جەنگی نیمچە دوورگەی ئیبری - جەنگی ئیسپانیا

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-03-03-14:53:00 - کۆدی بابەت: 14945
جەنگی نیمچە دوورگەی ئیبری - جەنگی ئیسپانیا

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

جەنگی نیمچە دوورگەی ئیبری، کە زۆر جار بە جەنگی ئیسپانیا یان جەنگی سەربەخۆیی ئیسپانیا دەناسرێت(١٨٠٨-١٨١٤)، یەکێک لە بەریەککەوتنە هەرە خوێناوی و کاریگەرەکانی سەردەمی ناپلیۆنی بوو. ئەم ململانێیە شەش ساڵە چەندین ڕەهەندی ئاڵۆزی لەخۆ گرتبوو: شەڕێکی نێوان هێزە ئەوروپیە گەورەکان، جەنگێکی ناوخۆیی ئیسپانی، خەباتێکی نیشتمانی بۆ سەربەخۆیی، و شۆڕشێکی لیبراڵی گەورە. لە ناخی ئەم جەنگەدا، چیرۆکی نەتەوەیەک هەیە کە بەرەنگاری داگیرکەرێکی زەبەلاح بووەوە و بەهایەکی قورسی دا بۆ ئازادی خۆی.

زەمینەی مێژوویی: ئیسپانیا پێش جەنگ

بۆ تێگەیشتن لە جەنگەکە، پێویستە سەرەتا چاوێک بە دۆخی ئیسپانیا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا بخشێنین. لەو سەردەمەدا، ئیسپانیا ئیمپراتۆریەتێکی فراوان بوو، بەڵام لە ژێر سێبەری داڕمانێکی درێژخایەندا بوو. شارل چوارەم، پاشایەکی لاواز و بێ ئیرادە، گەورەترین ئیمپراتۆریەتی جیهانی بەدەستەوە بوو، بەڵام کۆنتڕۆڵی کردەیی وڵاتەکە لە دەستی مانوێل گۆدۆی، وەزیری یەکەمی ئیسپانیا و خۆشەویستی مەلیکە ماریا لویزا بوو.
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئیسپانیا هێشتا زۆر فیوداڵی بوو. کەنیسە و نەجیبزادەکان دەسەڵاتی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەورەیان هەبوو، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک لە هەژاریدا دەژیان. کۆمەڵگا لە ناکۆکیەکی قووڵدا بوو: لەلایەکەوە گروپی ئایینی کۆنەپارێز و پاشایەتیخواز، لەلایەکی دیکەوە ڕەوتی ڕۆشنگەری و ڕیفۆرمخوازان. ئەم دۆخە کۆمەڵایەتیە ئاڵۆزە بەستێنی جەنگی دواتری دروست کرد.

دۆخی ئەورووپا

لەو سەردەمەدا، ناپلیۆن بۆناپارت لە لووتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو وە زۆربەی ئەوروپای لەژێر کۆنتڕۆڵدا بوو. ساڵی ١٨٠٧، فەرەنسا و ئیسپانیا پەیماننامەی فۆنتێنبلۆیان واژۆ کرد، کە بەپێی ئەو فەرەنسا و ئیسپانیا پێکەوە پورتوگال داگیر دەکەن، چونکە پورتوگال هاوپەیمانی بەریتانیا بوو کە دوژمنی گەورەی ناپلیۆن بوو.
بە بیانووی ئەم پەیماننامەیە، ناپلیۆن نزیکەی ١٠٠،٠٠٠ سەربازی فەرەنسی ناردە ناو خاکی ئیسپانیا. بەڵام ئامانجی ڕاستەقینەی ناپلیۆن داگیرکردنی خودی ئیسپانیا بوو، نەک یارمەتیدانی بۆ داگیرکردنی پورتوگال. هێزەکانی فەرەنسا بە خێرایی قەڵا و شارە گرنگەکانی ئیسپانیایان داگیر کرد و بەرەو مەدرید، پایتەخت، هەنگاویان نا.

قەیرانی تاج و تەخت و هەڵخەڵەتاندنی بایۆن

لە مارسی ١٨٠٨، هەراسانییەکی گشتی لە ئیسپانیا دژی گۆدۆی بێزراو دروست بوو(وەزیرەکەی پادشا)، کە بەرپرسی ڕێگەدان بە سەربازانی فەرەنسی بۆ هاتنە ناو وڵات بوو. لە ڕاپەڕینەکەی ئاراخوێث، گۆدۆی لە دەسەڵات لابرا و شارل چوارەم ناچار کرا واز لە تەخت بۆ کوڕەکەی، فێردیناند حەوتەم، بهێنێت کە خۆشەویستی خەڵک بوو.
ناپلیۆن کە لەم گۆڕانکاریانە ناڕازی بوو، بە فێڵ باوک و کوڕی بانگهێشتی شاری بایۆن لە باشووری فەرەنسا کرد. لەوێ، ناپلیۆن هەردوو پاشای ئیسپانیای ناچار کرد واز لە مافەکانیان بۆ تاجی ئیسپانیا بهێنن، چونکە هەردووکیان بەدل گیرابوون بەبێ ئەوەی هەست بەخۆیان بکەن. لە ٦ی مایسی ١٨٠٨، ناپلیۆن تاجی ئیسپانیای پێشکەشی برایەکەی، جوزێف بۆناپارت، کرد. ئەم کردەوەیە، کە لە مێژووی ئیسپانیادا بە "هەڵخەڵەتاندنی بایۆن" ناسراوە، بووە هۆی تووڕەیی گەورە لە سەرتاسەری وڵات.

ڕاپەڕینی دووی مایس و دەستپێکی بەرخۆدانی نیشتمانی

ڕۆژی ٢ی مایسی ١٨٠٨، کاتێک سەربازانی فەرەنسی هەوڵیاندا ئەندامانی بنەماڵەی پاشایەتی ئیسپانیا لە مەدرید ببەنە دەرەوە، خەڵکی پایتەخت بە توندی دژیان ڕاپەڕین. خەڵک، چەکدار بە چەقۆ، دار و بەرد، پەلاماری سەربازانی فەرەنسیان دا. ئەم رووداوە، کە بە "الدوس دی مایۆ" (دووی مایس) لە مێژووی ئیسپانیادا ناسراوە، سەرەتای بەرخۆدانی نیشتمانی ئیسپانیا دژی داگیرکەرانی فەرەنسی بوو.
سبەینێی ئەو ڕۆژە، فەرەنسیەکان بە دڕندەیی تۆڵەیان کردەوە. سەدان کەس لە هاوڵاتیانی ئیسپانیا لە سێدارە دران یان گوللەباران کران - ڕووداوێک کە لە تابلۆی ناودارەکەی فرانسیسکۆ گۆیا "ئیعدامەکانی سێیەمی مایس" بە شێوەیەکی ڕەهەندی و دڵتەزێن نیشان دراوە. ئەم تابلۆیە وێنەی گروپێک لە هاوڵاتیانی ئیسپانی پیشان دەدات کە بە دەستی سەربازانی فەرەنسی دەکوژرێن، لە کاتێکدا پیاوێک بە دەستی کراوە و کراسی سپی بەرامبەر بە تفەنگەکان وەستاوە، وەک هێمایەک بۆ قوربانیدانی بێتاوانان.
هەواڵی ئەم کوشتارە بە خێرایی لە سەرتاسەری ئیسپانیا بڵاو بووەوە و هاندەری ڕاپەڕینێکی نیشتمانی گشتگیر بوو. لە شارە جیاوازەکاندا، لیژنەکانی بەرگری نیشتمانی (جونتا) پێکهاتن بۆ ڕێکخستنی بەرخۆدان دژی فەرەنسیەکان. ئەمە سەرەتای شەڕێکی نوێ بوو کە دواتر لە زمانە ئەوروپیەکاندا ناوی "گێریلا" (شەڕی چریکی) وەرگرت، وشەیەک کە لە ئیسپانیەوە هاتووە و بە مانای "شەڕە بچووکەکە"یە.

شەڕی گەریلایی و تایبەتمەندیەکانی

شەڕی گەریلایی ئیسپانی بە دڕندەیی و بێبەزەیی ناسراوە. گروپە چریکیەکانی ئیسپانیا، کە لە جوتیار، ئەندامانی کلێسا، نەجیبزادە و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پێکهاتبوون، شەڕێکی بێوچانیان لە دژی سەربازانی فەرەنسی بەرپا کرد. پەلاماری پۆستە سەربازیەکان، دەستەکانی راوچی، کاروانی کەل و پەل و قافڵەکانی فەرەنسیان دەدا.
تاکتیکەکانی گێریلا زۆر کاریگەر بوون. چریکەکان شوێنەکەیان باش دەناسی و دەیانتوانی خۆیان لە چیا و دارستانەکاندا بشارنەوە، پاشان بە ناکاو پەلامار بدەن و خێرا پاشەکشە بکەن. ئەم شێوازە شەڕ لە سەردەمی ناپلیۆندا نوێ بوو و سوپای ڕێکخراوی فەرەنسی پێی ئاشنا نەبوو. 
فەرەنسیەکان بە توندی وەڵامی ئەم هێرشانەیان دەدایەوە. گوندەکان سووتێنران، هاوڵاتیان بە کۆمەڵ ئیعدام کران، و ئەشکەنجە و ستەمکاری بڵاو بووەوە. ئەم دڕندەییە زیاتر بووە هۆی نەفرەتی خەڵکی ئیسپانیا لە داگیرکەران و بەهێزبوونی بەرخۆدانی نیشتمانی. گۆیا لە زنجیرە کارەکانی "کارەساتەکانی جەنگ" بە شێوەیەکی ڕیالیستی ئەم دڕندەییە دوولایەنەی ئەو سەردەمەی تۆمار کردووە.

شەڕە سەرەکیەکان و گەڕانەوەی بەریتانیا

شەڕی بایلێن (جوولای ١٨٠٨)

یەکەمین سەرکەوتنی گەورەی ئیسپانیەکان لە ١٩ی جوولای ١٨٠٨ لە شەڕی بایلێن بوو. لەم شەڕەدا، سوپای ئیسپانی بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ فرانسیسکۆ کاستانیۆس توانی لەشکری فەرەنسی بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ پیێر دوپۆن شکست بدات و نزیکەی ١٨،٠٠٠ سەربازی فەرەنسی ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات. ئەمە یەکەمین شکستی مەیدانی گەورەی سوپای ناپلیۆن بوو لە ئەوروپا، و کاریگەریەکی مەعنەوی گەورەی لەسەر خەڵکی ئیسپانیا هەبوو و ورەی بەرخۆدانی بەرز کردەوە.

هاتنی بەریتانیا و شەڕی ڤیمیەرۆ (ئابی ١٨٠٨)

دوای سەرکەوتنی بایلێن، بەریتانیا کە شەڕی لەگەڵ فەرەنسا دەکرد، بڕیاری دا هاوکاری ئیسپانیەکان بکات. سوپایەکی بەریتانی بە سەرکردایەتی سێر ئارسەر وێللێسلی (کە دواتر بە دوکی وێللینگتۆن ناسرا) لە پورتوگال دابەزی. لە ٢١ی ئاب، وێللێسلی لە شەڕی ڤیمیەرۆ سەرکەوت و هێزەکانی فەرەنسی ناچارکرد پورتوگال بەجێبهێڵن.

هێرشی ناپلیۆن بۆ ئیسپانیا (١٨٠٨-١٨٠٩)

شکستەکانی سوپای فەرەنسی لە ئیسپانیا و پورتوگال، ناپلیۆنی ناچار کرد خۆی بچێت بۆ نیمچە دوورگەی ئیبری. لە نۆڤەمبەری ١٨٠٨، ناپلیۆن بە سوپایەکی زەبەلاحی ٣٠٠،٠٠٠ کەسی هێرشی کردە سەر ئیسپانیا و بە خێرایی چەندین سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا.
لە شەڕەکانی بورگۆس و سۆمۆسیێڕا، ناپلیۆن سوپای ئیسپانی شکست پێهێنا و ڕێگەی بۆ داگیرکردنی مەدرید خۆش کرد. لە ٤ی دیسەمبەر، ناپلیۆن مەدریدی داگیر کرد. پاشان هەوڵی دا هەوڵی دا چاکسازی لە ئیسپانیا بکات و فرمانی هەڵوەشاندنەوەی دادگای پشکنینی ئایینی، لابردنی باجی فیوداڵی و چاکسازی لە پەروەردە و زانستدا دەرکرد. بەڵام ئەم هەوڵانە درەنگ بوون و خەڵکی ئیسپانیا ئەوان وەک داگیرکەر دەبینی، نەک ڕزگارکەر.

پاشەکشەی بەریتانیەکان و شەڕی کۆرونیا (کانوونی دووەم ١٨٠٩)

لە هەمان کاتدا، هێزەکانی بەریتانی بە سەرکردایەتی سێر جۆن مۆر، کە بۆ هاوکاری ئیسپانیەکان هاتبوون، ناچار کران بەرامبەر بە سوپای گەورەی ناپلیۆن پاشەکشە بکەن. مۆر و سوپاکەی دەبوایە ڕێگەیەکی دوور و درێژ لە ناوەڕاستی ئیسپانیاوە تا بەندەری کۆرونیا لە باکووری ڕۆژئاوا ببڕن، ئەوەش لە ناوەڕاستی زستانێکی سەختدا.
لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٨٠٩، مۆر لە کۆرونیا شەڕێکی دواکەوتووی دژی سوپای فەرەنسی بە سەرکردایەتی مارشاڵ سولت کرد. لەمیانەی شەڕەکەدا، مۆر بریندار بوو و دواتر کۆچی دوایی کرد، بەڵام توانی پاشەکشەیەکی سەرکەوتوو بۆ سوپاکەی مسۆگەر بکات و زۆربەی سەربازەکانی بە کەشتی بۆ بەریتانیا گەڕانەوە.

سەردەمی وێللینگتۆن و سەرکەوتن

گەڕانەوەی وێللینگتۆن و هێڵی تۆڕێس ڤێدراس (١٨٠٩-١٨١١)

لە ئەپریلی ١٨٠٩، وێللینگتۆن جارێکی دیکە گەڕایەوە نیمچە دوورگەی ئیبری و دەستی بە هەڵمەتێکی نوێ کرد. وێللینگتۆن ستراتیجیەتێکی وردی هەبوو: سەرەتا دەیویست پورتوگال ڕزگار بکات و بیکاتە بنکەیەکی ئارام بۆ هێرشکردنە سەر ئیسپانیا. پاشان نەخشەی بۆ ئەوە داڕشت کە بە هاوکاری گەریلاکانی ئیسپانیا، هێزەکانی فەرەنسی لە ئیسپانیا دەربکات.
لە زستانی ١٨١٠-١٨١١، وێللینگتۆن هێڵێکی بەرگری بەهێزی لە تۆڕێس ڤێدراس لە پورتوگال دروست کرد تا بەرگری لە لیسبۆن بکات. ئەم سیستەمە بەرگریە کە لە سێ هێڵی پێشەوە، ناوەند و پاشەوە پێکهاتبوو، توانی هێرشی فەرەنسیەکان بە سەرکردایەتی مارشاڵ ماسێنا بەربەست بکات. ماسێنا چەندین مانگ هەوڵی دا هێرش بکاتە سەر هێڵەکانی وێللینگتۆن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و لە ئەنجامدا ناچار بە پاشەکشە بۆ ئیسپانیا کرا.

شەڕەکانی سالامانکا و ڤیتۆریا: لە وەرچەرخانەوە بۆ سەرکەوتن (١٨١٢-١٨١٣)

لە ٢٢ی جوولای ١٨١٢، وێللینگتۆن لە شەڕی سالامانکا سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەست هێنا و توانی سوپای فەرەنسی بە سەرکردایەتی مارشاڵ مارمۆنت بە سەختی شکست پێبهێنێت. پاش ئەم سەرکەوتنە، وێللینگتۆن توانی مەدرید داگیر بکات و جوزێف بۆناپارت ناچار بە هەڵاتن بۆ ڤالێنسیا بکات. بەڵام لە پاییزی هەمان ساڵدا، فەرەنسیەکان بە هێزێکی گەورەتر گەڕانەوە و وێللینگتۆن ناچار کرا بکشێتەوە بۆ پورتوگال.
لە بەهاری ١٨١٣، وێللینگتۆن هەڵمەتێکی نوێی دەستپێکرد و بەرەو باکووری ئیسپانیا پێشڕەوی کرد. ئەمجارە سوپای وێللینگتۆن گەورەتر و باشتر ڕێکخرابوو، لە پورتوگالی و ئیسپانی پێکهاتبوو. لە ٢١ی حوزەیرانی ١٨١٣، وێللینگتۆن لە شەڕی ڤیتۆریا سەرکەوتنێکی ڕەهای بەسەر سوپای فەرەنسی بە سەرکردایەتی جوزێف بۆناپارت و مارشاڵ ژوردان بەدەست هێنا. لەم شەڕەدا، وێللینگتۆن توانیویەتی هێزەکانی خۆی بە باشی دابەش بکات و لە سێ لاوە هێرش بکاتە سەر فەرەنسیەکان. ئەم شکستە کۆتایی بە دەسەڵاتی فەرەنسا لە ئیسپانیا هێنا و جوزێف بۆناپارت ناچار کرا بۆ هەمیشە ئیسپانیا بەجێبهێڵێت.

شەڕەکانی پیرینی و کۆتایی جەنگ (١٨١٣-١٨١٤)

دوای سەرکەوتنی ڤیتۆریا، وێللینگتۆن هێرشی کردە سەر فەرەنسا لە ڕێگەی پیرینیەوە. لە شەڕەکانی سان سێباستیان، پامپلۆنا، و نیڤێل، وێللینگتۆن سەرکەوتوو بوو و لە کۆتاییدا بەشێکی باشووری فەرەنسای داگیر کرد.
لە هەمان کاتدا، لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، سوپاکانی ڕووسیا، پروسیا و نەمسا هێرشیان کردە سەر فەرەنسا. ناپلیۆن لە هەموو بەرەکانەوە گەمارۆ درابوو. لە ئەپریلی ١٨١٤، شارێ پاریس کەوت و ناپلیۆن ناچار کرا دەستلەکاربکێشێتەوە و بۆ دوورگەی ئێلبا دوور بخرێتەوە.

ڕەهەندەکانی جەنگەکە: لە نیشتمانپەروەریەوە بۆ سیاسەت

دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی مۆدێرن

یەکێک لە دەرئەنجامە گرنگەکانی جەنگی نیمچە دوورگەی ئیبری، دروستبوونی بیری نیشتمانپەروەری مۆدێرن بوو لە ئیسپانیا. پێش جەنگ، خەڵکی ئیسپانیا زیاتر خۆیان بە ناوچە جوگرافیەکان - کاتالۆنیا، باسک، گالیسیا و هتد - دەناساند نەک وەک میللەتێکی یەکگرتوو. بەڵام بەرەنگاری دژی داگیرکەرانی فەرەنسی هەستێکی هاوبەشی نیشتمانی دروست کرد. ئیسپانیەکان سەرباری جیاوازی سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکانیان یەکگرتوو بوون دژی دوژمنێکی هاوبەش.

شۆڕشی دەستووری: دەستووری کادیز ١٨١٢

لە کاتێکدا شەڕەکە بەردەوام بوو، پەرلەمانێکی نیشتمانی - کۆرتێز (Cortes) - لە شاری کادیز کۆبووەوە، کە تەنها شارێکی گەورەی باشووری ئیسپانیا بوو کە لەژێر دەستی فەرەنسیەکاندا نەبوو. ئەم پەرلەمانە کە لە نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئیسپانیا پێکهاتبوو، کەوتە گفتوگۆ لەسەر داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ دوارۆژی وڵات.
لە ١٩ی مارسی ١٨١٢، دەستووری کادیز پەسەند کرا، کە یەکێک لە لیبراڵترین دەستوورەکانی ئەو سەردەمە بوو. ئەم دەستوورە سنووری بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی دانا، مافی دەنگدانی بۆ پیاوان فراوان کرد، ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی دابین کرد، دەسەڵاتی کەنیسەی کەم کردەوە، و بەندەکانی فیوداڵی هەڵوەشاندەوە. دەستووری کادیز سەرەتایەک بوو بۆ ڕێفۆرمی لیبراڵی لە ئیسپانیا و وێنەیەکی ڕوونی دا لە دووفاقی کۆمەڵگەی ئیسپانیا: لەلایەکەوە ڕیفۆرمخوازان و لیبراڵەکان، لەلایەکی دیکەوە کۆنەپارێزان و ئایینداران.

دەرئەنجامەکانی جەنگەکە: لە ڕزگاربوونەوە تا تراژیدیا

کارەساتی مرۆیی و ئابووری

جەنگی نیمچە دوورگەی ئیبری قوربانیەکی زۆری هەبوو. مێژوونووسان پێیان وایە نزیکەی ٣٠٠،٠٠٠ سەرباز و ٢٠٠،٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لەم جەنگەدا گیانیان لەدەستدا. برسیەتی، نەخۆشی و توندوتیژی دژی هاوڵاتیان بووبوونە دیاردەی ئاسایی. بە هەزاران گوند سووتێنران، بەروبووم و کێڵگەکان وێران کران، و پێکهاتەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری تێکشکا.
ئیسپانیا بە تەواوی وێران ببوو، بە تایبەتی ناوچەکانی باکوور و ناوەند کە شەڕی زۆر تێدا ڕوویدا. وێران بوونی ئابووری وڵات لەم جەنگەدا یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دواکەوتنی گەشەی پیشەسازی لە ئیسپانیا، کە دواتر کاریگەری قووڵی لەسەر پێگەی وڵات لە سەدەی نۆزدەیەم هەبوو.

گەڕانەوەی فێردیناند حەوتەم و کۆتایی ڕیفۆرمەکان

لە کانوونی یەکەمی ١٨١٣، ناپلیۆن ناچار کرا پەیماننامەی ڤالێنسای لەگەڵ فێردیناند حەوتەم واژۆ بکات، کە بەپێی ئەو فێردیناند وەک پاشای ئیسپانیا گەڕایەوە سەر تەخت. کاتێک فێردیناند حەوتەم لە ٢٤ی مارسی ١٨١٤ گەیشتەوە ئیسپانیا، خەڵک بە گەرمی پێشوازیان لێکرد. ناوی "فێردیناندی خواستراو" لێنرا، چونکە خەڵک پێیان وابوو گەڕانەوەی ئەو دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێی ئاشتی و گەشانەوە.
بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان، فێردیناند حەوتەم وەک پاشایەکی ڕەهاخواز و دژە لیبراڵی دەرکەوت. لە مانگی مایسی ١٨١٤، فێردیناند دەستووری کادیزی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پاشایەتی ڕەها. ئەو ڕەخنەگرانی سیاسی و لیبراڵەکانی دەستگیر کرد و دووری خستنەوە یان لە سێدارەی دان، و دادگای پشکنینی ئایینی سەرلەنوێ دامەزراندەوە. ئەمە دەستپێکی سەردەمێکی نوێی ناکۆکی نێوخۆیی بوو لە ئیسپانیا، کە دواتر بووە هۆی چەندین جەنگی ناوخۆیی لە سەدەی نۆزدەیەم.

کاریگەری لەسەر کیشوەری ئەمریکای لاتین

جەنگەکە هەروەها کاریگەریەکی گەورەی لەسەر کۆلۆنیەکانی ئیسپانیا لە ئەمریکای لاتین هەبوو. لە کاتێکدا ئیسپانیا سەرقاڵی شەڕ دژی فەرەنسا بوو، زۆربەی کۆلۆنیەکانی ئەمریکای لاتین دەستیان بە خەباتی سەربەخۆیی کرد. ڕێبەرانی شۆڕشگێڕی وەک سیمۆن بۆلیڤار لە ڤەنەزوێلا و کۆلۆمبیا، خوسێ دی سان مارتین لە ئەرجەنتین و چیلی، و میگێل هیدالگۆ و خوسێ ماریا مورێلۆس لە مەکسیک بە کەڵک وەرگرتن لە لاوازی ئیسپانیا، بزووتنەوەی سەربەخۆیی گەلانی ئەمریکای لاتینیان بەرەوپێش برد.
لە ساڵەکانی دوای جەنگی نیمچە دوورگەی ئیبری (١٨١٠-١٨٢٥)، یەک بە دوای یەک کۆلۆنیە ئیسپانیەکان سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و تەنها کوبا و پوێرتۆریکۆ وەک دوا پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیا لە ئەمریکا مانەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم. بەم شێوەیە، داگیرکردنی ئیسپانیا لەلایەن ناپلیۆنەوە، بووە هۆی لەدەستدانی ئیمپراتۆریەتە گەورەکەی لە دنیای نوێ.

میراتی سیاسی و ئایدیۆلۆژی

جەنگی نیمچە دوورگەی ئیبری ئاژاوەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی قووڵی لە ئیسپانیا دروست کرد کە دەیان ساڵ بەردەوام بوو. یەکێک لە میراتە قووڵەکانی جەنگەکە دابەشبوونی کۆمەڵگەی ئیسپانیایە بۆ دوو بەرەی تووندڕەو: لیبراڵەکان و کۆنەپارێزان، کە دواتر بوونە هۆی سەرهەڵدانی چەندین جەنگی ناوخۆیی لە ساڵەکانی ١٨٣٠، ١٨٧٠ و ١٩٣٦.
لە هەمان کاتدا، جەنگەکە هەستی نیشتمانپەروەری لە ئیسپانیا بەهێز کرد. خەڵکی ئیسپانیا کە پێشتر خۆیان بە ناوچە و هەرێمەکان دەناساند، ئێستا وەک یەک نەتەوە دژی داگیرکەرانی بیانی یەکگرتوو بوون. ئەم هەستە نیشتمانیە نوێیە لە سروودی نیشتمانی ئیسپانیا، بیرەوەریەکانی نیشتمانی، و جەژن و بۆنەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.
 

ئەنجام

جەنگی نیمچە دوورگەی ئیبری، کە بە درێژایی شەش ساڵ بەردەوام بوو، هاوکات تراژیدیایەکی مرۆیی و داستانێکی شکۆداری بەرخۆدانی نیشتمانی بوو. ئەم جەنگە وەک یەکەم نموونەی سەرکەوتووی بەرگری نیشتمانی و شەڕی چریکی (گەریلایی) دژی سوپایەکی مۆدێرنی ئەوروپی دادەنرێت. کاریگەریەکانی ئەم جەنگە لەسەر ئیسپانیا، پورتوگال، ئەمریکای لاتین و تەنانەت ئەوروپا تا ئەمڕۆش هەست پێدەکرێت و وەک بەشێکی گرنگ لە میراتی مێژوویی و کلتووری ئەم ناوچانە ماوەتەوە.


سەرچاوەکان



321 بینین