دەریای کاریبی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-20-22:00:00 - کۆدی بابەت: 7650
دەریای کاریبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەریای کاریبی (بە ئینگلیزی: Caribbean Sea)، (بە ئیسپانی: Mar Caribe)، دەریایەکی زەریای ئەتڵەسییە لە ناوچەی یەکسانبوونی ڕۆژئاوایی نیوەگۆی زەوی، لە خۆرئاوا و باشووری خۆرئاواوە هاوسنووری مەکسیک و ئەمریکای ناوەندییە و لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ ئەنتیلە گەورەکان، کوبا، جامایکا، هیسپانیۆلا و پۆتۆریکۆ، لە خۆرهەڵاتەوە بە ئەنتیلەی لێسەر و لە باشووریشەوە هاوسنووری کەناری باکووری ئەمریکای باشوورە، هەروەها ئەم دەریایە نزیکی کەنداوی مەکسیکیشە.

تەواوی دەریای کاریبی و زۆربەی دوورگەکانی ھیندی خۆرئاوا و کەنارەکانی دراوسێ هەموویان پێکەوە بە کاریبی ناسراون، دەریای کاریبی یەکێکە لە گەورەترین دەریاکان و ڕووبەری نزیکەی 2,754,000 کیلۆمەتر دووجایە، هەروەها قوڵترین شوێنی دەریاکە دۆڵ یان شیوی کێیمەنە لە نێوان دوورگەکانی کێیمەن و جامایکایە و 7,686 مەتر لە خوار ئاستی دەریاوەیە، کەناری دەریای کاریبی چەندین کەنداو و ئاودڕ "کەنداوی بچووک"ـی هەیە.

دەریای کاریبی دووەم گەورەترین دیوارەی شیلانی "دیوارە دەمار"ی جیهان لەخۆدەگرێت بە ناوی دیوارەی شیلانی مێزۆئەمریکایی، کە ڕێگری لە لەناوچوونی گردە دەریاییەکان دەکات، وە 1000 کیلۆمەتر بەدرێژایی کەنارەکانی مەکسیک، بێلیز، گواتیمالا و هۆندۆراس درێژدەبێتەوە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای کاریبی لەلایەن نزمە هێڵی پانی و تەوژمەکانی ئۆقیانوسی خولگەییەوە ئاڕاستە دەکرێت کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، سەرەکیترین تەوژمی ئۆقیانووسی بریتییە لە تەوژمی کەمەرەیی باکوور، کە لە ڕێگەی ئۆقیانوسی ئەتڵەسی خولگەییەوە دێتە هەرێمەکەوه، بۆیە کەشوهەوای هەرێمەکە خولگەییە و کەشوهەواش لە دارستانی باراناوی خولگەیی هەندێک ناوچەوە جیاوازە وەک لە ساڤانای "دەشتی بێدار" خولگەیی لە هەندێک ناوچەی تر، هەروەها هەندێک شوێن هەن لە دەریاکەدا کە لەماوەی چەند ساڵێکدا کەشوهەوایەکی وشک و وشکەساڵییەکی توندیان هەیە.

ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکانی دەریاکەدا بەپێی بەرزی و قەبارە و تەوژمەکانی ئاو دەگۆڕێت، بۆ نموونە لێشاو و بەرزبوونەوەی ئاوی سارد لە بنکی دەریاوە بۆ سەر ڕووی دەریا دوورگەکانی ئەی بی سی بە وشکی دەهێڵێتەوە، هەروەها بای بەرژەوەندی گەرم و شێدار بە بەردەوامی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی دارستانی باراناوی و کەشوهەوایەکی نیمچە وشک لە سەرانسەری ناوچەکەدا، وە کەشوهەوای کەمەرەیی ناوچە دەشتاییەکانی نزیک دەریای کاریبی لە باکووری کۆستاریکا بۆ بێلیز و هەروەها کۆماری دۆمینیکان و پورتوریکۆ دەگرێتەوە، لەکاتێکدا کەشوهەوای ساڤانای خولگەیی وەرزی تر لە کوبا، باکوری ڤەنزوێلا و باشووری یوکاتان مەکسیکۆ هەستی پێدەکرێت، هەروەها بەدرێژایی کەناری باشووری ئەوپەڕی ڤەنزوێلا بۆ دوورگەکانی ئەروبا و کوراساو و بەشی کۆتایی باکووری یوکاتان کەشوهەوایەکی وشکیان هەیە.

ڕووەک و ئاژەڵەکانی دەریای کاریبی

هەرێمی کاریبی ئاستێکی بەرزی لە هەمەچەشنی زیندەوەراندا هەیە و چەندین جۆریان زیندەوەری نیشتیمان نشینی ناوچەکانی کاریبین. ڕووەک و گژوگیای ناوچەکه بەزۆری خولگەیین بەڵام لەڕووی تۆپۆگرافییەوە جیاوازن، خاک و کەشوهەوا ڕێگە بە زیادبوونی جۆرە جیاوازەکان دەدەن، ئەوەش خەمڵێنراوە کە 13,000 جۆر ڕووەک لە کاریبی دەڕوێن کە 6,500 جۆریان نیشتیمان نشینن. هەروەها 90 جۆری گیانەوەرە شیردەرەکان لە کاریبیدا هەن، لە ناویاندا نەهەنگە مێودارەکان، نەهەنگە پشت‌چەماوەکان و دۆلفینەکان، دوورگەی جامایکا نیشتیمانی بەرازە ئاوییەکان و گا ئاوییەکانە، ئەو جۆرە بەرازە ئاوییە پشت‌ڕەش و ژێرپەمەییەی کاریبی کە لە ناوچەکانی کاریبییدا ژیاوە بە قڕتێکەوتوو دادەنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا 500 جۆر لە خشۆکەکان لە کاریبدا هەن (کە 94٪ یان نیشتیمان نشینن)، ئیگوانای کوبی و تیمساحی ئەمریکی کە لە جۆرە نیشتیمان نشینەکانن و لەم دوورگانەدا نیشتەجێن، ئیگوانای شینیش نیشتیمان نشینی گراند کێیمەنە و لەو جۆرانەیە کە مەترسی قڕتێکەوتنی لەسەرە. 170 جۆر گیانەوەری دووژینە "وشکاوەکییەکان" لە ناوچەکەدا دەژین و نیشتیمان نشینن لەگەڵ چەند جۆرێکی بۆق و 600 جۆر باڵندە کە 163 جۆریان نیشتیمان نشینن و 1,000 جۆر ماسیش لە دەریاکەدا تۆمارکراوە.

دەریاکە لەڕووی ئابووری و چالاکی مرۆییەوە

کاریبی لە ماوەی داگیرکاریەوە زیادبوونێکی‌ بەرچاوی لە چالاکی مرۆییدا بەخۆوە بینیوە، دەریاکە یەکێکە لە گەورەترین ناوچەی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا و لە ساڵێکدا نزیکەی 170 ملیۆن تەن نەوت بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها هەرێمەکە پیشەسازییەکی گەورەی ماسیگرتن بۆ وڵاتانی دراوسێ بەدیدەهێنێت و ساڵانە 500 هەزار تەن ماسی بەرهەم دەهێنێت.

هەروەها چالاکی مرۆیی لەهەرێمەکەدا هۆکاری پیسبوونی ژینگەکەیە و ڕێکخراوی تەندروستی تەواوی ئەمریکا لە ساڵی 1993دا ئەوەی مەزەندە کردووە کە تەنها نزیکەی 10٪ی ئاوەڕۆی وڵاتانی ئەمریکای ناوەندی و دوورگەکانی کاریبی بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت پێش ئەوەی بەربدرێنەوە بۆناو دەریاکە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کاریبی پیشەسازییەکی گەورەی گەشتیاری دابیندەکات و ڕێکخراوی گەشتیاری کاریبی پێشبینی ئەوە دەکات کە ساڵانە نزیکەی 12 ملیۆن کەس سەردانی هەرێمەکە بکەن.


سەرچاوەکان



847 بینین