پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-20-13:26:00 - کۆدی بابەت: 5969
پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی گشتی خانەکانی خوێن

ئەو پشکنینەیە کە بەکاردێت بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی و دەتوانێت مەودایەکی فراوان لە نەخۆشی و ناڕێکی لەشی مرۆڤ دیاری بکات، وەک: کەمخوێنی، ژەهراویبوون، شێرپەنجەی خوێن.

خانەکانی خوێن بە شێوەیەکی سەرەتایی لە مۆخی ئێسکدا دروست دەبن و هەڵدەگیرێن، لە بارودۆخی پێویستتدا دەخرێنە ڕێڕەوەکانی خوێنەوە، ئەم پشکنینە هەڵدەستێت بە هەڵسەنگاندنی خڕۆکە سورەکانی خوێن RBC و خڕۆکە سپییەکانی خوێن WBC، هەروەها Platelets پەڕەکانی خوێن.

خڕۆکە سورەکانی خوێن RBC

پێکدێن لە هیمۆگڵۆبین کە پڕۆتینێکە هەڵگری ئۆکسجینە لە تەواوی لەشدا، تەمەنی هەر خڕۆکەیەکی سووری خوێن ١٢٠ ڕۆژە، بۆیە مۆخی ئێسک بە شێوەیەکی بەردەوام خڕۆکەی سوری خوێن بەرهەم دەهێنێت بۆ جێگرتنەوەی ئەو خڕۆکە سورانەی کە تەمەنیان تەواو بووە یاخود بە هەر هۆکارێکی وەک خوێنبەربوون و برین و لێ ڕۆشتنی خوێن لە لەشی مرۆڤدا نەماون.

بە شێوەیەکی گشتی خڕۆکە سورەکانی خوێن لە شێوە و قەبارەدا چونیەکن، دەرکەوتنیان بە شێوە و قەبارەی جیاواز دەگەڕێتەوە بۆ چەن هۆکارێکی وەک کەمی (ڤیتامین B12 و ئاسن) لە لەشی مرۆڤدا.

باوترین حاڵەت کە کاردەکاتە سەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن بریتیە لە کەمخوێنی، کە دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگڵۆبین، چەندین نەخۆشی جیاواز هۆکارن بۆ کەمخوێنی، بۆیە جگە لەم پشکنینە چەند پشکنینێکی تر پێویستن تا هۆکاری سەرەکی کەمخوێنی دیاری بکرێت.

پشکنینی خڕۆکە سوورەکانی خوێن

ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن rbc: کە ژمارەی تەواوی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەخۆ دەگرێت لە نموونەی خوێنی وەرگیراو بۆ پشکنین و چەند وردەکارییەکی تر دەربارەی خڕۆکە سورەکان دیاری دەکات، کە ئەمانەن:

  • MCV: تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دیاری دەکات.
  • MCHC: تێکڕای خەستی هیمۆگڵۆبین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا دیاری دەکات.
  • RDW: بڕی گۆڕانی قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەپێوێت.
  • هیمۆگڵۆبین Hb: بڕی تەواوی پڕۆتینی هەڵگری ئۆکسجین دەردەخات لە نموونەی خوێنی وەرگیراو بۆ پشکنین.
  • هیماتۆکرایت HCT: تێکڕای ڕێژەی سەدی خوێن دەپێوێت.

خڕۆکە سپییەکانی خوێن WBC

جۆرێکی ترن لە خانەکانی خوێن کە لە خوێن و لیمفە کۆئەندام و شانەکانی لەشدا بوونیان هەیە و بەشێکی گرنگن لە سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ، یارمەتی لەش دەدەن بۆ بەرگری کردن دژی تەنی نامۆ و ڕۆڵیان هەیە لە کاردانەوەی لەش بۆ هەوکردن و هەستیاری.

خڕۆکە سپییەکانی خوێن بە ژمارەیەکی جێگیر لە لەشدا بوونیان هەیە، بەڵام ئەم ژمارەیە لەوانەیە بە شێوەیەکی کاتی کەم یان زیاد بکات بە پشت بەستن بەوەی کە لەشی مرۆڤ چی بەسەردا دێت، بۆ نموونە لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بە شێوەیەکی نا ئاسایی ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن دەبێت بە دوو ئەوەندە لە لەشی مرۆڤدا.

چەند جۆرێک لە خڕۆکە سپیەکانی خوێن 

Neutrophils: یارمەتی چاکبوونەوەی شانەی تێکچوو و چارەسەرکردنی ژەهراویبوون دەدات 
Lymphocytes: لە دوو جۆر پێکدێت (خانەکانی بی، خانەکانی تی):
خانەکانی بی: ئەو دژە تەنانە بەرهەمدەهێنن کە بەکاردێن بۆ هێرشکردنە سەر تەنی نامۆی وەک بەکتریا.
خانەکانی تی: هێرش دەکەنە سەر ئەو خانانەی لەش کە لەلایەن ڤایرۆسەکانەوە داگیرکراوە و بوون بە خانەی شێرپەنجەیی.
Basophils: توانای دۆزینەوە و تێکشکاندنی هەندێک خانەی شێرپەنجەیی هەیە، هەروەها توانای دەردانی هستامینی هەیە لە کاتی وەڵامدانەوە بۆ هەستیاری، وەک پژمین.
Eosinophils: بەرپرسە لە بەرەنگاربوونەوەی مشەخۆرەکان. 
Monocytes: گەورەترین جۆری خڕۆکە سپییەکانە کە ڕۆڵی هەیە لە پڕۆسەی هەوکردن و دژە هەوکردن لە کاتی وەڵامدانەوەی کۆئەندامی بەرگریدا.

پەڕەکانی خوێن Platelets

خانەی زۆر بچوکن کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە خوێندا بوونیان هەیە، پێکهاتەیەکی سەرەکین بۆ کرداری خوێن مەین، کاتێک لەشی مرۆڤ توشی برین و خوێنبەربوون دەبێت، پەڕەکانی خوێن یارمەتی وەستاندنی خوێن بەربوونەکە دەدەن و پێکەوە دەنوسێن و کۆمەڵە دەبن لەسەر شوێنی برینەکە بۆ ئەوەی دەمەوانەیەکی کاتی دروست بکەن، هەروەها شەپۆلی کیمیایی دەنێرن وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی پەڕەی خوێنی دیکە بێن و کۆمەڵە ببن لەسەر شوێنی برینەکە و ببنە بەشێکی نیمچە ڕەقی جێگیر لە خوێنی مەیو و لەسەر ڕووی برینەکە بمێننەوە تاکو برینەکە بە تەواوی سارێژ دەبێت.


سەرچاوەکان



3359 بینین