دەوڵەتی ئەندەلوس

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-16-20:53:00 - کۆدی بابەت: 12923
دەوڵەتی ئەندەلوس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناوی ئەندەلوس یان دەوڵەتی ئەندەلوس یان ئیسپانیای ئیسلامی یاخود ناوچەی ئیبیریای ئیسلامی (بە عەرەبی: الأندلس، بە ئینگلیزی: Al-Andalus) بە هەرێم و شارستانییەتێکی ئیسلامی وتراوە کە لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپای ڕۆژاوا و بە دیاریکراوی نیمچە دوورگەی ئیبیریا کە لە ناوچەکانی ئیسپانیا و پرتوگال پێکهاتبوو موسڵمانان حوکمیان کردووە، لەلایەن موسڵمانانەوە ناوچەکە لە نێوان ساڵانی ٧١١ بۆ ١٤٩٢ـی زایینی و بە دیاریکراوی لەلایەن ئومەوییەکانەوە ڕزگار کرا و دەسەڵاتی ئیسلامی پێگەیشت، ماوەی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس ٨٠٠ ساڵی خایاندووە.

جوگرافیای ئەندەلوس 

وڵاتانی ئیسپانیا و پورتوگال کە بە نیمچە دوورگەی ئیبیریا ناسراون لە ڕابردوودا وڵاتی ئەندەلوسیان پێکدەهێنا. ڕووبەری ناوچەکە نزیکەی ٦٠٠ هەزار کیلۆمەتر دووجا بووە و گەرووی کێوی تاریق خاڵی جیاکەرەوەی نێوان وڵاتی مەغریبی عەرەبی و ناوچەی ئەندەلوس بووە. لە ڕابردوودا و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی ناوچەکانی ئەندەلوس باشووری ڕۆژاوای کیشوری ئەورووپایان دەگرتەوە، هەرێم و ناوچەکانی ئەندەلوس شێوەیەکی سێگۆشەیی هەیە و بە جۆرێکن کە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی زەوییەوە ڕووبەرەکەی تەسک دەبێتەوە و لە بەشی ڕۆژاواوە ڕووبەرەکەی فراوان دەبێتەوە. لە باکوورەوە لە ڕێگەی زنجیرە چیاکانی بێرتات هاوسنووری وڵاتی فەڕەنسایە و لە زۆرێک لەلایەکانی ڕووبەری ئاوی دوری داوە، لە بەشی لای ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە زەریای ئەتڵەنتی دەوری داوە. شاخەکانی پێرنێیە لە باکوورەوە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان وڵاتی ئیسپانیا و فەڕەنسا بووە.

واتای ناوەکەی

ڕەچەڵەکی وشەی (أَندَلُس) یان وشەی (الأنْدَلُسِ) لە زمانی عەرەبیدا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی ئەمازیغی و عەرەبەکان لە ئەمازیغەکانی ڕۆژاواوە ئەو وشەیەیان بۆ وەسف کردنی ناوچەکانی نیمچە دوورگەی ئیبیریا بەکاردەهێنا، بۆیە زۆرێک لە زمانناسان و سەرچاوەکانی زمانی عەرەبی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەچەڵەک و واتای وشەی ئەندەلوس وشەیەکی عەرەبی نییە.
لە هەندێک سەرچاوەی زمانەوانی تر ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو ناوچانەی کە پێی دەوترا ئەندەلوس لە ڕابردوودا چەندان هۆزی لێ نیشتەجێ بووە و بە "خاکی بڤانداليسيا" ناسراو بووە و بە تێپەڕبوونی کات ناوەکەیگ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووە ئەندەلوس. لە سەرچاوە ئیسپانی و ناعەرەبییەکانیش ئاماژە بەوە کراوە کە ڕەچەڵەکی وشەی ئەندەلوس لە وشەی (ئەتڵانتس) وەرگیراوە.

مێژووی ئەندەلوس پێش فەتحی ئیسلام

لە ڕابردوودا و پێش گەیشتنی دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ ناوچەکانی ئەندەلوس کۆمەڵێک هۆز و گەلی جیاواز و بەربەری دانیشتووی ناوچەکە بوون کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕایەوە بۆ دانیمارک و سوید و نەرویج. بە تێپەڕبوونی کات ئەو هۆزانە ناوچەکانیان بەجێدەهێشت، ئەندەلوس کەوتە دەست چەند نەتەوە و گەلێکی خاچپەرست کە بە "قووتە ڕۆژاواییەکان" ناسراو بوون و ماوەی دەسەڵاتیان لە ئەندەلوس تاکوو گەیشەتنی فەتحی ئیسلامی بەردەوامی هەبووە.

سەرەتای مێژووی ئیسلامی لە ناوچەکە

بیرۆکەی فەتحی ئەندەلوس و گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ئایین و دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ ئەندەلوس دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی کوڕی عەففان، کاتێک موسڵمانان گەمارۆی قوستەنتینییەیان دا و شکستیان هێنا عوسمانی کوڕی عەففان پێشنیاری ئەوەی کرد کە پێویستە وڵاتی ئەندەلوس ڕزگار بکرێت پاشان گرنگی بە قوستەنتینییە بدرێت. له سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان کاتێک سنووری دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیسلامی فراون بوو، والی وڵاتانی باکووری ئەفریقا (مووسای کوڕی نەسیڕ) پێشنیار و بیرۆکەی فەتحکردنی ئەندەلوسی لە وڵاتی مەغریبەوە ڕاگەیاند.

بەربەستەکانی فەتحی ئەندەلوس

دووری نێوان مەغریب و ئەندەلوس لە سنووری دەریاییەوە زیاتر لە ١٣ کیلۆمەتر بووە، بۆیە موسڵمانان کەشتی تایبەتیان نەبوو بۆ پەڕینەوە و گەشتکردن لەو دوورییە و ئەزموونی ئەو جۆرە جەنگانەیان نەبوو کە لە ڕێگەی دەریاوە دەکران، چونکە زۆرێک لە جەنگەکانی ئیسلام جگە لە جەنگی (ذات الصواری) هەمووی جەنگی وشکانی بوونە. ژمارە و سوپای موسڵمانان و پێداویستییەکانی جەنگ لە باکووری ئەفریقا بەراورد بە سوپای ئەندەلوس زۆر کەمتر بووە. شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافی ئەندەلوس ڕێگرێکی تر بوو بۆ سوپای موسڵمانان و سنوورێکی ئاوی لە نێوان ئەندەلوس و مەغریب هەبوو، بەوهۆیەوە موسڵمانان شارەزایی و زانیاری تەواویان لەسەر جوگرافیای ناوچەکە نەبووە.

فەتح کردنی ئەندەلوس 

لە سەردمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان مووسای کوڕی نەسیڕ والی و دەسەڵاتداری ناوچەکانی باکووری ئەفریقا بوو، بۆیە دوای خستنەبەرباسی فەتحی ئەندەلوس و زانینی خاڵی لاوازی سوپای موسڵمانان، لە ماوەی دەسەڵاتی چەند چاکسازییەکی گرنگی ئەنجام دا، گرنگی دا بە دروستکردنی کەشتی و بەندەری کەشتی لە زۆرێک لەو ناوچانەی باکووری ئەفریقا کە سنووری ئاوی هەبوو. هاوکات گرنگی دا بە گەیاندنی ئیسلام بە گەلەکانی نزیک ناوچەکەی نموونەی ئەمازیغەکانی نزیک ناوچەکانی مەغریب بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بە دەست بهێنێت. لە ساڵی ٩٢ـی کۆچی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان و بە دیاریکراوی لە ناوەڕاستی ماوەی دەسەڵاتی خەلافەتی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک  لەلایەن تاریقی کوڕی زیاد  ناوچەکانی ئەندەلوس فەتح کران و دەسەڵاتی ئیسلامییان پێگەیشت.

دابەشبوونی کارگێڕی ناوچەکانی ئەندەلوس دوای فەتحرکردنی

دوای گەیشتنی سوپای ئیسلام بە ئەندەلوس ناوچەکەیان دابەش کردە سەر چەند یەکەیەکی کارگێڕی تاکوو ئاسان بەڕێوە ببرێت کە بریتی بوون لە ناوچەی ئەندەلوسیا، کۆماری پرتوگال، ناوچەی گالیسیا، ناوچەی ئەراگۆن، ناوچەی قشتالە، شانشینی لیۆن، ناوچەی بارشلۆنە و ناوچەر سبتمانیای مێژوویی. لەڕووی سیاسییەوە لە سەرەتای فەتح کردنی ناوچەکە، ئەندەلوس بووە ویلایەت و میرنشیکێکی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی ئومەوییەکانی شام.

ئەندەلوس دوای ئومەوییەکان

دوای کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی ئومەوییەکان لە شام و هەڵگیرسانی خەلافەتی عەباسی، عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاوییە لە دەسەڵاتی عەباسییەکان جیابووەوە و لە شامەوە بەرەو ناوچەکانی ئەندەلوس هەڵهات، توانی بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی ئومەوی ئەندەلوسی بگرێتە دەست و ئەمارەتی قوڕتوبەی دامەزراند کە ویلایەتێکی سەربەخۆی ئیسلامی بوو مانەوەی ماوەی ١٧٩ ساڵی خایاند و دەسەڵاتی ئومەوی سەربەخۆ لە ئەندەلوس لە ساڵی ٧٥٦ بۆ ساڵی ١٠٣٩ بوو.

شکستهێنان و ڕووخانی دەسەڵاتی ئیسلامی و دوای ئومەوییەکان

دوای ئەوەی ئەندەلووس دابەش بووە سەر چەند میرنشین و هەرێمێک، دووبەرەکی و ڕاجیایی و جیاوازی زۆر لەنێو موسڵمانان و زانایان و دەسەڵاتدارانی موسڵمانان لە ناوچەکە هەبوو، لە ساڵانی ١٠٣٩ بۆ ١٠٨٥ کاتێک "شاکانی تەوائیف" دەسەڵاتیان گرتەدەست و خەلافەتی ئیسلامی هەڵوەشایەوە خاچپەرستان لە باکوورەوە زیاتر هێرشیان دەکردە سەر خاکی ئەندەلوس. دەوڵەتی موڕابیتەکان لە نێوان ساڵانی ١٠٨٥ بۆ ١١٤٥ و دەوڵەتی موەحیدەکان لە ساڵانی ١١٤٧ بۆ ١٢٣٨ دەسەڵاتی ئەندەلوسیان گرتەدەست. کۆتا ماوەی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس لە ساڵی ١٢٤٨ بۆ ١٤٩٢ بوو کە بە ئیمارەتی غەڕناتە ناسراو بوو، بۆیە ماوەی دەسەڵاتی موسڵمانەکان لە نیمچە دوورگەی ئیبیریا نزیکەی ٨٠٠ ساڵی خایاند و لە کۆتایی سەدەی پازدەیەم دەسەڵاتی غەڕناتە ڕووخێنرا و هێزەکانی ئیسپانیای خاچپەرست دوای هەڵگیرسانی چەند جەنگێک کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس هێنا.

شارستانی و میراتی ئەندەلوس

دوای نەمان و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس، شوێنەوار و کاریگەری شارستانییەتی ئیسلامی هەر بەسەر ناوچەکانی ئەندەلوسەوە بەجێماوە، تەنانەت باشووری وڵاتی ئیسپانیا و ناوچەکانی قشتاڵە هەر بە ناوی ئەندەلوس دەناسرێنەوە. شوێنەواری مێژوویی و زوربەی بینا و تەلار و کۆشکەکانی ئیسپانیا جێی دەستی هونەر و دیزاین و نەخشی سەردەمی ئیسلامی پێوە دیارە.

زانست

لە سەرەتای دەرکەوتنی شارستانییەتی ئەندەلوس لە بواری زانستدا، زاناکانی ئەندەلوس سەرچاوە زانستییەکانی بەغداد و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتیان بەکاردەهێنا و سوودیان لێ دەبینی، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمانی ناسڕ گرنگی بە زانست و فەلسەفە درا و زانای دیار و ناودار لە ئەندەلوسەوە هەڵکەتن نموونەی ئیبن ڕوشد، ئیبن زەهر، ئیبن باجە، عەباسی کوڕی فێرناس، ئیبن خەلدوون، لیسانەدینی خەتیب و چەندانی تر. لە ئەندەلوس چەندان خوێندنگە و فێرگە و کتێبخانە بنیاتنران و گرنگی دەدرا بە وەرگێرانی سەرچاوە لاتینییەکان بۆ سەر زمانی عەرەبی. زاناکانی ئەندەلوس لە بوارەکانی فەلسەفە، کیمیا، پزیشکی و دەرمانسازی و نەشتەرکاری و سڕکردن، بیرکاری و ژماردن و ئەندازە، فەلەکناسی، کشتوکاڵ، جوگرافیا و مێژوو، ئایین و فەرموودە و قورئان، وێژە و زمان و شیعر کتێب و بەرهەمیان هەبووە کاریگەرییان کردووەتە سەر سەردەمەکانی دوای ئەوان.

زانا و پزیشکانی ئەندەلوس بەو زانایانە دادەنرێن که یەکەمینی پزیشکانی جیهان بوون نەشتەرکارییان ئەنجام داوە. پزیشکانی ئەندەلوس ڕۆڵیان هەبووە لە داهێنانی کەرەستە و ئامێری سادەی پزیشکی و نەشتەرکاریی و ناوی تایبەتییان لێ ناوە، تەنانەت هەر پزیشکەکانی ئەندەلوس ڕێگاکانی سڕکردنیان داهێناوە و هاوکات پزیشکەکانی ئەندەلوس بەشەکانی نەخۆشخانەیان جیاکردووەتەوە و بەپێی جۆری نەخۆشی و ڕەگەز نەخۆشخانەکانیان دامەزراندووە.

هونەر و تەلارسازی

پێش فەتحی ئیسلامی پەرستگا و کڵێساکانی ئەندەلوس بە شێوەیەکی جیاواز دروستکرابوون، دوای گەیشتنی دەسەڵاتی ئیسلام بە ناوچەکە پەرستگا و کڵێساکان گۆڕان بۆ مزگەوت و شوێنی پەرستشی موسڵمانان، بۆیە گرنگی بە دیزاینەکان دەدرا و نەخشی ئیسلامی تێدا بەکاردەهێنرا و بەرەوپێشچوونی تەلارسازی لە سەردەمی ئەندەلوس بە سێ قۆناغ تێپەڕیوە، بە بنیاتنانی مزگەوتی قوڕتوبە دەستی پێکرد، پاشان منارەی ئیشبلییە و کۆشکی پیرۆز قۆناغی دووەمیان پێکهێناوە، کۆتا قۆناغیش کۆشکی سوور بووە لە غەڕناتە.

وردەکاری نەخشکاری و دیزاینی ناوەوەی شوێنەکان گرنگی زۆری پێدراوە، ڕازێنەرەکان بەرد، مەڕمەڕ، مۆزاییک، پۆرسەلین، خشت، خشت و بەردی بە وێنە و دیزاین نەخشێنراو، بەردی ڕەنگاوڕەنگ، بەردی هەڵکۆڵڕاویان بەکارهێناوە. لە زۆرێک لەسەر دیوار و بنمیچی شوێنەکان بە نووسینی عەرەبی نموونەی ئایەتی قورئان، ناوەکانی خوا، وتە و شیعری ناوداری عەرەبی ڕازێنراوەتەوە. لە زۆرێک لە دیزاینە تەلارسازییەکاندا کەوانە و نیوەکەوانە بەکارهێنراوە و ئەم شێوازە تەلارسازییە زۆر کاریگەری هەبوو لەسەر دروستبوونی هونەری کلاسیک.

ئەدەب و شیعر

ماوەی گرنگیدان بە ئەدەب و شیعر لە سەردەمی ئەندەلوس دابەش دەبێتە سەر دوو قۆناغ، یەکەمیان لە سەردەمی فەتحی ئەندەلوسەوە دەست پێدەکات تاکوو سەردەمی دەسەڵاتی پاشاکانی تەوائیف، ماوەی دووەم لە سەردەمی دەسەڵاتی موڕابیتین و موەحیدینەکانەوە تاکوو کۆتایی دەسەڵاتی ئیسلامی بووە لە ئەندەلوس. لە قۆناغی دووەم ئەدەب و وێژە لە ئەندەلوس بەرەوپێشچوون و نوێکاری زیاتری تێدا کرا و گرنگی پێدراوە، بەڵام لە قۆناغی یەکەم تەنیا گرنگی دەدرا بە زانستەکانی قورئان و زمانی قورئان لەگەڵ ئەو جۆرە نووسین و شیعرانەی کە هەستی نەتەوەیی و ئازایەتی و لاوانەوەی تێدا بووە. شیعری موەشەح بە دیارترین هونەری شیعری سەردەمی ئەندەلوس دادەنرێت، جۆرە شیعرێک بووە بە زمانی سادە و ساکاری خەڵک نووسراوەتەوە و زۆرجار کراون بە گۆرانی.

زمان

چەندان وشەی زمانی ئیسپانی ڕەچەڵەکەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی و لەو زمانەوە وەرگیراوە، نزیکەی چوار هەزار وشەی عەرەبی لە زمانی ئیسپانی بوونی هەیە و هەزار وشەی ئیسپانی ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی، وشەکانی زمانی عەرەبی ڕێژەی ٨٪ـی کۆی گشتی وشە تاکەکانی زمانی ئیسپانی پێکدەهێنن، هەر لە ڕێگەی شارستانییەتی ئەندەلوسەوە زمانی عەرەبی کاریگەری کردە سەر زمانە ئەورووپییەکانی تری نموونەی زمانی فەڕەنسی و زمانی پورتوگالی و زمانی ئەڵمانی.

بواری ئاژەڵ

لە بوای ئاژەڵداریشدا شوێنەوار و کاریگەری عەرەبەکانی ئەندەلوس بوونی ماوە، ئەسپی ئەندەلوسی ڕەسەن کە بە ئەسپی پاشایان ناسراوە بە یەکێک لە ناودارترین و گرانترین ئەسپی ئیسپانی دادەنرێت کە ڕەچەڵەکیان عەرەبییە و لە ئەنجامی یەکگرتنی ئەسپی عەرەبی و ئەسپی ئیسپانی لە سەردەمی دەسەڵاتی موسڵمانەکان لە ئەندەلوس دروست بووە.

شوێنەوارە ناودارەکانی ئەندەلوس

  • مزگەوتی قوڕتوبە
  • شوێنەواری شاری زەهرا
  • کۆشکی پیرۆز
  • کۆشکی سوور
  • منارەی ئیشبیلیا
  • منارەی ئاڵتوونی


سەرچاوەکان



6687 بینین