دۆلاری ئەمریکی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-10-16-01:18:00 - کۆدی بابەت: 6894
دۆلاری ئەمریکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دۆلار (بە ئینگلیزی: USD) دراوی فەرمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەریەك لە وڵاتانی سیلڤادۆر، ئیکوادۆر و پەنەمایە، لە مامەڵە بازرگانییەکاندا هێمای $ و کورتکراوەی USD بۆ بەکاردەهێنرێت، یەك دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە 100 سەنت، بەرزترین پۆلێنی دۆلار 100 دۆلارە، دۆلار لە حەوت پۆلێن پێکهاتووە بریتین لە: 1 دۆلاری، 2 دۆلاری، 5 دۆلاری، 10 دۆلاری، 20 دۆلاری، 50 دۆلاری و 100 دۆلار، لە ئێستادا دۆلاری ئەمریکی نزیکەی 66%ی یەدەگی دراوی جیهانی پێکدەهێنێت، هەروەها 84%ی بازرگانییەکانی جیهان پێکدەهێنێت.

مێژووی دۆلاری ئەمریکی

لە پاش سەربەخۆیی ئەمریکا لە ساڵی 1780 لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە چەند لیژنەیەک دیاریکرا بۆ هەڵبژاردنی دیزاینێکی تایبەت بۆ دراوی فەرمی وڵاتەکەیان، لیژنەکە لە چەند کەسایەتییەکی ناوداری ئەو سەردەمە پێکهاتبوون نموونەی بینجامین فڕانکلێن، جۆن ئادامز و تۆماس جێڤرسۆن، دیزاینی چەند نموونەیەکیان کرد بەڵام کۆنگرێس دیزاینەکانی ڕەتکردەوە، پاشان بە یارمەتی کەسایەتییەکی ناوداری شاری فیلادیفیا بە ناوی "ویلیام بارتۆن"، هەروەها هونەرمەندی ناوداری ئەو سەردەمە بە ناوی "دووبیێر" لە ساڵی 1782 دیزاینی کۆتایی دۆلار هەڵبژێردرا و بە فەرمی بەسێ قۆناغ شێوازی دراوی نوێ لە ساڵی 1785 ڕاگەیەندرا، و لە ساڵی 1862 دۆلار بە ڕەنگی سەوز و ڕەش چاپکرا تاکوو ڕێگری لە ساختەکردنی بگیرێت، لەو کاتەوە تاکوو ئێستا بە هەمان شێوە و ڕەنگ ماوەتەوە. 

وێنە و کەسایەتییەکانی سەر دۆلاری ئەمریکی

لەسەر هەر حەوت پۆلێنەکانی دۆلاری ئەمریکی وێنەی کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری ئەمریکی هەیە کە بۆ ماوەی 200 ساڵە هەر پارێزگاری لە شێوە و وێنەکان کردووە، وێنەکانی سەر دۆلاری ئەمریکی بریتین لە: 

1- جۆرج واشنتۆن: یەکەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1789 بۆ 1797 سەرۆکی ئەمریکا بووە، شەڕی سەربەخۆیی دژی داگیرکاری بەریتانیا بەرپاکردووە و لە چواری تەممووزی ساڵی 1776 سەربەخۆیی ئەمریکای بەدەستهێنا، وێنەکەی لەسەر پۆلێنی یەك دۆلاری هەیە. 
2- تۆماس جێڤرسۆن: یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نووسەری سەرەکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە، سێیەم سەرۆکی ئەمریکایە لە ساڵی 1801 بۆ ساڵی 1809 سەرۆکی ئەمریکا بووە، وێنەکەی لەسەر پۆلێنی دوو دۆلاری هەیە. 
3- ئەبراهام لینکۆلن: شانزەیەمین سەرۆکی وڵاتی ئەمریکایە لە ساڵی 1861 بۆ ساڵی 1865 سەرۆکی ئەمریکا بووە، گرنگترین کارەکانی بریتیبوو لە گێڕانەوەی ئەو ویلایەتانەی کە لە ئەمریکا جیاببوونەوە بە زەبری هێز و هەروەها کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی ئەمریکا، وێنەکەی لەسەر پۆلێنی پێنج دۆلاری هەیە. 
4- ئەلیکساندەر هامێلتۆن: یەکێک بووە لە دامەزرێنەرەکانی ئەمریکا، ئابووریناسێکی لێهاتوو بووە، دامەزرێنەری سیستمی دارایی ئەمریکایە، داهێنەری بیرۆکەی درووستکردنی یەکەم بانکی ناوەندی ئەمریکایە کە ئێستا بە فیدڕالی یەدەکی یەکگرتوو ناسراوە و یەکەم وەزیری خەزێنەی دەوڵەت بووە لە پاش وەرگرتنی سەربەخۆیی ئەمریکا، وێنەکەی لەسەر پۆلێنی 10 دۆلاری هەیە. 
5- ئاندرۆ جاکسۆن: حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکایە لە ساڵی 1829 بۆ 1837 سەرۆکی ئەمریکا بووە، باکگراوەندێکی سەربازی هەیە و لە  جەنگی "نیو ئۆرلیانز" لە ساڵی 1815 سوپای بەریتانیای تێکشکاند، بە پاڵەوانێکی نەتەوەیی ئەمریکا دادەنرێت، وێنەکەی لەسەر پۆلێنی 20 دۆلاری هەیە. 
6- یولیسیس گرانت: هەژدەیەمین سەرۆکی ئەمریکایە لە ساڵی 1869 بۆ 1877 سەرۆکی ئەمریکا بووە، لەگەڵ سەرۆک ئەبراهام لینکۆلن کاری کردووە و سەرکردەی سوپای یەکێتییەکان بووە و سەرکەوتنی بەسەر کۆنفیدراڵی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا بەدەستهێنا، بۆیە ئەمریکییەکان بە پاڵەوانی نەتەوەیی دایدەنێن، وێنەکەی لەسەر پۆلێنی 50 دۆلاری هەیە. 
7- بنجامین فڕانکلێن: یەکێکە لە دامەزرێنەرە گرنگ و دیارەکانی ئەمریکا، کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بە یەکێک لە گرنگترین بیرمەندەکانی ئەمریکا دادەنرێت، نووسەر و ڕکابەری سیاسی و دیپلۆماتکار بووە، کاریگەری هەبووە لەسەر ڕۆشنگەری و مێژووی فیزیا و هەروەها تیۆری و دۆزینەوەی لەو بوارنەدا هەیە، وێنەکەی لەسەر پۆلێنی 100 دۆلاری هەیە. 


سەرچاوەکان



2067 بینین