سەگی کێوی ئەفریقا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-01-16:42:00 - کۆدی بابەت: 13084
سەگی کێوی ئەفریقا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەگی کێوی ئەفریقا (بە ئینگلیزی: African wild dog، بە عەرەبی: الکلب البري الافریقي)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و بە سەگی ڕەنگکراویش ناودەبرێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەفریقایە بەڵام مەترسی لەناوچوونی لەسەر دروستبووە، نزیکەی تەنها ٥٠٠٠ دانەی لە سروشتدا ماوە، گەورەترین مەترسی لەسەریان لەدەستدانی نشینگە و جێگەی مانەوەیانە، کە خۆی لە ساڤانا و دەشتە کراوەکان یان لە بیابانەکاندا دەژی.

لە ڕابردوودا لە ٤٠ وڵاتی جیاوازی ئەفریقادا بوونی هەبووە، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی ١٠-٢٠ وڵات، لە نێوانیشیاندا تەنها لە چەند وڵاتێکدا ژمارەیان زۆرە و لە ئەوەکانی تردا کەمترن، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە خەڵکی زۆر ڕاویاندەکەن، یان بەهۆی ئەوەیە کە ئەم سەگانە هەڕەشەن بۆسەر ئاژەڵە ماڵییەکانیان، یانیش ئەو جێگانەی ئەم سەگە کێوییانەی تێدایە مرۆڤەکانی بۆ دەچن. 

شێوەی دەرەوەی

سەرەکیترین جیاکەرەوەی ئەم سەگە هەبوونی چوار پەنجەیە لە هەر پەلێکیدا، جەستەی بە فەروو داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی جیاوازی تێدایە وەک ڕەش، سپی، قاوەیی، ڕەساسی، سوور، زەرد، ئاڵتوونی لەگەڵ ڕەنگە کاڵەکانی وەک بێجی، ئەو ڕەنگانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە جەستەیدا هەیە، بەڵام دەرکەوتنی هەر تاکێکی ئەم جۆرە سەگە جیاوازە لە یەکێکی تر، هەروەها دوو گوێچکەی گەورەی هەیە لەگەڵ قاچ و لووتی درێژ، سەگێکی قەبارە مامناوەندە کە کێشی ١٧-٣٦ کیلۆگرامە و درێژییەکەشی لە نێوان ٧٥-١١٠ سانتیمەترە.  

بە تێپەڕبوونی سەدەکان چەندین تایبەتمەندی پەرەپێداوە کە هاوکاری دەکات بۆ ژیانکردنێکی باشتر، بۆ نموونە فرەڕەنگی فەرووەکەی یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ جێگەکەیدا و خۆی حەشاربدات، لەهەمان کاتدا ئەو فەرووە هاوکارییەتی بۆ پاراستنی لە پلەی گەرما، یاخود هەردوو ددان و پەنجەکانی پەرەپێداوە، لەکاتێکدا سەگەکانی تر پێنج پەنجەیان هەیە لە پەلەکانیاندا، ئەوا ئەم جۆرە  سەگە تەنها چوار پەنجەی هەیە، ئەم ژمارەیە وایکردووە کە هەنگاو و خێراییەکەی گەورەتربێت، لە ئەنجامدا گرتنی نێچیرەکانی ئاسانتر دەکات، خێرا و بەهێزە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ٧٢ کیلۆمەتر ببڕێت.

خۆراک

گۆشتخۆرە و بۆ ژەمە خۆراکییەکانی گیانەوەرەکانی تر ڕاودەکات، بەیەکەوە و لە کۆمەڵەدا هەندێک گیانەوەر ڕاودەکەن کە قەبارەی لە خۆیان گەورەترە، نێچیرە سەرەکییەکان بریتین لە بەرازی کێوی ئەفریقی، بزنی کێوی، مارمێلکە، مێرووەکان، باڵندە لەگەڵ قرتێنەرەکان، جیاواز لە زۆرینەی گۆشتخۆرەکانی تر ئەم جۆرە سەگە کاتێک نێچیرەکەی دەگرێت ڕاستەوخۆ دەیخوات، واتە لە بری ئەوەی سەرەتا بیکوژێت و دواتر بیخوات ئەوا بە دەستکردن بە خواردنی نێچیرەکەی دەمرێت.

هەروەها ڕیخۆڵەکانی زۆر درێژن ئەمەش هاوکاریدەکات هەتاکوو کۆئەندامێکی هەرسکردنی کارای هەبێت، ڕێژەی شێی پێویستی جەستەی بە تەواوەتی لەکاتی خواردنی نێچیرەکەیدا دەستدەکەوێت، واتە دەچێتە جێگەی دوور بەبێ هەبوونی کێشەی ئاوخواردنەوە، سەگی کێوی ئەفریقی خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەرانی تر وەک شێر، کەمتیار و تەنانەت مرۆڤەکانیش ڕاویدەکەن.  

یەکگرتن و زۆربوون

سەگەکان پێکەوە بە کۆمەڵە دەژین و بە گشتی لە ١٠-٣٠ ئەندام پێکهاتوون، کۆمەڵایەتیترین گیانەوەرن و هەموو کارەکانیان پێکەوە ئەنجام دەدەن، وەک ڕاوکردن و خواردن یان گەورەکردنی بێچووەکانیان و هاوکاریکردنی ئەندامە نەخۆشەکانیان، بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە جووڵە و دەنگ و بەرکەوتن بەکاردەهێنن، کۆمەڵەکەش لەلایەن دوو ئەندامەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە ئەو جووتە یەکیانگرتووە و گەورەی ناویانن.

دوای یەکگرتنی جووتێک ماوەی سکپڕی مێینەکەی ٧٠ ڕۆژ دەخایەنێت، پاشان ٢-٢٠ بێچوو لەدایکدەبن، یان بە گشتی ناوەندی ژمارەی بێچووەکانی هەشت دانەیە، دایکەکە لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە چەند هەفتەی یەکەم و ناچێتە دەرەوە، ئەندامەکانی تری کۆمەڵەکە خواردنی بۆ دەهێنن، هەر بێچوویەک هەتاکوو تەمەنی سێ مانگی شیری دایکی دەخوات و دواتر لە شیر دەبڕدرێتەوە، کاتێک تەمەنی دەگاتە ١٢-١٨ مانگ ئەوا دەگاتە تەمەنی توخمە پێگەیشتن و توانای زۆربوونی دەبێت، پێش ئەو تەمەنە دەچێتە دەرەوە لە کۆمەڵەکە و هەوڵ بۆ دروستکردنی کۆمەڵەی تایبەت بە خۆی دەدات، یان دەچێتە کۆمەڵەی ترەوە، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی سەگی کێوی ئەفریقی لە نێوان ١٠-١٣ ساڵدایە.  

جۆرە سەرەکییەکان

سەگی کێوی ئەفریقی تەنها یەک جۆری هەیە و تاکە گیانەوەرە لە ڕەگەز و بنەچەکەی کە بە زیندوویی ماوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی شوێنەکان پێنج ناوی جیاوازی بۆ دانراوە، واتە جۆری سەرەکی نین و تەنها لق و لاوەکین، ئەوانیش بریتین لە ئەمانە:

  • سەگی کێوی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا
  • سەگی کێوی ڕۆژئاوای ئەفریقا
  • سەگی کێوی چادە
  • سەگی کێوی سۆماڵی
  • سەگی کێوی کەیپی


سەرچاوەکان



46 بینین