نەتەوە یەکگرتووەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-24-20:02:00 - کۆدی بابەت: 1541
نەتەوە یەکگرتووەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەتەوە یەکگرتووەکان، یوو ئێن یان میللەتانی یەکگرتوو (بە ئینگلیزی: United Nations، بە عەرەبی: الامم المتحدة) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی نێوان حکوومەتەکانە کە ئامانجی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەیە لە نێوان گەلان، هاوتا لەگەڵ بەدیهێنانی هاوکاری نێودەوڵەتی و بوون بە ناوەندێک بۆ هاوئاهەنگکردەوەی گەلان. گەورەترین و ئاشناترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا. بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر خاکی نێودەوڵەتی لە شاری نیو یۆرکە، ئۆفیسی سەرەکی تری لە جنێڤ، نایرۆبی، ڤییەنا و لاهای هەیە (دادگای نێودەوڵەتی).

نەتەوە یەکگرتووەکان دوای جەنگی جیهانیی دووەم بە ئامانجی ڕێگریکردن لە جەنگەکانی داهاتوو دامەزراوە، کە جێگەی کۆمکاری گەلان یان کۆمەڵەی نەتەوەکانی گرتەوە کە تا ڕادەیەک بێکاریگەر بوو. لە ٢٥ی نیسانی ١٩٤٥دا ٥٠ حکوومەت لە سانفرانسیسکۆ بۆ کۆنفرانسێک کۆبوونەوە و دەستیان کرد بە داڕشتنی نووسراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٤٥ پەسەند کرا و لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی کرد. بەپێی نووسراوەکە، ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە بریتین لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان، پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام و بەرزڕاگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان لە دامەزراندنیدا ٥١ وڵاتی ئەندامی هەبوو؛ لەگەڵ زیادکردنی باشووری سوودان لە ساڵی ٢٠١١، ژمارەی ئەندامان ١٩٣ وڵاتە، کە نوێنەرایەتی نزیکەی هەموو دەوڵەتە سەربەخۆکانی جیهان دەکات.

ئەرکی ڕێکخراوەکە بۆ پاراستنی ئاشتی جیهانی لە سەرەتای دەیەکانیدا بەهۆی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانیانەوە ئاڵۆزتر بوو. دوای کۆلۆنیالیزەکردنی بەربڵاو کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، ئەندامێتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. لەو کاتەوە ٨٠ کۆلۆنی پێشوو سەربەخۆیییان بەدەستهێنا، لەنێویاندا ١١ خاکی هەرێمی کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئەمیندارییەوە چاودێری کرابوون. تا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرنامەکانی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆر لە خەرجییەکانی بۆ ئاشتیپارێزی زیاتر بوو. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی خۆی گۆڕی و فراوانتری کردن، چەندین ئەرکی ئاڵۆزی جۆراوجۆری لە ئەستۆ گرت.

نەتەوە یەکگرتووەکان شەش ئۆرگانی سەرەکی هەیە: ئەنجوومەنی گشتی؛ ئەنجوومەنی ئاسایش؛ ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی (ECOSOC)؛ ئەنجوومەنی ئەمینداری؛ دادگای نێودەوڵەتیی دادوەری؛ و سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان. سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک دەزگا و سندوق و بەرنامەی تایبەتمەند لەخۆدەگرێت، وەک گرووپی بانکی جیهانی، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەرنامەی خۆراکی جیهانی، یونسکۆ و یونیسێف. سەرەڕای ئەوە، ڕەنگە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پۆستی ڕاوێژکارییان لەگەڵ ECOSOC و دەزگاکانی تر پێ بدرێت بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

سەرۆکی کارگێڕی نەتەوە یەکگرتووەکان سکرتێری گشتییە. نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەفسەرەکانی و دەزگاکانی چەندین خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان بەدەستهێناوە، هەرچەندە هەڵسەنگاندنەکانی تری کاریگەرییەکانی تێکەڵاو بوون. هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ڕێکخراوەکە هێزێکی گرنگە بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی مرۆیی، هەندێکی تریش بە بێکاریگەر، لایەنگری ستەم یان گەندەڵ ناویان بردووە.

ڕێکخستن

دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری جیهان هەڵکەوتوون. شەش زمانی فەرمی لە کۆبوونەوە و بەڵگەنامەکانی نێوان حکوومەتەکاندا لە ڕێکخراوەکە بەکار دەهێنرێن، عەرەبی، چینی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ڕووسی و ئیسپانی. لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی ئیمتیازات و بەرگرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی بێبەرین لە یاساکانی ئەو وڵاتانەی کە کاریان تێدا دەکەن، بێلایەنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی وڵاتانی میواندار و ئەندامانەوە دەپارێزن.

دامەزراندن

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە نوێیەکە لە نێوان شاندەکانی چوار گەورەی هاوپەیمانان لە کۆنفرانسی دامبارتۆن ئۆکس لە ٢١ی ئەیلوول تا ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤ داڕێژرا و دانوستانیان لەسەر کرا. لەوێ لەسەر کۆمەڵێک پێشنیار بۆ ئامانج و پێکهاتە و کارکردنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی نوێ ڕێککەوتن. بەڵام پێش ئەوەی بگەنە کۆتایی، پێویستی بە کۆنفرانسی یاڵتا و دانوستانی زیاتر لەگەڵ مۆسکۆ بوو تاوەکوو گەیشتە ئەنجام. تا یەکەمی ئازاری ١٩٤٥، ٢١ دەوڵەتی دیکە جاڕنامەکەیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە واژۆ کرد. دوای چەند مانگێک لە پلاندانان، کۆنفرانسی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٥ی نیسانی ١٩٤٥ لە سانفرانسیسکۆ کرایەوە، کە ٥٠ حکوومەت و ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکوومی بەشدارییان تێدا کرد.

وڵاتانی گەورەی هاوپەیمانی ئەوکات کە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانیی دووەم بوون، بانگهێشتی گەلانی تریان کرد بۆ بەشداریکردن و سەرۆکی شاندەکانی چوار وڵات سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی پلینۆمیان کرد. دوای ئازادکردنی پاریس لە ئابی ١٩٤٤، وینستن چەرچڵ داوای لە ڕۆزڤێڵت کرد کە فەڕەنسا بگەڕێنێتەوە بۆ پێگەی زلهێزە گەورەکان. داڕشتنی نووسراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوو مانگی دواتردا تەواو بوو؛ لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٤٥ لەلایەن نوێنەرانی ٥٠ وڵاتەوە واژۆ کرا. یان سموتس نووسەری سەرەکی ڕەشنووسەکە بوو. 

نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دامەزرا، ئەمەش بە پەسەندکردنی نووسراوەکە لەلایەن پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە واتە (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، یەکێتیی سۆڤیەت و کۆماری چین) و 46 وڵاتی تری واژۆکار. یەکەم کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتی، بە نوێنەرایەتی ٥١ نەتەوە، و ئەنجوومەنی ئاسایش لە لەندەن بەڕێوەچوو کە لە کانوونی دووەمی ١٩٤٦ دەستی پێکرد، مشتومڕەکان بە یەکەم جار ڕوویاندا، کە باس لە پرسە بابەتییەکانی وەک بوونی سەربازانی ڕووسیا لە ئازەربایجانی ئێران، هێزەکانی بەریتانیا لە یۆنان کرا. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا یەکەم ڤیتۆ کرا. ئەوکات دیپلۆماتکاری بەریتانی گلادوین جێب وەک سکرتێری گشتی بە وەکالەت کاری دەکرد.

کۆبوونەوەی گشتی شاری نیویۆرکی وەک شوێنی بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژارد، لە ١٤ی ئەیلوولی ١٩٤٨ دەستی بە دروستکردن کرد و لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٢ دامەزراوەکە تەواو بوو. شوێنەکەی (وەک بیناکانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ و ڤییەنا و نایرۆبی) وەک خاکی نێودەوڵەتی دیاری کراوە. دواتریش وەزیری دەرەوەی نەرویج بەناوی "تریگڤ لی" وەک یەکەم سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کرا. 

دوای جەنگی سارد

دوای جەنگی سارد، نەتەوە یەکگرتووەکان فراوانبوونی ڕیشەیی لە ئەرکەکانی ئاشتیپارێزیدا بەخۆیەوە بینی، لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەرکی زیاتری لە چوار دەیەی پێشوودا گرتە ئەستۆ. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ٢٠٠٠ ژمارەی بڕیارنامە پەسەندکراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش زیاتر لە دوو هێندە زیادی کرد و بودجەی ئاشتیپارێزی زیاتر لە دە هێندە زیادی کرد. نەتەوە یەکگرتووەکان دانوستانەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سەلڤادۆر کرد، ئەرکێکی سەرکەوتووی ئاشتیپارێزی لە نامیبیا دەستپێکرد، هەروەها سەرپەرشتی هەڵبژاردنە دیموکراتییەکانی ئەفریقای باشووری دوای ئاپارتاید و کەمبۆدیای دوای خمیری سوور (Khmer Rouge) کرد. لە ساڵی ١٩٩١ نەتەوە یەکگرتووەکان رێگەی بە هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دا کە لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوەیت ڕابگرێت.

برایان ئورکوهارت، جێگری سکرتێری گشتی لە ساڵانی ١٩٧١ تا ١٩٨٥، دواتر ئەو هیوایانەی کە بەهۆی ئەم سەرکەوتنانە وروژێنران، بە "ڕێنیسانسێکی ساختە" بۆ ڕێکخراوەکە وەسف کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکانەی کە زیاتر تووشی کێشە بوون کە بەدوایدا هات.

لە دەیەکانی کۆتایی جەنگی ساردەوە، ڕەخنەگرانی ئەمریکی و ئەورووپی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی و گەندەڵی تێیدا ئیدانەی ڕێکخراوەکەیان کرد. لە ساڵی ١٩٨٤، بەهۆی تۆمەتی خراپ بەڕێوەبردنی ڕێکخراو، ڕۆناڵد ڕیگان، سەرۆکی ئەمریکا، پارەی نەتەوەکەی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری (یونسکۆ) کشاندەوە، دواتر بەریتانیا و سەنگاپوورەش هەمان کاریان کرد. بوترۆس بوترۆس غالی، سکرتێری گشتی لە ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٦، دەستی بە چاکسازی لە سکرتاریەت کرد و قەبارەی ڕێکخراوەکەی تا ڕادەیەک کەم کردەوە. جێنشینی ئەو، کۆفی عەنان (١٩٩٧-٢٠٠٦)، لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی باجەکانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بە چاکسازی زیاتری بەڕێوەبردن کرد.

هەرچەندە نووسراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پلەی یەکەم بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی نەتەوەیەک بۆ سەر نەتەوەیەکی تر نووسرابوو، بەڵام لە سەرەتای نەوەدەکاندا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی هاوکات و جددی بووەوە لەناو گەلانی وەک سۆماڵ، هایتی، مۆزەمبیق و یوگۆسلاڤیای پێشوو. نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سۆماڵ بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک شکستێک سەیری دەکرا، ئەمەش دوای کشانەوەی ئەمریکا دوای قوربانیانی شەڕی مۆگادیشۆ. نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆسنە ڕووبەڕووی "گاڵتەجاڕی جیهانی" بووەوە بەهۆی ئەرکە نابڕیار و سەرلێشێواوەکەی لە بەرامبەر پاکتاوکردنی نەتەوەیی.

لە ساڵی ١٩٩٤دا، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ڕواندا شکستی هێنا لە دەستێوەردان لە جینۆسایدی ڕواندا بەهۆی بڕیارنەدانی ئەنجوومەنی ئاسایش.

لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانەوە تا سەرەتای ٢٠٠٠، دەستێوەردانەکانی نێودەوڵەتی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێگەیان پێدرابوو، فۆڕمی جۆراوجۆری فراوانتریان گرتەبەر. بڕیارنامەی ١٢٤٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەی بە هێزی کۆسۆڤۆ بە سەرۆکایەتی ناتۆ دا و لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە دەستی پێکرد. ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان (١٩٩٩-٢٠٠٦) لە شەڕی ناوخۆی سیرالیۆن بە دەستێوەردانی سەربازی بەریتانیا تەواوکرا. لەشکرکێشی بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن ناتۆوە سەرپەرشتی دەکرا. لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی نەیتوانی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگەپێدان دەربکات، هێرشی کردە سەر عێراق، ئەمەش وایکرد خولێکی نوێی پرسیارکردن لە کاریگەریی رێکخراوەکە بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

لە سەردەمی هەشتەمین سکرتێری گشتی، بان کی موون، نەتەوە یەکگرتووەکان لە قەیرانەکانی وەک شەڕی دارفور لە سوودان و ململانێی کیڤو لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لەگەڵ هێزەکانی ئاشتیپارێز دەستوەردانی کرد و چاودێران و پشکنەری چەکی کیمیایی ڕەوانەی شەڕی ناوخۆی سووریا کرد. لە ساڵی ٢٠١٣دا، پێداچوونەوەی ناوخۆیی بە کردەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەڕە کۆتاییەکانی شەڕی ناوخۆی سریلانکا لە ساڵی ٢٠٠٩دا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ڕێکخراوەکە تووشی "شکستی سیستماتیکی" بووە. لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێکخراوەکە تووشی خراپترین زیانی گیانی لە مێژووی خۆیدا بوو، کاتێک ١٠١ کارمەند بەهۆی بومەلەرزەکەی هایتی گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی ٢٠١١ بەپێی بڕیارنامەی ١٩٧٣ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ناتۆ دەستوەردانیان لە شەڕی ناوخۆی لیبیادا کرد.

لوتکەی هەزارە لە ساڵی ٢٠٠٠ بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەدەی بیست و یەکەمدا بەڕێوەچوو. کۆبوونەوە سێ ڕۆژەکە گەورەترین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی جیهان بوو لە مێژوودا، بە پەسەندکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی هەزارە لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامەوە گەیشتە لوتکە، پابەندبوونێک بە بەدەستهێنانی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی وەک کەمکردنەوەی هەژاری، یەکسانی ڕەگەز، و تەندروستی گشتی.

لوتکەی جیهانی ساڵی ٢٠٠٥، دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگی بە پێشخستنی گەشەپێدان و ئاشتیپارێزی و مافی مرۆڤ و ئاسایشی جیهانی دەدات. ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی هەزارە دەستیپێکرد. جگە لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی داوە لێپرسینەوە و شەرعیەتی دیموکراتیی خۆی باشتر بکات بە پەیوەندی زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و پەروەردەکردنی بازنەی هەڵبژاردنی جیهانی. لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی ڕوونی، لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕێکخراوەکە یەکەم دیبەیتی گشتی خۆی لە نێوان کاندیدەکانی سکرتێری گشتی ئەنجامدا. لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس دیپلۆماتکاری پورتوگالی کە پێشتر وەک کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە، بووە نۆیەمین سکرتێری گشتی. گۆتێرێس تیشکی خستۆتە سەر چەندین ئامانجی سەرەکی بۆ ئیدارەکەی، لەوانە جەختکردنەوە لەسەر دیپلۆماسی بۆ پێشگیری لە ململانێکان، هەوڵی کاریگەرتر بۆ ئاشتیپارێزی و ڕێکخستنی ڕێکخراوەکە بۆ ئەوەی زیاتر وەڵامدەرەوە و گشتگیر بێت بەرامبەر بە پێداویستییە جیهانییەکان.


سەرچاوەکان



36539 بینین