جەنگی جیهانیی دووەم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-09-16:17:00 - کۆدی بابەت: 4324
جەنگی جیهانیی دووەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی جیهانیی دووەم (بە ئینگلیزی: Second World War، بە عەرەبی: الحرب العالمية الثانية) کە بە کورتکراوەی (WWII) دەناسرێت، جەنگێکی جیهانی بوو کە لە ساڵی ١٩٣٩ تا ١٩٤٥ بەردەوام بوو. زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی جیهانی لەخۆگرتبوو بەتایبەت زلهێزەکان و دوو هاوپەیمانی سەربازی دژ بەیەکیان پێکهێنا: هاوپەیمانان و وڵاتانی تەوەر. لە جەنگێکی گشتیدا کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس لە ٣٠ وڵاتی جیاواز بەشدارییان تێدا کرد. فڕۆکەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ململانێکاندا گێڕا، ئەمەش بووە هۆی بۆردومانی ستراتیژی ناوەندەکانی دانیشتووان و بەکارهێنانی یەکەمجاری چەکی ئەتۆمی لە جەنگدا. لە ئەنجامی جەنگەکە ٧٠ بۆ ٨٥ ملیۆن کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون. دەیان ملیۆن کەس بەهۆی کۆمەڵکوژی (لەوانەش هۆلۆکۆست) و برسێتی و کۆمەڵکوژی و نەخۆشی گیانیان لەدەستدا. لە دوای شکستی وڵاتانی تەوەر، ئەڵمانیا و ژاپۆن داگیرکران و دادگای تاوانەکانی جەنگ لە دژی سەرکردەکانی ئەڵمانیا و ژاپۆن بەڕێوەچوو.

هۆکارە وردەکانی جەنگی جیهانی دووەم مشتومڕیان لەسەرە، بەڵام هۆکارە سەرەکی بریتی بوون لە جەنگی دووەمی ئیتاڵۆ و ئەسیوپیا، جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا، جەنگی دووەمی چین و ژاپۆن، ململانێ سنوورییەکانی سۆڤیەت و ژاپۆن، سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئەورووپا و بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ئەورووپا لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە. بەگشتی جەنگی جیهانیی دووەم لە ١ی ئەیلوولی ١٩٣٩ دەستی پێکرد، کاتێک ئەڵمانیای نازی لە سەردەمی ئەدۆلف هیتلەردا هێرشی کردە سەر پۆڵەندا. دواتر شانشینی یەکگرتوو و فەرەنسا لە ٣ی ئەیلوولدا شەڕیان دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند. بەپێی پەیمانی مۆلۆتۆڤ-ریبنترۆپ لە ئابی ١٩٣٩، ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت پۆڵەندایان دابەشکردبوو و "کایەکانی کاریگەری خۆیان" لە سەرانسەری فینلەندا، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا و ڕۆمانیادا دیاری کردبوو. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٣٩ تا سەرەتای ساڵی ١٩٤١، لە زنجیرەیەک هەڵمەت و پەیماننامەدا، ئەڵمانیا بەشێکی زۆری کیشوەری ئەورووپای داگیرکرد و هاوپەیمانی تەوەری لەگەڵ ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکهێنا. دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکان لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، و ڕووخانی فەرەنسا لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٠، شەڕەکە بە پلەی یەکەم لە نێوان زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپا و ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بەردەوام بوو، لەگەڵ شەڕ لە باڵکان، شەڕی ئاسمانی بەریتانیا و شەڕی زەریای ئەتڵەسی. لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١ ئەڵمانیا سەرکردایەتی زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپای کرد بۆ لەشکرکێشییەک دژی یەکێتیی سۆڤیەت و بەرەی ڕۆژهەڵات کە گەورەترین شانۆی وشکانی جەنگ بوو لە مێژوودا. 

ژاپۆن کە ئامانجی زاڵبوون بوو بەسەر ئاسیا و زەریای هێمن، تا ساڵی ١٩٣٧ لەگەڵ کۆماری چین لە شەڕدا بوو. لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤١ ژاپۆن هێرشی کردە سەر خاکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هێرشێکی نزیک لە یەک کاتدا بۆ سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ناوەڕاستی زەریای هێمن، لەنێویاندا هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە پێرل هاربەر کە لە ئەنجامدا ئەمریکا شەڕی دژی ژاپۆن ڕاگەیاند. بۆیە زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپا بە هاودەنگی شەڕیان لە دژی ئەمریکا ڕاگەیاند. هەر زوو ژاپۆن بەشێکی زۆری ڕۆژاوای زەریای هێمنی گرت، بەڵام پێشڕەوییەکانی لە ساڵی ١٩٤٢دا ڕاگیران دوای ئەوەی لە شەڕی میدوەی دۆڕا؛ دواتر ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە باکووری ئەفریقا و لە ستالینگراد لە یەکێتیی سۆڤیەت شکستیان هێنا. پاشەکشە سەرەکییەکان لە ساڵی ١٩٤٣- لەوانە زنجیرەیەک شکستەکانی ئەڵمانیا لە بەرەی ڕۆژهەڵات، داگیرکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر سیسیلیا و وشکانی ئیتاڵیا و هێرشەکانی هاوپەیمانان لە زەریای هێمن- زلهێزەکانی تەوەری لە دەستپێشخەرییەکانیان وەستاند ناچاری کردن لە هەموو بەرەکاندا پاشەکشەی ستراتیژی بکەن. لە ساڵی ١٩٤٤ هاوپەیمانانی ڕۆژاوا هێرشیان كردە سەر فەرەنسا كە لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیركرابوو، هاوكات یەكێتیی سۆڤیەت زیانەكانی خاكی خۆی وەرگرتەوە و ڕووی لە ئەڵمانیا و هاوپەیمانەكانی كرد. لە ماوەی ساڵانی ١٩٤٤ و ١٩٤٥دا ژاپۆن لە وشکانی ئاسیا تووشی پێچەوانەبوونەوە بوو، لە کاتێکدا هاوپەیمانان هێزی دەریایی ژاپۆنیان پەكخست و دوورگە سەرەکییەکانی ڕۆژاوای زەریای هێمنیان گرت. 

جەنگ لە ئەورووپا بە ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرابوون، و لەشکرکێشی بۆ سەر ئەڵمانیا لەلایەن هاوپەیمانەکانی ڕۆژاوا و یەکێتیی سۆڤیەتەوە کۆتایی هات، کە بە کەوتنی بەرلین بە دەست سەربازانی سۆڤیەت و خۆکوشتنی هیتلەر و خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئەڵمانیا لە ٩ی ئایاری ١٩٤٥دا کۆتایی هات. دوای جاڕنامەی پۆتسدام لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە ٢٦ی تەممووزی ١٩٤٥ و ڕەتکردنەوەی ژاپۆن بۆ خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج، ئەمریکا یەکەم بۆمبی ئەتۆمی فڕێدایە سەر شارەکانی هێرۆشیمای ژاپۆن، لە ٦ی ئاب و ناگاساکی، لە ٩ی ئاب. لە بەرانبەر داگیرکارییەکی نزیک بۆ سەر دوورگەکانی ژاپۆن، ئەگەری بۆردومانی تری ئەتۆمی و چوونە ناوەوەی سۆڤیەت بۆ شەڕی دژی ژاپۆن لە سەروبەندی داگیرکردنی مەنچوریادا، ژاپۆن لە ١٥ی ئابدا نیازی خۆی بۆ خۆبەدەستەوەدان ڕاگەیاند، پاشان بەڵگەنامەی خۆبەدەستەوەدانی لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٤٥، سەرکەوتنی تەواوی لە ئاسیا بۆ هاوپەیمانان چەسپاند.

جەنگی جیهانیی دووەم، ڕیزبەندی سیاسی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی گۆی زەوی گۆڕی. نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بۆ پەرەپێدانی هاوکاری نێودەوڵەتی و ڕێگریکردن لە ململانێکانی داهاتوو دامەزرا، زلهێزە سەرکەوتووەکان: چین، فەرەنسا، یەکێتیی سۆڤیەت، بەریتانیا و ئەمریکا بوونە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە. یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا وەک زلهێزێکی ڕکابەر سەریان هەڵدا و جەنگی سارد لەنێوانیان دروست بوو کە نزیکەی نیو سەدەی خایاند. لە دوای وێرانکارییەکانی ئەورووپا، کاریگەریی زلهێزەکانی کەم بووەوە و بووە هۆی بێکۆلۆنیزەکردنی ئەفریقا و ئاسیا. زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە پیشەسازییەکانیان زیانیان بەرکەوتبوو، بەرەو بوژانەوەی ئابووری و فراوانبوون هەنگاویان نا. یەکگرتنی سیاسی و ئابووری، بە تایبەت لە ئەورووپا، وەک هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە دوژمنایەتییەکانی داهاتوو و کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکانی پێش جەنگ و دروستکردنی هەستی ناسنامەی هاوبەش دەستی پێکرد.

دەستپێک و کۆتایی

بەگشتی وا دادەنرێت کە لە ئەورووپا جەنگی جیهانیی دووەم لە ١ـی ئەیلوولی ١٩٣٩ دەستی پێکردووە، سەرەتا بە لەشکرکێشی ئەڵمانیا بۆ سەر پۆڵەندا و ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا بۆ سەر ئەڵمانیا دوای دوو ڕۆژ. بەروارەکانی دەستپێکردنی جەنگ لە زەریای هێمن بریتین لە دەستپێکردنی جەنگی دووەمی چین و ژاپۆن لە ٧ی تەممووزی ١٩٣٧، یان لەشکرکێشی پێشووی ژاپۆن بۆ سەر مەنچووریا، لە ١٩ی ئەیلوولی ١٩٣١. 

هەروەها لەسەر وادەی وردی کۆتاییهاتنی جەنگەکە بە شێوەیەکی گشتگیر ڕێککەوتوو نییە. بەگشتی ئاگربەستی ١٤ی ئابی ١٩٤٥ (ڕۆژی ڤی-ج) بە کۆتایی دادەنرێت، نەک بە خۆبەدەستەوەدانی فەرمیی ژاپۆن لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٤٥ کە بە فەرمی کۆتایی بە جەنگەکە هێنا لە ئاسیا.

پاشخان

ئەورووپا

جەنگی جیهانیی یەکەم گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە نەخشەی سیاسی ئەورووپادا کردبوو، بە شکستی زلهێزەکانی ناوەڕاست و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی ڕووسیا لەلایەن بەلشەفیەکان لە ساڵی ١٩١٧، کە بووە هۆی دامەزراندنی یەکێتیی سۆڤیەت. لەم نێوەندەدا هاوپەیمانە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم، وەک فەڕەنسا، بەلجیکا، ئیتاڵیا، ڕۆمانیا و یۆنان، خاکیان بەدەستهێنا و لە ڕووخانی نەمسا-هەنگاریا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ڕووسیا دەوڵەت و نەتەوەی نوێ دروست بوون. 

بۆ ڕێگریکردن لە جەنگی جیهانیی داهاتوو، کۆمەڵەی گەلان لە میانی کۆنفرانسی ئاشتی پاریس لە ساڵی ١٩١٩ دروستکرا. ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکە بریتی بوون لە ڕێگریکردن لە ململانێی چەکداری لە ڕێگەی ئاسایشی بەکۆمەڵ، چەکداماڵینی سەربازی و دەریایی، هەروەها چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی دانوستان و ناوبژیوانی ئاشتیانە. سەرەڕای هەستی بەهێزی ئاشتیخوازانە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، لە هەمان قۆناغدا ناسیۆنالیزمی ئیرێدێنتیست و ریڤانچیست لە چەندین دەوڵەتی ئەورووپادا سەریهەڵدا. ئەم هەستانە بە تایبەتی لە ئەڵمانیا بەهۆی ئەو زیانە بەرچاوانەی خاک و کۆلۆنیالیزم و دارایی بوو کە پەیمانی ڤێرسای سەپاندبووی بەسەریاندا. بەپێی پەیماننامەکە، ئەڵمانیا نزیکەی لەسەدا ١٣ی خاکی زێدی خۆی و هەموو موڵکەکانی لە دەرەوەی وڵات لەدەستدا، بەڵام لکاندنی ئەڵمانیا بە دەوڵەتەکانی دیکەوە قەدەغەکرا، قەرەبووی بەسەردا سەپێنرا سنوورێک بۆ قەبارە و توانای هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دانرا.

ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا لە شۆڕشی ئەڵمانیادا لە ساڵانی ١٩١٨-١٩١٩ هەڵوەشایەوە و حکوومەتێکی دیموکراتیک کە دواتر بە کۆماری ڤایمار ناسرا، دروست بوو. قۆناغی نێوان جەنگەکان ناکۆکی لە نێوان لایەنگرانی کۆماری نوێ و نەیارانی توندڕەو لە هەردوو لای ڕاست و چەپدا بەخۆیەوە بینی. ئیتاڵیا وەک هاوپەیمانێکی ئەنتێنتی هەندێک دەستکەوتی خاکی دوای جەنگی بەدەستهێنابوو؛ بەڵام ناسیۆنالیستەکانی ئیتاڵیا توڕە بوون لەوەی ئەو بەڵێنانەی کە شانشینی یەکگرتوو و فەرەنسا بۆ دەستەبەرکردنی چوونە ناوەوەی ئیتاڵیا بۆ جەنگەکە دایانبوو لە یەکلاییکردنەوەی ئاشتیدا جێبەجێ نەکران. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٥ بزووتنەوەی فاشیست بە سەرۆکایەتی بێنیتۆ مۆسۆلینی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت لە ئیتاڵیا بە ئەجێندایەکی ناسیۆنالیستی و تۆتالیتاری و هاوکاری چینایەتی کە دیموکراسی نوێنەرایەتی هەڵوەشاندەوە، هێزە سۆسیالیست و چەپ و لیبراڵەکانی سەرکوت کرد و سیاسەتێکی دەرەکی فراوانخوازی شەڕانگێزی پەیڕەو کرد کە ئامانج لێی کردنی ئیتاڵیا بوو بە زلهێزێکی جیهانی و بەڵێنی دروستکردنی "ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی نوێ"ـی دەدا.

ئەدۆلف هیتلەر، دوای هەوڵێکی سەرکەوتوو نەبوو بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٢٣، دواجار بوو بە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٣٣ کاتێک پۆل ڤۆن هیندنبێرگ و ڕیشستاگ دەستنیشانیان کرد. دیموکراسی هەڵوەشاندەوە، پشتگیری لە پێداچوونەوەی ڕیشەیی و ڕەگەزپەرستانەی جیهانی کرد و زۆری نەخایاند دەستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی چەکسازی کرد. لەلایەکی دیکەوە فەرەنسا بۆ دەستەبەرکردنی هاوپەیمانییەکەی، ڕێگەی بە ئیتاڵیا دا دەستی ئازادی لە ئەسیوپیادا هەبێت، کە ئیتاڵیا وەک خاوەندارێتییەکی کۆلۆنیالیزم ئارەزووی دەکرد. دۆخەکە لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٥دا خراپتر بوو کاتێک خاکی حەوزی سار بە شێوەیەکی یاسایی لەگەڵ ئەڵمانیا یەکی گرتەوە و هیتلەر پەیمانی ڤێرسای ڕەتکردەوە و بەرنامەی چەکسازی خێراتر کرد و وەرگرتنی سەربازی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

شانشینی یەکگرتوو و فەرەنسا و ئیتاڵیا لە نیسانی ١٩٣٥دا بەرەی سترێزایان پێکهێنا بۆ ئەوەی ئەڵمانیا کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەمەش هەنگاوێکی سەرەکی بوو بەرەو جیهانگیری سەربازی. یەکێتیی سۆڤیەت بە نیگەرانی لە ئامانجەکانی ئەڵمانیا لە گرتنی ناوچە بەرفراوانەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات، پەیماننامەیەکی هاوکاری یەکتری لەگەڵ فەرەنسا داڕشت. بەڵام پێش ئەوەی پەیمانی فەرەنسا و سۆڤیەت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویست بوو بە بیرۆکراسی کۆمەڵەی گەلاندا تێپەڕێت، کە پەککەوتەی کرد. ئەمریکا کە خەمی ڕووداوەکانی ئەورووپا و ئاسیای بوو، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا یاسای بێلایەنی پەسەند کرد.

هیتلەر سەرپێچی لە پەیماننامەکانی ڤێرسای و لۆکارنۆ کرد بە دووبارە سەربازی کردنەوەی ڕاینلاند لە ئازاری ١٩٣٦، بەهۆی سیاسەتی ئارامکردنەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی کەم بووەوە. لە تشرینی دووەمی ١٩٣٦ ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بەرەکانی ڕۆما-بەرلینیان پێکهێنا. دوای مانگێک ئەڵمانیا و ژاپۆن پەیمانی دژە کۆمینتەریان واژۆ کرد و ساڵی دواتر ئیتاڵیا پەیوەندی بەو پەیمانەوە کرد.

ئاسیا

لە ئاسیاش حیزبی کوومینتانگ (KMT) لە چین لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا هەڵمەتێکی یەکگرتنەوەی لە دژی سەرۆک جەنگاوەرانی ناوچەکە دەستپێکرد و بەناو چینی یەکخست، بەڵام زۆری نەخایاند تووشی شەڕێکی ناوخۆیی بوو لە دژی هاوپەیمانەکانی پێشووی حیزبی شیوعیی چینی. لە ساڵی ١٩٣١ ئیمپراتۆریەتێکی ژاپۆن کە تادەهات زیاتر میلیتاریست دەبوو، ڕووداوی موکدێنی وەک بیانوویەک بۆ داگیرکردنی مەنچووریا و دامەزراندنی دەوڵەتی بوکەڵە لە چین سازکرد. چین بانگەوازی لە کۆمکاری گەلان کرد کە لەشکرکێشی ژاپۆن بۆ سەر مەنچووریا ڕابگرێت. ژاپۆن دوای ئەوەی بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر مەنچووریا تۆمەتی خرایە پاڵ، لە کۆمکاری گەلان کشایەوە. پاشان ئەو دوو نەتەوەیە چەندین شەڕیان ئەنجامدا، لە شاری شەنگەهای و رێهێ و هێبی، تاوەکوو ئاگربەستی تانگو لە ساڵی ١٩٣٣ واژۆ کرا، دواتر هێزە خۆبەخشەکانی چین بەردەوام بوون لە بەرخۆدان لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ژاپۆن لە مەنچووریا، و چاهار و سویوان.

دوای ڕووداوی شیان لە ساڵی ١٩٣٦، کوومینتانگ و هێزە کۆمۆنیستەکان لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن بۆ پێشکەشکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ دژایەتیکردنی ژاپۆن.

رێڕەوی جەنگ

ڕێڕەو و ڕووداوەکانی جەنگی جیهانیی دووەم بەسەر نۆ بەشدا جیاکراوەتەوە، بەشەکان زنجیرەیین و یەک لەدوای یەک دێن و باسێکی گشتیی ئەو ماوەیەی جەنگ دەکەن لە یەکێک لە شانۆکانی جەنگ: 

  1. هەڵگیرسانی جەنگ لە ئەورووپا (١٩٣٩-١٩٤٠): داگیرکردنی پۆڵەندا، جەنگی زستان و داگیرکردنی لاتیڤیا و ئیستۆنیا و لیتوانیا.
  2. ئەورووپای ڕۆژاوا (١٩٤٠-١٩٤١): داگیرکردنی نەرویج و دانیمارک و فەڕەنسا، دروستکردنی وڵاتانی تەوەر، هاتنەناوەوەی ئیتاڵیا بۆ جەنگ، درێژکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ بەریتانیا.
  3. دەریای ناوەڕاست (١٩٤٠ - ١٩٤١): داگیرکارییەکانی ئیتاڵیا لە ئەفریقا، شۆڕشی عێراق و لوبنان و سووریا.
  4. هێرشی وڵاتانی تەوەر بۆ سەر یەکێتیی سۆڤیەت (١٩٤١): هێرش بۆ سەر یەکێتیی سۆڤیەت، داگیرکردنی ئێران، بەرپەرچدانەوەی ئەڵمانیا لە یەکێتیی سۆڤیەت.
  5. هەڵگیرسانی جەنگ لە زەریای هێمن (١٩٤١): پاشخان و ڕووداوەکانی هەڵگیرسانی جەنگی ژاپۆن و ئەمریکا 
  6. کۆشکەکانی پێشکەوتنی تەوەر (١٩٤٢ - ١٩٤٣)کۆبوونەوەی وڵاتان بۆ دروستکردنی ڕێکخراوی نوێ، جەنگی ژاپۆن و ئەمریکا، شکانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە ئەفریقا
  7. هاوپەیمانان زەبری هێز بەدەست دەهێنن (١٩٤٣-١٩٤٤): سەرکەوتنەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و شەڕی کورسک، شکانی گەمارۆی لینینگراد، شکانی ئیتاڵیا.
  8. نزیکبوونەوەی هاوپەیمانان (١٩٤٤)D-Day، داگیرکردنی سنوورەکانی ئەڵمانیا، ئازادکردنی فەڕەنسا و یووگۆسلاڤیا، شەڕی کەنداوی لەیتدا.
  9. داڕمانی تەوەر و سەرکەوتنی هاوپەیمانان (١٩٤٤-١٩٤٥): داگیرکردنی ئەڵمانیا، خۆکوشتنی هیتلەر، هێرشەکانی هێرۆشیما و ناگاساکی، کۆتاییی جەنگ.

ئامارەکان

جەنگی جیهانیی دووەم کوشندەترین ململانێی سەربازی بوو لە مێژوودا. بە مەزەندەکردنی کۆی گشتی ٧٠-٨٥ ملیۆن کەس لەناوچوون. مردنی ڕاستەوخۆ بەهۆی جەنگەوە (لەوانەش کوژرانی سەربازی و مەدەنی) بە ٥٠-٥٦ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، لەگەڵ ١٩-٢٨ ملیۆن مردنی دیکە بەهۆی نەخۆشی و برسێتی پەیوەست بە جەنگەوە. کۆی گشتی مردنی خەڵکی مەدەنی ٥٠-٥٥ ملیۆن کەس بووە. مردنی سەربازی بە هەموو هۆکارەکان کۆی گشتی ٢١-٢٥ ملیۆن کەس بووە، لەنێویاندا مردن لە دیلێتی نزیکەی ٥ ملیۆن دیلی جەنگدا. زیاتر لە نیوەی کۆی ژمارەی قوربانییەکان بەهۆی کوژراوانی کۆماری چین و یەکێتیی سۆڤیەتەوەیە.

جینۆساید و ئۆردوگای کۆکردنەوە و کاری کۆیلەداری

ئەڵمانیای نازی، لە ژێر دەسەڵاتی ئەدۆلف هیتلەردا، بەرپرسیار بوو لە هۆلۆکۆست (کە نزیکەی ٦ ملیۆن جوولەکەی تێدا کوژرا). دیلەکانی سۆڤیەت لە دۆخێکی تایبەتی بەرگە نەگیراودا ڕاگیران و لە کۆی ٥.٧ ملیۆن دیلەکانی سۆڤیەت لە کاتی جەنگدا ٣.٦ ملیۆن دیل لە کەمپەکانی نازییەکان گیانیان لەدەستدا. جگە لە ئۆردوگاکانی کۆکردنەوە، ئۆردوگای مەرگ لە ئەڵمانیای نازی دروستکرا بۆ قڕکردنی خەڵک لەسەر ئاستی پیشەسازی. ئەڵمانیای نازی بە شێوەیەکی بەرفراوان کرێکاری زۆرەملێی بەکاردەهێنا؛ نزیکەی ١٢ ملیۆن ئەورووپی لە وڵاتانی داگیرکراوی ئەڵمانیا ڕفێنران و وەک هێزی کاری کۆیلە لە پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئابووری جەنگی ئەڵمانیادا بەکارهێنران.

گولاگی سۆڤیەت لە ماوەی ساڵانی ١٩٤٢-١٩٤٣ بوو بە سیستەمێکی دیفاکتۆ لە کەمپە کوشندەکان، کاتێک بێبەشی و برسێتی لە کاتی جەنگدا بووە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان، لەنێویاندا هاوڵاتیانی بیانی پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە کە لە ساڵی ١٩٣٩-٤٠ لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە داگیرکرابوون، هەروەها دیلەکانی وڵاتانی تەوەر. تا کۆتایی جەنگ زۆربەی دیلەکانی سۆڤیەت لە کەمپەکانی نازییەکان ڕزگاریان بوو و زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی کە گەڕانەوە برانە کەمپەکانی هەڵسەنگاندن، NKVDیان بۆ کرا و ٢٢٦ هەزار و ١٢٧ کەس وەک هاوکارێکی ڕاستەقینە یان هەستپێکراوی نازی ڕەوانەی گولاگ کران. 

هەروەها کەمپی دیلەکانی جەنگی ژاپۆن کە زۆربەیان وەک کەمپی کار بەکاردەهێنران، ڕێژەی مردنیان زۆر بوو. دادگای سەربازی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی دوور بۆی دەرکەوتووە کە ڕێژەی مردنی زیندانیانی ڕۆژاوا لەسەدا ٢٧ بووە (بۆ دیلەکانی ئەمریکا، لەسەدا ٣٧)، کە حەوت هێندەی دیلەکانی سەردەمی ئەڵمانییەکان و ئیتاڵییەکانە. لە کاتێکدا دوای خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن ٣٧ هەزار و ٥٨٣ زیندانی لە بەریتانیا و ٢٨ هەزار و ٥٠٠ زیندانی لە هۆڵەندا و ١٤ هەزار و ٤٧٣ زیندانی لە ئەمریکا ئازاد کران، بەڵام ژمارەی ئەو چینیانەی کە ئازاد کراون تەنیا ٥٦ کەس بووە. بەلایەنی کەمەوە پێنج ملیۆن کەسی مەدەنی چینی لە باکووری چین و مانچوکوو لە نێوان ساڵانی ١٩٣٥ بۆ ١٩٤١ لەلایەن دەستەی گەشەپێدانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، یان کواین، کران بە کۆیلە بۆ کارکردن لە پیشەسازییەکانی مین و جەنگدا. دوای ساڵی ١٩٤٢ ژمارەکە گەیشتە ١٠ ملیۆن کەس. لە جاوە، لە نێوان ٤ بۆ ١٠ ملیۆن ڕۆموشا (کرێکاری دەستی) لەلایەن سوپای ژاپۆنەوە ناچار بوون کار بکەن. نزیکەی ٢٧٠ هەزار لەو کرێکارە جاوەنیانە ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی ژاپۆن کران لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و تەنیا ٥٢ هەزار کەسیان گەڕێندرانەوە بۆ جاوە.

ژمارەی کوژراوانی جەنگی جیهانی دووەم و برینداران بەپێی وڵات

وڵات سەرباز خەڵکی مەدەنی کۆی گشتی سەربازی بریندار
ئەلبانیا ٣٠,٠٠٠   ٣٠,٠٠٠
ئوسترالیا ٣٩,٧٠٠ ٧٠٠ ٤٠,٤٠٠ ٣٩,٨٠٣
نەمسا (یەکگرتووی لەگەڵ ئەڵمانیا) لەگەڵ ئەڵمانیا لەگەڵ ئەڵمانیا   لەگەڵ ئەڵمانیا
بەلجیکا ١٢,٠٠٠ ٧٦,٠٠٠ ٨٨,٠٠٠ ٥٥,٥١٣
بەڕازیل ١,٠٠٠ ١,٠٠٠ ٢,٠٠٠ ٤,٢٢٢
بولگاریا ١٨,٥٠٠ ٣,٠٠٠ ٢١,٥٠٠ ٢١,٨٧٨
بۆرما (کۆلۆنی بەریتانی) ٢,٦٠٠ ٢٥٠,٠٠٠ بۆ ١,٠٠٠,٠٠٠ ٢٥٢,٦٠٠ بۆ ١,٠٠٠,٠٠٠
کەنەدا ٤٢,٠٠٠ ١,٦٠٠ ٤٣,٦٠٠ ٥٣,١٧٤
چین (١٩٣٧-١٩٤٥) ٣,٠٠٠,٠٠٠
بۆ ٣,٧٥٠,٠٠٠+
٧,٣٥٧,٠٠٠
بۆ ٨,١٩١,٠٠٠
١٥,٠٠٠,٠٠٠
بۆ ٢٠,٠٠٠,٠٠٠
١,٧٦١,٣٣٥
کوبا   ١٠٠ ١٠٠
چیکۆسلۆڤاکیا ٣٥,٠٠٠ بۆ ٤٦,٠٠٠ ٢٩٤,٠٠٠ بۆ
٣٢٠,٠٠٠
٣٤٠,٠٠٠ بۆ ٣٥٥,٠٠٠ ٨,٠١٧
دانیمارک   ٦,٠٠٠ ٦,٠٠٠ ٢,٠٠٠
هۆڵەندی ڕۆژهەڵاتی هیندستان ١١,٥٠٠ ٣٠٠,٠٠٠ ٣,٠٠٠,٠٠٠
بۆ ٤,٠٠٠,٠٠٠
میسر ١,١٠٠   ١,١٠٠
ئیستۆنیا ٣٤,٠٠٠ (لەگەڵ هەردوو یەکێتیی سۆڤیەت و ئەڵمانیا) ٤٩,٠٠٠ ٨٣,٠٠٠
ئەسیوپیا ١٥,٠٠٠ ٨٥,٠٠٠ ١٠٠,٠٠٠
فینلاند ٩٤,٧٠٠ ٢,١٠٠ ٩٦,٨٠٠ ١٩٧,٠٠٠
فەرەنسا (بە کۆلۆنیەکانەوە) ٢١٠,٠٠٠ ٣٩٠,٠٠٠ ٦٠٠,٠٠٠ ٣٩٠,٠٠٠
هیندۆچینی فەرەنسی     ١,٠٠٠,٠٠٠
بۆ ٢,٢٠٠,٠٠٠
ئەڵمانیا ٤,٤٤٠,٠٠٠ بۆ ٥,٣١٨,٠٠٠ ١,٥٠٠,٠٠٠
بۆ ٣,٠٠٠,٠٠٠
٦,٩٠٠,٠٠٠
بۆ ٧,٤٠٠,٠٠٠
٧,٣٠٠,٠٠٠
یۆنان ٣٥,١٠٠ ١٧١,٨٠٠ ٥٠٧,٠٠٠
بۆ ٨٠٧,٠٠٠
٤٧,٢٩٠
گوام ١,٠٠٠
بۆ ٢,٠٠٠
  ١,٠٠٠
بۆ ٢,٠٠٠
هەنگاریا ٢٠٠,٠٠٠ ٢٦٤,٠٠٠
بۆ ٦٦٤,٠٠٠
٤٦٤,٠٠٠
بۆ ٨٦٤,٠٠٠
٨٩,٣١٣
ئایسلەندا   ٢٠٠ ٢٠٠
هیندستان ٨٧,٠٠٠   ٢,٢٠٠,٠٠٠
بۆ ٣,٠٨٧,٠٠٠
٦٤,٣٥٤
ئێران ٨٠٠ ٢٠٠ ٣,٠٠١,٠٠٠ بۆ ٤,٠٠١,٠٠٠
عێراق ٥٠٠ ٢٠٠ ٧٠٠
ئێرلەندا ٥٠٠٠ ١٠٠ ١٠٠
ئیتاڵیا ٣١٩,٢٠٠ بۆ ٣٤١,٠٠٠ ١٥٣,٢٠٠ ٤٩٢,٤٠٠ بۆ ٥١٤,٠٠٠ ٢٢٥,٠٠٠ بۆ ٣٢٠,٠٠٠
ژاپۆن
٢,١٠٠,٠٠٠ بۆ
٢,٣٠٠,٠٠٠
٥٥٠,٠٠٠ بۆ
٨٠٠,٠٠٠
٢,٥٠٠,٠٠٠ 
بۆ ٣,١٠٠,٠٠٠
٣٢٦,٠٠٠
کۆریا (کۆلۆنی ژاپۆنی) لەگەڵ سوپای ژاپۆن ٤٨٣,٠٠٠ 
بۆ ٥٣٣,٠٠٠
٤٨٣,٠٠٠
بۆ ٥٣٣,٠٠٠
لاتڤیا ٣٠,٠٠٠ (لەگەڵ هەردوو یەکێتیی سۆڤیەت و ئەڵمانیا) ٢٢٠,٠٠٠ ٢٥٠,٠٠٠
لیتوانیا (لە سنوورەکانی ساڵی ١٩٣٩) ٢٥,٠٠٠ (لەگەڵ هەردوو یەکێتیی سۆڤیەت و ئەڵمانیا) ٣٤٥,٠٠٠ ٣٧٠,٠٠٠
لوکسمبۆرگ ٢,٩٠٥ (لەگەڵ ئەڵمانیا)  ٤,٢٠١ ٧,١٠٦
مالایا و سەنگافورە   ١٠٠,٠٠٠ ١٠٠,٠٠٠
ماڵتا (بەریتانی) لەگەڵ بەریتانیا ١,٥٠٠ ١,٥٠٠
مەکسیک   ١٠٠ ١٠٠
مەنگۆلیا ٣٠٠   ٣٠٠
ناورو (ئۆستراڵی)   ٥٠٠ ٥٠٠
نیپاڵ لەگەڵ سوپای هیندی بەریتانی    
هۆڵەندا ٦,٧٠٠ ١٨٧,٣٠٠ ٢١٠,٠٠٠ ٢,٨٦٠
نیوفاوندلاند (بەریتانی) ١,١٠٠ ١٠٠ ١,٢٠٠  
وڵاتی نیوزله‌ندا ١١,٧٠٠   ١١,٧٠٠ ١٩,٣١٤
نەرویج ٢,٠٠٠ ٨,٢٠٠ ١٠,٢٠٠ ٣٦٤
پاپوا و نیوگینیا (ئۆسترالیا)   ١٥,٠٠٠ ١٥,٠٠٠
فلیپین (خاکی ئەمریکا) ٥٧,٠٠٠ ١٦٤,٠٠٠ بۆ ١,٠٠٠,٠٠٠ ٥٥٧,٠٠٠ بۆ ١,٠٠٠,٠٠٠
پۆڵەندا ٢٤٠,٠٠٠ ٥,٦٢٠,٠٠٠
بۆ ٥,٨٢٠,٠٠٠
٥,٩٠٠,٠٠٠
بۆ ٦,٠٠٠,٠٠٠
٧٦٦,٦٠٦
تیمۆری پورتوگالی   ٤٠,٠٠٠
بۆ ٧٠,٠٠٠
٤٠,٠٠٠
بۆ ٧٠,٠٠٠
ڕۆمانیا ٣٠٠,٠٠٠ ٢٠٠,٠٠٠ ٥٠٠,٠٠٠ ٣٣٢,٧٦٩
ڕواندا-ئوردۆ     ٣٦,٠٠٠–٥٠,٠٠٠
باشوری ئەفریقا ١١,٩٠٠   ١١,٩٠٠ ١٤,٣٦٣
دەریای باشوور   ١٠,٠٠٠ ١٠,٠٠٠  
یەکێتیی سۆڤیێت ٨,٦٦٨,٠٠٠ بۆ ١١,٤٠٠,٠٠٠ ٤,٥٠٠,٠٠٠ بۆ ١٠,٠٠٠,٠٠٠ ٢٠,٠٠٠,٠٠٠ بۆ ٢٧,٠٠٠,٠٠٠ ١٤,٦٨٥,٥٩٣
ئیسپانیا لەگەڵ سوپای ئەڵمانیا    
سوید ١٠٠ ٢,٠٠٠ ٢,١٠٠
سویسرا   ١٠٠ ١٠٠
تایلەند ٥,٦٠٠ ٢,٠٠٠ ٧,٦٠٠
تورکیا ٢٠٠   ٢٠٠
بەریتانیا ٣٨٣,٧٠٠ ٦٧,٢٠٠ ٤٥٠,٩٠٠ ٣٧٦,٢٣٩
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٤٠٧,٣٠٠  ١٢,١٠٠ ٤١٩,٤٠٠ ٦٧١,٨٠١
یووگۆسلاڤیا ٣٠٠,٠٠٠
بۆ ٤٤٦,٠٠٠
٥٨١,٠٠٠ بۆ ١,٤٠٠,٠٠٠ ١,٠٢٧,٠٠٠ بۆ ١,٧٠٠,٠٠٠ ٤٢٥,٠٠٠
نەتەوەکانی تر        
کۆی گشتی ٢١ بۆ ٢٥ ملیۆن و نیو ٢٩ بۆ ٣٠ ملیۆن و نیو ٧٠ بۆ ٨٥ ملیۆن

 


سەرچاوەکان



42034 بینین