بۆردومانی ئەتۆمی هێرۆشیما و ناگاساکی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-11-16:45:00 - کۆدی بابەت: 9797
بۆردومانی ئەتۆمی هێرۆشیما و ناگاساکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆردومانی ئەتۆمی هێرۆشیما و ناگازاکی (بە ئینگلیزی: Atomic bombings of Hiroshima and Nagasaki، بە عەرەبی: القصف الذري على هيروشيما وناجازاكي) هێرشێکی ئەتۆمییە کە لەلایەن ئەمریکاوە لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم لە مانگی ئابی ١٩٤٥ لە دژی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن دەستی پێکرد، ئەمریکا بە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی شارەکانی هێرۆشیما و ناگاساکی بۆردومان کرد، ئەمەش بەهۆی ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی بەیاننامەی کۆنفرانسی پۆتسدام کە تێیدا هاتبوو دەبێت ژاپۆن بەبێ هیچ مەرجێک بە تەواوی خۆی ڕادەست بکات، بەڵام سوزوکی سەروەزیرانی ژاپۆن ئەم ڕاپۆرتەی ڕەتکردەوە و ئەو وادەیەی کە لە جاڕنامەی پۆتسدامدا هاتبوو پشتگوێی خست.

بەپێی فەرمانی جێبەجێکردن کە لەلایەن سەرۆک هاری ترومانەوە دەرچوو، ئەمریکا چەکێکی ئەتۆمی بەناوی کوڕە بچووکەکە لە دووشەممەی ٦ی ئابی ١٩٤٥ بەسەر هێرۆشیمادا خستە خوارەوە، پاشان بۆمبی (پیاوی قەڵەو)ی لە ٩ی ئابدا بەسەر ناگاساکی خستە خوارەوە. ئەم هێرشانە تاکە هێرشی ئەتۆمی بوون لە مێژووی جەنگەکانی جیهاندا.

بۆمبەکان تا کۆتایی ساڵی ١٩٤٥ لە هێرۆشیما ١٤٠ هەزار کەس و لە ناگاساکیش ٨٠ هەزار کەسیان کوشت و نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە لە هەمان ڕۆژی تەقینەوەکاندا گیانیان لەدەستدا. لەو ژمارەیەش ١٥-٢٠%یان بەهۆی برینەوە یان بەهۆی کاریگەریی سووتان و زەبر و سووتانی تیشکەوە، هەروەها بەهۆی نەخۆشی و بەدخۆراکی و ژەهراویبوونی تیشکەوە گیانیان لەدەستدا.

دوای شەش ڕۆژ لە تەقاندنەوەی بۆمبەکە لەسەر ناگاساکی، لە ١٥ی ئاب، ژاپۆن خۆبەدەستەوەدانی خۆی بە هێزەکانی هاوپەیمانان ڕاگەیاند. خۆبەدەستەوەدانەکە لە ٢ی ئەیلوولدا واژۆ کرا و بە فەرمی کۆتایی بە جەنگی زەریای هێمن هات و بەم شێوەیەش جەنگی جیهانیی دووەم کۆتایی هات. 

ئاگادارکردنەوەی پۆتسدام

لە ٢٦ی تەممووزدا ترومان و سەرکردەکانی تری هاوپەیمانان بەیاننامەی پۆتسدامیان دەرکرد کە مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆنیان خستەڕوو و وەک کۆتا ئاگادارکردنەوە پێشکەش کرا. واتە ئەگەر ژاپۆن خۆی بەدەستەوە نەدات هاوپەیمانان هێرش دەکەنە سەر ئەو وڵاتە و ئەمەش دەبێتە هۆی "لەناوبردنی تەواوەتی هێزە چەکدارەکانی ژاپۆن و هەموو میللەتەکە"، بەڵام ئاگادارکردنەوە هیچ شتێکی دەربارەی بۆمبی ئەتۆمی تێدا نەبوو.

لە ٢٨ی تەممووزدا ڕۆژنامەکانی ژاپۆن ڕایانگەیاند کە حکوومەت بەیاننامەی پۆتسدامی ڕەتکردووەتەوە. ئەم لێدوانە لەلایەن ڕۆژنامە ژاپۆنی و بیانییەکانەوە بە ڕەتکردنەوەی ڕوونی ئەو ئاگادارکردنەوە سەیر کرا. هەروەها ئیمپراتۆر هێرۆهیتۆش هەوڵی نەدا هەڵوێستی حکومەت بگۆڕێت و چاوەڕێی وەڵامی سۆڤیەت بوو بۆ نیازە ناڕوونەکانی ژاپۆن بەرەو ئاشتی. لە ٣١ی تەممووزدا ئیمپراتۆر بە کۆیچی کیدۆی ڕاوێژکاری گوت کە دەبێت بە هەر نرخێک بێت بەرگری لە هێما ئیمپراتۆرییەکانی ژاپۆن بکرێت.

لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، ترومان لەکاتی ڕۆشتنیدا بۆ پۆتسدام، بیری لە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی کردەوە. لە کۆتاییدا ترومان بڕیاریدا بە بۆمبی ئەتۆمی هێرش بکاتە سەر ژاپۆن و نیازی خۆی ڕاگەیاند کە فەرمانی هێرشەکە بدات بە بیانووی کۆتایی هێنان بەم شەڕە بە وێرانکاری و دروستکردنی ترس بۆ گەلی ژاپۆن، پاشان ناچارکردنی ئەو وڵاتە بە خۆبەدەستەوەدان.

هێرۆشیما

هێرۆشیما لەو کاتەدا کە وێران کرا، هەندێک گرنگی پیشەسازی و سەربازی هەبوو. ژمارەیەک ئۆردوگای سوپا هەبوون، لەوانە بارەگای گەلەی پێنج و بارەگای گشتیی دووەمی سوپای فیڵد مارشال شونرۆکو هاتا کە بەرپرسیارن لە بەرگریکردن لە هەموو بەشەکانی باشووری ژاپۆن. هەروەها هێرۆشیما بنکەیەکی دابینکەری لاوەکی و لۆجستیکی سوپای ژاپۆن بوو. شارەکە ناوەندێکی پەیوەندییەکان و شوێنی عەمبارکردن و شوێنی کۆکردنەوەی سەربازەکان بوو.

ژمارەی دانیشتووانی هێرۆشیما لە سەرەتای جەنگدا گەیشتە لوتکە و زیاتر لە ٣٨١ هەزار کەس بوو، بەڵام پێش بۆردومانی ئەتۆمی بە شێوەیەکی بەردەوام دابەزینی بەخۆیەوە بینی بەهۆی چۆڵکردنی سیستماتیکی لەلایەن حکوومەتی ژاپۆنەوە. ژمارەی دانیشتووان لە کاتی هێرشەکەدا لە نێوان نزیکەی ٣٤٠-٣٥٠ هەزار کەس بووە. بەڵام بەهۆی سووتاندنی بەڵگەنامە فەرمییەکانەوە تا ئێستا ڕوون نییە کە لە ڕاستیدا چەندە.

بۆردومانکردن

هێرۆشیما ئامانجی سەرەکی تەقینەوەی ئەتۆمی ٦ی ئاب بوو، هەریەک لە کۆکورا یان ناگاساکی ئامانجی دووەم بوون. ڕۆژی شەشی مانگ هەڵبژێردرا چونکە پێشتر هەورەکان ئامانجەکەیان تاریک کردبوو. فڕۆکەی (393d B29 Enola Gay Squadron) لە بنکەی ئاسمانی باکوور لە دوورگەی تینیان لە ڕۆژاوای زەریای هێمن دەستی کرد بە فڕین. فەرماندەیی فەرماندەی گرووپی ٥٠٩، سەرهەنگ پاوڵ تیبێتس بوو. ئینۆلا گەی (کە بە ناوی دایکی سەرهەنگ تیبێتس ناونرابوو) دوو فڕۆکەی جۆری B٢٩ی لەگەڵدا بوو.

یەکەم بۆمبهاوێژ کە چارڵز دبلیو سوینی فەرماندەیی دەکرد، ئامێرەکانی هەڵگرتبوو؛ جگە لە فرۆکەیەکی تر کە دواتر ناوی لێنرا (Necessary Evil)، لەلایەن کاپتن جۆرج مارکوارتەوە فڕۆکەوانی دەکرا. دوای جێهێشتنی دوورگەی تینیان، هەر فڕۆکەیەک ڕێگەی خۆی بۆ ئیۆ جیما وەرگرت، لەوێ لە بەرزی ٢٤٤٠ مەتر (٨ هەزار پێ) یەکتریان بینی و بەرەو ژاپۆن بەڕێکەوتن. لە کاتی گەشتەکەدا کاپتن ویلیام پارسۆنس بۆمبەکەی پڕچەک کرد، چونکە هێشتا پڕچەک نەکرابوو بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لە کاتی هەڵفڕیندا.

نزیکەی کاتژمێرێک پێش تەقینەوەکە، ڕاداری ئاگادارکەرەوەی ژاپۆن نزیکبوونەوەی هەندێک فڕۆکەی ئەمریکی لە بەشی باشووری ژاپۆنەوە دەستنیشان کرد. سەرۆکایەتی ئاگادارکرایەوە و پەخشی ڕادیۆیی لە زۆرێک لە شارەکاندا وەستا، لەنێویاندا هێرۆشیما. نزیكەی كاتژمێر هەشتی بەرەبەیان ڕادار لە شاری هێرۆشیمای ژاپۆن ژمارەی ئەو فڕۆكانەی هاتبوون دیاری کران و باری ئامادەباشی بەرزكرایەوە. ڕادیۆ هۆشداری دایە خەڵک کە بچنە پەناگەی هێرشە ئاسمانییەکان ئەگەر بینییان فڕۆکەی B٢٩ نزیک دەبێتەوە، هەروەها چاوەڕوانی هیچ هێرشێکیان نەدەکرد چونکە پێیانوابوو فڕۆکەکان تەنها لە گەشتێکی سیخوڕیدان.

بۆمبەکە کاتژمێر ٨:١٥ (بە کاتی هێرۆشیما) وەک پلانی بۆ دانرابوو خرایە خوارەوە، کە بە هێزی کێشکردن کاری دەکرد و ناوی "کوڕی بچووک" بوو. هەروەها ٦٠ کیلۆگرام یۆرانیۆم-٢٣٥ـی هەڵدەگرت. بۆمبەکە ٥٧ چرکەی خایاند تا لە فڕۆکەکە کەوتە خوارەوە و گەیشتە ئەو بەرزاییەی کە تێیدا دەتەقێتەوە کە نزیکەی ٦٠٠ مەتر (٢ هەزار پێ) لە سەرووی شارەوەیە. بۆمبەکە بەهۆی بایەکی بڕاوەوە نزیکەی ٢٤٠ مەتر لە ڕێڕەوی خۆی لایدا، لەبری ئامانجی پلان بۆ داڕێژراوی کە پردی ئایوی بوو، لەسەر کلینیکی نەشتەرکاری چیما نیشتەوە. ئەمەش بووە هۆی تەقینەوەیەک کە یەکسانە بە نزیکەی ١٣ کیلۆتەن تیئێنتی (TNT). 

تیژڕەوی بازنەی لەناوچوونی تەواو ١.٦ کیلۆمەتر بوو، جگە لەو ئاگرکەوتنانەی کە لە ناوچە جیاوازەکانی ڕووبەرێکی نزیکەی ١١ کیلۆمەتر سێجا بڵاوبووەوە. خەمڵاندنەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ١٢ کیلۆمەتر سێجا لە ڕووبەری شارەکە وێران کراوە. لە كاتێكدا بەرپرسانی ژاپۆن زیانی باڵەخانەكانی شاری هێرۆشیما بە ڕێژەی ٦٩% دادەنێن.

٧٠ بۆ ٨٠ هەزار کەس کە نزیکەی ٣٠%ی دانیشتوانی هێرۆشیما بوون، دەستبەجێ کوژران و ٧٠ هەزاری تریش برینداربوون. زیاتر لە ٩٠%ی پزیشکەکان و ٩٣%ی پەرستارەکانی شاری هێرۆشیما گیانیان لەدەستدا یان برینداربوون، زۆربەیان لە ناوچەی ناوەندی شار زیاتر لە هەموو پەرستارەکانی تر بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانیان بەرکەوت. هەرچەندە پێشتر ئەمریکا نامیلکەی فڕێدابوو کە خەڵکی مەدەنی لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دەیان شاری تری ژاپۆن ئاگادار دەکردەوە، بەڵام دانیشتووانی هێرۆشیما لە فڕێدانی بۆمبی ئەتۆمی ئاگادار نەکرانەوە.

ژاپۆنییەکان ئاگادار بوونەوە لە تەقینەوەکە

ئۆپەراتۆری کۆنترۆڵی تۆکیۆی کۆمپانیای پەخشی ژاپۆن سەرنجی نەمانی وێستگەی هێرۆشیمای دا. پاشان هەوڵیدا بە بەکارهێنانی هێڵێکی تری تەلەفۆن پەیوەندی دروست بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دوای نزیکەی بیست خولەک، ناوەندی تەلەگرافی هێڵی ئاسنی تۆکیۆ تێگەیشت کە هێڵی تەلەگرافی سەرەکی لە باکووری هێرۆشیما لە کارکردن وەستاوە. دوای ئەوەی هەندێک لە هێڵی ئاسن لە دووری ١٦ کیلۆمەتر لە شارەکەوە وەستان، ڕاپۆرتێکی نافەرمی هات و ئاماژە کرابوو کە تەقینەوەیەکی سامناک لە هێرۆشیما ڕوویداوە. هەموو ئەم ڕاپۆرتانە گواسترانەوە بۆ بارەگای ئەرکانی گشتیی سوپای ئیمپراتۆری ژاپۆن.

بۆ ئەمە ئەفسەرێکی سوپا نێردرا بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوچەکە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر فڕین و ١٦٠ کیلۆمەتر پێش ئەوەی بگاتە هێرۆشیما، ئەفسەر و فڕۆکەوانەکە هەورێکی گەورەی دوکەڵی بۆمبەکەیان بینی، لە پاشنیوەڕۆ ئەوەی لە هێرۆشیما مابوویەوە تەنیا ئاگرێکی گەورە بوو. فڕۆکەکە لە باشووری شارەکە نیشتەوە و ئەفسەرەکە دەستبەجێ فریاگوزاری ڕێکخست، دوای ئەوەی تۆکیۆی ئاگادار کردەوە لەوەی کە بینیویەتی.

تا هەشتەمین ڕۆژی مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٥ ڕۆژنامە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاند کە لە ڕادیۆی ژاپۆن ڕاپۆرتێک هەیە کە باس لەو وێرانکارییە دەکەن لە هێرۆشیما ڕوویداوە. بێژەرانی ڕادیۆی ژاپۆن لە پەیامێکی پەخشدا ڕایانگەیاند: "بە تەواوی، هەموو زیندەوەران، مرۆڤ و ئاژەڵ، هەموو مردبوون".

بەپێی زۆربەی خەمڵاندنەکان، تەقینەوەکە لە هێرۆشیما بە یەکجار نزیکەی ٧٠ هەزار کەسی کوشتووە. خەمڵاندنی کۆی گشتی مردنەکان تا کۆتایی ساڵی ١٩٤٥ بەهۆی سووتانەوە و تیشک و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان و کاریگەرییەکانی خراپتربوونی بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی پزیشکییەوە، لە نێوان ٩٠ هەزار بۆ ١٤٠ هەزار کەس بووە. هەندێک لە خەمڵاندنەکانی تر باس لەوە دەکەن کە تا ساڵی ١٩٥٠، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس مردوون، ئەمەش بەهۆی شێرپەنجە و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ترەوە.

توێژینەوەیەکی تر ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٩%ی مردنەکانی شێرپەنجەی خوێن لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە بۆمب ڕزگاریان بووە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٩٠ لە ئەنجامی تیشکی ئەم بۆمبانە بووە.

ناگاساکی

ناگاساکی لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا

ناگاساکی یەکێک بوو لە گەورەترین بەندەرەکانی باشووری ژاپۆن. بەهۆی چالاکییە پیشەسازییەکانییەوە گرنگییەکی زۆری ستراتیجی هەبوو، چونکە تەقەمەنی و کەشتی و کەرەستەی سەربازی و کەرەستەی تری جەنگی بەرهەم دەهێنا. بە پێچەوانەی زۆرێک لە لایەنە مۆدێرنەکانی هیرۆشیما، هەموو بیناکانی ناگاساکی بە شێوازی کۆنی ژاپۆنی دروستکرابوون، کە پێکهاتبوون لە دار (بە چەماوە یان بەبێ چەماوە) و سەقفی کاشی. هەروەها ناگاساکی پێش ئەوەی بە چەکی ئەتۆمی لێبدرێت، بە قورسی بۆردومان نەکرابوو.

بۆردومانکردن

بەرەبەیانی ٩ی ئابی ١٩٤٥، فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئەمریکی بی-٢٩ بۆکسکار بە فەرماندەیی پێشڕەو چارڵز دبلیو سوینی، بۆمبێکی ئەتۆمی بە ناوی "پیاوی قەڵەو" هەڵگرتبوو، سەرەتا بۆ کۆکورا وەک ئامانجی سەرەکی، پاشان بەرەو ناگاساکی وەک ئامانجی لاوەکی هەڵفڕی. پلانی هێرشی دووەم نزیکەی هاوشێوەی پلانی هێرشی هێرۆشیما بوو. یەکە سەربازییەکە لە دوو فڕۆکەی جۆری بی-٢٩ پێکهاتبوو کە کاتژمێرێک پێش هێرشەکە بە مەبەستی پشکنینی کەشوهەوا ڕۆیشتن و دوو فڕۆکەی تریش بە فەرماندەیی سوینی بۆ هەڵگرتنی کامێرا و پشتگیریکردن لە ئەرکەکە شوێنیان کەوتن.

کاتێک دوای نیو کاتژمێر گەیشتنە کۆکورا، ٧٠%ـی شارەکە بە هەور داپۆشرابوو و تەمومژاوی کردبوو، ئەمەش ڕێژەی بینینی کەم دەکردەوە. دوای ئەوەی سێ خول بەسەر ئاسمانی شارەکەدا ئەنجام درا، بەهۆی شکستهێنانی فڕۆکەکە بۆ گواستنەوە لەسەر تانکی یەدەگ پێش هەڵفڕین، سووتەمەنی دەستی بە تەواوبوون کرد. پاشان فڕۆکەکان ڕێگەیان بۆ ئامانجی دووەم کە ناوی ناگاساکی بوو گرتە بەر.

ژمێریاریی بەکارهێنانی سووتەمەنی ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەی بۆکسکار سووتەمەنی پێویستی نییە بۆ ئەوەی بگاتە ئیۆ جیما، و دەبێت لایەنی خۆی بگۆڕێت بۆ ئۆکیناوا. گرووپەکە بە شێوەیەکی تاقیکاری بڕیاریاندا ئەگەر هەورێک هەبێت کە ڕێگری لە بینینی ناگاساکی بکات لەگەڵ گەیشتنیاندا ئەوا بۆمبەکە بگوازنەوە بۆ ئۆکیناوا و ئەگەر پێویست بوو لەناو زەریادا فڕێی بدەن. پاشان دەریاوان فرێدریک ئاشۆرس بڕیاریدا ڕادار بەکاربهێنێت ئەگەر ئامانجەکە ڕوون نەبێت.

نزیکەی کاتژمێر ٧:٥٠، ئاگادارکردنەوەیەکی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناگاساکی هەبوو، بەڵام ئاماژەی ڕوون لە کاتژمێر ٨:٣٠ درا. دواتیش کاتێک کاتژمێر ١٠:٥٣ دوو فڕۆکەی جۆری بی-٢٩ بینران، ژاپۆنییەکان پێیان وابوو ئەو دوو فڕۆکەیە لە گەشتێکی سیخوڕیدان و زەنگی ئاگادارکردنەوەکە دەنگی دایەوە. چەند خولەکێک دواتر، کاتژمێر ١١:٠٠، فڕۆکەی هەڵگر بە فەرماندەیی کاپتن فرێدریک بۆک، ئامێرەکانی هەڵواسراوی بە سێ پەرەشوتەوە خستە خوارەوە. ئەم ئامێرانە نامەیەکی بێ واژۆیان تێدایە لەلایەن پرۆفیسۆر ریوکیچی ساگانی، زانای فیزیای ئەتۆمی لە زانکۆی تۆکیۆ کە لەگەڵ سێ زانای بەرپرسی بۆمبی ئەتۆمی لە زانکۆی یو سی بێرکلی کە لێکۆڵینەوەی کردووە. ئەو نامەیە داوا لە پرۆفیسۆر دەکات کە خەڵک لەو مەترسیانە ئاگادار بکاتەوە کە لە بەکارهێنانی ئەم چەکە کۆمەڵکوژانەدا هەیە.

نامەکان لەلایەن بەرپرسانی سەربازییەوە دۆزراونەوە، بەڵام تا دوای مانگێک نەگەیشتنە ساگانی. لە ساڵی ١٩٤٩ یەکێک لە نووسەرانی ئەم نامەیە بە ناوی لویس ئەلڤارێز لەگەڵ ساگانی کۆبووەوە و نامەکەی واژۆ کرد.

تەقینەوە

کاتژمێر ١١:٠١ پێشەنگ کرمیت بێهان توانی لە کۆتا خولەکدا ئامانجەکە ببینێت، فڕۆکەکە بۆمبی ئەتۆمیی "پیاوی قەڵەو"ـی خستە نێو دۆڵی پیشەسازی شارەکە کە کە بۆمبەکە ٦.٤ کیلۆگرام پلۆتۆنیۆم-٢٣٩ی تێدابوو. دوای چل و سێ چرکە، بۆمبەکە بە بەرزی ٤٦٩ مەتر لە سەرووی زەوییەوە تەقیەوە، کە ڕێک لە نیوەی ڕێگای نێوان کۆمپانیای میتسوبیشی ستیل و ئارمز لە باشوور و کارگەی میتسوبیشی ئۆراکامی ئۆردنانس (تۆرپیدۆ) لە باکوور دەکات.

هێزی تەقینەوەکە گەیشتە ٢١ کیلۆتەن TNT، وزەی گەرمی کە بەهۆی تەقینەوەکەوە دروست بوو بە ٣٩٠٠ پلەی سەدی مەزەندە کراوە، هەروەها هێزی بایەکەی ١٠٠٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بووە. ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستداوە لە نێوان ٤٠ هەزار بۆ ٧٥ هەزار کەس بووە. تا کۆتایی ساڵی ١٩٤٥ کۆی گشتی گیانلەدەستدان گەیشتە ٨٠ هەزار کەس. ژمارەیەکی نادیار لە ڕزگاربووانی هیرۆشیما هەڵهاتبوون بۆ ناگاساکی و لەوێ دووبارە بۆردومان کران.

خۆبەدەستەوەدان و داگیرکاری ژاپۆن

ئەنجوومەنی جەنگ هێشتا پێداگری لەسەر چوار مەرجەکەی خۆی دەکرد بۆ خۆبەدەستەوەدان تاوەکوو ٩ی ئاب. لەو ڕۆژەدا هێرۆهیتۆ فەرمانی بە کیدۆ کرد "بەخێرایی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات، چونکە یەکێتیی سۆڤیەت شەڕی دژمان ڕاگەیاندووە". پاشان کۆنفرانسی ئیمپراتۆری ئەنجام درا و وەزیر تۆجۆ ئەرکی ئاگادارکردنەوەی هاوپەیمانانی پێدرا کە ژاپۆن مەرجەکانیان قبووڵ دەکات.

ئیمپراتۆر لە دوانزەی ئابدا بنەماڵەی ئیمپراتۆری لە بڕیاری خۆبەدەستەوەدان ئاگادار کردەوە. هێرۆهیتۆ لە ١٤ی ئابدا بەیاننامەی خۆبەدەستەوەدانی خۆی تۆمارکرد کە ڕۆژی دواتر بۆ نەتەوەی ژاپۆن پەخشکرا، کە بووە هۆی یاخیبوونێکی کورت لەلایەن سەربازەکانەوە کە دژی خۆبەدەستەوەدانەکە بوون. لە ساڵی دوای تەقینەوەکان نزیکەی ٤٠ هەزار سەربازی ئەمریکی هێرۆشیمایان داگیرکرد و ٢٧ هەزار سەربازیش ناگاساکییان داگیرکرد.

لیژنەی قوربانیانی بۆمبی ئەتۆمی

لە بەهاری ساڵی ١٩٤٨، لیژنەی قوربانیانی بۆمبی ئەتۆمی (ABCC) لەژێر ڕێنمایی سەرۆکایەتی لە هاری ترومانەوە بۆ ئەکادیمیای نیشتمانی زانستەکان و ئەنجوومەنی نیشتمانی توێژینەوە دامەزرا، بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی تیشک لەسەر ڕزگاربووانی تەقینەوەکانی هێرۆشیما و ناگاساکی. چەندین قوربانیی نەخوازراو دۆزرایەوە، لەوانە دیلەکانی هاوپەیمانان، کۆرییەکان، کرێکارانی چینی، خوێندکارانی مالای و نزیکەی ٣٢٠٠ هاوڵاتی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ژاپۆنی.

قوربانیانی ڕزگاربووی بۆردومانەکان ناویان لێنراوە هیباکووشا (被爆者)، کە وشەیەکی ژاپۆنییە و بە واتای وشەیی وەرگێڕدراوە بۆ "دانیشتووانی بەرکەوتووی تەقینەوە". لە ئەنجامی ئەو ئازارانەی کە بەهۆی بۆردومانەکەوە تووشی بووە، ژاپۆن لەو کاتەوە هەوڵی نەهێشتنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا دەدات و یەکێک لە بەهێزترین سیاسەتە نائەتۆمییەکانی ڕاگەیاند. تا ٣١ی ئازاری ٢٠٠٩ زیاتر لە ٢٣٥ هەزار و ٥٦٩ هیباکووشا لەلایەن حکوومەتی ژاپۆنەوە دانپێدانراون کە زۆربەیان لە ژاپۆن دەژین.

یادگارییەکان لە هێرۆشیما و ناگاساکی لیستی ئەو هیباکووشایانەیان تێدایە کە لە دوای بۆردومانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە. ساڵانە نوێ دەکرێتەوە بۆ یادی بۆردومانەکان، یادگارییەکان لە ئابی ٢٠٠٩ ناوی زیاتر لە ٤١٠ هەزار هیباکوشایان تۆمارکردووە - ٢٦٣ هەزار و ٩٤٥ لە هێرۆشیما، و ١٤٩ هەزار و ٢٢٦ کەس لە ناگاساکی.


سەرچاوەکان



820 بینین