دەریا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-25-23:47:00 - کۆدی بابەت: 8045
دەریا

ناوه‌ڕۆك

دەریا چییە؟

دەریا (بە ئینگلیزی: sea، بە عەرەبی: بحر)، سیستمی پێکەوەبەستراوی ئاوی هەموو زەریاکانی زەوییە، لەوانە زەریاکانی ئەتلەسی، هێمن، هیندی، باشوور و باکووری. هەرچەندە، وشەی دەریا بۆ چەندین تەنی ئاوی دیاریکراو و زۆر بچووکتر لە ئاوی دەریا، وەکوو دەریای باکوور یان دەریای سوور بەکار دەهێنرێت، جیاوازییەکی زۆر ڕوون لە نێوان دەریاکان و زەریاکاندا نییە، هەرچەندە بەگشتی دەریاکان بچووکترن و زۆربەی کات بە جۆرێک (وەکوو دەریا لاوەکییەکان یان بەتایبەتی وەکوو دەریای سپی ناوەڕاست) یان بەتەواوی (وەکوو دەریا ناوەکییەکان) بە وشکانی دەورەدراون.

دەستەواژەی "حەوت دەریاکان" بۆ ماوەی چەندین سەدەیە بەکاردێت و گوایە ژمارەی دەریاکانی جیهان حەوت دەریایە، بەڵام ئەو چەمکە ئاماژە بە بەشە جیاوازەکانی زەریا و چەندین تەنی گەورەی تری ئاوی دەکات، لە ڕاستیدا زیاتر لە حەوت دەریا لە جیهاندا بوونی هەیە.

بەگشتی، دەریا بە بەشێک لە زەریا پێناسە دەکرێت کە بەشێکی بەزەوی دەورەدراوە، بەپێی ئەم پێناسەیە، نزیکەی 50 دەریا لە جیهاندا هەیە بەڵام ئەم ژمارەیە ئەو تەنە ئاوییانەش دەگرێتەوە کە هەمیشە وەکوو دەریا دانانرێن و بیریان لێ ناکرێتەوە، وەکوو کەنداوی مەکسیک و کەنداوی هەدسۆن.

سەرەڕای ئەوەش، لە هەندێک حاڵەتدا دەریا بەتەواوی بەزەوی دەورەدراوە، دەریای کاسپین بەناوبانگترین نموونەی دەریای بەزەوی دەورەدراوە، هەرچەندە ئەم دەریایە دەکەوێتە نێوان ڕووسیا و ئێرانەوە بەڵام بە گەورەترین دەریای جیهان ناودەبرێت، ئەو دەریایانەی تریش کە بەزەوی دەورەدراون دەریای ئارال و دەریای مردوو دەگرێتەوە، ئاوی ئەم دەریایانە سوێرن و ساڵانێکی زۆرە بە دەریا ناودەبرێن بەڵام زۆرێک لە ئۆقیانووسناسەکان و جوگرافیزانەکان زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە پێیان بڵێن دەریاچە.

ڕووبەر

دەریاکان لەڕووی ڕووبەرەوە جیاوازن و هەندێکیان زۆر گەورەن، لە کاتێکدا هەندێکی تریان بچووکترن، دەشێت ڕووبەری ڕووی دەریا زیاتر لە 2.6 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا لە ناوچەکەدا داگیر بکات، وەکوو دەریای کاریبی یان دەکرێت وەک دەریای مەڕمەڕە بچووک بێت کە ڕووبەرەکەی کەمتر لە 12950 کیلۆمەتر دووجایە، ئەم دەریا بچووکەی تورکیا دەریای ئیجە و دەریای ڕەش بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

پلەی گەرمی

لەڕووی پلەی گەرمییەوە دەشێت دەریا لە زۆربەی مانگەکانی ساڵدا زۆر گەرم بێت. بۆ نموونە دەریای سوور پلەی گەرمی لە دەوروبەری 30 پلەی سیلیزیدایە و ئاوی دەریاکە سوێرترین ئاوە، کە بۆ هەر 1000 بەشێکی ئاوی دەریاکە 41 بەشی خوێی تێدایە. هەروەها دەشێت دەریاکان زۆر سارد بن. بۆ نموونە، دەریای گرینلاند، پلەی گەرمی ئاوی ڕووکەشی دەریاکه لە زۆربەی مانگەکانی ساڵدا نزیکی پلەی بەستن دەبێتەوە.

جیاوازی دەریاکان لەڕووی ڕووبەر و پلەی گەرمی و شوێنیان لەسەر زەوی بەو واتایە دێت کە سیستمی ژینگەیی زیندەوەرە دەریاییەکانی نێو هەر دەریایەک جیاوازە. دەریای باڵتیک لە سکاندیناڤیا گەنجترین دەریای جیهانە کە لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە داخورانە بەفرینەوە دروست بووە. ئەم دەریایە تێکەڵەیەکی بێهاوتای ئاوی سوێر و ئاوی سازگار لەخۆدەگرێت و بەمەش دەبێتە گەورەترین تەنی ئاوی سوێرەک لەسەر ئەم هەسارەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەریای باڵتیک ڕێژەیەکی کەم، دەگمەن و جیاواز ڕووەک و ئاژەڵی ئاوی سازگار و ئاوی سوێر لەخۆدەگرێت کە توانیویانە لەگەڵ ژینگەی ئاوی سوێرەکدا خۆیان بگونجێنن.

ئەو ماددە و زیندەوەرانە چین که لەناو ئاوی دەریاکاندا هەن؟

زۆرترین ماددەی ڕەقی تواوە لە ئاوی دەریادا کلۆریدی سۆدیۆمە. هەروەها ئاوی دەریا خوێی مەگنیسیۆم، کالسیۆم، پۆتاسیۆم و جیوەی تێدایە. ڕێژەی خوێی تواوەی ناو دەریا لە هەندێک شوێنیدا جیاوازە، لە نزیک ڕووکەش و ڕێژگەی ڕووبارە گەورەکاندا ئاستی نزمە و لە قوڵایی زەریاکاندا ئاستی بەرزترە. هەروەها هەریەک لە بەکتریا، پرۆتیست یان تاک‌ خانەی سەرەتایی، قەوزە، گژوگیا، قارچک و گیانلەبەر لە دەریادا دەژین.

گرنگی دەریاکان

دەریاکان سەرچاوەی خۆراکی چەند زیندەوەرێکن لەوانە مرۆڤەکان، ماسییەکان، گوێچکە ماسی، ئاژەڵە شیردەرەکان و گژوگیای دەریا، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانەکانی دەریا لەلایەن مرۆڤەکانەوە بریتین لە بازرگانی، گەشتیاری، دەرهێنانی کانزا، بەرهەمهێنانی هێز، جەنگ و چالاکی وەکوو مەلەکردن و چارۆکە هەڵدان و زۆربەی ئەم چالاکییانەش پیسبوونی دەریایی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها دەریاکان ئاووهەوای زەوی مامناوەند دەکەن و ڕۆڵی گرنگیان لە سووڕی ئاو و کاربۆن و نایترۆجیندا هەیە.


سەرچاوەکان

368 بینین