پاریس

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-10-14-14:15:00 - کۆدی بابەت: 1732
پاریس

ناوه‌ڕۆك

شاری پاریس

پاریس گەورەترین شاری فەڕەنسایە و پایتەختیشە، خاوەنی نازناوی شاری ڕووناکییە، بۆماوەی چەندین سەدە پاریس یەکێک بووە لە شارە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی جیهان، پاریس ناوەندێکی بازرگانی و ئابووری و سیاسی ڕۆشنبیری گرنگی فەڕەنسایە، ئەم شارە خاوەنی باشترین سیستەمی گواستنەوەی ژێرزەوییە کە پێی دەوترێت میترۆ، ژمارەی دانیشتوانی پاریس لە ساڵی ٢٠١٧ دا نزیکەی ١٢،١٧٤،٨٨٠ کەس بووە کە دەکاتە ڕێژەی ٪١٨ی دانیشتوانی فەڕەنسا، لەساڵی ٢٠١٨ پاریس دووەم گرانبەهاترین شاری جیهان بووە لەدوای سەنگاپورە و لەپێش هۆنگ کۆنگ و ئۆسلۆ و جنێف.

مێژووی پاریس

تەمەنی پاریس زیاتر لە دوو هەزار ساڵە، گالییەکانی سەر بە هۆزی پاریسی لەنێوان ساڵانی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ی پێش زایین لەوێ نیشتەجێ بوون، پاریس لە کۆندا بە لوتتیا یان لوتیس ناسرابوو، لەکاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا پاریس لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرا و لەئەنجامی ئەم داگیرکارییە شارەکە زیانی بەرکەوت، لەساڵی ١٩٤٤ شارەکە ڕزگارکرا، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٨ چارلس دی گالی دەسەڵاتی گرتەدەست ئابووری شارەکە بەرەوپێش چوو وە گەڕەکەکان پاک کرانەوە و نۆژەنکرانەوە و شوێنی نیشتەجێ بوون و بازرگانی دروستکران، لە ماوەی دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا چەند پێشکەوتنێکی نوێ پێگەی کلتوری و ئابووری پاریسیان بەهێز کرد وەک بنیادنانی سەنتەری پۆمپیدۆ بۆ نوێکردنەوەی تەلارسازی و مۆزەخانەی ئۆرسای، لەماوەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا پاریس هەزاران کۆچبەری لە ئەفریقا و بەشەکانی دیکەی ئەورووپاوە ڕاکێشا کە بوونە هۆکاری بەرزکرنەوەی ئاستی ئابووری و دروستکردنی فرەیی کلتوری، لەلایەکی دیکەوە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی بێکاری.

کەشوهەوای پاریس

باکووری زەریای ئەتڵەسی کاریگەری دەکات لە کەشوهەوای پاریس، بەگشتی کەشوهەوا بە درێژایی ساڵ مامناوەند و شێدارە، ڕۆژەکانی هاوین بەگشتی گەرم و مامناوەندن کە تێکڕای پلەی گەرمی لەنێوان ١٥ بۆ ٢٥ پلەی سەدیدایە، وە شەو و ڕۆژەکان لە زستاندا بەتەواوی ساردن و زۆرجار تێکڕای پلەی گەرمی بۆ خوار ٥ پلەی سەدی نزم دەبێتەوە، تێکڕای ساڵانەی پلەی گەرمی لە مانگی تەمووزدا ١٢ پلەی سەدییە و لە مانگی کانوونی دووەمدا نزیکەی ٣ پلەی سەدییە، پلەی گەرما بۆ ماوەی مانگێک لەخوار سفرەوە دەبێت و زۆربەی ڕۆژەکانی ئەو مانگە بەفر دەبارێت، ڕێژەی بارینی بەفر و باران لە پاریس ساڵانە نزیکەی ٦٤١ ملیمەترە.

ئابووری پاریس

پاریس تەنها پایتەختی سیاسی و کلتوری نییە بەڵکو ناوەندێکی گەورە و گرنگی بازرگانی و ئابوورییە، ئابووری پاریس بەزۆری بەستراوەتەوە بە کاری بازرگانییەوە، لەسەدا ٨٠.٦ ی خەڵکی سەرقاڵی کاری گواستنەوە و بازرگانین، لەسەدا ٦،٥ سەرقاڵی کاری بیناسازین، ١٠ لە باشترین و کاریگەرترین کۆمپانیا بازرگانییەکانی فەڕەنسا بنکەکانیان لە شاری پاریسە.

شوێنە گەشتیارییەکانی پاریس

پاریس یەکێکە لە شارە گرنگە گەشتیارییەکانی جیهان کە بە سەردانیکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە گەشتیار بەناوبانگە، بەهۆی بوونی چەندین شوێن و تەرلارسازی دڵڕفێن، لەوانەش:

- تاوەری ئیڤڵ: تاوەری ئیڤڵ بە سەرنجڕاکێشترین شوێن دادەنرێت لە پاریسدا، ئەم تاوەرە دەکەوێتە ناوەندی شاری پاریس و لە ڕۆژ و لە شەودا دیارە و باشترین نیشانەیە و چەندین دیمەنی دڵڕفێنی شارەکە نیشاندەدات، تاوەری ئیڤڵ پێکدیت لە دوو ئاست کە بەهۆی ئەسانسۆرەوە پێیان دەگەیت، ئاستی دووەم نزیکەی ٢٠٠ پێ بەرزە لە ئاستی شارەکە، وە ئاستی سێیەم ١٠٠٠ پێ بەرزە لە ئاستی شارەکە.

- مۆزەخانەی لۆڤەر: یەکێک لە بەناوبانگترین مۆزەخانە هونەرییەکان لە فەرەنسا و لە جیهاندا مۆزەخانەی لۆڤەرە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوانزەیەم، لە سەرەتادا لۆڤەر بەشێوەی قەڵا دروستکرا و دواتر لە سەدەی شانزەدا کرایە کۆشک، لە ساڵی ١٧٩٣ کرایە مۆزەخانە و زیاتر لە ٣٥ هەزار کاری هونەری تێدایە، یەکێک لە کارە هونەرییەکان تابلۆی مۆنالیزای لیۆناردۆ داڤێنجییە.

- باخچەی تولێریس: لە باخچەی تولێریسدا دەتوانیت پیاسەیەکی کورت بکەیت، باخچەی تولێریس بەشێک بوو لە کۆشکی تولێریس، کە لە ساڵی ١٥٦٤ دروستکرا و دواتر لە ساڵی ١٨٧١ لەلایەن کۆمۆنەکانی پاریسەوە سوتێنرا.


سەرچاوەکان



4751 بینین