دەریای بەڵتیک

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-11-20:45:00 - کۆدی بابەت: 7566
دەریای بەڵتیک

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دەریای باڵتیک

دەریای باڵتیک بە ئینگلیزی (Baltic Sea)، دەریایەکی زەریای ئەتڵەسییە کە دەکەوێتە باکووری ئەوروپا و دەریای باڵتیک دراوسێ و هاوسنووری وڵاتانی سوید ،فیلەندا، دانیمارک، ڕووسیا، ئەستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا و ئەڵمانیایە.

چەند ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش دەربارەی دەریای باڵتیک

  • ئەم دەریایە کەنداوی بۆتنیا و کەنداوی فیلەندا و کەنداوی ڕیگا و کەنداوی گدانسک لەخۆدەگرێت.
  • دەریای باڵتیک بە چەند ڕێڕەوێکی ئاوی دەستکردەوە گرێدراوە بە دەریای سپییەوە لە ڕێگەی کەناڵی دەریای سپی و بە کەنداوی باکووری دەریای ئەڵمانیا لە ڕێگەی کەناڵی کیلەوە.
  • دەریای باڵتیک نزیکەی 1600 کیلۆمەتر (990 میل) درێژە و تێکڕای پانییەکەشی 193 کیلۆمەتر (120 میل)ـە.
  • دەریاکە ڕووبەری 377,000 کیلۆمەتر دووجا (146,000 میل دووجا) داگیردەکات.
  • قەبارەی ئاوی دەریای باڵتیک نزیکەی 21,700 کیلۆمەتر سێجایە (5,200 میل سێجا).
  • قوڵییەکەی‌ 459 مەترە (1506 پێ) و تێکڕای قوڵاییەکەی 55 مەتر (180 پێ) لەژێر ئاستی دەریادایە.
  • دەریای باڵتیک کەنارێکی نزیکەی 8,000 کیلۆمەتر (5,000 میل) درێژی هەیە.
  • ڕێژەی سوێری لە دەریای بەڵتیکدا لە ئاوی ئۆقیانووسەکان زۆر کەمترە ئەمەش لە ئەنجامی زۆربوونی ئاوی سازگاری بارانە کە بەسەر ڕووی زەوی ناوچەکانی دەوروبەری دەریاکەدا دەڕوات، ئەم ئاوی بارانەش لەگەڵ تەنکێتی ئاوی دەریاکەدا یەکیان گرتووە و بەمەش ڕێژەی سوێرییەکەی زۆر کەمە، لە ساڵێکدا نزیکەی یەک لەسەر چلی قەبارەی گشتی ئاوی بارانی سەر زەوی دەڕژێتە نێو دەریاکەوە.
  • دەریای باڵتیک دەریایەکی ناوخۆیی سوێرە، وتراوە کە ئەم دەریایە گەورەترین تەنی ئاوی سوێرە لە جیهاندا.
  • لە ساڵی 1720ەوە دەریای باڵتیک زیاتر لە 20 جار بەستوویەتی و نوێترین حاڵەتیش لە سەرەتای ساڵی 1987 بوو.
  • نزیکەی نیوەی ڕووبەری ڕووکەشی دەریای باڵتیک لە وەرزی زستاندا دەیبەستێت و دەبێت بە سەهۆڵ، ئاستی سەهۆڵ لە مانگی شوبات یان مانگی ئازار دەگاتە زۆرترین مەودا و ئەستووری سەهۆڵەکە لە دوورترین ناوچەکانی باکووری کەنداوی بۆتنیان و حەوزی باکووری کەنداوی بۆتنیا نزیکەی 70 سانتیمەتر (28 ئینچ) ئەستوورە و ئەستوورییەکەشی لە دوورترین بەشی باشووردا کەمدەبێتەوە.
  • لە کۆتایی وەرزەکانی بەهار و هاویندا و دوابەدوای توانەوەی سەهۆڵی دەریاکە ‌پلەکانی گەرمای لەناکاو و زۆر بەخێرایی بەرزدەبێتەوە، نزیکی دوورگەکانی دانیمارک و لە بەشی باشووری باڵتیک و نزیک کالینیگراد پلەکانی گەرما لە مانگی ئایاردا 10 یان 11 پلەی سیلیزییە (50 یان 51.8 پلەی فەھرنھایت)، وە لە مانگی ئابدا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە بۆ 17 بۆ 18 پلەی سیلیزی (62.5 بۆ 64.5 پلەی فەھرنھایت)، هەروەها لە مانگی ئایاردا بەرەو باشووری گۆتلاند پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ 5 یان 6 پلەی سیلیزی (41 یان 42.8 پلەی فەھرنھایت) و لە مانگی ئابدا پلەکانی گەرما نزیکی 16 پلەی سیلیزی دەبنەوە (60.8 پلەی فەھرنھایت)، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەکانی گەرما لە کەنداوی فیلەندا و لە مانگی ئایاردا تەنیا 1 پلەی سیلیزییە (33.8 پلەی فەھرنھایت) و لە مانگی ئابدا بەرزدەبێتەوە بۆ 16 پلەی سیلیزی (60.8 پلەی فەھرنھایت).
  • دەریای باڵتیک دەریایەکی نوێیە و پاش دوایین چاخی سەهۆڵی و لە ئەنجامی شکان و توانەوەی سەهۆڵەکە نزیکەی 10,000 ساڵ لەمەوپێش دروست بووە.
  • حەوزی ئاوەڕۆی دەریای باڵتیک بەنزیکەیی چوار ئەوەندەی ڕووی دەریاکە خۆیەتی و نزیکەی 48٪ ی ناوچەکە دارستان‌پۆشە.
  • ئاژەڵەکانی دەریای باڵتیک لە تێکەڵەیەکە لە جۆرە دەریاییەکان و ئەو جۆرانەی کە لە ئاوی شیریندا دەژین، لەنێوانیاندا ماسی دەریایی کۆد، ماسی هێرینگ، ماسی هەیک، ماسی‌یەپانکە، ماسییە پانکەیی کەناری، ماسییە سەرپانەی کلک کورت، ماسی پشت‌دڕکاوی و قاڵخانەماسی، هەروەها نموونەکانی جۆری ئاوی شیرین بریتین لە دڕکەماسی، نێزەماسی، ماسی سپی و ماسی ڕۆچ.
  • کاری بازرگانیکردن بە ماسییەوە لە دەریای باڵتیکدا باوە و مێژوویەکی دێرینی هەیە لە هەموو وڵاتانی دراوسێ، ئەمڕۆش گرنگترین جۆری ماسی کە لە بواری بازرگانیدا بەکار دەهێنرێت بریتین لە ماسی کۆد، ماسییە بچووکی دەریایی، ماسی هێرینگ، ماسییە بچووکی دەریایی و ماسی هێرینگ نزیکەی لە سەدا 85ی کۆی ڕاوکردنەکان پێکدێنن.
  • دەریاکە جگە لە ماسی لە کەنارەکانی باشوور بەتایبەتی لە سنووری پۆڵەندا و ڕووسیا و لیتوانیا ئەنبەر دابین دەکات، سەرەتای دەرکەوتنی نیشتووەکانی ئەنبەر لە کەناری باشووری دەریای باڵتیک دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 12.
  • لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا دەریای باڵتیک بە (Mare Suebicum) یان (Mare Sarmaticum) ناسرابوو.
  • لە سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاستدا، ڤایکینگەکانی سکاندیناڤیا ناوەندەکانی بازرگانی خۆیان لە سەرانسەری دەریای باڵتیکدا بنیاتنا، دواتر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەریاکە شەڕ لەگەڵ هۆزەکانی وێندیش (Wendish) بەرپابوو کە لە کەناری باشوور نیشتەجێ بوون.
  • لەبەرئەوەی ئەم دەریایە چەندین ناوچەی جیاوازی باکووری ئەوروپا پێکەوە دەبەستێتەوە، ناوەندی ئابووری (Hanseatic League) بوو، کە هاوپەیمانییەکی ئابووری کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بوو.
  • لە سەدەی 18دا ڕووسیا و پروسیا بوون بە وڵاتە زلهێزەکانی سەر دەریای باڵتیک.
  • بەشێک لە شەڕی جەنگی جیهانی یەکەم لە دەریای باڵتیکدا ڕوویدا.


سەرچاوەکان



1242 بینین