بەراز

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-05-14:44:00 - کۆدی بابەت: 6799
بەراز

ناوه‌ڕۆك

بەرازەکان

بەرازەکان (بە ئینگلیزی: pig) لە پۆلێنی مەمکدارەکانن خێزانەکانیشیان هەر بەناوی خۆیانەوەیە کە بەرازەکانە، بەرازی کێوی ئاژەڵێکی ئینکار و دڕندەیە، هەروەها گۆشتی هەموو جۆرەکانی لە ئاینی ئیسلامدا قەدەغە کراوە لەسەر موسوڵمانان، نشینگەکەیان زۆر جێگە دەگرێتەوە، وەک وڵاتەکانی ناوەڕاستی ئەورووپا و ناوچەکانی نزیک دەریای ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئاسیا، بەرازەکان هەموو ماوەیەک جارێک حەزیان لە یاریکردنە بە قوڕ، ئەمەش بۆ شێدار کردنەوەی پێستیان یان بۆ ڕزگاربوون لە مشەخۆرەکان، بە گشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان ٢٠ ساڵە، بەڵام ئاژەڵە دڕندەکانی وەک گورگ و ورچەکان ڕاویان دەکەن و لەناویان دەبەن، هەروەها بەرازەکان جۆری زۆریان هەیە بەڵام لە ئێستادا پۆلێنکراون بۆ ١٦ جۆری سەرەکی، وەک (هیندی، ناوەڕاستی ئاسیا، یابانی، باکووری ئەفریقا، رۆمانی-قۆقازی، ئەنادۆڵی، هتد).   

خۆراک

بەرازەکان گۆشتخۆر و گیا خۆریشن، هەریەک لە جرج و مشک و تەرم و بەڕوو و پەتاتە و تۆوەکان دەخۆن، بە جۆرێک زۆرخۆرن کە تەنها یەک کۆمەڵەیان دەتوانن بە شەوێک کێڵگەیەک بخۆن، بەرازەکان ڕۆژانە دەتوانن ٥٠ کم ببڕن بۆ گەڕان بە دوای خۆراکدا، بە هۆی لوتییەوە زەوییەکان دەکێڵێت و بەدوای خۆراکدا دەگەڕێت، بەرازەکان بە دەگمەن دەبینرێن، چونکە بە شەودا دەگەڕێن بۆ خۆراک بە سوود وەرگرتن لە هەستی بۆنکردنە بەهێزەکەیان، هەروەها بەرازە کێوییەکان ترسنۆکن و لە بیستنی بچووکترین دەنگدا خۆیان دەشارنەوە، پێویستیان بۆ ئاو خواردنەوە لە سمدارە خێراکانی دیکە زیاترە، کە ڕۆژانە ٦ لیتر ئاو دەخواتەوە.     

شێوەی دەرەوەی

بەرازی ماڵی و کێوی دوو باوترین جۆری بەرازەکانن، هەریەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە جیای دەکاتەوە لە جۆری دووەم، بەرازە کێوییەکان ملیان کورت و ئەستوورە و جەستەیەیان بەهێزە، دوو کەڵبەی درێژی هەیە کە ئاڕاستەکەیان بەرەو سەرەوەیە، کێشی نێرینە پێگەیشتووەکان ١١٤-٢٠٢ کگم دەبێت و بەرزییەکەشیان لە نێوان ١١٠-١٨٧ سم دایە، مێینەکانیش کێشیان لە ٦٨-١٤٤ کگم دەبێت و بەرزییەکەیان لە نێوان ١٠٠-١٧٤ سم دایە، جەستەیان بە موو داپۆشراوە کە زۆر ڕەق و ئەستوورە، دەکرێت درێژییەکەی بگاتە ٣-١٠ سم، درێژترینیان دەکەونە مل و پشتییەوە، ئەم مووانە دەبنە هۆی پاراستنی گەرمی جەستەیان، کلکی باریکە و کەمێک جوڵۆکە، لە کۆتاییەکەیەوە گورزەیەک مووی پێوەیە، درێژییەکەشی لە نێوان ١٤-٣٥ سم دایە، بەڵام بەرازە ماڵیەکان کەمتر مەترسیدار و قەبارە و کێشیان بچووکترە.

یەکگرتن و زۆربوون

یەکگرتن لە دوو مانگی کۆتایی ساڵدا ئەنجام دەدەن، بە دوایدا سکپڕییەکە ٣ مانگ دەخایەنێت، لە وەرزی بەهاردا لە یەک سکدا مێینەکان ٢-١٢ بێچوویان دەبێت، بێچووەکان هەموو جارێک کە شیری دایکیان دەخۆنەوە هەمان مەمکی بەکاردەهێنن، هەروەها هێڵی تۆخیان تێدایە هەتا تەمەنیان دەگاتە ٦ مانگ، دواتر نامێنێت.    

تایبەتمەندییەکانی

بەرازەکان ئاژەڵی کۆمەڵایەتین و پێکەوە دەژین، کۆمەڵەکانیان لە نزیکەی ١٠ ئەندام پێکهاتووە، ئەو مێینەی کە زۆرترین تەمەنی هەیە سەرپەرشتی دەکات، کە پارێزگاری لە کۆمەڵەکە و نێرە پێگەیشتووەکانیش دەکات، بەڵام بە تەمەنترین نێرینەی کۆمەڵەکە بە تەنها دەژی، ئەو دەنگەی دەریدەکات و بۆ پەیوەندیکردن بەکاری دەهێنێت پێی دەوترێت  نەڕاندن، بە درێژایی ڕۆژەکە لە لانەیەکدا پشوو دەدەن و خۆیان دەپارێزن کە بە گەڵا و گژ و گیای وشک و چڵی بچووک دەورەدراوە، لە شارستانیەتە کۆن و نوێیەکاندا گرنگی بە بەرازەکان دراوە، بۆ نموونە لە یۆنانی کۆندا بەزاندی بەرازێکی زۆر گەورە یەکێک بووە لە ١٢ دەستکەوتە مەزنەکەی هەرقل، لە چینیش هەموو ١٢ ساڵ جارێک ساڵێکیان ناودەنێن بە ساڵی بەراز، کە ٢٠١٩ دواهەمین دانەیان بووە هەتا ئێستە.

ئەو نەخۆشییانەی دەیگوازنەوە بۆ مرۆڤ

بەرازە کێوییەکان هەڵگری نەخۆشی ترسناکن، وەک هەوکردن و کرم، هەوکردن وەک (تای بەراز و سیل و بەکتریایی)، بەڵام گواستنەوەی کرمە مشەخۆرەکان ترسناکترە، کە دەگوازرێتەوە لە ئەنجامی خواردنی گۆشتی پێنەگەشتووی بەرازەکان یان چارەسەر نەکراو، چونکە هێلکەی کرمەکان و کرمە پێنەگەیشتووەکان لەخۆ دەگرێت، دواتر لە جەستەی مۆرڤدا پێدەگەن و دەبنە هۆی نەخۆشی کوشندە.

جۆرەکانی بەراز

  • بەرازی جاڤانی بالووکەدار: بە گشتی لە سێ دوورگەی ئیندۆنوسیا دەژی و نشینگەی پەسەندی بریتییە لە دارستانەکان، کێشی لە نێوان ٤٤-١٠٨ کگم دەبێت و بەرزییەکەی لە نێوان ٩٠-١٩٠ سم، قەبارەی جەستەی گەورەیە بەڵام پەلەکانی بچووکن، ژمارەی ساڵەکانی تەمەنی بە گوێرەی قەبارەی بالووکەکانی دەگۆڕێت، بەجۆرێکە کە هەتا تەمەنی زیاتر بێت قەبارەی بالووکەکانی گەورەتر دەبن، یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە مەترسی لەناوچوونی زۆری لەسەرە و ژمارەی تاکەکانی لە سروشتدا دەگاتە ٣٧٧ تاک.
  • بەرازی ناوخۆیی: یاخود تەنها پێی دەوترێت بەراز، ئەم جۆرە کێشی لە نێوان ٥٠-٣٥٠ کگم دەبێت و بەرزییەکەی لە نێوان ٩٠-١٨٠ سم دەبێت و ماوەی سکپڕییەکەی ١١٢-١٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت.
  • بەرازی کێوی: لە سەرەتادا نشینگەکەی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا بووە و دواتر بڵاوبووەتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە و باوەڕ وایە کە ئەم جۆرە یەکێکە لە باوانی زۆرینەی جۆرەکانی دیکەی بەرازەکان، ئەم بەرازە گۆشتخۆرە جەستەیەکی فراوانی هەیە بەڵام پەلەکانی کورتە.
  • بەرازی فلیپینی بالووکەدار: لە بنەڕەتدا بەرازێکی فلیپینییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ بەرازی جاڤانی بالووکەدار هەیە، بەڵام ڕووبەرێکی زۆری لە نشینگەکەی لەدەستداوە.
  • بەرازی ئۆلیڤەری بالووکەدار: قەبارەیەکی بچووکی هەیە لە ڕابردوودا بە جۆرێکی جیاواز پۆلێن نەکرابوو، بەڵام دواتر جێگیر کراوە و بووە بە جۆرێکی سەربەخۆ و لەبەر ئەوەی زۆر ڕاودەکرێت ئەوا ژمارەی بە بەردەوامی کەمدەکات.
  • بەرازی ئاهەنگگێڕی بالووکەدار: بە گشتی لە ئیندۆنوسیا دەژی، قەبارەیەکی مامناوەندی هەیە و ژمارەی زۆرە، هەروەها توانای خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ زۆرینەی نشینگەکان، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری ڕاودەکرێت بەڵام لەهەمان کاتدا ڕێگری دەکرێت لە کەمبوونەوەی بەردەوامی ژمارەکەی.
  • بەرازی ڤیسایانی بالووکەدار: یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە زۆرترین مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، لە بنەڕەتدا نشینگەکەی دوورگەی ڤیسایانی فلیپینە، سەرەکیترین هۆکارەکانی لەناوچوونیشی بریتییە لە ڕاوکردنی بێمۆڵەت و لەدەستدانی نشینگەکەی.
  • بەرازی ڤێتنامی بالووکەدار: یاخود بەرازی هودی، لە ساڵەکانی ڕابردوودا باوەڕ وابووە کە ئەم جۆرە لەناوچووە، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٩٥ دا کەللەی سەریان دۆزیوەتەوە لە ناوچەی هودی.
  • بەرازی ڕیشدار: جیاوازی دیار و ڕوونی لەگەڵ جۆرەکانی دیکە هەبوونی ڕیشە و نشینگەکەی بە زۆری دارستانە باراناوییەکانە و ئەم جۆرە قۆناغی پێگەیشتنی لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە دەستپێدەکات.
  • بەرازی ڕیشداری بالاوان: بالاوان نشینگە بنەڕەتییەکەیەتی کە دەکەوێتە فلیپینەوە، کێشی دەگاتە ١٥٠ کگم و درێژییەکەی لە نێوان ١٠٠-١٦٠ سم دەبێت.


سەرچاوەکان



3326 بینین