کۆفی ئەننان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-16-15:36:00 - کۆدی بابەت: 12920
کۆفی ئەننان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆفی ئەننان یان کۆفی عەتا عەننان یان کۆفی ئەتا ئەننان (بە عەرەبی: كوفي أنان، بە ئینگلیزی: Kofi Atta Annan) دیبلۆماتکار و سیاسەتوان بووە و یەکەم کەسایەتی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی ڕەشپێست بووە کە لە ساڵی ١٩٩٧ تاکوو ساڵی ٢٠٠٦ وەکوو حەوتەمین سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست بەکار بووە. لە ساڵی ٢٠٠١ بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی بەدەستهێناوە، دامەزرێنەر و سەرۆکی دامەزراوەی کۆفی ئەننان بووە، هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی ئەنجوومەنی پیران بووە کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لەلایەن نێلسۆن ماندێلاوە دامەزراوە. 

زانیاری گشتی

ناو  کۆفی عەتا عەننان
ساڵی لەدایکبوون ٨ـی نیسانی ساڵی ١٩٣٨، گانا
ئایین مەسیحی پرۆستانت
ڕەچەڵەک   ئەفریقی ڕەشپێست
پیشە دیبلۆماتکار، سیاسەتوان، ئابوورییناس
کۆچی دوایی  ١٨ـی ئابی ساڵی ٢٠١٨، بێرن سویسرا

ژیاننامەی

کۆفی ئەننان لە ٨ـی نیسانی ساڵی ١٩٣٨ لە شاری کوماسی لە باشووری گانا لەدایکبووە، خێزانەکەی لە خێزانە دەوڵەمەند و خانەدانەکانی ناوچەکەی بووە. لە ساڵی ١٩٥٤ تاکوو ساڵی ١٩٥٧ لە خوێندنگەی تایبەتی و نموونەیی وانەی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٥٨ لە کۆلێجی کۆماسی بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە گانا دەستی کردووە بە خوێندنی ئابووری، بەخششی تەواوکردنی خوێندنی لە دامەزراوەی فۆردی ئەمریکی وەرگرتووە و خوێندنی زانکۆی لە کۆلێجی ماکالستەر لە مینیسوتا لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦١ تەواوکردووە. پاشان بڕوانامەی دیبلۆمی لە بواری لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە پەیمانگای باڵای خوێندنی باڵا و گەشەپێدان لە جنێف لە سویسرا لە ساڵی ١٩٦١ بۆ ساڵی ١٩٦٢ بەدەست هێناوە. لە ساڵی ١٩٧١ بۆ ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامەی ماستەری لە بەڕێوەبردنی کار بەدەست هێناوە. کۆفی ئەننان سەرباری زانینی چەند زمانێکی ئەفریقی کۆن زمانی ئینگلیزی و زمانی فەڕەنسیشی بە باشی زانییە.

ژیانی تایبەتی

کۆفی ئەننان لە ساڵی ١٩٦٥ هاوسەرگیری لەگەڵ تیتی ئالاکچا کردووە کە کچی خانەوادەیەکی نەیجیری دەوڵەمەند بووە، لەم هاوسەرگیرییە بوونەتە خاوەن کچێک و کوڕێک و لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو جیابوونەتەوە و لە ساڵی ١٩٨٣ بە فەرمی جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند. کۆفی ئەننان لە ساڵی ١٩٨٤ دووبارە هاوسەرگیری لەگەڵ کچە پارێزەرێکی سویدی بە ناوی نان ماریا کردووەتەوە.

ئەزموونی پیشەیی

  • لە ساڵی ١٩٦٢ کۆفی ئەننان وەکوو بەرپرسی بودجەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان کرا.
  • لە ساڵی ١٩٧٤ بۆ ساڵی ١٩٧٦ بەڕێوبەری گشتی کەرتی گەشتیاری وڵاتی گانا بووە.
  • لە ساڵی ١٩٨٠ بووەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری کۆچبەران لە جنێف.
  • لە ساڵی ١٩٨٣ بووەتە بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی سکرتارییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
  • لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان کۆفی ئەننان چەندان پۆستی گرنگی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست هێناوە.
  • لە ساڵی ١٩٩٦ بوتڕس بوتڕس غالی شەشەم سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەی پۆستەکەی تەواو بوو و کۆفی ئەننان و ئامارا ئیسی دوو بەربژێری سەرەکی بوون بۆ جێگرەوەی، لە یەکی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٧ ماوەی ویلایەت و دەسەڵاتی کۆفی ئەننان بە فەرمی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکرد.
  • لە ساڵانی نەودەکان بەهۆی کۆمەڵکوژییەکانی وڵاتی ڕواندا و لاوازی و سستی دەسەڵاتی ئەننان لە بارودۆخەکە داوای دەست لە کار کێشانەوەی کرا.
  • بەهۆی جەنگی کەنداوی عێراق و کوەیت و گەمارۆدانی ئابووری لەسەر عێراق و سیاسەتی "نەوت بەرامبەر خۆراک" ئەننان ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە و داوای دەست لە کارکێشانەوەی کرا.
  • لە ماوەی کارکردنی وەکوو ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەر پرسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لە وڵاتە ئەفریقییەکان کردووە، لە دوای ڕووداوەکانی یازدەی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەبووە و هەر لە هەمان ساڵ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێ بەخشراوە.
  • لە دوای تەواوبوونی کاری وەکوو ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، خانەنشین کرا و لە ساڵی ٢٠١٢ وەکو نێردراوی نێوەندگیری نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرا و نێردرا بۆ وڵاتی سوریا تاکوو کێشە و ناکۆکییەکانی ئەو کاتەی سوریا چارەسەر بکات، بەڵام لە مانگی ئابی هەمان ساڵ بەهۆی نەبوونی ئەنجام و بەردەوامی شەڕ لە وڵاتی سوریا دەستی لە کارەکەی کێشایەوە.

کۆچی دوایی 

کۆفی ئەننان لە ڕۆژی ١٨ـی ئابی ساڵی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا دوای نەخۆشکەوتنی بۆ ماوەیەکی کورت لە شاری بێرن لە سویسرا کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



4712 بینین