زەریای هێمن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-09-19-14:01:00 - کۆدی بابەت: 6633
زەریای هێمن

ناوه‌ڕۆك

ئۆقیانووسی هێمن

زەریای هێمن گەورەترین و قوڵترین زەریای سەر ڕووی زەوییە، "بە پشت بەستن بەو پێناسەی کە ئەنتاركتيكا کردوویەتی"، لە بەشی باکووری زەریاکەوە لە زەریای بەستەڵەکی باکوورەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئۆقیانووسی باشوور لە بەشی باشووری زەریاکە، هەروەها لە خۆرئاواوە هاوسنووری کیشوەرەکانی ئاسیا و ئوسترالیاوە و لە خۆرهەڵاتیشەوە هاوسنووری وڵاتی ئەمریکایە.

ڕووبەری ڕووی زەریای هێمن 165,250,000 کیلۆمەتر دووجایە و قەبارەی ئاوەکەی 710,000,000 کیلۆمەتر سێجایە، لەکاتێکدا قووڵی زەریاکە 4,000 مەترە و قوڵترین شوێنیشی کەوتۆتە بەشی باکووری خۆرئاوای زەریاکەوە کە بە قوڵترین شوێن دادەنرێت لە جیهاندا و قوڵیەکەی دەگاتە 10,928 مەتر، هەروەها دووەم قوڵترین شوێنی زەریاکە لە نیوە گۆی باشووری دەریاکەیە و دەگاتە 10,823 مەتر و سێیەم قوڵترین شوێنی سەر زەوی دەکەوێتە "قوڵکەی ماریانا"ـی زەریای هێمنەوە.

وشەزانی

هەرچەندە خەڵکی ئاسیا و ئۆقیانوسیا لە زەمانی زوودا و پێش تۆمارکردنی مێژوو گەشتیانکرد بۆ زەریای هێمن بەڵام یەکەمجار خۆرهەڵاتی زەریای هێمن لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە بە شوێنێکی سەرەنجڕاکێش دانرا لە سەرەتای سەدەی 16دا کاتێک گەڕیدەی ئیسپانی "Vasco Núñez de Balboa" لە ساڵی 1513دا بە بەرزەخی "زەوی نێوان دوو دەریا" پانامادا تێپەڕی و دەریایی باشووری دۆزیەوە کە ناوینا "Mar del Sur"، هەروەها ناوی زەریای هێمن لەلایەن گەڕیدەیەکی پرتوگالی بەناوی "فەردیناند ماجەلان" داهێنرا لە ساڵی 1521دا و ناوینا "Mar Pacífico"، کە لە هەر دوو زمانی پورتوگالی و ئیسپانیدا بە مانای "دەریای هێمن" دێت.

مێژووی زەویزانی

زەریای هێمن 750 میلیۆن ساڵ پێش ئێستا هاتۆتە بوون لە ئەنجامی تێکشکانی "ڕۆدینیا"، هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی پێی دەگووترا باوکی زەریاکان هەتا نزیکەی 200 میلیۆن ساڵ پێش ئێستا و تێکشکانی دایکی کیشوەرەکان.

زەریای هێمن لە ڕووی ئابوورییەوە

قوڵییە زۆرەکەی زەریایی هێمن ڕێگیری لە سوود وەرگرتن لە سامانی کانزاکانی ناو دەریاکە دەکات، لەناو ئاوە کەم قوڵەکانی ڕەفە کیشوەرییەکانی کەنارەکانی ئوسترالیا و نیوزلەندا نەوت و گازی سروشتی دەرهێنراون و مروارییەکانیش بەدرێژایی کەنارەکانی ئوسترالیا و ژاپۆن و پاپوا گینیای نوێ و نیکاراگوا و پاناما و فلیپین کۆکراونەتەوە.

ڕاوەماسی

ماسییەکان سەرمایەیەکی گرنگی ئابوورین لە زەریای هێمندا، ئاوی لێوی دەریای کیشووەرەکان کە قوڵییان کەمترە لەگەڵ دوورگە مامناوەندترەکاندا ژمارەیەکی زۆر جۆری ماسی بەرهەم دەهێنن، هەروەها کەمبوونەوەی سامانی ماسی لە هەندێک ناوچەدا بوو بە کێشەیەکی سەرەکی، بۆ نموونە ڕاوکردن لەو ناوچانەی کە دەوڵەمەند بوون بە ماسی لە دەریای "ئۆخوتسک" لە کەنارەکانی ڕووسیا بەلایەنی کەمەوە بۆ نیوە کەمیکرد هەتا ساڵی 1990 کان بەهۆی کەمبوونەوەی ماسییەوە.

پلەی گەرمی ئاو و ڕێژەی خوێ و سوێرییەتی زەریاکە

پلەی گەرما

ئاوی قوڵایی زەریای هێمن زۆر ساردە و نزیکی پلەی بەستن دەبێتەوە، ئەو ناوچەیەی کە جیاوازییەکانی پلەی گەرمی تێدا بەدی دەکرێت ناوچەی ڕووکەشییە و قوڵییەکەی کەمە و لە نێوان 100 بۆ 300 مەتردایە، لە بەشی خۆرهەڵاتی زەریاکەدا پلەی گەرمی زۆر پەستێنراوە بەدرێژایی کەنارەکان باکوور و ناوەندی ئەمریکا لەو ناوچەیەی کە قوڵاییەکەی کەمترە ئاوەکەی ساردترە بەراورد بە ناوەند و خۆرئاوای زەریاکە، لەگەڵ ئەوەشدا پلەی گەرمی ئاوی زەریاکە لە بەشی باکووری زەریاکە بەرزترە لە بەشی باشوور لەبەرئەوەی قەبارەی زەوییەکە گەورەترە لە نیوەگۆی باکوور هەروەها لەبەرئەوەی ئەنتاركتيكا و زەریای باشوور کاریگەریان لەسەر پلەی گەرمی ئاوەکە هەیە.

سوێرییەتی

ڕێژەی سوێرییەتی سەر ڕووی ئاوی زەریای هێمن تاڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری با و نیشتن و بەهەڵم بووندایە، بەرزترین ڕێژەی سوێرییەتی لە زەریاکەدا دەکەوێتە ناوچەی باشووری خۆرهەڵاتەوە کە دەگاتە لە هەزاردا 37 لەکاتێکدا نزمترین ڕێژەی سوێرییەتیش کەمترە لە لەهەزاردا 32 و دەکەوێتە بەشی باکووری زەریاکەوە، ڕێژەی زۆری بارانبارین لە بەشی خۆرئاوای زەریاکەدا پەیوستە بە وەرزەباکانی هەرێمەکەوە کە ڕێژەی سوێرییەتی زەریاکە نزم دەکاتەوە، گۆڕانە وەرزییەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بەشی خۆرهەڵات و خۆرئاوای زەریاکەدا و گۆڕانکاری بەسەر ئاوی ڕووی سەرەوەی زەریاکە دەهێنێت.

جیاوازییەکی ئاشکرا هەیە لە پلەی گەرمی و ڕێژەی سوێرییەتی لە نێوان ئاوی ڕووی سەرەوە و قوڵایی زەریاکەدا، ئەو ناوچەیەی کە قوڵای زیاترە و قەبارەی نزیکەی %80ی زەریاکەیە بە شێوەیەکی ڕێژەیی پلەی گەرمی و ڕێژەی سوێرییەکەی جێگیرە و تێکڕای پلەی گەرمییەکەی 3.5 پلەی سیلیزییە.

دە لە گەورەترین دەریاکانی زەریای هێمن

  1. دەریایی سپی ناوەڕاستی ئۆقیانووسیەیی کە ڕووبەری ڕووەکەی 9.080 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  2. دەریایی فیلیپین کە ڕووبەری ڕووەکەی 5.695 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  3. دەریای کۆڕاڵ کە ڕووبەری ڕووەکەی 4.791 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  4. دەریای باشووری چین، ڕووبەری ڕووەکەی 3.5 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  5. دەریای تاسمان، ڕووبەری ڕووەکەی 2.3 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  6. دەریایی بێرینگ کە ڕووبەری ڕووەکەی 2 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  7. دەریای ئۆخوتسک، ڕووبەری ڕووەکەی 1.583 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  8. کەنداوی ئاڵاسکا، ڕووبەری ڕووەکەی 1.533 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  9. دەریای خۆرهەڵاتی چین، ڕووبەری ڕووەکەی 1.249 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
  10. دەریای گراو "Mar de Grau"، ڕووبەری ڕووەکەی 1.14 میلیۆن کیلۆمەتر دووجایە.


سەرچاوەکان



4578 بینین