یونسکۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-02-12-03:01:00 - کۆدی بابەت: 2191
یونسکۆ

ناوه‌ڕۆك

یونسكۆ

یونسكۆ دامەزراوەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكانە لە بواری پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری، كە لە ساڵی 1945 دامەزرا و لە 1946 بوو بە بەشێك لە نەتەوە یەكگرتووەكان. بارەگای سەرەكی دەكەوێتە پاریس لە فەڕنسا. 
یونسكۆ سەرەتا هەوڵی دروستكردنەوەی قوتابخانە، كتێبخانە و مۆزەخانە ڕووخاوەكان بوو كە جەنگی جیهانی دووەم بەجێی هێشتبوو، لە سەرەتاوە یونسكۆ ئامانجی یارمەتیدانی نەتەوەكانی تر بووە بۆ نەهێشتی نەخوێندەواری و پەرەدان بە خوێندنی خۆڕایی. یونسكۆ هەمیشە بە شوێن بیرۆكەی نوێدا دەگەڕێت بۆیە چەندین كۆنفرانس ئەنجامدەدات بەمەبەستی ڕێنمایی پێدان و گۆڕینەوەی بیروڕا.
لەكاتێكدا چەندین وڵاتی دواكەوتوو هاتنە ناو نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، یونسكۆ هەستا بە تەرخانكردنی سەرچاوەی زیاتر بەمەبەستی یارمەتیدانی زیاتری ئەم وڵاتانە، كە كێشەیان هەژاری، نەخوێندەواری و دواكەتوویی بوو. لە ساڵی 1950 ویلایەتە یەكگرتووەكان و چەند وڵاتێكی تر یونسكۆیان تاوانبار كرد بە یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی كە كلتورەكانیان دژی ڕۆژئاواییەكانە. ئەم كێشەیە وای لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كرد لە یونسكۆ بكشێنەوە لە ساڵی 1984، هەروەها شانشینی یەكگرتوو و سەنگافورە ساڵی دواتر كشانەوە. پاش سەركەوتنی پارتی كار دووبارە شانشینی یەكگرتوو گەڕایەوە ناو یونسكۆ لە ساڵی 1997،  هەوەها ویلایەتە یەكگرتووەكان و سەنگافورە لە ساڵی 2003 و 2007 دووبارە گەڕانەوە ناو یونسكۆ. لە ساڵی 2011 یونسكۆ بەفەرمی فەڵەستینی وەك ئەندام ناساند. لە دوای ئەم بڕیارە ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە چیتر یارمەتی دارایی نانێرێن بۆ یونسكۆ، چونكە كونگرێسی یاسادانان ڕێگری دەكرد لە یارمەتیدانی هەر دامەزراوەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە دانی بە فەڵەستیندا نابێت. بەبۆنەی نەدانی پارە لە ساڵی 2013 ویلایەتە یەكگرتووەكان مافی دەنگدانی لە یونسكۆ لێسەندرایەوە. لە ساڵی 2018 ویلایەتە یەكگرتووەكان دووبارە بڕیاریدا لە یونسكۆ بكشێتەوە، لە هەمانكاتتدا ئیسرائیل بەهەمان شێوە كشایەوە.
بێجگە لە یارمەتی پەروەردەیی و زانستی، یونسكۆ یارمەتی باشتركردنی ناوچە كلتورییەكانی نەتەوەكان دەدات، بە نمونە لە ساڵی 1960 یونسكۆ سپۆنسەری پاراستنی چەند مۆنومێنتێكی میسری كرد، هەروەها سپۆنسەری ڕێككەوتنی جیهانی كرد بۆ دامەزراندنی لیستی كەلەپووری جیهان، ئەو ناوچانەی تێدایە كە لە سەردەمی كۆنەوە ماونەتەوە. لە ساڵی 1980 لێكۆلینەوەیەك ئەنجامدرا لە لایەن (Sean MacBride) كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی و بەڕیوبەری لێكۆڵینەوەی پەیوەندیە گشتیەكانە لە یونسكۆ، لە لێكۆڵینەوەكەدا پێشنیاری نەهێشتنی ئەو جیاوازییە گەورەیەی پەیوەندی كردن كرد لە نێوان وڵاتە پێشكەوتوو و دواكەوتووەكاندا.
هەر ئەندامێك یەك دەنگی هەیە لە كۆنگرەی گشتی یونسكۆ، كە دوو ساڵ جارێك كۆدەبنەوە بە مەبەستی دیاری كردنی بودجەی دامەزراوەكە، بەرنامەی كار هەروەها دیاریكردنی ئەو یارمەتیانەی كە لە ئەندامەكانیەوە بەدەستی هێناوە. دەستەی جێبەجێكاری ڕێخراوەكە بریتیە لە 58 ئەندام كە لەلایەن كۆنگرەی گشتیەوە هەڵدەبژێردرێن، ساڵانە دوو جار كۆدەبنەوە بە مەبەستی دیاریكردنی ئاڕاستە و كارەكانی ڕێخراوەكە. سكرتێر كە بە بڕبڕەی پشتی ڕێخراوەكە دادەنرێت 6 ساڵ جارێك لە لایەن كۆنگرەی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت. یونسكۆ لە نزیكەی 200 كۆمسیۆن پێكدێت، بۆ نمونە كۆمسیۆنی ئۆقیانووسەكان (1961)، كۆمسیۆنی جیهانی كلتوور و گەشەپێدان (1992-1999)، هەروەها كۆمسیۆنی جیهانی زانست و تەكنەلۆجیا (1998). دامەزراندنی ئەم كۆمسیۆنانە لەلایەن یۆنسكۆوە بەفەرمی بڵاو دەكرێنەوە.


سەرچاوەکان



7848 بینین