یووگۆسلاڤیا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-01-11:09:00 - کۆدی بابەت: 9644
یووگۆسلاڤیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یووگۆسلاڤیا یان یۆگۆسلاڤیا (بە ئینگلیزی: Yugoslavia، بە عەرەبی: يوغوسلافيا، بە فارسی: یوگسلاوی) لە ماوەیەکی درێژی سەدەی بیستەمدا وڵاتێک بوو لە باشووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەورووپا. دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە ساڵی ١٩١٨ لە ژێر ناوی شانشینی سڕب و کروات و سلۆڤینی بە یەکگرتنی دەوڵەتی کاتیی سلۆڤینی و کرواتی و سڕب لەگەڵ شانشینی سڕبیا هاتە ئاراوە و یەکەم یەکێتیی سلاڤی باشووری پێکهێنا. پێش ئەوە بەدرێژایی کاتێکی زۆر ناوچەکە بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و نەمسا-هەنگاری. پیتەری یەکەمی سڕبیا بوو بە یەکەم پاشای وڵاتەکە.

پایتەخت بەلگراد
زمانی فەرمی سڕبی-کرواتی
ئەمڕۆ بەشێکە لە وڵاتانی بۆسنە و هێرزۆگۆبینیا
کرواتیا
کۆسۆڤۆ
مۆنتینیگرۆ
مەقدۆنیای باکوور
سربیا
سلۆڤینیا

شانشینەکە لە ١٣ی تەممووزی ١٩٢٢ لە کۆنفرانسی باڵیۆزەکان لە پاریس ناساندنی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا. ناوی فەرمی دەوڵەتەکە لە ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٩ گۆڕدرا بۆ شانشینی یووگۆسلاڤیا.

یووگۆسلاڤیا لە ٦ی نیسانی ١٩٤١ لەلایەن زلهێزەکانی وڵاتانی تەوەرەوە داگیرکرا، لە ساڵی ١٩٤٣دا یووگۆسلاڤیایەکی فیدراڵی دیموکرات لەلایەن بەرخۆدانی پارتییەوە ڕاگەیەندرا. لە ساڵی ١٩٤٤ شا پیتەری دووەم کە ئەوکات لە دەرەوەی وڵاتەکەی دەژیا، حکوومەتەکەی وەک حکوومەتێکی فەرمی ناساند. دواتر لە تشرینی دووەمی ١٩٤٥دا دەسەڵاتی پاشایەتی هەڵوەشایەوە. یووگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٤٦ ناوی گۆڕدرا بۆ کۆماری گەلی فیدراڵی یووگۆسلاڤیا و حکوومەتێکی کۆمۆنیستی دامەزرا. هەریەک لە خاکەکانی ئیستریا و ڕیجێکا و زاداری لە ئیتاڵیا داگیر کرد.

سەرۆکی پارتەکان جۆسیپ برۆز تیتۆ وەک سەرکۆمار تاوەکوو ساتی مردنی لە ١٩٨٠ حوکمڕانی وڵاتەکەی کرد، لە ساڵی ١٩٦٣ جارێکی تر ناوی ئەو وڵاتە گۆڕدرایەوە و کرا بە کۆماری سۆسیالیستی فیدراڵی یووگۆسلاڤیا (SFRY).

وڵاتەکە لە شەش کۆمار پێکهاتبوو، کە بریتیبوون لە: بۆسنە و هەرزەگۆڤین، کرواتیا، مەقدۆنیا، مۆنتینیگرۆ، سڕبیا و سلۆڤینیا. سڕبیا دوو پارێزگای خۆبەڕێوەبەری سۆسیالیستی لەخۆگرتبوو بەناوەکانی ڤۆیڤۆدینا و کۆسۆڤۆ کە لە دوای ساڵی ١٩٧٤ تا ڕادەیەکی زۆر یەکسان بوون بە ئەندامانی تری فیدراسیۆنەکە. دوای قەیرانی ئابووری و سیاسی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و سەرهەڵدانێکی گەورەی ناسیۆنالیزم، یووگۆسلاڤیا بەدرێژایی سنوورەکانی دابەش بوو بەسەر پێنج کۆماردا و دواتر جەنگ لە نێوانیان هەڵگیرسا.

دوای جیابوونەوەی وڵاتەکە، کۆمارەکانی مۆنتینیگرۆ و سڕبیا دەوڵەتێکی فیدراڵی بچووکیان پێکهێنا بەناوی کۆماری فیدراڵی یووگۆسلاڤیا (FRY) کە لە ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٦ بە سڕبیا و مۆنتینیگرۆ ناسرا. ئەم دەوڵەتە ئاواتی ئەوە بوو کە تاکە جێنشینی یاسایی SFRY بێت، بەڵام لەلایەن کۆمارەکانی پێشووترەوە ڕەتکرانەوە. لە کۆتاییدا وڵاتەکە بۆچوونی لیژنەی ناوبژیوانی بادینتەری سەبارەت بە جێنشینیی هاوبەش قبووڵ کرد و لە ساڵی ٢٠٠٣ ناوی گۆڕدرا بۆ سڕبیا و مۆنتینیگرۆ. ئەم دەوڵەتە کاتێک هەڵوەشایەوە کە هەریەکە لە مۆنتینیگرۆ و سڕبیا لە ساڵی ٢٠٠٦دا بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ.

مێژوو

مێژووی یووگۆسلاڤیا دەگەڕێتەوە بۆ هۆزە سلاڤیەکان کە لە سەدەی شەشەم و حەوتەمی زایینیەوە لە باڵکان نیشتەجێ بوون. یەکەم یەکێتییان لە ساڵی ١١٧١ پێکهێنا، عوسمانییەکان لە ١٤٩٩ لە شەڕی ئەمسفیڵددا شکستیان بە سڕبەکان هێنا و لە ساڵی ١٤٨٣ بەڵکانیان لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا یەکخست، بەڵکان بۆ ماوەی چوار سەدەی داهاتوو بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

سڕبەکان لە ساڵانی ١٨٧٧ و ١٨٧٨ سەربەخۆیی خۆیان بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە جەنگەکانی ڕووسیا و عوسمانیدا شکستیان بە عوسمانییەکان هێنا. شانشینی سڕبیا لە ساڵی ١٨٨٢ ڕاگەیەندرا لە کاتێکدا ناوچەکانی کرواتیا و سلۆڤاکیا و بۆسنە و هەرزەگۆڤین وردە وردە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی نەمسا و هەنگاریاوە.

شانشین

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی نەمسا و هەنگاریا، لە ساڵی ١٩١٨ سڕبیا و کرواتیا و سلۆڤینیا بە سەرکردایەتی شا پیتەری یەکەمی سڕبیا وەک "شانشینی سڕبیا و کرواتیا و سلۆڤینیا" بوونە یەک دەوڵەت. جێنشینی ئەو، پاشا ئەلێکساندەری یەکەم، لە ساڵی ١٩٢٩ تا تیرۆرکردنی لە ساڵی ١٩٣٤ دەسەڵاتی سەربازی پەیڕەو کرد، دواتر ناوی وڵاتەکە گۆڕدرا بۆ "شانشینی یووگۆسلاڤیا".

شا پیتەری دووەم لە ساڵی ١٩٤١ دوای سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی دووەم پشتگیری لە زلهێزەکانی تەوەر کرد، ئەمەش بووە هۆی ڕووخاندنی دەستبەجێی لەلایەن سوپا. هیتلەر ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ داگیرکردنی ئەو وڵاتە. لە ساڵی ١٩٤٣ جۆسیپ برۆز کە نازناوی تیتۆی پێدرابوو، بوو بە سەرۆکی بەرخۆدانی یووگۆسلاڤیا، کە لەگەڵ هێزەکانی سۆڤیەت توانیان لە ساڵی ١٩٤٥دا ئەو وڵاتە ئازاد بکەن و دواتر خۆی بوو بە سەرۆکی وڵاتەکە.

کۆماری فیدراڵی سۆسیالیستی یووگۆسلاڤیا (١٩٤٥-١٩٩٢)

دوای ڕزگارکردنی یووگۆسلاڤیا لە ژێر داگیرکاریی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤٥، هەر لەو ساڵەدا یەکێتیی کۆمارەکانی گەلی یووگۆسلاڤیا ڕاگەیەندرا و تیتۆ بوو بە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە. ئەم یەکێتییە بریتیبوو لە سڕبیا، کرواتیا، سلۆڤینیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤین، مۆنتینیگرۆ و کۆماری مەکدۆنیا. تیتۆ تا مردنی لە ساڵی ١٩٨٠ وەک سەرۆکی فیدراسیۆنەکە مایەوە. یووگۆسلاڤیا لە قۆناغی ١٩٤٥-١٩٤٨ هاوپەیمانی یەکێتیی سۆڤیەت بوو تا ناکۆکییەکان سەریان هەڵدا و یووگۆسلاڤیا سیاسەتێکی ئەرێنی و بێلایەنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و لە ژێر سەرکردایەتی تیتۆدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و پێکهێنانی ڕێکخراوەیی بێ لایەن.

لە ساڵی ١٩٩٠ یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لە کۆمارەکانی کرواتیا و سلۆڤینیا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەڕێوەچوو. لەگەڵ ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و زیادبوونی بانگەوازەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکە، کرواتیا و سلۆڤینیا و کۆماری مەکدۆنیا لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند، کە بووە هۆی شەڕی یووگۆسلاڤیا بۆ گێڕانەوەی کۆمارە جیابووەوەکان لەنێوان سوپای فیدراڵی سڕبیا و سوپای وڵاتەکە.

بۆسنە و هەرزەگۆڤین لە ساڵی ١٩٩٢ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند، ئەمەش وایکرد لەگەڵ سڕبەکان، سڕبەکانی بۆسنی، کرواتییەکان و کرواتییەکانی بۆسنەدا بکەونە شەڕی ناوخۆوە. کۆمەڵگەی ئەورووپا و ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٢ وەک دەوڵەتی سەربەخۆ دانیان بە کرواتیا و سلۆڤینیا و بۆسنە و هەرزەگۆڤینا نا. لە ماوەی جەنگ دادگای تاوانبارانی جەنگی یووگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٩٣ لە لاهای دامەزرا. شەڕەکە بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی دەیتۆن لە ساڵی ١٩٩٥ و جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی لە بۆسنە و هەرزەگۆڤین کۆتایی پێهات.

لە سڕبیا بە سەدان هەزار کەس لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٦ کە تێیدا پارتی سۆسیالیست بە براوە ناسێندرا، خۆپیشاندانیان کرد و ساڵی داهاتووش دان بە سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆندا نرا. بەهۆی ئاژاوەی توندوتیژانە لە پارێزگای کۆسۆڤۆی سڕبیا لە ساڵی ١٩٩٨ کە زۆرینەیان ئەلبانین، جەنگی کۆسۆڤۆ دەستی پێکرد و ناتۆ لە ساڵی ١٩٩٩ دەستتێوەردانی کرد. 

دانیشتووان

یووگۆسلاڤیا هەمیشە شوێنی دانیشتووانێکی زۆر هەمەچەشن بووە، نەک تەنها لە ڕووی پەیوەندییە نیشتمانییەوە، بەڵکوو لە ڕووی پەیوەندییە ئایینییەکانیشەوە. لەنێو ئەو ئایینە زۆرانەدا، ئیسلام، کاسۆلیک، جوولەکە و پرۆتستانت هەبوون، هەروەها ئایینە جۆراوجۆرەکانی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات، کە بە هەموویانەوە زیاتر لە ٤٠ ئایین لەخۆدەگرێت.

دیمۆگرافیای ئایینیی یووگۆسلاڤیا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات. سەرژمێرییەک کە لە ساڵی ١٩٢١ و دواتر لە ساڵی ١٩٤٨ ئەنجامدراوە دەریخستووە کە ٩٩%ی دانیشتووان پێشتر بە شێوەیەکی زۆر بەشداربوون لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئایینییەکانیاندا. بەڵام بە بەرنامەکانی حکوومەت بۆ مۆدێرنیزاسیۆن و شارنشینیی دوای جەنگ، ڕێژەی باوەڕدارانی ئایینی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

دوای سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم، ڕاپرسییەک کە لە ساڵی ١٩٦٤ ئەنجامدرا دەریخست کە کەمێک زیاتر لە ٧٠٪ی کۆی دانیشتووانی یووگۆسلاڤیا خۆیان بە باوەڕداری ئایینی دەزانن. ئەو شوێنانەی کە زۆرترین چڕبوونەوەی ئایینی تێدا بووە بریتی بوون لە کۆسۆڤۆ بە ڕێژەی ٩١% و بۆسنە و هەرزەگۆڤین بە ڕێژەی ٨٣.٨%. ئەو شوێنانەی کە کەمترین چڕیی ئایینییان هەبووە بریتی بوون لە سلۆڤینیا ٦٥.٤%، سڕبیا ٦٣.٧% و کرواتیا ٦٣.٦%. جیاوازی ئایینی لەنێوان سڕبەکانی ئۆرتۆدۆکس، مەقدۆنی، کرواتی کاسۆلیک، سلۆڤینی، بۆسنییە موسڵمانەکان و ئەلبانییەکان لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم بەشداربوون لە داڕمانی یووگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٩١.


سەرچاوەکان

180 بینین