ناوهڕۆك
ناساندن
سوودەکانی ئۆمێگا سێ بۆ منداڵان (بە ئینگلیزی: The Benefits of Omega 3 for Children، بە عەرەبی: فوائد أوميغا 3 للأطفال). ئۆمێگا سێ کۆمەڵێک سوودی گرنگی تەندروستی هەیە بۆ هەموو تەمەنەکان و لە نێویشیاندا منداڵان. یارمەتی گەشەی ئێسک و مێشک دەدات هەروەها یارمەتی کارکردنی سەرجەم خانەکانی منداڵان دەدات و هۆکارێک دەبێت بۆ پاراستنی دەرووندروستی و تەندروستی منداڵان.
دیارترین سوودەکانی بۆ منداڵان
ئۆمێگا سێ یارمەتی گەشەی مێشک و کارکردنی مێشک دەدات
مێشک بە گەورەترین ڕێژە گەشە دەکات لە لەدایکبوونەوە تا بە نزیکەیی تەمەنی دوو ساڵی، هەرچەندە گەشەکردن بە درێژایی تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری بەردەوام دەبێت. زیاتر لە شەست لە سەدی مێشک لە چەوری پێکهاتووە و ترشی چەوری ئۆمیگا سێ نزیکەی١٠-١٥٪ی لە DHA (docosahexaenoic acid) پێکدەهێنێت. DHA پێویستە بۆ گەشەکردنی سیستەمی هەستی و تێگەیشتن و زانینی جوڵە دەمار لە ماوەی گەشەی مێشکدا. بەشە دەوڵەمەندەکانی مێشک بەرپرسیار دەبن لە چالاکییەکانی وەک پلاندانان، چارەسەرکردنی کێشە و سەرنجی تەرکیزکراو.
بە تایبەتی DHA بە پێویست دادەنرێت بۆ کارکردنی ئاسایی مێشک. یارمەتی باشترکردنی شلەی پەردە دەدات، کە مانای ئەوەیە هاندەری دەمار، یان پەیامەکان، بە شێوەیەکی کاریگەرتر دەگوازرێنەوە. لە ئاژەڵاندا، کەمی DHAی مێشک دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتدا و پەیوەندی هەیە بە کێشەی فێربوون و کەمی بیرەوەری. لە مرۆڤدا لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە DHA پشتگیری IQ ی ئاسایی دەکات و فێربوون و یادگە دەپارێزێت.
چەندین لێکۆڵینەوە هەن کە کاریگەری سوودەکانی DHA لەسەر گەشەی مێشکی منداڵ و توانای فێربوون و یادگەی دەردەخەن.
ئۆمێگا سێ توانای خوێندنەوە و لێهاتوویی بیرکاری باشتر دەکات
توێژەرانی زانکۆی ئۆکسفۆرد لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو منداڵانە کردووە کە ڕۆژانە ئۆمێگا سێ بە بڕی ٦٠٠ میلیگرام وەردەگرن بۆ ماوەی چوار مانگ. ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە پێی دەگوترێت توێژینەوەی DOLAB دەریخستووە کە توانای خوێندەوەی منداڵان دوای بەکارهێنانی ئۆمێگا سێ زیادیکردووە. هەرچەندە لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە، بەڵام بە گشتی ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن ئۆمێگا سێ دەتوانێت سوود بە توانای خوێندەوەی منداڵان بگەیەنێت و زیرەکتریان بکات لەو ڕووەوە.
لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا لە برادفۆرد کە تیایدا قوتابیان ڕۆژانە ڕۆنی ماسی ئۆمیگا سێیان پێدەدرێت، ئەمەش بووبووە هۆی ئەوەی کە ٨١٪ی قوتابیان باشتر بخوێننەوە، ٦٧٪ لە نووسیندا باشتربن و ٧٤٪ لە بیرکاریدا زیرەکتربن.
ئۆمێگا سێ دەتوانێت خەوی منداڵان باشتر بکات
زۆربەی دایکان و باوکان بەدوای خەوێکی باشدا دەگەڕێن بۆ منداڵەکانیان. هەروەها توێژینەوە هەیە دەریخستووە کە تەواوکەری ئۆمیگا سێ کاریگەری باشی هەیە لەسەر خەو. ئەنجامی توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خەوی خراپ پەیوەندی هەیە بە دابەزینی ئاستی DHAی خوێنەوە.
هەروەها ئەم تەواوکەرانەی DHA بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی پچڕانەکانی کاتی خەوتن. واتا دەبنە هۆی خەوێکی ڕێک و قوڵتر.
کاریگەری ئۆمێگا سێ بۆ لابردنی خەمۆکی لە منداڵاندا
چەندین توێژینەوە هەن کە کاریگەری ئۆمیگا سێ نیشان دەدەن بۆ خەمۆکی لە کەسانی پێگەیشتوودا، بەڵام خەمۆکی لە منداڵاندا لە ڕاستیدا زیاتر باوە. لێکۆڵینەوەیەکی لە ئیسرائیل ئەنجامدراوە بۆ دیاریکردنی کاریگەرییەکانی ئۆمیگا سێی تەواوکەر لەسەر منداڵانی تەمەن شەش بۆ دوانزە ساڵان کە خەمۆکییان هەیە.
ئەنجامەکان زۆر نایاب بوون، زۆربەی ئەو منداڵانەی کە ئۆمیگا سێیان وەرگرتووە بە ڕێژەی ٥٠٪ نیشانەی کەمتریان هەبووە لە کۆتایی تاقیکردنەوەکەدا و چەند منداڵێک بە تەواوی نەخۆشییەکەیان کەم دەبێتەوە.
لێکۆڵینەوەیەکی تر دەریخستووە کە تەواوکەری بە لایەنی کەمەوە ٦٠ میلیگرام لە ڕۆژێکدا لە EPA و ١٥٦٠ میلیگرام لە DHA بۆ ٦ هەفتە بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی باشترکردنی کارکردنی گشتی جەستە و کەمکردنەوەی نیشانەکانی شێتی و خەمۆکی لەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی دوو پۆلاریان هەیە.
ئۆمیگا سێ دەتوانێت ڕێژەی هەستیاری منداڵان کەم بکاتەوە
توێژینەوەیەکی نوێی ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاند کە خواردنی ماسی چەور یان تەواوکەری ڕۆنی ماسی لە ماوەی دووگیانیدا لەوانەیە ستراتیژییەک بێت بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشی هەستیاری لە تازەلەدایکبووان و منداڵاندا، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەیەک لەسەر منداڵانی ساوا لە لەدایکبوونەوە تا شەش مانگ دەریخستووە کە ئۆمیگا سێ دەتوانێت نیشانەکانی بەرگری بگۆڕێت و لەوانەیە پارێزگاری لە هەستیاری بکات.
سەرەڕای ئەوەش ڕاپۆرتیان هەیە دەربارەی ئەوەی کە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی تووشبوون بە ڕەبۆ یان خیزەی هەناسەسواری لە تەمەنی سێ بۆ پێنج ساڵیدا کەمبووەتەوە لەو منداڵانەی کە دایکیان ڕۆنی ماسی وەرگرتووە لە ماوەی دووگیانیدا.
ئەمە ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی ئۆمیگا سێ لە ماوەی دووگیانیدا لەلایەن دایکانەوە یان خواردنی ئۆمیگا سێ لە منداڵیدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکانی هەستیاری، لەوانە ڕەبۆ.
ئۆمێگا سێ دەکرێت نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و سکچوون لە منداڵانی ساوا کەم بکاتەوە
ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ دەتوانن کاریگەرییەکی سوودبەخشیان هەبێت لەسەر کۆئەندامی بەرگری، وەک لە سەرەوە باسمان کرد، و ئەمە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخۆشییە باوەکانی ساوا. یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان تەماشای ڕێژەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدانی کرد (وەک هەوکردنی سییەکان، هەوکردنی بۆرییەکان، کۆکە، دەردەکۆپان) و سکچوون لەو منداڵانەی کە بە ترشی چەوری ئۆمیگا سێ تێر دەکرێن، بەرامبەر ئەو منداڵانەی کە لەسەر سیستمی خۆراکی خۆیانن بەبێ زیادکردنی DHA. ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە ژمارەی نەخۆشییەکانی هەناسەدان و سکچوون لە ١٢ مانگی یەکەمی ژیاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە لەو منداڵانەی کە شیری دەوڵەمەند بە DHAیان خواردووە.
ئۆمێگا سێ دەکرێت بەرگری ئەنسۆلین کەم بکاتەوە لە منداڵانی قەڵەودا
لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر منداڵان و هەرزەکارانی قەڵەو، ئەوە دەرکەوت کە تەواوکەری ترشی چەوری ئۆمیگا سێ دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو گلوکۆز (شەکری خوێن) و ئەنسۆلین کەم بکاتەوە (ئەو هۆرمۆنەی کە دەردەدرێت کاتێک ئاستی شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە) هەروەها کەمکردنەوەی چڕی چەوری سیانی یان ترایگلیسیرایدەکان (Triglycerids) کە پێکهاتەی سەرەکی چەوری لەشن. ئەم ئەنجامانە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئۆمیگا سێ دەتوانێت زۆر بەسوود بێت وەک چارەسەرێکی پشتگیریکار بۆ ئەو منداڵ و هەرزەکارە قەڵەوانەی کە بەرگری ئەنسۆلینیان هەیە.
ئۆمێگا سێ بۆ ADHD
کەمی سەرنج/ناتەواوی زیاد چالاکی (Attention-deficit /hyperactivity disorder) نەخۆشییەکی باوی گەشەی دەمارییە. چارەسەری ستاندارد لەگەڵ هاندەرەکان دەتوانێت کاریگەری لاوەکی توند و قورسی هەبێت، بۆیە داواکاری بۆ چارەسەری جێگرەوە زۆرە. توێژینەوەیەک دەریخستووە کە ڕێژەی ئۆمیگا سێ لە خوێنی نەخۆشەکانی ADHD کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی ADHDیان نییە.
چەندین لێکۆڵینەوە هەیە لەسەر دۆخی ترشی چەوری لەو منداڵانەی کە ADHDیان هەیە، لەگەڵ هەندێک ئەنجامی مێژوویی جیاواز لەسەر کاریگەریان لە بەڕێوەبردنی نەخۆشییەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، وتارێک کە لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دوای سەیرکردنی داتا و توێژینەوە بەردەستەکان کە ژەمەکانی EPA و DHA بە یەکسان بە بڕی ٧٥٠ ملیگرام لە ڕۆژێکدا یان زیاتر بۆ ماوەی ١٢ هەفتەدا دەبنە هۆی باشتربوونی بەرچاوی نیشانەکانی ADHD.
چەندین توێژینەوە بۆ کاریگەرییەکانی ئۆمێگا سێ لەسەر ADHD ئەنجامدراوە، بەڵام ئەنجامەکان جیاوازن. لە ساڵی ڕابردوودا وتارێک پێداچوونەوەی بۆ کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە کردووە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٥ ئەنجام دراون و دەریخستووە کە لە کاتێکدا ئەنجامەکان هەندێک جار ناگونجێن، بەڵام بە گشتی ئەوە نیشان دەدەن کە بەڵگە هەیە و ئاماژە بەوە دەکات خواردنی ئۆمیگا سێ دەتوانێت سوود بەو کەسانە بگەیەنێت کە ADHDیان هەیە.
ئۆمێگا سێ بۆ باشترکردنی فێربوون و هەڵسوکەوت لە ناڕێکی هەماهەنگی گەشەکردن
زانکۆی ئۆکسفۆرد - دورهام لە توێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێشیدا بوو باس لە کاریگەرییەکانی تەواوکەری ئۆمیگا سێی لەسەر ئەو منداڵانە کرد کە نەخۆشی هەماهەنگی گەشەکردنیان هەیە (DCD). لە کۆتایی تاقیکردنەوەکەدا ئەنجامەکان ئەوەیان نیشاندا کە باشتربوونێکی بەرچاو هەیە لە خوێندنەوە و ڕێنووس و هەڵسوکەوت لەو منداڵانەی کە تەواوکەری ئۆمیگا سێیان وەرگرتووە و لێکۆڵەرەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئۆمیگا سێ بژاردەیەکی سەلامەت و کاریگەرە بۆ چارەسەری منداڵان لەگەڵ تێکچوونی هەماهەنگی.
ئۆمێگا سێ یارمەتی تەندروستی ئێسک دەدات
لە کۆتاییدا، لەوانەیە پێویست بکات ڕەچاوی کاریگەری ئۆمیگا سێ بکەیت لەسەر تەندروستی ئێسک لە گەشەکردنی منداڵاندا. پەیوەندی نێوان ئۆمیگا سێ و تەندروستی ئێسک کەمتر ناسراوە بەڵام توێژینەوەکان لەم بوارەدا لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بوون.
توێژینەوەکان بە شێوەیەکی سەرەکی تیشکیان خستە سەر بەهای ئۆمیگا سێی خۆراکی بۆ پاراستن لە لەدەستدانی ئێسک لە کەسانی بەتەمەندا، بەڵام لەوانەیە لە هەموو تەمەنێکدا پەیوەندی هەبێت و بە دڵنیاییەوە شایەنی ڕەچاوکردنە کاتێک منداڵان بە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەی ئێسکدا تێدەپەڕن لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئۆمیگا سێ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پشتگیریکردنی ئێسکە خانەکان، کە زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی منداڵان، چونکە ئەو خانانە ئێسکی تەندروست دروست دەکەن.
هەروەها ئۆمیگا سێ یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی هەوکردن، کە ئەمەش دەبێتە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی ئۆمێگا سێ یارمەتی ئێسک دەدات، چونکە زۆربوونی هەوکردنەکان هۆکارن بۆ پووکانەوەی ئێسک. میکانیزمێکی دیکەی شیاو کە پاڵپشتی ئۆمیگا سێ دەکات بۆ پشتگیریکردنی ئێسکە تەندروستەکان ئەوەیە کە ئۆمێگا سێ یارمەتی هەڵمژینی کالسیۆم دەدات. کالسیۆم کانزایەکی پێویستە بۆ پێکهاتەی ئێسکی تەندروست، بەم شێوەیە کەواتە ئۆمێگا سێ هۆکارێکی دیکەیە بۆ پاراستنی ئێسکە خانەکان و تەندروستی ئێسک.