمێک پەنجەکان بۆ ناوە و بە جووڵەیەکی بازنەیی دەجووڵێنرێن. ئەم جووڵەیە بۆ لایەکان و تەواوی بەشەکانی مەمک ئەنجام دەدرێت. بەشێوازێک جووڵەکە ئەنجام بدە بۆ نموونە دەتوانی لە گۆیی مەمکەوە دەست پێ بکەیت و بە بازنەیی بجووڵێیت تاکوو قەراغی دەرەوەی مەمک. یان دەتوانیت بە ئاسۆیی یان بەستوونی بە ڕیز ئەم جووڵەیە ئەنجام بدەیت. دڵنیابە لەوەی کە هەست بە هەموو شانەکان دەکەیت.

گەڕان بەدوای گرێدا کاتێک دانیشتوویت یان بەپێوە وەستاویت

هەمان ئەو جووڵانەی لە هەنگاوی چوارەمدا باس کراون، لێرەدا دووبارە دەکرێتەوە بەڵام بە دانیشتنەوە یان لە کاتێکدا بە پێوە وەستابیت.

ئەگەر لە ئەنجامدانی هەر جووڵەیەکدا هەستت بە هەبوونی گرێ کرد، مەرج نییە هەموو گرێیەکی مەمک شێرپەنجە بێت. هۆکاری زۆر بۆ دروستبوونی گرێ کە گرێی شێرپەنجە نین هەیە، وەک گۆڕانی هۆڕمۆن. دوودڵ مەبە لە کاتی هەستکردن بە گۆڕانکاری یان دروستبوونی گرێدا پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەیت، دۆزینەوەی هەر نەخۆشییەک زووتر دەبێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەر بەشێوازێکی خێراتر. هەندێک کات بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سووڕی مانگانەوە قەبارەی مەمک گەورەتر دەبێت و وەک ئاوساوی دەردەکەوێت، باشترە تاکوو تەواوبوونی سوڕی مانگانە چاوەڕێ بکەیت، ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە هەر بەردەوام بوو سەردانی پزیشک بکە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن باشترە ئەم پشکنینە چەند ڕۆژێک دوای تەواوبوونی سوڕی مانگانە یان سێ بۆ پێنج ڕۆژ دوای دەستپێکردنی سوڕی مانگانە ئەنجام بدرێت و هەموو مانگێک لە هەمان ڕۆژدا ئەنجام بدرێت.


سەرچاوەکان



95 بینین