ناوهڕۆك
ناساندن
پنگۆلین (بە ئینگلیزی: Pangolin، بە عەرەبی: البنغول) یاخود هەندێکجار بە مێروولەخۆری پوولەکەدار ناودەبرێت، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و نشینگەکەی دەکەوێتە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا، لە چەندین شوێنی هەمەڕەنگدا دەژی و ژمارەی جۆرە سەرەکییەکانی هەشت دانەیە، هەروەها تاکە مەمکدارە لەسەر زەوی کە جەستەی بە پوولەکەیەکی ڕەق داپۆشراوە، ژمارەی تاکەکانی بە دیاریکراوی زانراو نییە بەڵام گەورەترین مەترسی بەهۆی مرۆڤەکانەوە دروست دەبێت، کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕاویان دەکەن، هۆکاری ڕاوکردنەکەش بۆ خواردنە یاخود بەکارهێنانی پوولەکەکانییەتی لە دەرمانە کلتوورییەکاندا.
شێوەی دەرەوەی
دیارترین جیاکەرەوەی ئەوەیە کە هەموو جەستەی بە پوولەکە دەورەدراوە، ڕەنگی پوولەکەکەشی دەکرێت قاوەیی یان ڕەساسی بێت، پوولەکەکە لە کیراتین پێکهاتووە کە لە سەرەتای تەمەنیدا نەرمە بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا رەق و پتەوتر دەبێت، هەستی بینینی لاوازە بەڵام بۆنکردنی زۆر بەهێز و گونجاوە، قەبارەیەکی مامناوەندی هەیە کە درێژییەکەی لە نێوان ٣٠-٩٠ سانتیمەترە و کێشی لە نێوان ١.٦-٣٣ کیلۆگرامە.
لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی پێنج کیلۆمەتر ببڕێت، هەرچەندە پنگۆلین شێوەی دەرەوە و خۆراکی لە مێروولەخۆرەوە زۆر نزیکە، بەڵام لە ڕووی بۆهێڵ و بۆماوەییەوە جیاوازە و بە شێوەیەکی جیاواز پۆلێنکراوە، سەرێکی بچووک و کەمێک ئاڕاستەکراوی هەیە، کە هاوکاریدەکات لە گرتنی مێرووەکان و سەر بردنە ناوەوەی جێگەکانیان، بەڵام لەناو دەمیدا هیچ ددانێکی نییە، لە پەلەکانیدا چنگی تیژی هەیە و یارمەتیدەدات لە کونکردن و خۆگرتن بە هێلانەی نێچیرەکانییەوە.
خۆراک
پنگۆلین گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە و ژەمە سەرەکییەکانی بریتین لە مێروولە و مێروولەی سپی لەگەڵ کرمۆکەکان، بەهۆی زمانە درێژەکەیەوە دەتوانێت مێروولەکان بخوات و بیانگرێت، هەروەها زۆرینەی جۆرەکانی چالاکییەکانیان بە شەودا ئەنجام دەدەن و دواتر لە ڕۆژدا پشوو دەدەن، پنگۆلین خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری ڕاوکەری تر وەک شێر، مار لەگەڵ کەمتیار، جگە لەئەمانەش لەلایەن مرۆڤەکانیشەوە ڕاودەکرێن، بەڵام کاتێک هەست بە مەترسی دەکات خۆی دەخاتە سەر شێوەی تۆپێکی خڕ و بە خێراییەکی زۆر دەجووڵێت و هەوڵدەدات خۆی دەربازبکات، یاخود بۆن دەردەکات لە ڕژێنەکانییەوە بەمەبەستی خۆپاراستن.
یەکگرتن و زۆربوون
هەر پنگۆلینێک بەتەنها دەژی واتە لەگەڵ یەکتریدا کۆمەڵەی گەورە دروست ناکەن، ساڵانە تەنها یەکجار یەکگرتن ئەنجام دەدەن مەودای کاتەکەشی لە هاوینەوە هەتاکوو پاییزە، نێرینەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان بۆنی خۆیان لە جێگەکەدا جێدەهێڵن، ئەگەر پێویستیش بکات دوو نێرینە پێشبڕکێ بکەن لەسەر مێینەیەک ئەوا کلکە قورسەکەیان وەک چەکێک بەکاردەهێنن.
دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکە ٧٠-١٤٠ ڕۆژ دەخایەنێت دواتر ١-٣ بێچوو لەدایکدەبێت، دوای لەدایکبوونی بێچووەکە هەتاکوو سێ مانگی شیر دەخوات دواتر لە شیر دەبڕدرێتەوە، پاشان لە تەمەنی دوو ساڵیدا بێچووەکان دەگەنە قۆناغی توخمە پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی پنگۆلین دەگاتە نزیکەی ٢٠ ساڵ.
جۆرە سەرەکییەکان
- پنگۆلینی سک ڕەش: لە ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئەفریقا دەژی و کلکێکی زۆر درێژی هەیە بەهۆیەوە بەئاسانی بەسەر داردا سەردەکەوێت.
- پنگۆلینی سک سپی: بەناوبانگترین پنگۆلینی ئەفریقایە و بەگشتی لە ناو دارەکاندا دەژی.
- پنگۆلینی تیمینیک: تاکە جۆرە کە لە ئەفریقا دەژی و لەناو دارەکاندا ناژی، بەڵکو لە ئەو چاڵ و تونێلانەدا دەژی کە بەرازی ئەرز دروستی دەکات.
- پنگۆلینی زەبەلاح: گەورەترین جۆری پنگۆلینە و کێشی دەگاتە نزیکەی ٣٥ کیلۆگرام.
- پنگۆلینی سوندا: بە بەراورد بە هەموو ئەو جۆرانەی کە لە ئاسیا دەژین ئەمجۆرەیان فراوانترین نشینگە و جێگەی ژیانکردنی هەیە.
- پنگۆلینی هیندی: بەوە بەناوبانگە کە هەندێکجار دەچێتە ناو گوند و لادێکانەوە واتە لە جێگەی خەڵکی نزیک دەبێتەوە.
- پنگۆلینی چینی: ئەم جۆرەیان بەوە بەناوبانگە کە لە زستاندا چاڵ هەڵدەکەنێت و دەچێتە ناوی بۆ ئەوەی بە گەرمی بمێنێتەوە.
- پنگۆلینی فلیپینی: تەنها لە چوار دوورگەی فلیپیندا دەژی، هەروەها ئەم جۆرەیان ژمارەی پوولەکەکانی جەستەی زیاترە لە جۆرەکانی تر.