شەڕی تۆرا بۆرا

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-04-22-13:34:00 - کۆدی بابەت: 15035
شەڕی تۆرا بۆرا

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

شەڕی تۆرا بۆرا، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠١دا ڕوویدا، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە جەنگی نوێی دژی تیرۆر و یەکێک لە سەرەتاییترین هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئەلقاعیدە لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر. ئەم شەڕە لە ناوچەیەکی چیایی سەخت و دوورەدەست لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ڕوویدا و بەشێکی سەرەکی بوو لە عەمەلیاتی "ئازادی بێ سنوور". ڕاستەوخۆ پاش ڕووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەوڵی دۆزینەوە و لەناوبردنی ئوسامە بن لادن و سەرکردەکانی ئەلقاعیدەیان دا لەو ناوچەیەدا.

پاشخانی مێژوویی

هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ لە ئەمریکا، کە تێیدا نزیکەی ٣٠٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا، خاڵی وەرچەرخان بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش، دوای دڵنیابوون لە پەیوەندی ئوسامە بن لادن و ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بەو هێرشانەوە، داوای ڕادەستکردنی بن لادن لە ڕژێمی تاڵیبان کرد. کاتێک تاڵیبان ڕەتیکردەوە ئەم داوایە جێبەجێ بکات، ئەمریکا بڕیاری دا هێرشی سەربازی دەست پێبکات.
لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١، ئەمریکا و بەریتانیا عەمەلیاتی "ئازادی بێ سنوور"یان دەستپێکرد، کە تێیدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەکانی تاڵیبان و ئەلقاعیدە دەستی پێکرد. هاوکات، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا پەیوەندییان بە هێزەکانی بەرەی باکوورەوە کرد، کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تاڵیبان بوون، بۆ هێرشی زەمینی. پێشڕەوی خێرای هێزەکان بووە هۆی ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، زۆربەی شارە سەرەکییەکانی ئەفغانستان بکەونە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی دژ بە تاڵیبان، و لە ١٣ی نۆڤەمبەر کابول داگیرکرا.
هاوکات لەگەڵ کشانەوەی تاڵیبان، زانیاری وردتر لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە کۆکرایەوە کە ئاماژەیان بەوە دەکرد سەرکردایەتی ئەلقاعیدە، لەوانە ئوسامە بن لادن، لە ناوچەی تۆرا بۆرا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان خۆیان حەشارداوە. تۆرا بۆرا، کە بە "باوەشی ڕەش" ناودەبرێت، ناوچەیەکی چیایی بوو کە بە سیستەمێکی ئاڵۆزی ئەشکەوت و تونێل ناسرابوو، کە لە سەردەمی جەنگی دژی سۆڤیەت لە ١٩٨٠کاندا دروستکرابوون.

ناوچەی تۆرا بۆرا

ناوچەی تۆرا بۆرا دەکەوێتە سنووری ناوچەی نەنگەرهار لەگەڵ پاکستان لە چیاکانی سپین غەر (واتە چیای سپی)، کە بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی هیندوکوش. ئەم ناوچەیە بە جوگرافیایەکی سەخت و ڕێگای دژوار ناسراوە، کە زنجیرەیەک لە دۆڵی قووڵ و چیای بەرز و بەردەڵان لەخۆ دەگرێت. بەرزی ناوچەکە لە ٢٥٠٠ مەتر تا ٤٥٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە دەگۆڕێت.
لە سەردەمی جەنگی دژی سۆڤیەت لە ١٩٨٠کاندا، موجاهیدینەکانی ئەفغانستان بە هاوکاری سی ئای ئەی، سیستەمێکی فراوانی ئەشکەوت و تونێلیان دروستکرد بۆ پەناگە و کۆگای چەک. ئەم سیستەمە لە سێ ئاستی ژێرزەمینیدا دروستکرابوو و بە شێوەیەک دیزاین کرابوو کە بەرگەی بۆمبارانی قورس و هێرشی کیمیایی بگرێت. لە ناوەوەی ئەم سیستەمەدا کۆگای چەک، ژووری ژیان، سیستەمی هەواگۆڕکێ، و تەنانەت نەخۆشخانەی بچووک هەبوون.
دوای کشانەوەی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی جەنگی ناوخۆی ئەفغانستان، ئوسامە بن لادن، کە لە سودانەوە گەڕابوویەوە ئەفغانستان، چەندین کەمپی ڕاهێنانی لە تۆرا بۆرا دامەزراند. لە ساڵانی ١٩٩٦-٢٠٠١، ئەم ناوچەیە بووە سەرەکیترین بنکەی ئەلقاعیدە، لەبەر دوورەدەستی و ئاسایشی. ئەوەی ناوچەکەی زیاتر مەترسیدار دەکرد نزیکی بوو لە سنووری پاکستان، کە ڕێگای ئاسانی دەدا بە هەڵهاتن بۆ ناوچە قەبیلەییەکانی باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، کە دەسەڵاتی ناوەندی پاکستان کۆنترۆڵی کەمی بەسەریدا هەبوو.

پلان و ستراتیژی سەربازی

کاتێک زانیاری دەربارەی بوونی بن لادن لە تۆرا بۆرا پشتڕاست کرایەوە، هێزەکانی ئەمریکا پلانێکی قورسیان داڕشت. ستراتیژی سەرەکی لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزرابوو:
یەکەم، گەمارۆدانی تەواوی ناوچەکە لەڕێگەی هێزەکانی بەرەی باکوور و هێزە ئەفغانییە خۆجێییەکان. هێزەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ئەفغانییەکان باشتر دەتوانن لەو جوگرافیایە کار بکەن و ئاشنان بە هەلومەرجی ناوچەکە.
دووەم، بۆمبارانی بەردەوام و قورس بە فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی B-52، کە بۆمبی قورسی ٢٠٠٠ پاوەندییان بەکاردەهێنا بۆ تێکشکاندنی سیستەمی ئەشکەوتەکان. فڕۆکەکان ڕۆژانە دەیان هێرشیان ئەنجام دەدا و بۆمبی تایبەتیان بەکاردەهێنا کە بە "بۆمبی ئەشکەوت-کوژ" ناسرابوون، کە دیزاین کرابوون بۆ نفوزکردنە ناو ئەشکەوتەکان پێش تەقینەوە.
سێیەم، بەکارهێنانی هێزی تایبەتی ئەمریکا، لەوانە یەکەکانی دەلتا فۆرس و بێرێتە سەوزەکان، بۆ هاوکاری و ڕێنمایی هێزە خۆجێییەکان و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە مەیدانی شەڕ. نزیکەی ١٠٠ کەس لە هێزە تایبەتییەکان لە ناوچەکە جێگیر کران کە ڕاستەوخۆ هاوکاری هێزە ئەفغانییەکانیان دەکرد.
لەگەڵ ئەمەشدا، کێشەی سەرەکی نەبوونی هێزی زەمینی تەواوی ئەمریکا بوو. جەنەڕاڵەکان نیگەران بوون کە هێزە ئەفغانییەکان مەیلی گرتنی بەرتیل هەبێت یان پابەندی پلانی ئەمریکا نەبن. هەروەها، کەمی ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە خاڵە ستراتیژییەکانی گەمارۆکە، وای کرد کەلێنی گەورە لە هێڵی گەمارۆکە هەبێت، کە دواتر بووە رێگای هەڵهاتنی سەرکردەکانی ئەلقاعیدە.
سەرکردایەتی عەمەلیاتەکە درا بە جەنەڕاڵ تۆمی فرانکس، سەرۆکی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، بەڵام لە مەیدانی شەڕ، فەرماندەی سەرەکی هێزەکان حاجی زامان بوو، سەرکردەیەکی ئەفغانی کە پەیوەندی باشی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا هەبوو.

پەرەسەندنی شەڕەکە

لە ٣ی دیسەمبەری ٢٠٠١، دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسی بۆن کە سەرکردە سیاسییەکانی نوێی ئەفغانستانی دیاری کردبوو، فڕۆکەکانی ئەمریکا دەستیان کرد بە بۆمبارانی قورس لە تۆرا بۆرا. دەنگە گوڕی بۆمبارانەکان دەبیسترا کە وەک هەورە گرمە چیاکانی دەلەرزاندەوە و گڕ و دووکەڵی چڕ بەرزدەبوونەوە لە لووتکەکان. ڕۆژانە نزیکەی ١٠٠ بۆمب بەکاردەهێنرا و ئاسمانی ناوچەکە بۆ ماوەی هەفتەیەکب هەوری دووکەڵی ڕەش بوون
لە نزیک ناوچەی جەلالاباد، هێزەکانی ئەفغانی خۆیان ڕێکخست. حاجی زامان نزیکەی ٢٥٠٠ جەنگاوەری لەژێر فەرماندا بوو کە بە چەکی سووک و مامناوەند چەکدار کرابوون. لە ٥ی دیسەمبەر، ئەم هێزانە دەستیان کرد بە پێشڕەوی بەرەو دۆڵەکانی نزیک تۆرا بۆرا. پێشڕەوییەکە هێواش بوو چونکە تیمەکانی ئەلقاعیدە چەندین بۆسەیان دانابوو و مینیان چاندبوو لە ڕێگاکاندا. لە هەمان کاتدا، تیمەکانی هێزی تایبەتی ئەمریکا بە چەکی قورس و دووربینی شەوبین ڕێنماییان دەکردن.
لە ٩ی دیسەمبەر، یەکەم بەریەککەوتنی گەورە ڕوویدا کاتێک هێزەکانی حاجی زامان گەیشتنە دەرکی یەکێک لە ئەشکەوتە سەرەکییەکان. شەڕێکی قورس لەوێ هەڵگیرسا کە تێیدا کەمێک زیاتر لە ١٠٠ جەنگاوەری ئەلقاعیدە بەرگرییەکی توندیان کرد. هێزەکانی ئەفغانی سەرەتا شکستیان هێنا و چەند کیلۆمەترێک کشانەوە تا فڕۆکەکانی ئەمریکا هاتن بە دەنگیانەوە و بە بۆمبارانی قورس، پێگەکانی ئەلقاعیدەیان وێران کرد.
لە ١٢ی دیسەمبەر، گەورەترین بۆمبارانی شەڕەکە ئەنجام درا کاتێک فڕۆکەکانی B-52 و B-1B لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە ١٥٠ بۆمبیان بەکارهێنا. لە ژێر گوشاری ئەم بۆردومانە، ئەلقاعیدە داوای ئاگربەستی کرد لە ڕێگەی پەیوەندی ڕادیۆییەوە. ئەمریکییەکان سەرپشکیان کردن لە نێوان خۆبەدەستەوەدان یان مردن. لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، زیاتر لە ٢٠٠ چەکداری ئەلقاعیدە خۆیان بەدەستەوە دا و ڕادەستی هێزەکانی ئەفغانی بوون.
بەڵام لە شەوی ١٤ بۆ ١٥ی دیسەمبەر، ئەوەی کە ئەمریکییەکان نەیاندەویست ڕوویدا. کەلێنێکی گەورەی ئەمنی لە باشووری دۆڵەکە پێک هات کاتێک یەکێک لە کۆماندەکانی ئەفغانی بە ناوی موحەممەد زامان گەزنەفەر لەگەڵ هێزەکەی، ناوچەکەیان چۆڵکرد. لە ماوەی ئەو شەوەدا، بەپێی زانیاری دواتر، نزیکەی ٨٠٠ تا ١٠٠٠ چەکداری ئەلقاعیدە توانیان هەڵبێن بەرەو پاکستان، کە پێدەچێت بن لادنیش لەناویاندا بووبێت.
لە ١٧ی دیسەمبەر، عەمەلیاتەکە بە فەرمی ڕاگەیەندرا کە کۆتایی هاتووە، و سیستەمی ئەشکەوتەکان بەتەواوی کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هاوپەیمان. بەڵام ئامانجی سەرەکی، واتە گرتن یان کوشتنی بن لادن، بەدی نەهات.

ئەنجامەکان و دەرهاویشتەکان

شەڕی تۆرا بۆرا بە شێوەیەکی دوولایەنە هەڵدەسەنگێنرێت. لەلایەکەوە، سەرکەوتنێکی سەربازی گەورە بوو بۆ ئەمریکا، چونکە توانرا لە ماوەیەکی کورتدا، یەکێک لە گەورەترین پێگەکانی ئەلقاعیدە تێک بشکێنرێت و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانیان بکوژرێن یان دەستگیر بکرێن. نزیکەی ٢٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەلقاعیدە کوژران و زیاتر لە ٥٠ کەس دەستگیر کران. هەروەها، دەستکەوتنی بەڵگەنامەی گرنگ لە ئەشکەوتەکان یارمەتیدەر بوو بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر پلانەکانی داهاتووی ئەلقاعیدە.
لەلایەکی ترەوە، مانەوەی بن لادن، شکستێکی گەورە بوو بۆ ئەمریکا. بە دەستنەکەوتنی بن لادن، ئەلقاعیدە توانی درێژە بە چالاکییەکانی بدات و هەر ئەمەش بوو بە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی جەنگەکە. لێکۆڵینەوەکانی دواتر دەریانخست کە چەندین هەڵەی ستراتیژی ڕوویاندا، لەوانە:
١. کەمی هێزی زەمینی ئەمریکی و پشتبەستن بە هێزی ئەفغانی کە هەندێکیان پابەندی پلانەکە نەبوون.
٢. دواکەوتن لە ناردنی هێزی تەواوکار بۆ داخستنی کەلێنەکانی هێڵی گەمارۆ.
٣. پێدانی دەرفەتی ئاگربەست بە ئەلقاعیدە، کە بووە هۆی ئەوەی کات بکڕن بۆ ڕێکخستنەوەی هەڵهاتنەکەیان.
٤. هەڵەی هەواڵگری لە دیاریکردنی شوێنی ڕاستەقینەی بن لادن.
ئەم دەرهاویشتانە کاریگەری قووڵیان هەبوو لەسەر ستراتیژی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان. سەرۆک جۆرج بوش، کە پێشتر بەڵێنی گرتنی بن لادنی دابوو "مردوو یان زیندوو"، ناچار بوو ستراتیژییەکەی بگۆڕێت و کەمتر جەخت لەسەر بن لادن بکاتەوە. هەروەها، شکستی عەمەلیاتەکە بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا ناچار بێت ئامادەکاری بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە ئەفغانستان بکات

کاریگەرییەکانی درێژخایەن

شەڕی تۆرا بۆرا کاریگەری درێژخایەنی هەبوو لەسەر جەنگی دژی تیرۆر و سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە. یەکەم، دەرسێکی سەربازی گرنگی پێدا بە ئەمریکییەکان کە پێویستە زیاتر پشت بە هێزی خۆیان ببەستن لە عەمەلیاتە گرنگەکاندا و کەمتر پشت ببەستن بە هێزە خۆجێییەکان کە ڕەنگە بەرژەوەندی جیاوازیان هەبێت.
دووەم، هەڵهاتنی بن لادن و سەرکردەکانی تری ئەلقاعیدە بۆ پاکستان بووە هۆی گواستنەوەی قورسایی شەڕەکە بۆ ناوچە قەبیلەییەکانی باکووری ڕۆژئاوای پاکستان. لەوێ، ئەلقاعیدە و دواتر تاڵیبان توانیان پەناگەی ئارام دروست بکەن و دووبارە خۆیان ڕێکبخەنەوە. ئەمە بووە هۆی ئاڵۆزکردنی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ پاکستان و دروستبوونی گرژی نوێ لە ناوچەکە.
سێیەم، ئەزموونی تۆرا بۆرا کاریگەری هەبوو لەسەر ستراتیژی داهاتووی ئەمریکا لە جەنگی عێراقیشدا. ئەمریکییەکان تێگەیشتن کە پێویستە لە عەمەلیاتی داگیرکردندا، هێزی زۆر بەکاربهێنن و پشت نەبەستن بە هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆنی خۆجێیی.
چوارەم، هەرچەندە عەمەلیاتەکە ژێرخانی ئەلقاعیدەی لە ئەفغانستان تێکدا، بەڵام نەیتوانی ڕیشەکێشیان بکات. ئەلقاعیدە توانی لە ناوچەکانی تر وەکوو یەمەن، عێراق، سۆماڵ، و ناوچەی ساحیل لە ئەفریقا پەرەبسەنێت.


سەرچاوەکان



18 بینین