یەکینەکانی قەسام

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-12-05:52:00 - کۆدی بابەت: 5284
یەکینەکانی قەسام

ناوه‌ڕۆك

قەسام

یەكینەكانی شەهید عیزەدین قەسام كە كورتدەكرێتەوە بە ناوی یەكینەكانی قەسام، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس ـە، كە لە وڵاتی فەڵەستین چالاكی دژی دەسەڵاتی داگیركاری ئیسرائیل ئەنجام دەدات، یەكێكە لە دیارترین هێزەكانی بەرگری لە فەڵەستین، ناوەكەشی لە زانایەكی سوورییەوە هاتووە كە بە دەستی هێزەكانی بەریتانیا لەكاتی داگیركردنی وڵاتەكەی لە ساڵی 1935 دەكوژرێت.

ئامانجی سەرەكی

ئامانجی سەرەكی یەكینەكانی قەسام ئازادكردنی فەڵەستینە لە دەستی ئیسرائیل و ڕژێمی زایۆنی، هەروەها بەدەستهێنانی تەواوی مافە ڕەواكانی فەڵەستینییەكان، بە هەموو هێزێكیشیەوە كاردەكات بۆ بوژاندنەوە و هۆشیاركردنەوەی گەلەكەی بۆ بەرهەڵستیكردنی هێرشی دوژمن، ئەمەش لەڕێگای شەریعەتی ئیسلام و پەروەردەیەكی ئیسلامی.

شوێنی كاركردن

سنووری كاری ئەم هێزە لە ناو فەڵەستینە كە سنوورەكەی لە رأس الناقورة لە باكوورەوە بۆ ام الرشراش لە باشوور و ڕووباری ئوردون لە ڕۆژهەڵات بۆ دەریای سپی ناوەڕاست بە ڕۆژئاوا تەواو دەبێت، كە ڕووبەرەكەی دەگاتە 27 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە.

دامەزراندن

ڕەگ و ڕیشەی ئەم هێزە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1984 پێش ڕاگەیاندنی حیزبی حەماس، كە لەژێر ناوی "موجاهیدە فەڵەستینییەكان" كاری دەكرد لە 1987، دواتر لە 1991 ناوی گۆڕدرا بۆ یەكینەكانی شەهید عیزەدین قەسام، دیارترین دامەزرێنەری سەڵاح شەحادە و عیماد عەقل، مەحمود مەبحوحن لە ناوچەی غەززە، هەروەها ئەندازیار یەحیا عەیاش لە ناوچەی ڕۆژئاوا، عەدنان مەرعی و عەلی عاصی و زاهیر جابرەین لە باكوور.

پەیوەندی لەگەڵ سەرۆكایەتی سیاسی

پەیوەندی لەگەڵ سەرۆكایەتی سیاسی پەیوەندییەكی ڕێكخراوی پتەو و مەیدانییەكی جیاوازە، كە بڕیار و پلان و كارەكانی لەڕێی سەرۆكایەتی سیاسی حەماسەوە دەكرێت، بەڵام كاری مەیدانی و چالاكی و سەربازی بە جیادەكرێت و جیاوازە.

سەركردەكان

سەرۆكی ئێستا محەمەد زەیفە، هەرچەند ئیسرائیل دەڵێن بەهۆی برینداربوونی محەمەد زەیفەوە لەدوای كۆتا هەوڵی تیرۆركردنی، ئێستا مەروان عیسا سەرۆكە، وتەبێژی هێزەكەش ئەبوعوبەیدەیە كە یەكێكە لەو كەسانەی ئیسرائیل خەڵاتی داناوە بۆ ئەو كەسەی ئاشكرای بكات، سەركردەكانی ئەم هێزە بەردەوام لە هێرشی تیرۆر و كوشتن ڕزگاریان بووە، هەندێكیشیان كوژراون.

لەوانەی كە كوژراون:

  • سەڵاح شەحادە
  • یەحیا عەیاش
  • مەحمود ئەبو هنود
  • محیەدین شەریف
  • ئەحمەد جەعبەری (2012)
  • رائد عەتار
  • محەمەد ئەبوشەمالە

كڵێشە

هێزەكە دابەش دەبێت بەسەر چەند لیوایەكدا و هەر یەكێك سەركردەیەكی خۆی هەیە.

  • لیوای باكوور (لە 7 یەكینەی سەربازی پێكدێت)
  • لیوای غەززە (لە 7 یەكینەی سەربازی پێكدێت)
  • لیوای ناوەند  (لە 5 یەكینەی سەربازی پێكدێت)
  • لیوای خان یونس  (لە 6 یەكینەی سەربازی پێكدێت)
  • لیوای ڕەفەح  (لە 5 یەكینەی سەربازی پێكدێت)

هێز و چەك

سەرەتای شەڕكردنی هێزەكە بە بەرد دەستی پێكرد، دواتر چەقۆ و دواتریش چەك و تەقینەوە، بەڵام دواتر توانی موشەك و ڕێژنگ و فڕۆكەی چاودێریش دروست بكات، هەروەها دروستكردنی عەبوە و تەقینەوەی دوورمەودا و تەقینەوەی پشتوێنی، كە هەندێكیان نوێ دەكرێنەوە ساڵانە و بەرهەمی نوێیان لێ دەردەچێت.

بەناوبانگترین چەكی یەكینەكانی قەسام بریتییە لە موشەكی قەسام، كە یەكێكە لە دیارترین ئەو چەكانەی بەكاردێت و زیان دەگەیەنێت، و لە غەززە هەڵدەگیرێت.

ساڵی 2012 موشەكێكی ڕاگەیاند بەناوی M75 كە بەهۆی سەركردە ئیبراهیم موقادەمەوە پیتی یەكەمی بە M دانرابوو، دواتریش لە 2014 موشەكی J80ـی تاقیكردەوە لە هێرشكردن بۆ سەر ئیسرائیل، ناوی ئەم موشەكەش بەهۆی سەركردە و فەرماندەی كوژراوی هێزەكە ئەحمەد جەعبەرییەوە بوو و ماوەی پێكانی بۆ 80 كیلۆمەتر بوو، هەروەها موشەكی R160 كە لەبەر سەركردە ڕەنتیسی ناونرابوو، و ماوەی پێكانی بۆ 160 كیلۆمەتر بوو، هەروەها لە ساڵی 2021 بۆ یەكەمین جار موشەكی عەیاش 250 بەكارهێنرا كە ماوەكەی دەگەیشتە 250 كیلۆمەتر و توانی بۆ جارێكی دیكە گومبەتی ئاسنینی ئیسرائیل ببڕێت.

هەروەها موشەكی سجیل كە ماوەكەی 55 كیلۆمەتر بوو.

هەروەها خاوەنی چەندین جۆری موشەكی دژەتانك و زرێپۆشن وەك موشەكی كۆرنێت و كۆنكۆرس.

لە ساڵی 2014 ڕایانگەیاند توانیویانە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دروستبكەن بۆ چاودێری دوژمن، كە یەكێكیان بۆ كاری هەواڵگری بەكاردێت بەناوی A1A و دووەمیان بۆ هێرش بەكاردێت بەناوی A1B و سێیەمیان خۆكوژییە و ناوی A1Cـیە.

سێ جار فڕیون و بەكارهاتوون و سەركەوتووبوون، كە جارێكیان بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل بوو لە هاكیریا.

ژمارەی هێزەكان

ژمارەی سەربازانی یەكینەكانی قەسام لەناو غەززە دەیان هەزار كەسە، لە دەرەوەی غەززەش سەدان سەربازی هەیە، بەڵام بەهۆی هێرشی ئیسرائیل و بەرەی فەتحی فەڵەستینەوە چالاكییان لە ناوچەكانی دیكە نییە، تەنانەت بەرەی فەتح زۆرێك لە سەرباز و تەنانەت هەندێك سەركردەكانیشی دەستگیركردووە و كوشتوون، وەك محەمەد سەمان و محەمەد یاسین، سەدان كەسیشی لە زیندانەكان هێشتۆتەوە و سزای داون.

یەكەكان

وەك هەموو سوپایەكی جیهان لە چەند بەشێك پێكدێن و هەر یەكێكیان سەربازی تایبەتی هەیە:

  • یەكەی كۆماندۆ
  • یەكەی دژە زرێپۆش
  • یەكەی ئەندازیاری
  • یەكەی بەرگری ئاسمانی
  • یەكەی نیشانەشكێن
  • یەكەی شەهیدەكان
  • یەكەی هەواڵگری
  • یەكەی پەیوەندی
  • یەكەی ڕێنمایی
  • یەكەی بۆسە و كەمین
  • یەكەی بۆقی مرۆڤی (كۆماندۆی ئاوی)
  • یەكەی سێبەر

جەنگەكان

چەند شەڕێكی ماوە درێژ و كورتی لەگەڵ سووپای ئیسرائیل هەبووە، كە گرنگترینیان جەنگی فورقان بوو لە 2008 بۆ 2009، هەروەها جەنگی حجارة السجیل لە 2012، و عصف المأكول لە 2014، هەروەها دیارترین ئۆپەراسیۆنیان ڕفاندنی سەرباز جەلعاد شالیت بوو.

هەروەها ساڵی 1992 هێرشێكی ئەنجامدا و بە وێنەوە بڵاوی كردەوە، ئەوەش یەكەمین هێرشە لە فەڵەستین كە وێنەگیراو بێت.

كارەكان

  • یەكەمین هێز بووە كە بۆمبارانی پایتەختی ئیسرائیلی كردووە.
  • یەكەمین هێز كە بۆمبارانی حەیفا و خضیرە بكات كە ناوچەی ستراتیژی ئیسرائیلن.
  • یەكەمین هێز كە لە ژێردەریاوە هێرش بكاتە سەر دوژمن و سنووری سەربازگەكانیان ببڕێت.
  • یەكەمین هێز كە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی دروستكردووە.
  • دروستكردنی نیشانەشكێنی میلـلی بەناوی غۆل.
  • دروستكردنی موشەكی قەسام
  • دروستكردنی چەكی ڕەشاش
  • دروستكردنی نارنجۆك
  • دروستكردنی هاوەن
  • یەكەمین هێز كە سەربازی دوژمنی ڕفاندبێت و گۆڕینەوەی پێكردبێت.
  • یەكەمین هێز كە بە چەقۆ شەڕی كردبێت، لە ساڵی 1990 كەسێكی حەماس بە چەقۆ هێرش دەكاتە سەر سێ سەربازی ئیسرائیلی بە خۆپیشاندانەكان و دەیانكوژێت.
  • یەكەمین هێز كە تەقینەوەی دوور مەودای بە كۆنتڕۆڵی بەكارهێنابێت.
  • یەكەمین هێز ئۆپەراسیۆنی خۆی بە ڤیدیۆ هەبێت.
  • یەكەمین هێز تانكی سووپای ئیسرائیلی تەقاندۆتەوە
  • یەكەمین هێز كە وەسێتی سەربازەكانی بە ڤیدیۆ هەبێت و بڵاوی بكاتەوە.
  • یەكەمین هێز كە كەمینی ئۆتۆمبێلی بەكارهێنابێت.
  • یەكەمین هێزی خاوەن ماڵپەڕی ئینتەرنێتی.
  • یەكەمین هێز لەناو دەزگای ئاسایشی ئیسرائیلی (شاباك) ئەندامی هەبێت.

ئۆپەراسیۆنی ڕفاندن

  • 1988 : ڕفاندنی ئێڤی سسپێرتز و دواتر كوشتنی.
  • 1989 : ڕفاندنی ئیلان سەعدون و كوشتنی.
  • 1992 : ڕفاندنی نەسیم تۆلدانۆ و داواكرا لەگەڵ ئەحمەد یاسین گۆڕینەوەی پێ بكرێت، بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی ئیسرائیل، سەربازەكە كوژرا.
  • 1994 : ڕفاندنی سەرباز ڤاكسمان.
  • 2006 : ڕفاندنی جەلعاد شالیت.
  • 2014 : ڕفاندنی سێ سەربازی ئیسرائیلی بە یەكجار و كوشتنیان،
  • 2014 : ڕفاندن و بەدیلگرتنی سەرباز شائۆل ئارۆن لە جەنگی عصف المأكول.
  • 2016 : یەكینەكان وێنەی چوار سەربازیان بڵاوكردەوە كە دەستگیریان كردبوون.


سەرچاوەکان

67 بینین