کیشوەری ئەفریقا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-13-15:43:00 - کۆدی بابەت: 7588
کیشوەری ئەفریقا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کیشوەری ئەفریقا یان ئەفریقیا یاخود کیشوەرە ڕەشەکە، (بە عەرەبی: قارة أفريقيا، بە ئینگلیزی: African continent) لە دوای کیشوەری ئاسیا دووەم گەورەترین کیشوەره لەڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوانەوە، ڕووبەرەکەی 30.2 ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە، نزیکەی 6%ـی ڕووبەری گۆی زەوی پێکدەهێنێت، هەروەها 20.4%ـی ڕووبەری وشکانی زەوی پێکدەهێنێت، ژمارەی دانیشتوانی بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2016 نزیکەی 1.2 ملیار کەسن، دابەشبوونەتە سەر 61 هەرێم، نزیکەی 14.8% ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن. 

واتای ناوەکەی

لەسەر واتا و ڕەچەڵەک و بنچینەی ناوی ئەفریقا چەندان ڕاوبۆچوون و تیۆری هەن، گرنگترینیان ئەوەیە کە مێژوونووسان پێیان وایە کە وشەی "ئەفری" بۆ دانیشتوانی ناوچەی باکووری ئەفریقا نزیک ناوچەی "قەڕتاج" بەکاردەهێنرا، هەندێک پێیان وایه کە واتاکەی بۆ فینیقییەکان دەگەڕێتەوە کە لە فەرهەنگی ئەوان "ئەفری" واتای خۆڵە، هەندێک لە پسپۆڕان لە ساڵی 1981 دووپاتیان کردەوە کە ڕەچەڵەکی ئەم ناوە ئەمازیغییە و بە واتای ئەشکەوتە، بەشی دووەمی ناوەکەی "قا" بەپێی شارستانییەتی ڕۆمانییەکان واتای خاک یاخود زەوی یان نیشتمانە، هەروەها "ئەفریکا" وشەیەکی یۆنانییە واتای "سارد نییە"ـیە، بە لاتینی ئەفریقا واتا هەتاو یاخود گەرمی. 

مێژوو

ـ زۆرێک لە زانایانی شوێنەوار کیشوەری ئەفریقا بە دێرینترین شوێن دادەنێن کە لەسەر زەوی مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە.
ـ شوێنی زۆرێک لە شارستانییەکان بووە نموونەی شارستانیەتی ڕۆمانی و یۆنانی.
ـ لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی زایینی دەسەڵات و ئایینی ئیسلامی پێگەیشتووە، ئایینی ئیسلام لە هەریەک لە وڵاتانی میسڕ و تونس و جەزائیر و مەغریب بڵاوبووەوە، ئایینەکە تێکەڵ بە کولتووری ئەفریقی بوو.
ـ لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم ئەورووپییەکان بە دەیان وڵاتی ئەم کیشوەرەیان داگیر کرد، هەرچی سامان و خێری ناوچەکە هەبوو تاڵانیان کرد، دەمارگیری و شەڕ و نەهامەتیان تێدا بڵاو کردەوە، زۆرێک لە خەڵکەکەیان وەکوو کۆیلە گرت و کیشوەرەکەیان لەنێوان خۆیان دابەش کرد، هەر یەک لە فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەسەڵاتی باکووری ئەفریقایان گرتە دەست، بەریتانیا ناوچەکانی باشووری کیشوەرەکەی داگیر کرد.
ـ لە نیوەی سەدەی بیستەم پاش کۆتایی هاتنی دەسەڵات و داگیرکارییەکانی ئەورووپا لە کیشوەرەکە، زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دووچاری شەڕی ناوخۆ و کودەتا بووەنەوە، پشێوی و ئاڵۆزییەکانی بە جۆرێک بوو کە لە نێوان ساڵانی شەستەکان بو هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو 13 سەرکۆماری وڵاتی ئەفریقی تیرۆر کران.

جوگرافیا 

ـ شوێنی جوگرافی: دەریای ناوەڕاست لە باکوورەوە دەوری کیشوەری ئەفریقای داوە، لە ڕۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆقیانووسی ئەتلانتیک، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە دەریای سوور لێوەی نزیکە، هەروەها ئۆقیانووسی هیندی لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە دەوری داوە، دەریای ناوەڕاست لەگەڵ کیشوەری ئەورووپا جیای کردووەتەوە، هەروەها کەناڵی سوێس بە کیشوەری ئاسیای بەستووەتەوە و سنووری هاوبەشی لەگەڵ کیشوەری ئاسیا لە ڕێگەی ئەو کەناڵەو هەیە، وڵاتی جەزائیر گەورەترین وڵاتی کیشوەرەکەیە، ڕووبەرەکەی 2.381.741 كيلۆمەتر دووجایە، پاشان وڵاتی سوودان دووەم گەورەترین وڵاتی کیشوەرەکەیە ڕووبەرەکەی 1.865.813 کیلۆمەتر دووجایە، بچووکترین وڵاتی کیشوەرەکە لە ڕووی ڕووبەرەوە وڵاتی گامبیایە.
ـ کەشوهەوا: کەشوهەوای کیشوەری ئەفریقا تێکەڵەیەکە لە کەشوهەوایەکی گەرم و نیمچە جەمسەریی، بەشی باشووری کیشوەرەکە لە کۆمەڵێک بیابان و ناوچەی وشک پێکهاتووە، بەڵام ناوچەکانی ناوەند و باکووری لە پانتاییەکی فراوان لە وشکایی و دەشت و دۆڵی گەورەی نموونەی "دۆڵەکانی ساڤانا" پێکهاتووە ئەو ناوچەیە بە بارانبارینی زۆر ناودارە، بەڵام بە گشتی کیشوەرەکە وشکە و بارانی کەمە.
ـ ئاژەڵەکان: کیشوەری ئەفریقا نیشنگە و نیشتمانی چەندین ئاژەڵی کێوییە، نموونەی گۆشت خۆرەکان وەک شێر و پڵنگ، هەروەها ڕووەکخۆرەکان نموونەی ئاسک و فیل و حوشتر و زەڕافە و چەندانی تر، بەهۆی بوونی پانتایی فراوان لە جەنگەڵ و دەشتایی هەمەجۆر بۆیە ئاژەڵی ئەم کیشوەرە بە ئازادیی دەژێن و هەمەجۆرن.

زمانەکان

بەپێی ڕاپۆرت و توێژینەوەکان، زیاتر لە هەزار زمان هەیه کە لە کیشوەری ئەفریقا قسەی پێدەکرێت، سەرچاوەی زۆربەی زمانەکان بۆ ڕەچەڵەکی ئەفریقی دەگەڕێتەوە، هەندێکیشیان ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا، کیشوەری ئەفریقا بە یەکێک لەو کیشوەرانەی جیهان دادەنرێت کە زۆرترین ژمارەی زمانی تێدا هەیە، زمانی عەرەبی لە 12 وڵاتی ئەفریقی زمانێکی فەرمییە.

ژمارەی دانیشتوان

لە چل ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا ژمارەی دانیشتوانی ئەم کیشوەرە ڕووی لە زیادبوونە و بە خێرایی ڕێژەی دانیشتوان زیادی کردووە، بۆیە ڕێژەی پیران کەمە و نیوەی دانیشتوانی کیشوەرەکە لەخوار تەمەنی 25 ساڵین، ژمارەی دانیشتوانەکەی بە 1.2 ملیار خەمڵێندراوە، یەک لەسەر سێیی دانیشتوانەکەی بژێویان لەسەر کشتوکاڵییە، هەر یەک لە وڵاتانی نەیجیریا و ئیسیوبیا و میسڕ لە لەڕووی ڕێژە و ژمارەی دانیشتوانەوە لە گەورەترین وڵاتەکانی سەر ئەم کیشوەرەن، بچووکترین وڵاتیش لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە وڵاتی سیشلە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 93 هەزار کەسە.

ئایینەکان

زۆرێک لە بیروباوەڕەکان لەم کیشوەرەدا بەربڵاوە، بەپێی خەمڵاندن و داتاکان ڕێژەی پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام 45%ـە، ڕێژەی پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی 40%ـە، ڕێژی ئەو کەسانەی کە بێ ئایینن و بڕوایان بە هیچ شتێک نییە 15%ـە، پەیڕەوانی ئایینی هیندۆسی و بەهائییەکانیش بە ڕێژەیەکی کەم لەم کیشوەرە بوونیان هەیە.

کەرتی ئابووری 

کیشوەری ئەفریقا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە بەرهەمهێنانی چەند ماددەیەکی خامی كانزایی، ئابووری ئەم ناوچەیە پشت بە كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازیی و گەشتوگوزار دەبەستێت، بە چەند بەروبوومێک ناودارە و هەناردەی وڵاتانی جیهانی دەکات نموونەی کاکاو، مێخەک، ڤانێلا، مۆز، قاوە، لۆکە، شەکر و چا و بەروبووم و سامانی ئاژەڵیش، وڵاتی جەزائیر و کۆنگۆ و لیبیا نەوتی خام هەناردە دەکەن، وڵاتی بۆتسوانا بەهۆی ئەوەی خاکەکەی دەوڵەمەندە بە بەردی گرانبەها، ئەڵماس و کانزای بەنرخ هەناردەی جیهان دەکات، وڵاتی نەیجەر یۆرانیۆم هەناردەی جیهان دەکات، وڵاتی نەیجیریا کە گەورەترین وڵاتی ئەفریقییە لەڕووی ڕێژەی دانیشتوانەوە، یەکەم وڵاتی ئەفریقی بەرهەمهێنەری نەوتە، لە ساڵی 2013 بە بڕی 510 ملیار دۆلار قازانجی لە هەناردەکردنی نەوت کرد، هەریەک لە وڵاتی نەیجیر و سۆماڵ لایەنی ئابووریان لاواز و سستە چونکە بەرهەمیان کەمە.

کەرتی گەشتیاری 

سەرەڕای کێشە و مەترسییەکانی کیشوەرەکە، بە یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان دادەنرێت، چونکە چەندین سەرچاوەی سروشتی سەرنجڕاکێش و چێژبەخشی لە باخچە، دارستان، شاخ، جەنگەڵ و تاڤگەکانی لەخۆگرتوە، ناودارترین شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە بریتین لە ئەهرامەکانی میسڕ و تاڤگەکانی ڤیکتۆریا لە زمبابۆی و زامبیا و چەندانی تر. 

کێشە و ناکۆکییەکان

ـ برسێتی و هەژاریی و نەخۆشی: بەهۆی ئەوەی کە سەرچاوەکانی داهاتی ئەم کیشوەرە بەباشی بەکارنەهێنراوە و هەمیشە ڕووبەڕووی داگیرکاری بووەتەوە، هەمیشە ڕووبەڕووی وشکەساڵی و بێ بارانی بووەتەوە، دانیشتوانی زۆرێک لە وڵاتانی ئەم کیشوەرە دووچاری هەژاریی و نەهامەتییەکی زۆر بوونەتەوە، هەروەها چەند نەخۆشییەکی نموونەی ئایدز و ڤایرۆسی ئیبۆلا و کۆلێرا و مەلاریا و لە چەند وڵاتێکی کیشوەرەکە زۆر بەربڵاوە و تەشەنەی کردووە.
ـ ناکۆکێ و پشێوی ناوچەی هەرێمە کێشە لەسەرەکان کیشوەری ئەفریقا چەند ناوچەیەکی هەیە کێشە و ئاڵۆزی زۆر لەسەر دیاریکردنی سنوور و کێشەی نەتەوەییان لەسەرە، زیاتر لە 18 وڵاتی کیشوەرەکە جەنگی ناوخۆ و کودەتای تێدا ڕوویداوە، ئەو بارودۆخانە بوونە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر لەو ناوچانە نموونەی وڵاتی نەیجیریا، سۆماڵ، مالی، ئۆگەندا و سوودان.

وڵاتەکانی کیشوەری ئەفریقا

کیشوەری ئەفریقا لە شەش ناوچە و هەرێم پێکهاتووە، هەر هەرێمێک کۆمەڵێک وڵاتی لەخۆگرتووە، ژماری وڵاتانی ئەم کیشوەرە 54 وڵاتە.

ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا

  • بۆرۆندی
  • جوزر ئەلقەمەڕ
  • جیبۆتی
  • ئیریتیریا
  • ئیسیوبیا
  • کینیا
  • مەدەغەشقەر
  • مالاوی
  • موریشیوس
  • مایوت
  • موزەمبیق
  • رینیۆن
  • ڕواندا
  • سیشڵ
  • سۆماڵ
  • تەنزانیا
  • ئۆگەندا
  • زامبیا
  • زیمبابۆی

ناوەڕاستی ئەفریقا

  • ئەنگۆلا
  • کامیڕۆن
  • کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست
  • تشاد
  • کۆنگۆ
  • گینیا
  • گابۆن
  • ساوتۆمی

باکووری ئەفریقا

  • جەزائیر
  • میسڕ
  • لیبیا
  • مەغریب
  • سوودان
  • باشووری سوودان
  • توونس
  • ئەفریقای باشوور
  • بۆتسوانا
  • لیسۆتو
  • نامیبیا
  • باشووری ئەفریقا
  • ئیسواتینی

ڕۆژئاوای ئەفریقا

  • نەیجیریا
  • ساحل ئەلعاج
  • بۆرکینا فاسۆ
  • بنین
  • گامبیا
  • گانا
  • لیبیریا
  • مالی
  • موریتانیا
  • نەیجیر
  • سینیگال
  • تۆگۆ
  • سیرالیۆن
  • سانت هێلێنا


سەرچاوەکان



10722 بینین