تۆماس جێفرسن

له‌لایه‌ن: - ئاکۆ محەمەد - به‌روار: 2021-12-24-14:21:00 - کۆدی بابەت: 7368
تۆماس جێفرسن

ناوه‌ڕۆك

تۆماس جێفرسن کێبوو؟

سێیەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، وتەبێژی حیزبی دیموکراتییەکان بوو، وە یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی ئەمریکا و یەکێک بوو لە دانەرانی جاڕنامەی ئازادیی ١٧٧٦ و سێیەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە، دەموچاوێکی پەڵەپەڵە و قژێکی کاڵی هەبوو، باڵابەرز و چوارشانە بوو، لە گەرمەی ململانێکانی حزبەکەیدا، لە نامەیەکی نهێنیدا گوتی "من لە بارەگای خودا سوێندم خواردووە کە هەمیشە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەک بم  بەرامبەر مرۆڤ". داواکارە مەزنەکەی ئازادی لە ساڵی ١٧٤٣ لە هەرێمی ئاڵبێمارڵ'ی سەر بە ویلایەتی ڤیرجینیا لەدایکبووە، لە باوکییەوە خاوەندارێتی و زەویپێویی زەویی کشتوکاڵی و نزیکی ٢٠٠٠ هێکتار زەویی بۆ ماوەتەوە، وە لە دایکییەوە پێگەیەکی باڵای کۆمەڵایەتی لە شاری ڕاندۆڵف'دا بۆ ماوەتەوە، جێفرسن لە زانکۆی ویلیام و ماری خوێندوویەتی، و پاشان بەشی یاسای خوێندووە، وە لە ساڵی ١٧٧٢ دا هاوسەرگیری لەگەڵ (مارثا وەیڵس سکێڵتن)ـدا کردووە، کە ئافرەتێکی بێوەژن بووە، و پێکەوە لە خانووی سەر چیاکەی جێفرسندا دەژیان لە مۆنتیسێلۆ.

کەسایەتی تۆماس جێفرسن

جێفرسن پەیامنێرێکی زمانپاراو بوو، بەڵام وتاربێژ نەبوو، لە کۆبوونەوەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا و ئەنجومەنی کیشوەریشدا زیاتر لەڕێی پێنوسەکەیەوە ڕۆڵی لە پرۆسەی نیشتیمان پەروەریدا هەبووە نەوەک بە قسە، وەک "ئەندامە بێدەنگەکەی" ئەنجومەن، جێفرسن لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا بەیاننامەی ئازادیی نوسی، لە ساڵانی دواتردا کاری لەسەر ئەوە کرد کە قسەکانی بکاتە ڕاستی لە ویلایەتی ڤێرجینیا، بەدیاریکراوی، پرۆژەیاسایەکی نوسی کە بەهۆیەوە ئازادیی ئاینیی بنیاتدەنا، و پرۆژەیاسایەکەی لە ١٧٨٦دا پەسەندکرا، جێفرسن لە ساڵی ١٧٨٥ لە دوای بێنجامین فرانکلین بوو بە باڵیۆز لە فەڕەنسا، بەهۆی هاوسۆزییەوە بۆ شۆڕشی فەڕەنسا جێفرسن لەگەڵ ئەلێکساندەر هامڵتندا توشی کێشە بوو لەوکاتەی کە خۆی وەزیری دەرەوە بوو لە کابینەکەی سەرۆک جۆرج واشنتندا، جێفرسن لە ساڵی ١٧٩٣ دا دەستی لەکارکێشایەوە، ململانێ سیاسییە توندەکان گەشەیان سەند، و هەردوو حیزبی بە ناوەکانی فیدراڵییەکان و کۆمارییە دیموکراتییەکان دروستبوون، جێفرسن وردەوردە دەسەڵاتی کۆمارییەکانی دەگرتە ئەستۆ، کە پاڵپشتیی پرسی شۆڕشگێڕییان دەکرد لە فەڕەنسا، دژی سیاسەتی فیدراڵییەکان بوو و بەرهەڵستیی حکومەتێکی ناوەندیی دەکرد پشتگیریی مافی ویلایەتەکانی دەکرد، سەرەڕای ئەوەی نەیاری زۆر بوو جێفرسن لەو سێ کاندیدە بوو کە زۆرترین دەنگی هێنابوو بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ١٧٩٦، بەهۆی هەڵەیەکی دەستوورییەوە بوو بە جێگری سەرۆک، لەگەڵ ئەوەشدا ڕکابەری سەرۆک ئادامس بوو، لە ١٨٠٠ دا ئەو هەڵە دەستوورییە بوو بەهۆکاری کێشەیەکی گەورە، هەڵبژێردراوانی کۆمارییەکان هەوڵیاندەدا کە سەرۆک و جێگری سەرۆکی وڵاتیش لە حیزبەکەی خۆیان بێت، دەنگەکانی جێفرسن و ئارۆن بور یەکسانبوون، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگەکانی یەکلایی کردەوە، ئەلێکساندەر هامڵتن سەرەڕای ئەوەی کە ڕکابەری جێفێرسن و بور'یش بوو بەڵام لە هەڵبژاردنەکەدا دەنگی بە جێفێرسن دا و کردییە سەرۆک.

تۆماس جێفرسن لە ماوەی سەرۆکایەتی

کاتێک جێفرسن بوو بە سەرۆک قەیرانەکانی فەڕەنسا کۆتاییان پێهات، جێفرسن خەرجییە زیادەکانی سوپای کەمکردەوە، بڕی بودجەی کەمکردەوە و باجی سەر ویسکی'ی نەهێشت کە لە ڕۆژئاوا خواستی زۆر لەسەر نەبوو، هەروەها قەرزی وڵاتی بەڕێژەی ٪٣٣ کەمکردەوە، هەروەها هێزی ئاسمانیی نارد تاوەکو دژی چەتەکانی بارباری بجەنگن کە لە دەریای ناوەڕاست ڕێگرییان لە کارە بازرگانییەکانی ئەمریکا دەکرد. زیاد لەوەیش، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەستوور هیچ مەرجێکی لەسەر کڕینی خاکێکی نوێ دانەنابوو، جێفرسن هێشتا ترسی لە دەستوور هەبوو لەوکاتەی کە لە ساڵی ١٨٠٣ دەرفەتی ئەوەی بۆ هاتە پێش کە هەرێمی لویزیانا لە ناپلیۆن بکڕێت. لە ماوەی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، جێفرسن بەردەوام کاری بۆ ئەوە دەکرد کە نەتەوەکانی تر لە جەنگەکانی ناپلیۆنەوە تێوەنەگلێن، سەرەڕای ئەوەش، هەریەک لە فەڕەنسا و بەریتانیا ڕێگرییان لە کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا دەکرد، جێفرسن هەوڵیدا لە ڕێگەی ئابڵوقەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، جێفرسن خانەنشین بوو و گەڕایەوە مۆنتیسێلۆ تاوەکو بیر لە هەندێک پرۆژە بکاتەوە وەک ئەو دیزاینە مەزنەی کە بۆ زانکۆی ڤێرجینیای دروستکردبوو، خانەدانێکی فەڕەنسی لەبارەیەوە وتویەتی "جێفرسن مێشک و ماڵەکەی لە ئاستێکی هێندە بەرزدا داناوە کە تێیدا دەتوانێت بیر لە گەردوون بکاتەوە".
لە ڕێکەوتی ٤/٧/١٨٢٦ دا کۆچی دواییکرد.                               


سەرچاوەکان



888 بینین