غەڕناتە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-24-20:52:00 - کۆدی بابەت: 12969
غەڕناتە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

غەڕناتە یان غەرناتە (بە عەرەبی: غرناطة، بە ئینگلیزی: Granada) شارێکە دەکەوێتە باشووری وڵاتی ئیسپانیاوە، بە پایتەختی هەرێمی غەرناتە دادەنرێت کە ناوچەیەکی خۆبەڕێوبەرییە لە باشووری ئیسپانیا. شارەکە لە نزیک زنجیرە چیای سیێرا نیڤادا هەڵکەوتووە و نزیکەی یەک کاتژمێر لە کەناراواکانی دەریای سپی ناوەڕاست دوورە. بەرزی شارەکە لە ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی ٧٣٨ مەترە و ڕووبەری گشتی شارەکە نزیکەی ٨٨٫٠٢ کیلۆمەتر دووجایە. غەڕناتە بە ١٣ـەیەمین گەورەترین شاری ئیسپانیا دادەنرێت. کەشوهەواکەی کیشوەرییە و وەرزی هاوینی وشک و گەرمە و پلەکانی گەرما تێیدا بەرزە، وەرزی زستانی سارد و باراناوییە.

مێژووی غەڕناتە

مێژووی هەڵکۆڵراوە دۆزراوەکانی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین. لە سەردەمە کۆن و دێرینەکانەوە و بە دیاریکراوی لە سەردەمی ڕۆمانییەکانەوە غەڕناتە مرۆڤی لێ نیشتەجێ بووە، دوای داگیرکردنی ناوچەکانی ئیسپانیا لەلایەن قووتە ڕۆژاواییەکانەوە ناوچەکە هەر ئاوەدان بووە. لە سەردەمی دەسەڵات و فەتحی ئیسلامی لە ئەندەلوس گرنگی زیاتر بە شارەکە دراوە و موسڵمانەکانی ئەندەلوس نزیکەی ١٣٧ مزگەوتیان لە شارەکە بنیاتنابوو و شارەکە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی بە "بووکی ئەندلوس" ناسراو بوو.

لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەدی یەکەمی کوڕی یوسف لە ساڵی ١٢٣٩ کۆشکی سوور لە شارەکە بنیاتنراوە. لە سەدەی سیازدەیەم بووە بە ئیمارەتی غەڕناتە و کۆتا ویلایەتی ئیسلامی بووە لە ئەندەلوس کە موسڵمانەکانی دەسەڵاتیان لێی هەبووە، غەڕناتە کۆتا شوێن بووە لە ئەندەلوس کە لە ساڵی ١٤٩٢ دوای جەنگێکی دە ساڵە لەلایەن ئیسپانییە کاسۆلیکییەکانەوە داگیرکراوە و تێیدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیسلامی هێنراوە. بۆیە بە کەوتنی غەڕناتە کۆتایی بە ئەندەلوس هاتووە.

تاکوو سەدەی شازدەیەمی زایینی شارەکە بە تەواوی کرا بە شارێکی مەسیحی کاسۆلیکی. لە نێوان سەدەی شازدیەم بۆ سەدەی نۆزدەیەم شاری غەڕناتە و دانیشتووانی غەڕناتە لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە ئاستێکی لاواز و سست بوون و زۆرێک لە دانیشتووانەکەی بەهۆی هەژارییەوە شارەکەیان بەجێدەهێشت. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم شارەکە بوژایەوە و گرنگی دەدرا به دامەزراندنی کارگەی شەکر و دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر، بەڵام بەهۆی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا لەنێوان ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٩ دووبارە شارەکە زیانی بەرکەوت و چەندان شوێنی خاپووربوون.

واتای ناوەکەی

ناوی غەڕناتە لە (فەرهەنگی یاقووتی حەمەوی) واتای هەنار دەبەخشێت کە لە زمانی ئەندەلوسییەوە وشەکە وەرگیراوە و بەهۆی جوانی شارەکە و بوونی باخی هەناری زۆر لە شارەکە بەو ناوە ناونراوە. لە چەد سەرچاوەیەکی تریش ئاماژە بەوە کراوە کە ڕەچەڵەکی وشەی غەرناتە یان ئیغەرناتە لە وشەی لاتینی (Pomegranate) وەرگیراوە کە هەر واتای هەنار دەبەخشێت.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی غەڕناتە نزیکەی ٢٢٨٫٦٨٢ کەسە و چڕی دانیشتووانی شارەکە نزیکەی ٢٫٥٩٨ کەسە لە یەک کیلۆمەتری دووجادا. بە ڕێژەی ٣٫٣٪ ڕێژەی دانیشتووانی غەڕناتە هەڵگری ناسنامەی ئیسپانی نین و ڕەچەڵەکیان ئیسپانی نییە، بەڵکو بەشێکی زۆریان کۆچبەری ناوچەکانی ئەمریکای باشوورن کە ڕوویان کردووەتە ئەو شارە.

شوێنە گرنگەکانی غەڕناتە

شاری غەڕناتە بە شارێکی گەشتیاری گرنگی ئیسپانیا دانراوە و بەشێکی گرنگی ئابووری و داهاتی شارەکە لە کەرتی گەشتیارییەوە دابین دەکرێت، چونکە شاری غەڕناتە چەند شوێنەوارێکی مێژوویی سەردەمی ئەندەلوسی تێدایە کە هەر گەشتیارێک سەردانی ئیسپانیا بکات سەردانی ئەو شوێنانەش دەکات، نموونەی کوشکی سوور کە لەسەر ئاستی ئیسپانیا لەڕووی سەردانیکردنەوە پلەی یەکەمی هەیە، گرنکترین شوێنە گەشتیارییەکانی شاری غەڕناتە:

  • کۆشکی سوور
  • کڵێسای غەڕناتە
  • کڵێسای پاشایەتی
  • باخچەکانی کۆشکی سوور
  • زانکۆی غەڕناتە


سەرچاوەکان



3417 بینین