ئیسرائیل

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-09-12:15:00 - کۆدی بابەت: 6224
ئیسرائیل

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی ئیسرائیل

وڵاتی ئیسرائیل (بە ئینگلیزی: Isreal) یەکێکە لە وڵاتەکانی خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا و دەکەوێتە کەناراوی باشووری دەریای سپی ناوەڕاست و کەناراوی باکووری دەریای سوور، لە باکوورەوە سنووری زەمینی لەگەڵ لوبنان و لە باکووری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ سوریا و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ ئوردون و لەگەڵ فەڵەستینیش لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا، لە بەشی باشووری خۆرئاواوە لەگەڵ میسڕ هاوسنوورە، هەرچەندە جوگرافیایەکی بچووکی هەیە بەڵام جوگرافیاکەی جۆراوجۆرە، ناوەندی ئابووری و سیاسی وڵاتەکە شاری تەل ئەبیبە بەڵام پایتەخت و ناوەندی حکوومەت لە شاری قودسە، هەرچەندە لە قودس دەسەڵاتەکەی نیوە-دانپێدانراوە.

ڕووبەری وڵاتەکە ٢٠,٧٧٠ بۆ ٢٢,٠٧٢ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٩ دانیشتوانەکەی نۆ ملیۆن کەس بوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ ئەم ژمارەیە دەبێتە ٨,٨٠٤,٣٤٩ کەس.

وڵات دەوڵەتی ئیسرائیل
ڕووبەر ٢٠,٧٧٠ بۆ ٢٢,٠٧٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە
پایتەخت (بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان) تەل ئەبیب
پایتەخت (بەپێی ئیسرائیل و پێنج وڵاتی دیکە) ئۆرشەلیم
زمانی فەرمی عیبری، عەرەبی
ناوی هاوڵاتان ئیسرائیلی
جۆری حوکم دیموکراتی پەرلەمانی
سەرۆک ئایزک ھێرزۆگ
سەرۆک وەزیران نەفتالی بێنێت
دەسەڵاتی یاسادانان کنێسێت
دروستبوون ١٤/٥/١٩٤٨
دراو شیکڵ
ژمارەی تەلەفۆنی فریاکەوتن (١٠٠ - پۆلیس)، (١٠١ - ئەستێرەی سووری داود)، (١٠٢ - پاراستنی مەدەنی)
نیشانەی میلـلی باڵندەی هود هود
ڕێگای ڕۆشتن ڕاست
ژمارەی نێودەوڵەتی تەلەفۆن ٩٧٢+

مێژووی جولەکە لە ناوچەکە

لە سەردەمی (زەعمسیس)ـی دووەم و كوڕەكەیدا بەناوی (مرن بتاع) جولەکەکان چوونە ناو فەڵەستین لە بەری باشوورییەوە بەسەركردایەتی پێغەمبەر موسا (سەلامی خوای لێبێت) كاتێك كە ئاوەكەی کرد بە دوو بەشەوە، بەڵام لە بیاباندا ونبوون، چونكە ڕازی نەبوون بچنە ناو شارەكەوە، بە بیانووی ئەوەی خەڵكانێكی بەهێز و بەتوانای تێدایە، بۆیە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لە بیابانی سینادا ونبوون و ڕێیان ونكرد، دوای ٤٠ ساڵ ڕوویانكردە شاخی (ئادۆم موئاب) لە ڕۆژهەڵاتی ئوردون، پاشان چوونە شاری (ئەریحا) و ئاگریان لێبەردا، پاشان (جەڵجاڵ و شیلوە و شەكیم) یان داگیركرد و وێرانیانكردن، مێژوونووسان بۆ سەلماندنی ئەم باسانەیان پشت بەو ئەسفارانە دەبەستن كە لە تەوراتدا هاتووە، وە هەندێك لەو نووسینە بەردیانەش كە ماونەتەوە.

پاشان ئاشورییەكان هاتن و زاڵبوون بەسەر مەملەكەتی ئیسرائیلدا لەسەردەمی (سەنحاریب)ـی ئاشووریی، پاش ماوەیەك لاوازیی ڕوویكردە ڕیزی ئاشورییەكان و بابلییەكان هاتن فەڵەستینیان داگیركرد و دەستیانگرت بەسەر قودسدا، خەڵكەكەیان دەرکرد و (نەبوخوزنەسر) بردنی بۆ بابل و كردنی بە كۆیلە، بەمەش مەملەكەتی یەهوزا ساڵی ٥٨٦ پێش زایین كۆتاییپێهات.

پاش چەند ساڵێك فارسەكان هاتن و (كۆرش)ـی گەورەی فارس زاڵبوو بەسەر بابلییەكاندا لە ساڵی ٥٣٨ی پێش زاییندا، بابلییەكان باجیان دەدا بە فارسەكان، پاشان ئەسكەندەری مەكدۆنی یۆنانی ساڵی ٣٣٢ـی پێش زایین لە فارسەكانی وەرگرتەوە.

لە سەردەمی ڕۆمانەكاندا قودس دووچاری هێرش و داگیركردن بووەوە لەلایەن سەركردەی ڕۆمانی (بۆمبیی) لە ساڵی ٦٠٣ پێش زاییندا، وە لە سەردەمی جێنشینەكەی بە ناوی (هێرۆدس)ـەوە حەزرەتی مەسیح لەدایكبوو، پاشان بیلاگس (یۆینتوس) هاتە سەرتەخت كە پێشتر والی بوو لە قودس لە سەردەمی ڕۆمانەكانییەكاندا، لە سەردەمی خۆیدا هەستا بە ڕاوەدوونانی پێغەمبەر مەسیح (سەلامی خوای لێبێت) و وای بڵاوكردەوە كە لەسێدارەیداوە، بەڵام قورئانی پیرۆز ئەم پڕوپاگەندەیە پوچەڵدەكاتەوە، بەوەی كە پێغەمبەر عیسای لە چنگی ڕزگاركرد و بەرزیكردەوە بۆ لای خۆی.

لەسەردەمی (بیزەنتینییەكان)دا كاتێك كە (هێرقل) بوو بە پادشا ساڵی (٦١٠-٦٤٠) زایینی هێزی سەربازی (كیسرا)ـی پادشای فارس ڕوویانكردە ڕۆژئاوا، دوای ئەوەی كە چوونە ناو سوریاوە، هێزەكەیان كشا بەرەو فەڵەستین، لەساڵی ٦١٤ـی زایینیدا قودسیان داگیركرد و (٩٠٠) هەزار كەسیان لە مەسیحییەكانی سەربڕی، بەڵام (هێرقل) گەڕایەوە و سوپاكەی كۆكردەوە پاشان لە ساڵی ٦٢٧ـی زایینیدا سەركەوتن بەسەر فارسەكاندا و سوپای (هێرقل) ساڵی (٦٢٩)ـی زایینی چوونە ناو شاری قودس.

سەردەمی نوێ

لە کۆتایی سەدەی نۆزدە کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی لە نێو جولەکەکان دروستبوو پێی دەوترا بزووتنەوەی زایۆنی، کە ئامانجی گرتنەوەی خاکی کۆنی جولەکەکان بوو و بووە هۆی کۆچکردنی هەزاران جولەکە لە وڵاتانی دیکەوە بۆ فەڵەستین، بۆ ئەمەش وڵاتی بەریتانیا بەپێی پەیماننامەیەک لەگەڵ جولەکەکان ئەو ڕێگایەی بۆ خۆشکردن و یارمەتیدان چونکە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم بەریتانیا دەستی بەسەر فەڵەستیندا گرتبوو، ساڵی ١٩٤٧ و دوای جەنگی جیهانی دووەم، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا بە دروستکردنی دوو دەوڵەتی عەرەبی و یەهودی جیا و شاری قودسیش لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی بمێنێتەوە، و بڕیارەکەش لەلایەن دەزگای جولەکەوە قبووڵ کرا، بەڵام عەرەبەکان ڕەتیانکردەوە چونکە فەڵەستین زەوی نوێترین ئایینی ئاسمانییە کە ئیسلامە نەک جولەکەکان، دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ١٩٤٨ عەرەب لە دژی ئیسرائیل هەستان و جەنگان، بەڵام شکستیان هێنا و بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل زیاتر لەوە داگیربکات کە پێی درابوو، بەڵام هەریەک لە بەشی خۆرئاوا و شاری غەزە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبەکان مایەوە، بەهۆی جەنگی ساڵی ١٩٦٧ـەوە لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل جارێکی دیکە ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو و هەریەک لە بەرزاییەکانی جۆلان و شاری غەزە و بەشی خۆرئاواشی داگیرکرد.

داگیرکردنی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە دوور و درێژترین داگیرکاری سەربازی سەردەمی نوێی جیهانە، لەو ساتەوە جەنگی عەرەب و ئیسرائیل بەردەوامە چ بە وتاری سیاسی بێت یان بە هێزی چەکداری، کە زیاتر لە نێوان حیزبەکانی فەڵەستین و ئیسرائیلدا ڕوودەدات، چەندین جاریش پەیماننامەی ئاشتی لە نێوانیان واژوو کراوە بەڵام نەگەیشتووە بە ئەنجام.

بابەت: جەنگی فەڵەستین و ئیسرائیل

کارگێڕی

دەستووری ئیسرائیل، وڵاتەکە وەک دەوڵەتێکی جولەکەی دیموکراتی و دەوڵەتی گەلی جولەکە دەناسێنێت، وڵاتەکە بە دیموکراتییەکی لیبراڵی دەناسرێت کە تەنیا ئیسرائیل و تونس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئەم جۆرە پەیڕەو دەکەن، لەگەڵ دەسەڵاتێکی پەرلەمانی و فرەحیزبی و دەنگی گشتی، سەرۆک وەزیران سەرۆکی حکوومەتە و کنێسێت دەسەڵاتی یاسادانانە و لە ١٢٠ ئەندام پێکدێت، ئیسرائیل وڵاتێکی پێشکەوتووە و ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری و گەشەپێدانە، و ٣١ یان ٣٢ـەمین بەهێزترین ئابووری جیهانە بەپێی ڕێژەی بەرهەمهێنان.

لە نێو وڵاتان لە پلەی یەکەمەکان دێت بۆ ڕێژەی بەشداری سەربازی و کچانیش دەبێت سەربازی بکەن.

ناوەکەی

ئیسرائیل یەکێکە لە ناوەکانی حەزرەتی یەعقوبی پێغەمبەر (سەلامی خودای گەورەی لێبێت) و بە منداڵ و نەوەکانی دەوترا بەنی ئیسرائیل، واتە نەوەی ئیسرائیل، هەر بۆیە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی جولەکە بۆ جولەکەکان بە ناوی باپیرەگەورەیانەوە ناونراوە.

پەیوەندی دەرەوە

ئیسرائیل لە نێو وڵاتانی جیهان لەگەڵ ١٥٧ وڵات دەوڵەت پەیوەندی دیبلۆماسی هەیە و لە زۆر حاڵەت و دەیەدا پشتی بە ئەمریکا بەستووە، هەریەک لە :

ئیسرائیل وەک دەوڵەت دانانێن و پەیوەندی دیبلۆماسییان لەگەڵیاندا نییە.

لایەنی سەربازی

لە سەرەتای سەدەی بیستەوە چەندین هێزی چەکداری جولەکە دروستبوون بۆ پاراستنی جولەکەکان و هەڵکوتانە سەر عەرەبەکان، هاگانا یەکەمین یەکەی سەربازی و سەرچاوەی دروستبوونی سووپای ئیسرائیلە، هەروەها گرووپی ئێرگۆن کە بە ئیتسڵیش دەناسرێت و ڕێکخراوی شتێرنی ڕاستڕەوی توندڕەو، ڕێکخراوی ئێرگۆن لە ساڵی ١٩٤٨ بەرپرسی کوشتارگەی دێر یاسین بوو لە فەڵەستین، لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ڕێکخراوەکان هەڵوەشانەوە و لە نێو سووپا خۆیان ڕێکخستنەوە.

لەدوای تەمەنی ١٨ ساڵییەوە زۆرینەی کوڕان و کچانیش ئیسرائیل خزمەتی سەربازی وەک ئەرک بەجێدەهێنن، کوڕان سێ ساڵ و کچان دوو ساڵ ڕاهێنان دەبینن، سووپای زەمینی ئیسرائیل لە ١٦٩ هەزار سەرباز پێکدێت و هێزی یەدەگیش ٤٠٨ هەزار چەکدارن، وڵاتەکە خاوەنی هەریەک لە هێزی پیادە و ئاسمانی و دەریاییە.

سوپای ئیسرائیل خاوەنی دەزگایەکی هەواڵگری تایبەتە بە ناوی ئامان، کە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ناوەندی (شاباک) و دەزگای هەواڵکگری ئیسرائیلی (مۆساد) ئاڵوگۆڕی هەواڵ دەکەن.

سووپای ئیسرائیل سووپایەکی بەهێزە و خاوەن چەندین جۆری چەکە و ئاڵوگۆڕی چەک و تانک لەگەڵ چەند وڵاتێک دەکات، هەروەها خاوەنی یەکێک لە باشترین دەزگا هەواڵگرییەکانە بەناوی مۆساد و زۆرینەی کات لە پلەی دووەم و سێیەم دێت لە بەهێزی و دەسەڵات.

ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی ئیسرائیل

  • ١٩١٧ - بەریتانیا دەست دەگرێت بەسەر فەڵەستیندا و بەڵێن دەدات بە جولەکەکان کە زەوییەکەیان بۆ لەبار بکات بۆ ئەوەی داگیری بکەن.
  • ١٩٢٠ - کۆنگرەی سان ڕیمۆ کە فەڵەستینی خستە ژێردەستی بەریتانیا و ڕێگای خۆشکرد بۆ کۆچی زیاتری جولەکەکان بۆ فەڵەستین.
  • ١٩٢٢ - بەریتانیا ڕۆژهەڵاتی ئوردون لە فەڵەستین جیادەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە نیشتەجێبوونی جولەکە لە ئوردون.
  • ١٩٣٩ - بەریتانیا بڕیاردەدات بە سنووردارکردنی کۆچی جولەکە بۆ ١٠ هەزار کەس لە ساڵێکدا (جگە لە حاڵەتی بەپەلە).
  • چلەکانی سەدەی بیست - ڕووداوی هۆڵۆکۆست دەبێتە هۆی کۆچی زۆرینەی جولەکەکان بۆ فەڵەستین، و هێزە چەکدارەکانی جولەکە دێنە فەڵەستین بۆ پاراستنی خەڵکی و ڕێگا خۆشکردن بۆ نیشتەجێبوونیان.
  • ١٩٤٧ - نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاردەدات بە دابەشکردنی فەڵەستین بۆ دوو دەوڵەتی جولەکە و عەرەبی.
  • ١٩٤٨ - دوای کشانەوەی بەریتانیا لە فەڵەستین، ئیسرائیل خۆی ڕادەگەیەنێت وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و لە نەتەوە یەکگرتووەکان قبووڵ دەکرێت.
  • ١٩٤٨ بۆ ١٩٤٩ - یەکەمین جەنگی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، جەنگەکە کۆتایی دێت بە سەرکەوتنی ئیسرائیل و داگیرکردنی زیاتر لەوەی کە بۆی دیاریکرابوو بەتایبەت قودس، وڵاتی ئوردونیش بەشی خۆرئاوا و قودس دەگرێتەوە و میسڕیش شاری غەززە دەگرێتە خۆی.
  • ١٩٤٩ بۆ شەستەکان - ملیۆنێک جولەکە لە وڵاتانی ئیسلامییەوە کۆچ دەکەن بۆ ئیسرائیل، ٢٥٠ هەزار کەسیش لە جولەکە ڕزگاربووەکانی پۆڵەندا کۆچ دەکەن بۆ دەوڵەتە نوێیەکەیان.
  • ١٩٥٦ - ئیسرائیل و فەڕەنسا و بەریتانیا ڕێکدەکەون بۆ دەستگرتن بەسەر نۆکەندی سوێسدا.
  • ١٩٥٧ - ئیسرائیل یەکەیەکی ئەتۆمی دادەمەزرێنێت بە چاودێری فەڕەنسا.
  • ١٩٦٧ - جەنگی شەش ڕۆژەی سوریا و ئوردون میسڕ لەگەڵ ئیسرائیل و بردنەوەی ئیسرائیل و داگیرکردنی بەرزاییەکی جۆلان و قودسی ڕۆژهەڵات و شاری غەزە و بیابانەکانی سینا.
  • ١٩٧٣ - میسڕ و سوریا هێرش دەکەنە سەر بەرزاییەکانی جۆلان و بیابانی سینا.
  • ١٩٧٥ - نەتەوە یەکگرتووەکان بزووتنەوەی زایۆنی ئیسرائیلی وەک کۆمەڵەیەکی دەمارگیر دەناسێنێت، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ هەڵدەوەشێتەوە.
  • ١٩٧٧ - ئەنوەر ساداتی سەرۆکی میسڕ گەشت دەکات بۆ شاری قودس و لەوێ ڕێکدەکەون لەسەر دانپێدانانی میسڕ بۆ ئیسرائیل وەک وڵاتێک و کشانەوەی ئیسرائیل لە سینا.
  • ١٩٨٢ - ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر لوبنان بۆ دەرکردنی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین لەوێ، بەهۆی هێرشی کۆمەڵەیەکی فەڵەستینی بۆ کوسنوڵی ئیسرائیل لە لەندەن.
  • ١٩٨٢ - لە ئەیلوولی ١٩٨٢ کوشتارگەی فەڵەستینییەکانی خێوەتگەکانی سەبرا و شاتیلا ڕوویدا لەلایەن ئیسرائیلەوە.
  • ١٩٨٤ - دەستپێکی گواستنەوەی جولەکەکانی ئەسیوبیا بۆ ئیسرائیل.
  • ١٩٨٥ - کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان.
  • ١٩٨٦ - بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئیسرائیل لە ڕۆژنامەکانی بەریتانیا.
  • ١٩٨٧ - یەکەمین ڕاپەڕینی فەڵەستینییەکان لە ناوچە فەڵەستینییەکان و دروستبوونی بزوتنەوەی حەماس لە فیکری ئیخوانەوە دژی ئیسرائیل.
  • ١٩٩٠ - یەکێتی سۆڤیەت ڕێگادەدات بە کۆچی جولەکەکانی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل و کۆچکردنی ملیۆنێک ڕووسی بۆ ئەوێ.
  • ١٩٩١ - لەکاتی جەنگی کوەیت، عێراق ٣٩ مووشەک دەنێت بە ئیسرائیلەوە، لە مانگی دەیەمی هەمان ساڵیش کۆنگرەی ئاشتی مەدرید بە چاودێری و بەشداری ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت و لوبنان و میسڕ و سوریا و ئوردون و نێردەی فەڵەستینییەکان.
  • ١٩٩٣ - سەرۆکی حکوومەتی ئیسرائیل ئیسحاق ڕابین و سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی، یاسر عەرەفات پەیماننامەی ئاشتی ئۆسلۆ واژوو دەکەن کە دەسەڵاتی فەڵەستین دروستدەکات و ڕاپەڕینی یەکەم کۆتایی پێدێنێت.
  • ١٩٩٤ - ئیسرائیل لە زۆرینەی شاری غەزە دەکشێتەوە و لە مانگی دەی هەمان ساڵیش ئیسرائیل لەگەڵ ئوردون ڕێکدەکەون لەسەر پەیماننامەی دۆڵی عربة بۆ ئاشتی.
  • ١٩٩٦ - حیزبی لیکۆد بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ دەگەڕێتەوە بۆ حووکمی ئیسرائیل، و ناتانیاهۆ بڕیاردەدات بە وەستاندنی هەموو سەر نەویکردنێک بۆ فەڵەستینییەکان.
  • ٢٠٠٠ - ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکشێتەوە، لە هەمان ساڵ ئێرێل شارۆنی سەرۆکی حیزبی لیکۆد سەردانی حەرەمی شەریفی قودس دەکات و دەبێتە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆر.
  • ٢٠٠٣ - ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی ڕێگا دادەنێن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ و وەستاندنی ناکۆکی نێوان هەردوولا. 
  • ٢٠٠٥ - ئیسرائیل لە شاری غەزە دەکشێتەوە، بەڵام چاودێری ئاسمانی و ئاوی و سنووری دەخاتە سەر ناوچەکە.
  • ٢٠٠٦ - ئیسرائیل دووەمین جەنگی خۆی لەگەڵ لوبنان ڕادەگەیەنێت، دوای ئەوەی حیزبوڵای لوبنان دوو سەربازی ئیسرائیل دەڕفێنن.
  • ٢٠٠٨ - هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەزە و زیاتر لە ٥٠٠٠ هاوڵاتی سڤیل و فەرماندەی قەسام و حەماس بوونە قوربانی.
  • ٢٠١٤ - ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر شاری غەزە و بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ حەماس دەجەنگێت.
  • ٢٠٢١ - جەنگی حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی پانزە ڕۆژ و دەرکەوتنی هێزی نوێی حەماس بۆ ئیسرائیل.


سەرچاوەکان

1399 بینین