جنێف

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-12-22:30:00 - کۆدی بابەت: 7970
جنێف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جنێف (بە ئینگلیزی: Geneva، بە فەڕەنسی: Genève) دووەم ئاوەدانترین شاری وڵاتی سویسرا و ئاوەدانترین شاری ڕۆماندییە، کە ئەو بەشەی وڵاتی سویسرایە کە بە زمانی فەڕەنسی دەدوێن، پایتەختی کۆمار و هەرێمی جنێفە، ناوچەی شارەوانێتی جنێف لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2020دا 203,856 کەسی لێ نیشتەجێ بوو، هەروەها 506,343 کەس لە هەرێمی جنێف بەتایبەتی شاری جنێف و ناوچەکانی دەوروبەری نیشتەجێن، جنێف شارێکی جیهانییە و ناوەندێکی دارایی و جیهانی دیپلۆماسییە بەهۆی بوونی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، لەوانەش بارەگای زۆربەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور، هەروەها جنێف میوانداری زۆرترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکات لە جیهاندا. ئەم شارە بە یەکگرتووترین پایتەختی جیهان و پایتەختی ئاشتی ناودەبرێت، لە شاری جنێفدا 82 باڵەخانە یان شوێن هەیە کە بەهۆی گرنگی نەتەوەییەوە بە شوێنەواری کەلەپووری سویسری دادەنرێن.

دانیشتوانی جنێف

ژمارەی دانیشتوانی شاری جنێف لە کۆتایی ساڵی 2016دا 198,979 کەس بوو، ئەمەش شارەکەی کرد بە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەی لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، ئەم شارە جیهانییە لە تەواوی جیهاندا بە ناوەندە داراییەکەی ناسراوە کە بە یەکێک لە گرنگترینەکانی جیهان دانراوە، هەروەها شوێنێکی نیشتەجێبوونی نموونەییە و لەڕووی کوالێتی ژیانی هاوڵاتییەکانییەوە بە یەکێک لە باشترین شارەکانی جیهان دانراوە، ئەمەش بووەتە هۆی گەشەسەندی ژمارەی دانیشتوانەکەی.

ڕووبەر و چڕی دانیشتوان

ڕووبەری ڕووی شاری جنێف بەنزیکەیی 15.9 هەزار کیلۆمەتر دووجا داگیر دەکات و چڕی دانیشتوانەکەشی 12,000 کەسە بۆ هەر کیلۆمەترێک دووجا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

زمانی فەرمی شاری جنێف فەرەنسییە، کە زیاتر لە 72٪ی دانیشتوانەکەی قسەی پێ دەکەن. هەروەها نزیکەی 4.4٪ی دانیشتوان بە ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا 4.2٪ بە ئیسپانی دەدوێن، زمانەکانی تر کە لە دەوروبەری شارەکەدا قسەیان پێ دەکرێت بریتین لە ئەڵمانی و ئیتاڵی، نزیکەی نیوەی دانیشتوان لە دانیشتوانی بیانی پێک هاتووە، زیاتر لە 15٪ی دانیشتوان لە شارەکانی تری سویسرا لەدایکبوون، لە کاتێکدا زیاتر لە 43٪ لە دەرەوەی سویسرا لەدایکبوون، هەروەها 37.4٪ی دانیشتوان شوێنکەوتە و پەیڕەوکەرانی ئایینی کاسۆلیکی ڕۆمانین، لە کاتێکدا 23.20٪ شوێنکەوتەی هیچ ئایینێک نین، ئایینەکانی تری نێو شارەکە بریتین لە ڕێبازی پرۆتستانتی مەسیحی، موسڵمان و جوولەکە.

مێژووی شارەکە

مێژووی شاری جنێف دەگەڕێتەوە بۆ 121 ساڵ پێش زایینی، ئەم شارە سنوورییە بوو بە شارێکی مەسیحی و بەدرێژایی سەدەکانی ناوەڕاست لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا فەرمانڕەوایی دەکرا، لە سەدەی 14دا، جنێف دەستوورێکی وەرگرت کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری پێبەخشی، چاکسازیی پرۆستانتی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شارەکە و جۆن کاڵڤینی دامەزرێنەری کاڵڤینیزم هەبوو، هەروەها لە سەدەی 18 ئەم شارە لەژێر کاریگەری فەڕەنسای کاسۆلیکدا بوو، شاری جنێف لە ساڵانی 1800کاندا بوو بە بەشێک لە کۆنفیدراسیۆنی سویسرا و لە سەرەتای 1900کاندا جیاکاری لە ئایین و دەوڵەتدا کرا. لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، جنێف لەڕووی ئابوورییەوە بەرەو پێش چوونی بەخۆیەوە بینی و بەتایبەتیش کەرتی دارایی شارەکە گەشایەوە.

گەشەی دانیشتوان

شاری جنێف هەر لە کۆنەوە و لە ساڵی 1850ەوە ڕێژەی گەشەی جێگیری بووە، کاتێک ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر لە 40,000 کەس بوو، 50 ساڵ دواتر ژمارەی دانیشتوانەکەی بۆ زیاتر لە دوو ئەوەندە زیادی کرد و گەشتە 100,000 کەس، گەشەی دانیشتوان بەردەوام بوو بەدرێژایی سەرەتا و ناوەڕاستی ساڵی 1900کان، پێش ئەوەی لە ساڵی 1970دا بگاتە لووتکە و بەرزبوویەوە بۆ 173,000 کەس، لە نێوان ساڵانی 1970 و 1990 ژمارەی دانیشتوانی شارەکە چەند هەزار کەسێک دابەزی و پاشان لە ساڵی 2000دا دووبارە گەڕایەوە ئاستی خۆی، بەگشتی، ئەگەرچی شارەکە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی خۆی لە پیشەسازی دارایی و بەرزی کوالێتی ژیانی هاوڵاتیاندا گێڕاوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت تەنیا گەشەی دانیشتوانی ئەم شارە سویسرییە بەردەوام بێت.

کەشوهەوای شارەکە

شاری جنێف ئاووهەوایەکی خۆشی هەیە، بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شارەکە کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە، مانگەکانی زستان ساردن، بە شێوەیەکی گشتی لە شەودا شەختە دروست دەبێت و بە ڕۆژیشدا دەتوێتەوە، مانگەکانی هاوینیش تاڕادەیەک گەرمن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی دابارین بە ڕادەی پێویستە و پاییز بە بەراورد بە وەرزەکانی تر تەڕترین وەرزی ساڵە، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە 1,5 پلەی سەدییەوە لە مانگی کانوونی دووەم بۆ 20.5 پلەی سەدییە لە مانگی تەمووزدا، وەرزی زستان لە کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات تا مانگی شوبات، مانگەکانی زستان ساردن و پلەی گەرما زۆر جار لە نزیکی پلەی بەستن دەبنەوە، وەرزی بەهاریش لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات تا ئایار، لە سەرەتادا کەمێک ساردە و پاشان وردەوردە مامناوەند دەبێت، لە مانگی ئازاردا و هەندێک جار لە نیوەی یەکەمی مانگی نیساندا بەفر دەبارێت و شەختەش دروست دەبێت، بە شێوەیەکی ئاسایی لە نیوەی دووەمی مانگی ئایاردا پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و کەشوهەوا خۆش دەبێت، هاوینی ئەم شارە لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا ئاب، کەشوهەوا گەرم و خۆرەتاوە، هەرچەندە شەوانی ساردن و شنەبا لە دەریاچەکەوە هەڵ دەکات، بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما زۆر بەرز نابنەوە، دووجار لە مانگێکدا و لە مانگەکانی تەمووز و ئابدا پلەکانی گەرما 32 پلەی سەدی تێدەپەڕێنن، وەرزی پاییز، لە مانگی ئەیلوولەوە تا تشرینی دووەم دەخایەنێت، لە مانگەکانی پاییزدا بڕێکی زۆر باران دەبارێت و پلەکانی گەرما لە سەرەتادا خۆشن، و دواتر وردە وردە ساردتر دەبن، مانگی تشرینی دووەم بەزۆری مانگێکی سارد و هەوراوییە.

بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە جێنێف 39.7 پلەی سەدی بوو لە مانگی تەمووزی 2015دا، نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراویش لە مانگی شوباتی 1956دا 20.0- پلەی سەدی بوو، هەروەها لە ساڵێکدا نزیکەی 1,000 ملیمەتر باران و 32 سانیمەتر بەفر دەبارێت.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری جنێف لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولە، چونکە گەرمترین و خۆرەتاوترین مانگەکانی ساڵن. لەگەڵ ئەوەشدا، دەشێت کەمێک باران ببارێت یان کەشوهەوا کەمێک سارد بێت، بەتایبەتی لە مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیراندا کەش زۆر سارد دەبێت.

شارەکە لەڕووی گەشتیارییەوە

شاری جنێف یەکێکە لە سەوزترین شارەکانی ئەورووپا و لە سەنتەری شاردا زیاتر لە 20 پارکی تێدایە، دانیشتوانی شارەکە بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا بۆ پشوودان، نانخواردن و یاریکردن ڕوو لە پارکەکەدان دەکەن. هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە بریتین لە:

  • فوارەی جێت دیو
  • بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان
  • دوورگەی ژان ژاک ڕۆسۆ
  • گۆڕەپانی جنێف
  • کڵێسای سەینت پیتەر
  • شارۆچکەی دێرینی جنێف
  • کڵێسای ڕووسی
  • شاخی سالێڤ
  • دەریاچەکە
  • دیواری چاکسازیی ئایینی "مۆنۆمێنتی نەتەوەیی"


سەرچاوەکان



959 بینین