ناوهڕۆك
ناساندن
جیاوازی دەستنیشانکردنی تالاسیمیا لەگەڵ کەمخوێنی کەمی ئاسن (بە ئینگلیزی: The difference between thalassemia and iron deficiency anemia، بە عەرەبی: الفرق بين الثلاسيميا وفقر الدم الناجم عن نقص الحديد) تالاسیمیا لەگەڵ کەمخوێنی بە گشتی لێکچوونیان هەیە لە پشکنینە سەرەتاییەکان بە تایبەت لە پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن.
تایبەتمەندییەکانی تالاسیمیا
تالاسیمیا نەخۆشییەکی خوێنە کە تێیدا هیمۆگلۆبین کەمتر بەرهەم دەهێنرێت، هیمۆگڵۆبین پڕۆتینێکە کە پێکهاتەی سەرەکی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە، هەر لەمەشەوە پێشبینی دەکرێت کە تالاسیمیا ببێتە هۆی کەمخوێنی. ئەگەر کەمخوێنی ڕوویدا پێی دەوترێت کەمخوێنی شیبوونەوەی خڕۆکە سوورەکان (hemolytic anaemia). بازادن یاخود کەمبوونەوەی بۆهێڵە دیاریکراوەکانە کە دەبێتە هۆی جۆرە جیاوازەکانی تالاسیمیا.
تالاسیمیا حاڵەتێکە کە جەستە کەمی هیمۆگلۆبینی هەیە بۆ هەڵگرتنی ئۆکسجینی پێویست بۆ شانەکان، هەر بۆیەش لە تووشبووی تالاسیمیادا هاندان دەنێرێت بۆ زیاد بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکان لە پێناو دابینکردنی ئۆکسجینی پێویستی جەستە. لەوانەیە زۆر جار هەست بە لاوازی یان ماندووبوون بکرێت بەم هۆیەوە. ئەو نەخۆشانەی کە تالاسیمیایان هەیە، هەندێک جار بە هەڵە بەوە دەستنیشان دەکرێن کە کەمخوێنی کەمی ئاسنیان هەیە.
تایبەتمەندییەکانی کەمخوێنی کەمی ئاسن
باوترین جۆری نەخۆشی کەمخوێنییە کە جەستە بڕی پێویست خڕۆکەی سووری تەندروستی نییە، خڕۆکە سوورەکان ئۆکسجین بۆ تەواوی جەستە دەگوێزنەوە، کەمخوێنی ئاسنیش بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنی خوێنەوە دروست دەبێت کە وادەکات بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکان کەم ببێتەوە.
پشکنینە تاقیگەییەکان
- پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن
- ئاستی ئاسنی خوێن و ئاسنی کۆگاکراوی جەستە
- سمیری خوێن (پشکنینی مایکرۆسکۆپی)
- جیاکردنەوەی کارەبایی هیمۆگڵۆبین
پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن
بەهای تاقیگەکان زۆر لەیەک دەچن لە کەمخوێنی کەمی ئاسن و تایبەتمەندییەکانی تالاسیمیا. لە یەکەم پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن (CBC)، ئەگەر هیمۆگلۆبین کەم ببێتەوە هەروەها تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان (MCV)، ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن Hct کەم ببنەوە، دەکرێت ئەو نەخۆشانەی کە ئەم گۆڕانکارییانەیان هەیە کەمخوێنی کەمی ئاسنیان یان تالاسیمیایان هەبێت.
هەروەها پانی دابەشبوونی خڕۆکە سوورەکان (RDW) یەکێکە لە پارامیتەر یاخود پێکهاتە گرنگەکانی پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن کە دەکرێت ببێتە دەرخەری کەمی ئاسن لە کەسەکەدا. ئەو کەسانەی کەمخوێنی کەمی ئاسنیان هەیە ئاستێکی بەرزی پانی دابەشبوونی خڕۆکە سوورەکانیان هەیە. بەڵام مەرج نییە ئەمە تەنها لە کەمخوێنی کەمی ئاسندا ڕووبدات، لە تالاسیمیاش دا دەکرێت پانی دابەشبوونی خڕۆکە سوورەکان بەرزبێتەوە چونکە چەند سایز و قەبارەیەکی جیاوازی خڕۆکە سوورەکان دەبینێرێت کە دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی پانی دابەشبوونی خڕۆکە سوورەکان.
جیاوازی پانی دابەشبونی خڕۆکە سوورەکان لە تالاسیمیا و کەمخوێنی کەمی ئاسندا ئەوەیە کە بە ڕێژەیەکی زۆر لە کەمخوێنی کەمی ئاسندا ئاستەکەی بەرزدەبێتەوە بەڵام لە تالاسیمیادا بە ڕێژەیەکی کەم بەرزدەبێتەوە. کە ئەمەش دەکرێت ڕەچاوبکرێت و یارمەتیدەر بێت لە جیاکردنەوەی نێوان تالاسیمیا لەگەڵ کەمخوێنی کەمی ئاسن.
یەکەم جیاوازی لە ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە (RBC). لە کەمی ئاسندا، بەهای RBC کەمە چونکە مۆخی ئێسک ناتوانێت خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرهەم بهێنێت. بەڵام لە تایبەتمەندییەکانی تووشبووی تالاسیمیا، ژمارەی خڕۆکە سووروکانی خوێن ئاسایی بۆ بەرزە. هەرچەندە لە کەسی هەڵگری تالاسیمیا ژمارەی خڕۆکە سوورەکان دادەبەزێت لەم حاڵەتەدا جیاکردنەوەی لە کەمخوێنی کەمی ئاسن زەحمەت دەبێت.
لەمەوە دەردەکەوێت بە پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن دەتوانرێت جیاوازی نێوان کەمخوێنی کەمی ئاسن لەگەڵ تووشبووی تالاسیمیا بکریت.
پشکنینی ئاسن
پشکنینی ئاسن لەگەڵ پشکنینی ئاسنی کۆگاکراوی جەستە یاخود فەریتن دوو پشکنینن دەکرێت بۆ دیاریکردنی ئاستی ئاسنی خوێن و جەستە. لە کەمخوێنی کەمی ئاسن دا ئاستی ئاسنی خوێن و ئاسنی کۆگاکراوی جەستەش دادەبەزێت بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی خڕۆکە سوورەکانی خوێن. بەڵام لە تووشبووی تالاسیمیادا ئاستی ئاسن زیاددەکات بەهۆی زیاد بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی هیمۆگڵۆبین. بۆیە پشکنینی ئاسنیش دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە جیاکردنەوەی کەمخوێنی کەمی ئاسن لەگەڵ تالاسیمیادا. بەڵام شایەنی باسە ئەمە بۆ هەڵگری تالاسیمیا ڕاست نابێت. چونکە ئەو کەسانەی هەڵگری تالاسیمیان هێشتا ژمارەی خڕۆکە سوورەکانیان بەرزنەبۆتەوە بەڵکو نزمە و بەمەش ئاستی ئاسنیان هەر نزمە.
لەمەوە دەردەکەوێت لە ڕێی پشکنینی ئاسنی خوێن و پشکنینی ئاسنی کۆگاکراوی جەستەش دەتوانرێت جیاوازی نێوان تووشبی تالاسیمیا لەگەڵ کەمخوێنی کەمی ئاسن بکرێت.
سمیری خوێن
پاش ئەنجامدانی پشکنینە سەرەتاییەکان پزیشک داوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی تر دەکات لەوانە سمیری خوێن. لە کەمخوێنی کەمی ئاسندا شێوەی جیاوازی خرۆکە سوورەکان (poikilocytosis) و قەبارەی جیاوازیان (anisocytosis) دەردەکەوێت. بە ڕێژە و ئاستێکی بەرز. بە هەمان شێوە لە تالاسیمیادا جیاوازی خرۆکە سوورەکان و قەبارەی جیاوازیان دەردەکەوێت بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر و بە جیاوازتر کە دەکرێت سوود لەو جیاوازییە وەربگیرێت بۆ جیاکردنەوەی کەمخوێنی کەمی ئاسن لە تالاسیمیا.
بێگومان وردی و ڕەچاوکردنی بچووکترین جیاوازییەک لێرەدا زۆر گرنگە چونکە تەنها کەسانی پسپۆڕ، شارەزا و لێهاتوو دەتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان سمیری خوێنی کەسی تووشبوو بە کەمخوێنی کەمی ئاسن لەگەڵ سمیری خوێنی کەسی تووشبوو یاخود هەڵگری تالاسیمیا.
پشکنینی بە کارەبا جیاکردنەوەی هیمۆگڵۆبین
پشکنینێکی وردتر کە پێی دەگوترێت پشکنینی بە کارەبا جیاکردنەوەی هیمۆگڵۆبین یاخود هیمۆگلۆبین ئەلیکترۆفۆریسس. کاتێک پزیشک گومانی بوونی تالاسیمیای لە کەسەکە کرد پشکنینی جیاکردنەوی کارەبایی هیمۆگڵۆبینی بۆ ئەنجام دەدات. کە تیایدا جۆرە جیاوازەکانی هیمۆگلۆبین لە خوێندا دەژمێرێت و دیاریان دەکات. پێویستە هەردوو جۆری هیمۆگلۆبین A1 و A2 لە کەسێکی پێگەیشتوودا هەبێت. لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆر کەمی هیمۆگڵۆبین F ئەو نەخۆشانەی کە تایبەتمەندی تالاسیمیای بێتایان هەیە بەرزی هیمۆگلۆبین A2 و F (کۆرپەلە) یان هەیە. هەروەها لە تالاسیمیای جۆری ئەلفا Hb F ڕێژەکەی زۆر بەرزە و هیمۆگلۆبین A2 کەمتر بەرزبووەتەوە.
- ڕێژەی ئاسایی هیمۆگڵۆبینی پێگەشتووی جۆری یەکHbA1: ٩٧ %
- ڕێژەی ئاسایی هیمۆگڵۆبینی پێگەشتووی جۆری دوو HbA2: ٢.٥ %
- ڕێژەی ئاسایی هیمۆگڵۆبینی کۆرپەلە HbF: ٠.٥ %
لەکەسانی تووشبووی بێتا تالاسیمیا ڕێژەیەکی زۆر بەرزی هیمۆگڵۆبینی پێگەشتووی جۆری دوو لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی کۆرپەلە هەیە. هەروەها ڕێژەیەکی زۆر نزمی هیمۆگڵۆبینی پێگەشتووی جۆری یەک. لە کاتێکدا لە تووشبووی ئەلفا تالاسیمیا بەرزبوونەوەیەکی کەمتر لە ڕێژەی هیمۆگڵۆبینی پێگەشتووی جۆری دوو هەیە لەگەڵ نزمبوونەوەیەکی کەمتر لە هیمۆگڵۆبینی پێگەشتووی جۆری یەک.
ئەگەر هاتوو ئەنجامی پشکنینی بەکارەبا جیاکردنەوەی هیمۆگڵۆبین ئاسایی بوو ئەوە دەردەکەوێت کە هەڵە لە دەستنیشانەکەدا هەبووە ڕاستەوخۆ بیر لە کەمخوێنی کەمی ئاسن دەکرێتەوە.
پشکنینەکانی تر
کاتێک پزیشک لە ئەنجامی مێژووی پزیشکی و پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن و پشکنینی ئاسن گومانی کەمخوێنی کەمی ئاسنی کرد کۆمەڵێک پشکنینی تر ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری کەمخوێنی ئاسنەکە. دیارترینیان بریتین لە:
ناوبینی: دەکرێت کەمخوێنی کەمی ئاسن بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەکییەوە بێت. لەوانە، برینی گەدە و چەندانی تر.
ناوبینی کۆڵۆن: دەکرێت هۆکاری کەمخوێنی کەمی ئاسن بەهۆی خوێنبەربوونی کۆئەندامی هەرسەوە بێت.
سۆنەر: لە سۆنەردا سەرنجدەخرێتە سەر هۆکاری کەمخوێنی بەهۆی زۆری سووڕی مانگانەی ئافرەتەوە.
کە دەکرێت ئەم پشکنینانە بە جۆرێک وەک جیاکردنەوەی نێوان تالاسیمیا لە کەمخوێنی کەمی ئاسن سەیربکرێن.
زنجیرەیەک پشکنین لە سمیری خوێنی گشتگیر، هەڵسەنگاندنی Hb A2، ئاسنی خوێن، ئاسنی گۆکراوی جەستە، کۆی توانای بەستنەوەی ئاسن (TIBC)، و پشکنینی تێرکردنی گواستنەوە بۆ جیاکردنەوەی کەم خوێنی کەمی ئاسن (IDA) لە تایبەتمەندی هەڵگری بێتا تالاسیمیا (TT) بەکاردەهێنرێن. ئەم پشکنینانە بە زۆری وەک پرۆفایلی کەم خوێنی لە تاقیگە فراوانەکاندا بەردەستن.
گرنگی جیاکردنەوەی تالاسیمیا لە کەمخوێنی کەمی ئاسن
جیاکردنەوەی نێوان تالاسیمیا لە کەمخوێنی کەمی ئاسن لەبەر دوو هۆکار گرنگە:
یەکەم، ئەگەر تالاسیمیا بە هەڵە دەستنیشان بکرێت وەک کەمخوێنی کەمی ئاسن، ئەوا هیمۆگلۆبین لە تالاسیمیایا هیچ چارەسەرێکی بۆ ناکرێت و بەمەس باشتر نابێت و پزیشک لەبری چارەسەری هیمۆگڵۆبین پێشنیاری چارەسەری کەمی ئاسن دەکات.
بە هەمان شێوە بۆ کەمخوێنی کەمی ئاسنیش، ئەگەر هەڵە لە دەستنیشانکردنیدا بکرێت چارەسەری گونجاوی خۆی وەرناگرێت و بەمەش سوودی لێ نابینرێت و دۆخی تەندروستی کەسەکە بەرەو پێش ناچێت.
هۆکاری دووەم ئەوەیە کە ئەگەر تالاسیمیا بە هەڵە دەستنیشان بکرێت وەک کەمخوێنی کەمی ئاسن، کەسەکە لەوانەیە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تری تووشبوو یاخود هەڵگری تالاسیمیا بکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشی تالاسیمیا لە نەوەکاندا.
بە گوێرەی جۆر و توندی تالاسیمیاکە پشکنینی جەستەیی یارمەتیدەر دەبێت لە دیاریکردنی جۆرەکەی. بۆ نموونە تالاسیمیای جۆری ئێچ (hemoglobin H disease) گەورەبوونی سپڵی لەگەڵدایە کە لەگەڵ تێبینیکردنی پزیشک دەتوانێت جۆرەکەی دیاریبکات. بەڵام بێگومان ئەمە دوای دەستنیشانکردنی تالاسیمیاکە دەبێت.