بەرازی ئەرز

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-01-17:01:00 - کۆدی بابەت: 13087
بەرازی ئەرز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرازی ئەرز (بە ئینگلیزی: Aardvark، بە عەرەبی: خنزیر الارض)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و نیشنگەکەی ئەفریقایە، یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئەوەیە کە ئەم جۆرە بەرازە تەنها لە ماوەی پانزە چرکەدا دەتوانێت نزیکەی ٦٠ سانتیمەتر لە خاک هەڵبکۆڵێت، هەرچەندە ژمارەی تاکەکانی زانراو و دیاریکراو نییە بەڵام گەورەترین هەڕەشە کە لەسەر نەمانیان دروستبووە بەهۆی لەدەستدانی نشینگەکانیانەوەیە، بەرازە ئەرزییەکان ئارەزووی جێگەی لمی و قوڕاو دەکەن، لەو جێگانەدا تونێلی درێژ هەڵدەکۆڵن کە دەگاتە ٣٣ مەتر و چەند دەروازەیەکی بۆ چوونە ناوەوە و هاتنە دەرەوە هەیە.  

ئەم بوونەوەرە ناونراوە بەرازی ئەرز لە لایەن دانیشتوانی ئەفریقاوە، کە ئەم بوونەوەرە لمۆزێکی وەک بەرازی هەیە و بەگشتی شێوەی لە بەرازەوە نزیکە، یاخود هەندێکجار پێی دەوترێت ورچی مێروولە، ئەم ناوەیان بەهۆی ئەوەوەیە کە ئارەزوویەکی زۆری بۆ خواردنی مێروولە هەیە، ئەم بوونەوەرە یەکێکە لە باشترین نموونەکانی پەرەسەندنی گیانەوەران، کە تاکە ڕەگەزە لە کۆمەڵەکەیدا هەتاکوو ئێستا ماوە و لەناونەچووە، هەروەها بە درێژایی ساڵەکانی ڕابردوو پەرەیداوە بە تایبەتمەندییەکانی و بەرگەی ژیانکردنی گرتووە.

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی و ناسەرەوەی ئەم بەرازە ئەوەیە کە گوێچکەکانی وەک کەروێشک درێژە، لەگەڵ هەبوونی زمانێکی درێژ و لینج کە وەک لەزگەیەک توانای پێوەنووسانی هەیە، جەستەی بە مووی کورت داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت قاوەیی یان ڕەساسی یاخود زەردبێت، کێشی لە نێوان ٦٠-٨٠ کیلۆگرامە و درێژییەکەشی بە نزیکەیی لە نێوان ١-٢ مەترە، ملێکی بچووکی هەیە کە پەیوەست بووە بە جەستە قەبارە مامناوەندەکەیەوە.

پێستی ئەستووری هەیە و مووی کەمی پێوەیە، ئەو پێستە ئەستوورە هاوکاریدەکات لە پاراستنی لە تیشکی خۆری بەتین، لەهەمان کاتدا گەستنی مێرووەکانیش ناتوانن زیانی زۆری پێبگەیەنن، بەرازی ئەرز دەتوانێت کوونەلووتی دابخات بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی تۆز و مێرووەکان، یاخود کاتێک دەچێتە ژێر زەوییەوە گوێچکە درێژەکانی تەخت دەکات هەتاکوو ڕێگریبکات لە چوونە ناوەوەی خۆڵ.

پەلەکانی دواوەی درێژترن لەوانەی پێشەوەی و هەموویان چنگی درێژیان پێوەیە، بەهۆی چنگییەوە دەتوانێت خێرا زەوی هەڵبکۆڵێت، هەرچەندە هەستی بینینی لاوازە بەڵام بەهۆی بەهێزی هەستی بۆنکردنییەوە دەتوانێت لە جێگەی نێچیرەکەی و جموجوڵی دەوروبەرەکەی ئاگاداربێت.

خۆراک

بوونەوەرێکی هەمووشتخۆرە و نێچیری سەرەکی مێروولە و مێروولەی سپییە، بەڵام دەکرێت لە کاتی ناچاریدا ڕووەکیش بخوات، شێوازی ژیانکردنی شەوانەیە، واتە بەرازەکان بە رۆژدا دەخەون و دەچنە ژێر خاکەوە بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە گەرمی تیشکی خۆری ئەفریقا، دواتر بە ئێوارە و شەواندا کاتێک ئاووهەوا فێنکترە دەچنە دەرەوە و بە شوێن خواردندا دەگەڕێن.

تەنها لە یەک شەودا دەتوانێت ٥٠،٠٠٠ مێروولە بخوات، سەرەتا ماڵی مێروولەکان بە چنگە تیژەکانی تێکدەدات و دواتر بە زمانە درێژ و لەزگەییەکەی لە ناوەوە دەیانگرێت، زمانی هەتاکوو ٣٠ سانتیمەتر درێژدەبێت، هەروەها بە خواردنی ئەو مێرووانە بەرازی ئەرز ڕێژەی شێی پێویست بۆ جەستەی دەستدەکەوێت، واتە پێویست ناکات دواتر ئاوی زۆر بخواتەوە.

بوونەوەرێکی خێرایە و لە کاتژمێرێکدا نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر دەبڕێت، بەڵام دەبێتە ژەمە خۆراکی شێر و پڵنگەکان ئەگەر نێچیری باشتریان دەستنەکەوێت، یان کەمتیار و مارەکان دەیانکەن بە ژەمی خۆراکی بۆ خۆیان، بەرازەکانیش بۆ پارێزگاری لە خۆیان کۆمەڵێک کردار ئەنجام دەدەن وەک، هەڵکۆڵینی تونێلێک بە خێرایی، شەڕانگێزبوون و بەکارهێنانی چنگە تیژەکانی یاخود بەکارهێنانی پەلەکانی دواوەی بۆ لێدان لە دژمنەکانی.   

یەکگرتن و زۆربوون

بەرازی ئەرز بەتەنها دەژی و لەگەڵ یەکتریدا کۆمەڵە و ڕەوە دروستناکەن، تەنها لە وەرزی زۆربووندا پێکەوە دەبن، دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکەی حەوت مانگ دەخایەنێت و بە گشتی تەنها یەک بێچوو لەدایکدەبێت، لەسەرەتای لەدایکبوونیاندا بێچووەکان قەبارەیان بچووکە و پێستێکی بێ مووی پەمەییان هەیە.

دوو هەفتەی یەکەم لە هێلانەکەی دایکیاندا دەبن، دواتر دەتوانن بێنە دەرەوە، دوای لە دایکبوونیان بێچووەکان شیردەخۆن هەتاکوو لە سێ مانگی لە شیر دەبڕدرێنەوە، هەتاکوو نەبنە شەش مانگیش دایکیان و هێلانەکەیان جێناهێڵن، دواتر لە تەمەنی دوو ساڵیدا دەگەنە تەمەنی پێگەیشتنی تەواو و توخمانە پێدەگەن، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی بەراز دەگاتە نزیکەی ٢٣ ساڵ.


سەرچاوەکان



54 بینین