هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-11-02:09:00 - کۆدی بابەت: 6546
هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر

ناوه‌ڕۆك

١١/٩

هێرشەکانی یانزەی سێپتێمبەر یان یانزەی سێپتەمبەر (بە ئینگلیزی: September 11 attacks) بە کورتکراوەی ٩/١١ـیش دەناسرێت، کۆمەڵێک هێرشی تیرۆرستی بوون کە لە ڕۆژی سێشەممەی ١١ـی ئەیلوولی ٢٠٠١ کرایە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن چوار فڕۆکەی مەدەنییەوە کە ڕفێنرابوون، هێرشەکە لەلایەن ڕێکخراوی قاعیدەوە ئەنجامدرا و سێ لە هێرشەکان سەرکەوتووبوون لە پێکانی چەند ئامانجێک، بەڵام چوارەم فڕۆکە بەهۆی ونکردنی ڕێگاوە کەوتە خوارەوە بەهۆی ئەوەی سەرنشینەکان هێرشبەرەکەیان دەستگیرکردبوو و ناکۆکی کەوتبوویەوە و بەو هۆیەوە لە ویلایەتی پێنسلڤانیا کەوتە خوارەوە.

هێرشەکان هەریەک لە دوو تاوەری بازرگانی مانهاتن و وەزارەتی بەرگری ئەمریکای کردە ئامانج کە بە پنتاگۆنیش دەناسرێت، بەڵام هەرگیز ئامانجی فڕۆکەی چوارەم نەدۆزرایەوە.

ڕووداوەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٩٧٧ کەس و ١٩ تیرۆرستی ڕێکخراوی قاعیدە کە فڕۆکەکانیان ڕفاندبوو، لەگەڵ هەزاران بریندار و نەخۆشی درێژخایەن بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵ و ماددەی ژەهراوی، لەدوای هێرشەکە وەزیری بەرگری دۆناڵد ڕامسفێڵد بڕیاریدا کە ڕێژەی دێفکۆن بەرزبکرێتەوە بۆ پلەی سێ و ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ پلە ٢، بەڵام ڕووینەدا، بەهۆی هێرشەکانەوە بەرپرسە سەربازی و ئاسایشییەکان ڕەخنەیەکی زۆریان لێگیرا کە نەیانتوانیووە دوو تاوەری گەورە و وەزارەت لە پێکدادانێکی لەو شێوەیە بپارێزن.

فڕینەکان

١٩ ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆرستی قاعیدە توانییان ٤ فڕۆکەی مەدەنی بڕفێنن کە هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی (هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هێڵە ئاسمانییە یەکگرتووەکان) خاوەنیان بوون، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکاوە بەرەو کالیفۆرنیا بەڕێکەوتن، هەردوو فڕۆکەی گەشتی ژمارە ١١ـی هێڵی ئاسمانی ئەمریکی و گەشتی ژمارە ١٧٥ـی هێڵی ئاسمانی یەکگرتوو خۆیان بە هەردوو تاوەری باکوور و ڕۆژئاوادا کێشا کە باڵەخانەی (ناوەندی بازرگانی جیهانی) بوون، لە ماوەی کاتژمێرێک و ٤٢ خولەک هەردوو باڵەخانەکە داڕمان کە لە ١١٠ نهۆم پێکهاتبوون، ئاگر و داڕمان و پێکدادانەکە بوونە هۆی داڕمانی تەواوی بیناکانی دەوروبەریش کە یەکێکیان بنکەی بازرگانی جیهانی ٧ بوو کە لە ٤٧ نهۆم پێکهاتبوو، لەگەڵ زیانێکی زۆر لە ١٠ باڵەخانەی دیکە.

فڕۆکەی سێیەم خۆی بە بینای پنتاگۆندا کێشا لە ناوچەی ئەرلێنگتۆن لە ڤێرجینیا کە بووە هۆی بەشێک لە باڵەخانەکە لە ڕۆژئاوایەوە، فڕۆکەی گەشتی ژمارە ٩٣ بەرەو واشنتۆنی پایتەخت بەڕێکەوتبوو، بەڵام لە کێڵگەیەک کەوتە خوارەوە لە پێنسلڤانیا دوای ئەوەی سەرنشینەکان ڕفێنەرەکانیان گرتبوو و بەستبوونیانەوە.

زیان

ڕووداوەکە بە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت کە کوژراوی مەدەنی هەبووبێت، هەروەها خاوەن ڕێژەیەکی زۆر کوژراوی پیاوی ئاگرکوژێنەوە و ئەفسەری فریاکەوتنە کە دەستبەجێ ٣٤٣ ئاگرکوژێنەوە و ٧٢ ئەفسەری فریاکەوتن گیانیان لەدەستداوە.

ئەوانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیان سپارد ٢٩٩٦ کەس بوون، ژمارەی بریندارەکانیش ٢٥,٠٠٠ کەسی تێپەڕاند.

دوای ڕووداوەکە 

ڕووداوەکانی دوای یانزەی سێپتەمبەر

لە ڕووی سیاسییەوە

دوای هێرشەکە گومانەکان کەوتنە سەر ڕێکخراوی قاعیدە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەجێ جەنگی دژی تیرۆری ڕاگەیاند و هێرشی کردە سەر ئەفغانستان بۆ تێکشکاندنی بزوتنەوەی تاڵیبان کە ئامادە نەبوو ڕێکخراوی قاعیدە و سەرۆکەکەی لە ئەفغانستان دەربکات، لەگەڵیدا زۆرێک لە وڵاتان کەوتنە خۆ و هەموو دەزگا ئاسایشی و هەواڵگرییەکانیان خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕێگری لە هەموو هێرشێک، لەگەڵ ئەوەی سەرەتا ئوسامە بن لادن ڕەتی کردەوە خاوەنی کردەوەکە بێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٤ دانی بە هێرشەکەدا نا، هۆکارەکەشی بۆ یارمەتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سعودیە و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر عێراق گەڕاندەوە.

لەڕووی ئابووریەوە

دوای ڕووداوەکە زیانێکی زۆری ئابووری بە نیویۆرک و بازاڕی جیهانی گەیشت، هەتاوەکوو ڕۆژی ١٧ـی ئەیلوول شەقامی وۆڵ ستریت داخرا و هەتاوەکوو ڕۆژی ١٣ـی ئەیلوول گەشتی فڕۆکەکانی ئەمریکا و کەنەدا ڕاگیران، لەگەڵ داخستن و هەڵوەشاندنەوەی زۆرێک لە شتەکانی دیکە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠٠٢ بە تەواوی پاشماوەی دوو باڵەخانەکە پاککرانەوە، ساڵی ٢٠٠٦ باڵەخانەی ناوەندی بازرگانی جیهانی-١ لە مانگی یانزە دروستکرا و لە ساڵی ٢٠١٤ کرایەوە.

یاداوەری

دوای ڕووداوەکە زۆر پێشانگا و شوێنی یادەوەری کرانەوە وەک مۆزەخانەی نیشتمانی ڕووداوەکانی ١١/٩ لە شاری نیویۆرک، هەروەها مۆزەخانەی پنتاگۆن لە ڤێرجینیا، هەروەها شوێنەوارێکی یادگاری بۆ فڕۆکەی گەشتی ٩٣ لە شوێنی کەوتنە خوارەوەکەی لە شانکسڤیل لە پێنسلڤانیا.

٢٨ لاپەڕەکە

لە مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٠٢ بە کۆکردنەوەی تەواوی زانیاری سیخوڕ و هەواڵگرەکانی ئەمریکا و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە دەربارەی پێش و پاشی هێرشەکە، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە شانشینی سعودیە دەستی لە هێرشەکانی ئەمریکادا هەبووە و پاڵپشتی دارایی و ئاسانکاری بۆ تیرۆرستەکان کردووە، تەواوی بەڵگەنامەکانیش لە پەڕاوێکی ٢٨ لاپەڕەیی کۆکرانەوە و ناونران (٢٨ لاپەڕەکە).

داڕشتنی پلان و جێبەجێ کردنی

ساڵی ١٩٩٦ خالید شێخ محەمەد تەواوی پلانەکە دادەڕێژێت و پێشکەشی ئوسامە بن لادنی دەکات، لە ساڵی ١٩٩٩ و دوای چەند ڕووداوێک بەسەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا ئوسامە و محەمەد عاتیف چەند کۆبوونەوەیەک دەکەن و محەمەد عاتیف لەوێ پاڵپشتی و چۆنیەتی گەیشتن بەوێ ئاشکرا دەکات، بەڵام ئوسامە پێکدانان بە تاوەری بانکی گشتی ئەمریکا لە لۆس ئەنجلۆس ڕەتدەکاتەوە بەهۆی کەمیی کات.

دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ هەریەک لە نەواف حازمی و خالید میحزاڕ کە دوو چەکداری ڕێکخراوەکەن و لە جەنگی بۆسنە و هەرسک بەشدارییان کردووە لە بۆسنە، دەنێردرێنە ئەمریکا و لەوێ بەشداری چەند خولێکی فڕۆکەوانی لە کالیفۆڕنیا دەبینن، لە کۆتاییشدا بە پلەی دووەم دەردەچن و ئاستییان باش نابێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هیچکامیان ئینگلیزییان باش نەبووە.

دواتر لە هەریەک لە ئەڵمانیا و ئەفغانستان و ئیسپانیاوە ئەندامەکان لە ئەمریکا بە حازمییەوە پەیوەست دەبوون و کۆدەبوونەوە، لە تەمووزی ٢٠٠١ فرمانی ئوسامە بن لادن هات کە هەرچی زووترە دەبێت کارەکە ئەنجام بدرێت، بۆیە هێرشبەران بەروارێکیان دیاری کرد کە هاوشێوەی ژمارەی فریاکەوتنی ئەمریکا بێت کە ژمارە ٩-١-١ ـە و ئەوەش دەکاتە یانزەی مانگی نۆ، هەروەها چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەوە هەمان بەروارە کە لە ١١/٩/١٦٨٣ عوسمانییەکان و ئیسلامییەکان لە ڤیێنا دەرکران و ئەوروپیەکان بۆ یەکەمجار بەسەر ئیسلامدا سەرکەوتن. 

داڕێژەری پلان

ساڵی ٢٠٠٣ یەکێک لە سەرانی قاعیدە بەناوی خالید شێخ محەمەد لە ٣/١ دەستگیرکرا و گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی گوانتنامۆ، سەرکردەکەی قاعیدە دانی بە پلانی هێرشی یانزەی سێپتەمبەردا نا و لە سەرەتا بۆ کۆتایی وتەوە و دانی بەوەشدا نا کە داڕێژەری ٢٩ هێرشی دیکە بووە، هەروەها داڕێژەر و چاودێری تەقینەوەکەی ساڵی ١٩٩٣ـی ئەمریکاش بووە، دوای دەستگیرکردنی گوازرایەوە بۆ زیندانی گوانتنامۆ و لەوێ وتی کە دانپێدانانەکانم لەژێر فشاردا نەبوون و ڕاستین، لەگەڵ ئەوەی ئەشکەنجەیەکی زۆری دەروونی و جەستەیی درابوو.

بەپێی دانپێدانانەکانی خالید، هەریەک لە ئوسامە بن لادن و ڕەمزی کوڕی شەیبە و ئەبوتوراب ئوردونی و محەمەد عاتف ئاگاداری پلانەکە بوون، هەریەک لەو پێنج کەسە بە کوشتن یان زیندانی کردن سزادران، هەریەک لە ئوسامە بن لادن و محەمەد عاتیق و ئەبوتوراب بە شەڕی ڕووبەڕوو و هێرشی ئاسمانی کوژران، هەریەک لە ڕەمزی و خالیدیش لە گرتووخانەی گوانتانامۆ زیندانی کران.

هۆکارەکان

ساڵی ١٩٩٨ ئوسامە بن لادن فتوای جیهادی دژی ئەمریکا ڕاگەیاند، ساڵی ٢٠٠٢ـش پەیامێک دەنێرێت بۆ ئەمریکا کە هۆکاری هێرشەکان بریتی بوون لە:

  • یارمەتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل
  • یارمەتی هێرشی سەر موسوڵمانان لە سۆماڵ
  • یارمەتی فلیپین لە دژی موسوڵمانان لە شەڕی مۆرۆ
  • یارمەتی ئیسرائیل لە دژی لوبنان
  • یارمەتی ڕووسیا لە دژی موسوڵمانانی چیچان
  • دژی هەموو ئەو حکوومەتانەی بەکرێگیراوی ئەمریکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
  • یارمەتی هیندییەکان دژی موسوڵمانانی کشمیر
  • بوونی هێزی ئەمریکا لە سعودیە
  • گەمارۆی سەر عێراق


سەرچاوەکان



1563 بینین