کووفە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-16-15:12:00 - کۆدی بابەت: 12918
کووفە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

کووفە (بە عەرەبی: الكوفة، بە ئینگلیزی: Kufa) شارێکی عێراقییە و ناوەندی قەزایە لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەجەفە دەکەوێتە ناوچەی فوڕاتی ناوەند لە باشووری بەغدادە. بە دووری ١٥٦ کیلۆمەتر لە بەغدادی پایتەختەوە دوورە و بە دووری ١٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای نەجەفەوە، هاوکات شارەکە نزیکەی ٢٢ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

واتای ناوی کووفە

وشەی (الكوفة) لە زمانی عەرەبیدا لە وشەی (التكوف) هاتووە و کە واتای "کۆبوونەوە" دەبەخشێت. لە هەندێک سەرچاوە بە ناوی (كوفاني) هاتووە کە واتای زەوییەک دەبەخشێت کە بەرد و خۆڵی تێدا بێت. چەند سەرچاوەیەکی تری ناعەرەبی ڕەچەڵەکی وشەکە دەگەڕێننەوە بۆ سەر زمانی سریانی کۆن.

مێژووی کووفە

شاری کووفە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی و بە دیاریکراوی لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتتاب بنیاتنراوە، لەلایەن سەعدی کوڕی ئەبوو وەقاس لە ساڵی ٦٣٨ـی زایینی دوای جەنگی قادسییە نزیک ناوچەی حیرە دروستکرا. لە ساڵی ٦٣٨ و لە جەنگی مەدائین شاری کووفە کرا بە بنکەی سەربازی سوپای موسڵمانان، لەو جەنگەدا موسڵمانان بەسەر ساسانییەکان سەرکەوتن و ناوچەی مەدائینیان فەتح کرد.

مێژوونووسان پێیان وایە کە بە دیاریکراوی مێژووی کووفە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ساسانی دەستی پێکردووە و لە جیهاندا شارەکە ناسراو بووە. له سەردەمی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبووتالیب شاری کووفە کرا بە پایتەختی دەسەڵاتی ئیسلامی و شوێنەکە بووە شوێنێکی گرنگی سەربازی و سیاسی بۆ دەسەڵاتەکەی، بۆیە لە شاری کووفە چەندین ڕووداو و جەنگ و کودەتای ئەو سەردەمە ڕوویداوه نموونەی جەنگی کەربەلا و شەهیدکردنی ئیمامی حسێن، شۆڕشی عەلەوییەکانی سەدەی دووی کۆچی، شۆڕشی قەڕامیتەکانی سەردەمی ئومەوییەکان، هاوکات ئیمامی عەلی هەر لە شاری کووفە شەهید کراوە و کوژراوە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان کووفە گرنگی زۆری پێدەدرا، لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان لە ساڵی ٦٩١ـی زایینی شارەکە بە چەند ناوچەیەکی ترەوە لکێنرا و ڕووبەری شارەکە گەورەتر کرایەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان و دوای بنیاتنانی شاری بەغداد لەلایەن ئەبوو جەعفەری مەنسووڕەوە شاری کووفە پەراوێز خرا و زیاتر تیشک خرایە سەر شاری بەغداد و دواتریش شاری سامەڕا کە بوونە پایتەختی دەسەڵاتی عەباسییەکان. له سەردەمی بووەیهییەکان شارەکە جارێکی تر گرنگی پێدرایەوە و شوێنە گرنگەکانی نۆژەن و گەورە کرانەوە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان کووفە کرا بە قەزا و لەڕووی کارگێڕییەوە بە فەرمی کرایە سەر پارێزگای نەجەف.
لە سەردەمی سەرەتای داگیرکارییەکانی ئینگلیز بۆ عێراق خەڵکی کووفە بەشدارییان لە شۆڕشی بیستەم کرد و ڕۆڵی گرنگیان هەبووە، تەنانەت لە ساڵی ١٩٢٠ لە میانەی سەرەتای شۆڕشەکە لەلایەن چەند شۆڕشگێڕێکی خەڵکی کووفەوە کەشتییەکی جەنگی (فایەر فلای)ـی ئینگلیزەکان لەناوبرا، بۆیە مزگەوتی ناوداری کووفەی دێرین لەلایەن سوپای ئینگلیزەکانەوە بۆردمان کرا و زیانی پێگەیشت.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

زۆری لە دانیشتووانی شاری کووفە لە نەتەوەی عەرەبی پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن و پەیوەستن بە ئایینەوە. بەهۆی نەبوونی سەرژمێری و داتای فەرمی لە عێراق ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە زۆر فەرمی و ورد نییە و تەنیا خەمڵاندنە، لە کۆتا خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠١٩ دانیشتووانی کووفە بە نزیکەی ١٦٧٫٤٠٦ کەس خەمڵێندراوە.

گرنگی شاری کووفە لای شیعەکان

بەهۆی ئەوەی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبوو تالیب و ئیمامی حسێن لە شاری کووفە شەهید کراون، شارەکە مەزار و مزگەوتی دێرینی زۆری تێدا بنیاتنراوە، نموونەی مزگەوتی کووفە، میحڕاب و شوێنی نوێژکردنی ئیمامی عەلی کە تێیدا شەهید کرا، مەزاری موسلیمی کوڕی عەقیل، مەزاری هانیئی کوڕی عروە و مەزاری موختاری سەقەفی و چەندانی تر. ساڵانە لە ساڵیادی کوچی دوایی و بۆنە گرنگەکانی شیعەکان، شاری کووفە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری ئایینی بۆ شیعەکانی عێراق بە تایبەتی و تەنانەت شیعەکانی ناوچەکانی تریش نموونەی شیعەکانی وڵاتی ئێران سەردانی مەزار و شوێنە پیرۆزەکانی شارەکە دەکەن.

شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکە

مزگەوتی کووفە

مزگەوتی کووفە یان مزگەوتی مەزن یەکێکە لە مزگەوتە مێژوویی و ئایینییەکانی عێراق و لەلایەن هاوەڵ سەعدی کوڕی ئەبوو وەققاس لە ساڵی ١٩ـی کۆچی بەرانبەر ساڵی ٦٣٩ زایینی بنیاتنراوە و بە یەکەم بینا دادەنرێت کە لە کووفە دروستکراوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبوو تالیب مزگەوتەکە بووە مەڵبەند و ناوەندی بڕیاردانی خەلیفە، بۆیە ئەم مزگەوتە لەلای پەیڕەوانی ڕێبازی شیعەی ئایینی ئیسلام زۆر پیرۆزە بە تایبەت شیعەی دوانزە ئیمامەکە و پێیان وایە دوای مزگەتی حەڕام و مزگەوتی پێغەمبەر و مزگەوتی ئەقسا چوارەم پیرۆزترین مزگەوتی سەر زەوییە، بۆیە چەندین مەزار و شوێنەواری ئایینی تێدایە کە شیعەکان لە بۆنە و یادە خەماوییەکانیان سەردانی دەکەن.


سەرچاوەکان



2903 بینین