دەریای سپی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-10-07-21:31:00 - کۆدی بابەت: 6828
دەریای سپی

ناوه‌ڕۆك

دەریای سپی دەکەوێتە کوێوه؟

دەریای سپی لقێکی باشووری دەریای "بارنتس"ـە کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای کەناری ڕووسیاوە و دەریایەکی ناوەکییە و سەر بە ئۆقیانووسی بەستەڵەکی باکوورە، ئەم دەریایە هەموو ساڵێک شەش بۆ حەوت مانگ دەیبەستێت و دەبێت بە سەهۆڵ، هەروەها ڕووبەری ڕووی دەریای سپی 90,000 کم٢ یە، سەرەڕای دەریای سپی لە جیهاندا سێ دەریای تر هەن کە بە ڕەنگەکان ناونراون، ئەوانیش دەریای سوور و دەریای ڕەش و دەریای زەردن.

نیمچە دوورگەی "کولا" و "کارلیا" و "کانین" لە باکوور و خۆرئاوا و باکووری خۆرهەڵاتەوە هاوسنووری دەریای سپین، ئەم دەریایە بەهۆی دەربەندێکی درێژ و باریکەوه کە بە "گۆرڵەو" ناسراوە بەستراوەتەوه بە دەریای "بارنتس"ـەوە، هەروەها دەریای سپی بەهۆی کەنداوی دەریای سپییەوه بەستراوە بە دەریای "بەلتیق"ـەوە.

جوگرافیا

قوڵی دەریای سپی بەنزیکەیی 340 م لە قوڵترین شوێنیدا کە کەوتۆتە بەشی باکووری خۆرهەڵاتی کەنداوی "کاندەڵاکش"ـەوە و قوڵیەکەی بە نزیکەی 60 م مەزەندەکراوە، کەنارە هێڵی دەریای سپی چوار کەنداوی سەرەکی لە هەرێمەکەدا پێکدەهێنێت، ئەوانیش کەنداوی "کاندەڵاکش"ـە لە بەشی ڕۆژئاوای دەریاکەوە و کەنداوی "وانگا" لە بەشی باشوور و کەنداوی "دڤینه" لە باشووری ڕۆژهەڵات و کەنداوی "مێزن" لە بەشی خۆرهەڵاتی دەربەندی "گۆرلۆ"ـوە، ئەو ڕووبارە سەرەکیانەی کە دەڕژێنە دەریای سپییەوە بریتین لە ڕووباری مێزن، دڤینای باکوور، نیڤا، وانگا، پۆنۆی، ئومبا، ڤارزوگا و ڤیگ.

ژمارەیەکی زۆر دوورگە هەن لە دەریای سپیدا، هەندێک لە گەورەترین دوورگەکان دوورگەی سۆڵۆڤێتسکێی و مۆرجۆڤی و مەدیوگایە، دوورگەی "کی" لە کەنداوی وانگا بە مێژوویی کڵێساکەی بەناوبانگە، لەکاتێکدا دوورگەی ڤێڵیکی گەورەترین دوورگەیە و کەوتۆتە ناو کەنداوی "کاندەڵاکش"ـەوە، کەنارەکانی باکووری ڕۆژئاوای دەریای سپی بە کەندی بەردینی درێژ دەورەدراون بە بەراورد بە کەنارەکانی باشووری ڕۆژهەڵات که نزم و تەختن.

ئاووهەوای دەریای سپی لە کیشوەری مامناوەندەوە دەگۆڕێت بۆ ئاووهەوای جەمسەری دەریایی، بەدرێژایی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم ئاوی دەریاکە دەبێتە سەهۆڵ و دەیبەستێت هەتا کۆتایی مانگەکانی ئایار و حوزەیران، لە بەشی باکووری دەریاکە تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەم نزیکەی -1.9 پلەی سیلیزیە، پلەی گەرمی لە ناوەندی دەریاکەش نزیکەی -0.5 بۆ -0.7 پلەی سیلیزیە لە کەنداوەکاندا، تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی تەمووزیشدا لە نێوان 8-10 پلەی سیلیزیدا دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی هاوین لە دەریای سپیدا سارد و شێدارە و ئاسمانی ناوچەکه هەوراوییە هەروەها بای باکووری ڕۆژهەڵات و بارانە زۆر دووبارەکەی خاسیەتی جیاکەرەوەی دەریایی سپین، لەگەڵ ئەوەشدا دروستبوونی تەم و بوونی هەور لە دەریای سپیدا زۆر ئاساییە.

ژیانی گیانەوەرانی ناو دەریاکە

مەزەندەکراوە کە لەناو دەریای سپیدا نزیکەی 700 جۆر ئاژەڵی بێ بڕبڕە و 60 جۆر ماسی هەن و 5 جۆر گیانەوەری شیردەری دەریایش دۆزراونەتەوە، هەندێک لەو ماسییە ناسراوانەی لەم دەریادا دۆزراونەتەوە ماسی کۆدی ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و ماسی سەلمۆنی ئەتڵەسی و ماسی زیووی ئەوروپی و ماسی هیترینگی ئەتڵەسییە، هەروەها زەباتی دەریایی خۆڵەمێشی و زەباتی ئەڵقەداری دەریایی و نەهەنگی سپی و دۆلفینی سپی لەناو ئاوی دەریای سپیدا نیشتەجێن، لەگەڵ ئەوەشدا نەهەنگە سەر چەماوەکان و نەهەنگە دڕندەکان و بەڕازی دەریایی باکووری و نەهەنگە شینەکان و نەهەنگە پشت چەماوەکان بەزۆری لەگەڵ چەندین جۆری دۆلفینەکان بە شێوەیەکی کاتی لە دەریای سپیدا دەمێننەوە.

مێژووی دەریای سپی

بە لایەنی کەمەوە لە سەدەی یازدە بەدواوە خەڵکی هەرێمی "نۆڤگەرەد"ـی باکووری ڕۆژئاوای ڕووسیا زانیاریان دەربارەی دەریای سپی هەبووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد لە ناوچەکەدا بۆ ئەو ئاژەڵە کوڵکدارانەی کە لە کەناری دارستانەکاندا دەژیان، هەروەها ناوچەکەیان بۆ کاری بازرگانی و گەشتی دەریایی بەکارهێنا، "خۆلمۆگۆری" یەکێک بوو لە کۆنترین جێگیرگەکانی ڕۆخی دەریاکە، لە 1400ـەوە تا سەرەتای 1700ـەکان دەریای سپی یەکێک بوو لە ڕێگا بازرگانییە سەرەکییەکانی وڵاتی ڕووسیا، هەرچەندە، لە ساڵی 1703دا کاتێک شاری "سەینت پیتەرسبێرگ" لە ڕووسیا دامەزرا بەکارهێنانی دەریای سپی بۆ کاری بازرگانی و گواستنەوە کەم بوویەوە.

دەریای سپی وەکو ڕێگایەکی گواستنەوەی گرنگ کار دەکات و بەندەرە سەرەکییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ڕووسیا لەگەڵ بەندەری شوێنەکانی تر بە یەکتری دەگەیەنێت، دەریای سپی بەهۆی دەریاچەی "ئومبا" و بە سەرە لەگەڵ بەنداوی سەرەکی "سەینت پیتەرسبێرگ"ـەوە کەنداوی "بەلتیق" دەبەستێت بە دەریای "بەلتیق"ـەوە، بەندەرە سەرەکییەکانی دەریای سپی ئەرکانگڵس و بێڵەمۆرسک و کانەدەڵاکشە و کێم و مێزن لەخۆ دەگرێت، بەکارهێنانی ئەو کەشتیانەی کە سەهۆڵ دەبڕن ئاسانکاری بۆ کاروباری دەریاگەری دەکەن بەدرێژایی ساڵ.

بۆچی "دەریای سپی" سپییە؟

بیردۆزێک پێشنیاری ئەوە دەکات کە ناوی دەریای سپی لەوەوە هاتووە کە دەریاکە لە زۆربەی مانگەکانی ساڵدا بە سەهۆڵ داپۆشراوە، بەڵام بیردۆزەکانی تر پێیان وایە کە ناوەکە لە ڕەنگی سپیی ئاوەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ڕەنگی ئاسمانی باکوور بەرپەرچ دەداتەوە.


سەرچاوەکان



1237 بینین