ئیتاڵیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-18-01:51:00 - کۆدی بابەت: 6618
ئیتاڵیا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی ئیتاڵیا 

وڵاتی ئیتاڵیا، کە بە شێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت کۆماری ئیتاڵیا وڵاتێکی ئەورووپییە و لە باکووری ناوەندی دەریای ناوەڕاست هەڵکەوتووە، باس دەکرێت بە وڵاتێکی باشووری ئەورووپا یاخود زۆرکات پێشی دەوترێت وڵاتێکی رۆژئاوای ئەورووپا، وڵاتەکە لەناو نیمچەدوورگەیەکدا هەڵکەوتووە کە سنووردارکراوە بە زنجیرە چیاکانی ئەڵپ لە باکوورەوە و کۆمەڵێک دوورگە لە باشوورەوە کە چواردەوریان داوە.

ڕووبەری خاکەکەی ٣٠١ هەزار و ٣٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە باکوورەوە سنووری وشکانی هەیە لەگەڵ وڵاتانی نەمسا و سویسرادا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە وڵاتی سلۆڤینیا هەڵکەوتووە، هەرچی لە ڕۆژئاواشەوەیە لەگەڵ گەورە دەوڵەتی فەڕەنسادا سنووری هەیە، ئەم وڵاتە لەناو سنوورەکانیدا دوو وڵاتی بچووکی تری لەخۆ گرتووە و چواردەوری داون کە ئەوانیش وڵاتی ڤاتیکان و سان مارینۆن.

زانیاری گشتی

ناو کۆماری ئیتاڵیا
پایتەخت ڕۆما
زمانی فەرمی ئیتاڵی
گرووپە ڕەگەزییەکان ٪٩١ ئیتاڵی، ٪٩ نەتەوەی تر.
ئایین
  • ٪٨١ مەسیحی 
  • ٪١٣ بێ ئایین
  • ٪٥ ئیسلام 
  • ٪١ ئایینەکانی تر
ڕۆژی سەربەخۆیی ١٧/٣/١٨٦١
دامەزراندنی کۆمار و ڕۆژی نیشتیمانیی ٢/٦/١٩٤٦
ڕووبەر ٣٠١ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان ٦٠.٣٠٦ میلیۆن کەس
چڕی ٢٠١ کەس/کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٢.١٠٦ تریلیۆن دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٣٤,٩٩٧ هەزار دۆلار
دراو یۆرۆ
کات UTC +1
کاتی هاوینە
UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست 
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٩

مێژوو

وڵاتی ئیتاڵیا بە یەکێک لە دێرینترین وڵاتەکان دادەنرێت لە تەواوی جیهاندا، مێژووی مرۆڤی نیاندەتاڵی تیا دۆزراوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ٨٥٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا، دواتر لە سەردەمی چاخی بەردینی کۆن و لە ٢٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستادا چەندین هۆز و خێڵی جیاجیا ژیانیان تیاکردووە، مێژووی مرۆڤی نوێش لەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠ هەزار ساڵی پێشوو لە ناوچەی (ڕیپارۆ مۆچی) کە کۆمەڵێکی زۆر ئەشکەوتی تێدایە و بەڵگە و شوێنەواری مێژووی گرنگی تیا دۆزراوەتەوە لەلایەن شوێنەوارناسەکانەوە.

شاری ڕۆما کە بە ڕۆمای دێرینیش ناسراوە لە ساڵی ٧٥٣ پێش زاییندا لەسەر ڕووباری تیبەر بنیاتنرا، ئەم شارە بۆ ماوەی دوو سەدە لەلایەن شانشینی ڕۆمەوە بەڕێوەدەبرا کە سیستمی پاشایەتی بوو و پاشاکان وڵاتیان بەڕێوەدەبرد، کۆتا پاشای ئەم کۆمەڵەیە بە شۆڕشێکی خەڵکی ڕۆما لابردرا لە ساڵی ٥٠٩ پێش زاییندا و کۆماری ڕۆمایان درووستکرد کە دواتر ئەم کۆمارەش نزیکەی ٥٠٠ ساڵ حکومڕانی کرد و لە کۆتاییدا ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی درووستبوو لە ساڵی ٢٧ ی پێش لەدایکبوونی مەسیحدا.

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا ئیتاڵیا گەیشتە ئەوپەڕی گەشەکردن و پێشکەوتن و بەشێکی زۆری لە چواردەوری دەریای سپی ناوەڕاستدا گرتەوە و شارستانێتییەکی مەزنی لەو ناوچانە درووستکرد ئێستاش شوێنەوارێکی زۆری لەو ناوچانەدا ماون، ئاینی مەسیحی زۆر بە خێرایی لەو ناوچەیەدا بڵاوبۆوە و هێندەی نەخایاند ڕۆما بووە پایتەختی پاپا و مەسیح، لە سەدەی نۆیەمدا عەرەبەکان ئایینی ئیسلامیان گەیاندە سیسیلی و بەشەکانی باشووری ئیتاڵیا، لە سەردەمی ڕاپەڕیندا لە سەردەمەکانی سەدەی ناوەڕاستدا، زانست و هونەر و وێژە لە زۆربەی شارەکانی ئیتاڵیادا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، لە ساڵی ١٧٩٦ دا "ناپلیۆن پۆناپارت" باکووری ئیتاڵیای داگیرکرد و لە ساڵی ١٨٠٤ دا خۆی بە شای ئیتاڵیا ڕاگەیاند، پاش ئەوەی ئیتاڵیا بووە چەند ناوچە و چەند شارێکی لێک جیا، ڤیکتۆر ئیمانوێلی دووەم لەساڵی ١٨٦١ دا تەواوی ناوچەکانی کردەوە بە یەک و بووە یەکەم پاشای وڵاتی ئیتاڵیای یەکگرتوو کە تازە یەکیگرتبۆوە، پایتەختی لە تورینەوە گواستەوە بۆ فلۆرێنسی، پاش دە ساڵ لەو بەروارە ڕۆما بووە پایتەخت ئیتاڵیای یەکگرتوو.

جوگرافیا

هەریەک لە و سویسرا و نەمسا و سلۆڤینیا دەکەونە باکووری وڵاتی ئیتاڵیا، فەڕەنسا دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای وڵات، دەریای ئەدریاتیکی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی و دەریای ئایۆنیان بەهەمان شێوە لە ڕۆهەڵاتی وڵاتەکەیە و دەکووێتە خوار دەریای ئەدریاتیکەوە، دەریای تیرێنیان دەکەوێتە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە و لەنێوان هەردوو دوورگە سەرەکییەکەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە کە سیسیلی و ساردینیانن، سیسیلی لە باشووری دەریای تیرێنیان، ساردینیان لە ڕۆژئاوای دەریاکە، ڕووبەری وڵاتی ئیتاڵیا ٣٠١ هەزار و ٣٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ٢٩٤ هەزاریان خاکی وشکانییە و ٧,٢٠٠ کیلۆمەتر دووجاشی بریتییە لە ناوچەی ئاوی و دەریاکان، کەنارە ئاوییەکانی سنوورێکی یەکجار گەورە پێکدێنن کە وڵاتەکە ٧,٦٠٠ کیلۆمەتر کەنار دەریای هەیە لەگەڵ هەریەکە لە دەریاکانی ئەدریاتیک و ئایۆنیان و تیرێنیان.

نزیکەی لە سەدا ٣٥ ی وڵاتەکە ناوچەی بەرز و شاخاوییە، زنجیرە چیاکانی ئەڵپ سنووری باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئیتاڵیایان پێکهێناوە لەسەر سنووری وڵاتانی سویسرا و فەڕەنسا، بەرزترین لووتکەی وڵاتەکەش لەسەر هەمان زنجیرە چیا هەڵکەوتووە کە لوتکەی “مۆنت بلانک”ـە و بەمانای چیای سپی دێت، ئەم لووتکەیە لە سەر سنووری هاوبەشی هەر دوو وڵاتی ئیتاڵیا و فەڕەنسا هەڵکەوتووە، درێژترین ڕووباری وڵات ڕووباری “پۆ”ـیە کە درێژییەکەی ٦٥٢ کیلۆمەترە و لە چیاکانی ئەڵپ لە ڕۆژئاوا و لەسەر سنووری فەڕەنساوە هەڵدەقووڵێت و درێژدەبێتەوە بۆ دۆڵی پادان یا پۆ و دواتر دەڕژێتە ناو دەریای ئەدریاتیکەوە، زنجیرە چیای ئەبناین ناوەڕاستی نیمچە دوورگەی ئیتاڵیا یان پێک هێناوە و دەشتەکانیش دەکەونە درێژایی کەنارەکان، تەختی دورگەکانی سیسیلی و ساردینیان بریتییە لە کۆمەڵە شاخێک و دەشتەکانیش چواردەوریان گرتووە و بە ناوچەی بومەلەرزە و گڕکانی دادەنرێت (گڕکانی ئێنتا و گڕکانی ڤیزۆڤ لەو ناوچەیەدا چالاکن)

کەشوهەوا

بەهۆی هەڵکەوتەی وڵاتی ئیتاڵیاوە بەشێوەیەک کە مەودایەکی درێژی باریکی هەیە و هاوشێوەی وڵاتانی تر بە پانی هەڵنەکەوتووە، وڵاتی ئیتاڵیا بەهۆی ئەم مەودا زۆر و دوورودرێژە و بوونی چیا و ناوچەی بەرزی زۆرەوە ئاووهەوای وڵاتەکە زۆر دەگۆڕێت لە ناوچەیەکییەوە بۆ ناوچەکەی تر، لە ناوچەکانی باکوور و بەشێکی ناوەڕاست کەش شێدارە و کاریگەری ئاووهەوای زەریایی لەسەرە، باکووری وڵات زستانی ساردە و تێکڕای پلەکانی گەرما دەچێتە سفر و ژێر سفرەوە، ئاووهەوا لە ناوەڕاست و باشووری وڵات زستانی مام ناوەند و پلەکانی گەرما لە ڕۆژدا ١٢ پلەی سیلیزییە، هاوینی گەرمە و پلەکانی گەرما دەگاتە ٣٠ پلەی سیلیزی، بە شێوەیەکی گشتی پلەی گەرمی نە زۆر بەرزە نە زۆر نزم، لە -٥ دەستپێدەکات بۆ ٣٠ بەپێی جیاوازی وەرز و ناوچەکان، وەرزی هاوین لە باشووری وڵات و لە دوورگەی سیسیلی بە تێکڕا لە ٢٠ بۆ ٢٥ ی سیلیزییە، چیاکانی ئەڵپیش لە باکووری وڵاتەکە تێکڕای پلەکانیان لە سفر بۆ ١٢ پلەی سیلیزییە لە وەرزی زستاندا، بەڵام هەموو جۆرە کەشێژی باران و بەفر و تەماوی لە وڵاتدا دەبینرێت بەپێی ناوچەکان.

ئابووری

ئابووری ئیتاڵیا پشتی تەواوی بە پیشەسازی بەستووە، چونکە ئێستا تەنها ٪١٠ ی ژمارەی دانیشتووان سەرقاڵی کشتوکاڵین بەڵام کێشەی سەرەکی ئیتاڵیا لە دابەش کردنی سامانەکانیەتی لە نێوان باکووری دەوڵەمەند و باشووری هەژاردا ئەمەش نەک تەنها لە ئیتاڵیادا بەڵکو لە زۆربەی وڵاتانی سەر زەویدا دەبینرێت کە هەمووکات بەشی باکووری وڵات یا شارەکە دەوڵەمەندترن لە بەشی خواروو و باشووریان، لە لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای سەنتەری ئاماری ئیتاڵیا ئاشکرا بووە کە نزیکەی هەشت ملیۆن ئیتاڵی واتا ٪١٤ کۆی دانیشتووان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەمانەش لە خەڵکەکانی باشوری ئەو وڵاتەن، هەروەها لە ئامارێکی دیکەشدا ئاشکرا کراوە کە ڕێژەی ژمارەی دانیشتووانی ئیتاڵیا بەرەو کەمبوون دەڕوات لەبەر نەویستنی منداڵ خستنەوە و خێزان پێکەوەنان، ئیتاڵیا پشتێکی زۆری بە بێگانەکان بەستووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی لە هێزی کاردا هەیەتی و ژمارەیەکی زۆر پەنابەر و خەڵکی وڵاتانی تر لە وڵاتەکەدا دەژین و ئیش دەکەن.

ئابووری وڵاتی ئیتاڵیا بەپێی بەرهەمەکانی و هەناردەکردنیان بۆ دەستکەوتنی داهات:

- بەرهەمە کشتووکاڵی و ئاژەڵییەکان: گەنم، گەنمەشامی، مێو، زەیتون، توتن، بەخێوکردنی گوێرەکە، ماسی و زیندەورە دەریاییەکان.

- بەرهەمە پیشەسازییەکان: دروستکردنی ئاسن و پۆڵا، دروستکراوەکانی خووری، پۆشاک، پێڵاو، کەلوپەلی ناوماڵ، ئۆتۆمبێل، دروست کراو و ماددە کیمیاییەکان.

- سامانی کانزایی: زینک، ئاسنی خاو (Fe2O3, FeO, FeCO3) مەنگەنیز، قوڕقوشم، گۆگرد، نەوت، خەڵووزی بەردین، گەچ، بۆرۆن.

کەسایەتییە مێژووییەکانی وڵات

١- لیۆناردۆ داڤێنشی

٢- کریستۆڤەر کۆڵۆمبس

٣- گالیلۆ گالی

٤- مارکۆ پۆلۆ

٥- مۆنیکا بێلووچی

٦- مایکڵ ئەنجلۆ

٧- دانتێ ئەلیگێری

٨- بێنیتۆ مۆسۆلۆنی

٩- گولیلمۆ مارکۆنی 

١٠- سێرجیۆ لیۆنی

١١- هەریەک لە دوو گەورە ئەکتەری سینەما (ڕۆبێرت دی نیرۆ، ئەل پاچینۆ) نیوە ئیتاڵین یا دایک یا باوانیان ئیتاڵییە و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئیتاڵیین.

١٢- یاریزانانی وەک (ڕۆبێرتۆ باجیۆ، دێل پیرۆ، ماڵدینی، بۆفۆن، تۆتی، گاتوسۆ، کیلینی و بۆنوچی و چەندانی بەناوبانگی تر)، خەڵکی ئەم وڵاتەن.

١٣- گەورە ڕاهێنەرانی وەک کارلۆ ئەنچلۆتی، ئەنتۆنیۆ کۆنتی فابیۆ کاپێلۆ و چەندانی تر لەدایکبووی ئیتاڵیان.


سەرچاوەکان



5353 بینین