کۆئەندامی بەرگری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-07-23-20:52:00 - کۆدی بابەت: 9512
کۆئەندامی بەرگری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرگرییە کۆئەندام یان سیستمی بەرگری (بە ئینگلیزی: immune system) ئامڕازێکی لەشە بۆ ڕێگریکردن و سنووردارکردنی تووشبوونە میکرۆبییەکان، بەبێ ئەم کۆئەندامە لەش ناتوانێت دژی هێرشی بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەکان و میکرۆبەکانی تر بوەستێتەوە. سیستمی بەرگری لە تۆڕێکی گەورەی خانە و ئەندام و پڕۆتین و شانەکان پێکدێت کە بە هەموو لەشدا بڵاوبوونەتەوە.
کۆئەندامێکی بەرگریی تەواو چالاک دەتوانێت شانە تەندروستەکان لە ماددە نەخوازراوەکان جیابکاتەوە. هەر کە ئەم کۆئەندامە ماددەیەکی نەخوازراوی ناسییەوە، بەخێرایی کاردانەوەیەکی بەرگری دەبێت. هەروەها ئەم کۆئەندامە خانە مردووەکان و ناتەندروستەکان دەناسێتەوە و لایان دەبات. 
بەڵام مەرج نییە هەموو کاتێک کۆئەندامی بەرگری ئەم فەرمانانەی بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکات، هەرچۆنک بێت لە هەندێک حاڵەتدا ناتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەری دژی میکرۆبەکان بجەنگێت، کە ئەمەش دەکرێت هۆکارەکەی ئەوە بێت کە کەسەکە تووشی ناڕێکییەکی تەندروستی یان نەخۆشییەک بووبێت کە کاربکاتە سەر چۆنییەتی کارکردنی سیستمی بەرگری لەشی.
لە نەخۆشییە بەرگرییە خۆییەکان و هەستیاریدا کۆئەندامی بەرگری بە هەڵە شانەی تەندروستی وەک شانەی ناتەندروست دەبینێت و هێرشێکی ناپێویست دەکاتە سەر شانەکە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نیشانەی نائاسوودەکەر و هەندێک جاریش نیشانەی مەترسیداری تێدا دەربکەوێت.

پێکهاتەکانی کۆئەندامی بەرگری

کۆئەندامی بەرگری لە مەودایەک پێکهاتە پێکدێت، وەک:

خڕۆکە سپییەکانی خوێن (leukocytes)

خڕۆکە سپییەکانی خوێن وەکوو سوپایەک دژی بەکتریا و ڤایرۆسە زیانبەخشەکان کاردەکەن، کاتێک میکرۆبەکان هێرش بۆ لەش دەکەن خڕۆکەی سپی هێرش دەکاتە سەریان و تێکیان دەشکێنێت بۆ ئەوەی لەش بە تەندروستی بهێڵنەوە. خڕۆکە سپییەکانی خوێن بەشی سەرەکی کۆئەندامی بەرگری پێکدەهێنن. چەندین جۆری جیاواز لە خڕۆکە سپییەکان لە سیستمی بەرگریدا بوونیان هەیە.
هەر جۆرێک لەم خڕۆکە سپیانە لە ڕێڕەوی خوێندا دەسوڕێن و بەناو لەشدا بڵاودەبنەوە، یان لە شانە تایبەتەکاندا جێگیر دەبن و چاوەڕێی فەرمان دەکەن بۆ ئەوەی دەست بە جووڵە بکەن.
هەر جۆرێک لە خڕۆکە سپییەکان ڕۆڵی جیاوازی هەیە لە سیستمی کاردانەوەی لەشدا، هەر یەکێکیان ڕێگای جیاوازی هەیە لە ناسینەوەی ئەو کێشەی تووشی لەش دەبێت.

سپڵ

سپڵ ئەو خڕۆکە سپیانە هەڵدەگرێت کە بەرگری لە لەش دەکەن دژی تەنە نامۆکان. هەروەها خوێن پاڵفتە دەکات و خڕۆکە سوورە کۆن و خراپ بووەکان لەناودەبات.

مۆخی ئێسک

خانەی بنەڕەتییەکان لە ناوەندی ئیسفەنجیی ئێسکەکاندا گەشە دەکەن بۆ خڕۆکەی سوور و پلازما و چەندین جۆری جیاوازی خڕۆکە سپییەکان، هەروەها جۆری جیاوازی خانەی بەرگری.
مۆخی ئێسک ڕۆژانە بلیۆنان خانەی خوێنی نوێ دروست دەکات و دەیانخاتە ڕێڕەوی خوێنەوە.

لیمفە گرێکان

ئەم ڕژێنە بچووکانە میکرۆبەکان دەگرن و تێکیان دەشکێنن بۆ ئەوەی بڵاو نەبنەوە بۆ بەشەکانی تری لەش و کەسەکە تووشی نەخۆشی بکەن. هەروەها بەشێکیشن لە لیمفە کۆئەندامی لەش. لیمفە گرێکان ئەو خانەی بەرگریانەیان تێدایە کە ئەو هێرشکەرە بێگانانە دەناسنەوە کە دێنە لەشەوە، ڕاستەوخۆ دوای ناسینەوەی تەنە بێگانەکان چالاک دەبن و لیمفۆسایتی تایبەت (خڕۆکە سپییەکانی خوێن) دەنێرن بۆ شەڕکردن دژی تەنی بێگانەی دیاریکراو.
لەشی مرۆڤ لە سەدان لیمفە گرێی جیاواز پێکهاتووە، کاتێک لیمفەگرێ هەڵدەئاوسێت و هەستیار دەبێت، دەرخەری ئەوەیە کە لەش دژی تووشبوونێکی میکرۆبی دەجەنگێت.

ڕژێنی سایمۆس

ئەم ئەندامە بچووکە دەکەوێتە بەشی سەرەوە لەژێر ئێسکی سنگ، کە کاری یارمەتیدانی پێگەیشتنی جۆرێکی دیاریکراوی خڕۆکە سپییەکانی خوێنە.

ئاڵووەکانی قوڕگ و لووت

پلی مێشکۆلەیی یان ئاڵووەکانی قوڕگ (لەوزەتێن) و ئاڵووەکانی لووت (ئەدینۆیدەکان) لەبەر ئەوەی کەوتوونەتە قوڕگ و ڕێڕەوی لووتەوە، ڕاستەوخۆ دوای هاتنە لەشەوە ئاڵووەکانی قوڕگ و لووت تەنە نامۆکانی وەکوو بەکتریا و ڤایرۆسەکان دەگرن، ئەم دوو ئەندامە خانەی بەرگریان هەیە کە دژەتەنەکان بەرهەم دەهێنن بۆ پاراستنی لەش دژی ئەو تەنە نامۆیانەی دەبنە هۆی تووشبوونی میکرۆبی قوڕگ و سییەکان.

پێست و لینجە پەردەکان و بەرگرییە یەکەمییەکانی تری لەش

پێستی مرۆڤ یەکەمین هێڵی بەرگرییە دژی و تێکشاندنی میکرۆبەکانە پێش ئەوەی بێنە لەشەوە. پێست چەورییەکان بەرهەم دەهێنێت و خانە پارێزەرەکانی تری سیستمی بەرگری تێدایە، 
لینجە پەردەکان بە درێژایی هێڵی کۆئەندامی هەناسە و هەرس و میز و میزەڕۆ و زاوزێ بوونیان هەیە. ئەم پەردانە لینجە ماددەکان دەردەدەن کە دەتوانن ڕووکاری ئەندامەکان چەور بکات و شێداری بکاتەوە، لە کۆئەندامی هەناسەدا میکرۆبەکان بە ئەم لینجە ماددەیەوە دەنووسێن لە ڕێڕەوەکانی هەواوە دەکرێنە دەرەوە.
ئەنزیمەکان لە ئارەق و فرمێسک و لینجە ماددەکان و دەردراوەکانی زێی ئەفرەتاندا دۆزراونەتەوە کە هەموویان کاریان تێکشکاندنی میکرۆبەکانە.

گەدە و ڕیخۆڵەکان

ترشەڵۆکی گەدە دوای ئەوەی بەکتریا دەچێتە لەشەوە لە نزیکترین ماوەدا دەیانکوژێت. هەروەها لە ڕیخۆڵەدا چەندین بەکتریای سوودبەخش هەن کە بەکتریا زیانبەخشەکان لەناو دەبەن.

لیمفە کۆئەندام

تۆڕێکی وەک لوولەکانی خوێنە، بەڵام لەجیاتی خوێن ماددەیەک هەڵدەگرێت و دەگوازێتەوە کە پێی دەوترێت لیمف.
لیمف شلگازێکە کە خانەکانی پەیوەست بە بەرگری دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لەش کە پێویستی پێیانە. خڕۆکە سپییەکانی خوێن بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ هۆکارەکانی نەخۆشی دەگەڕێن. کاتێک یەکێک دەدۆزنەوە، دەست دەکەن بە زۆربوون و شەپۆلەکان بۆ جۆرەکانی تری خانە دەنێرن تاکوو ئەوانیشت دەست بکەن بە زۆربوون.

پاشەکەوتکردنی خڕۆکە سپییەکان

لەش لە شوێنی جیاوازی لەشدا کە ناسراون بە ئەندامە لیمفییەکان خڕۆکە سپییەکانی خوێن پاشەکەوت دەکات. نموونەی ئەم ئەندامانەش بریتیین لە:

  • ڕژێنی سایمۆس: ئەندامێکە دەکەوێتە پشتی کۆڵەی سنگەوە، کە تیایدا ئەو خڕۆکە سپییانەی بە لیمفۆسایتەکان ناسراون پێدەگەن.
  • سپڵ: ئەندامێکە کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای چەپی سکەوە کە تیایدا خانەکانی بەرگری کاردەکەن و کۆدەکرێنەوە.
  • مۆخی ئێسک: شانەیەکی نەرمە دەکەوێتە ناوەندی ئێسکەکانەوە، کە تیایدا خڕۆکە سوور و سپییەکانی خوێن بەرهەم دێن.
  • لیمفە گرێکان: ئەندامی بچووکی شێوە فاسۆلیایین بەدرێژایی لەش بوونیان هەیە بە تایبەت لە مل، ژێرباڵ، بەرموسڵدان و ناوسک. ئەم ئەندامانە لەڕێگەی لوولە لیمفییەکانەوە پەیوەست دەبن. خانەکانی بەرگری لە لیمفە گرێکاندا کۆدەبنەوە و کاتێک دژەپەیداکەرێک بوونی هەبێت کاردانەوەیان دەبێت. کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی هەڵئاوسان.
  • ئاڵووەکانی قوڕگ و لووت، ڕیخۆڵەکوێرە: ئەم بەشانە دەروازەی چوونە ژوورەوەی هۆکاری نەخۆشین بۆناو لەش، لەبەر ئەم هۆیە شانە لیمفییەکان لێرەشدا بوونیان هەیە.

شێوازی کارکردنی کۆئەندامی بەرگری 

کۆئەندامی بەرگری بە قوورسی کاردەکات بۆ پاراستنی تەندروستیی لەش. کاری سەرەکی ڕێگریکردنە لە هاتنە ناوەوەی میکرۆبەکان و تەنە بێگانەکان بۆ ناو لەش، هەروەها لە کاتی هاتنە ناوەوەی هەر تەنێکی بێگانەدا بەخێرایی تێکی دەشکێنێت یان سنوورداری دەکات.

کاتێک کە کۆئەندامی بەرگری بە ڕێکوپێکی کاردەکات

ئەگەر کۆئەندامی بەرگری کەسێک بە ڕێکوپێکی کاربکات دەتوانێت دیاری بکات چی خانەیەک هی لەشی مرۆڤە و چی ماددەیەکیش نامۆیە بە لەشی مرۆڤ. ئەم کۆئەندامە تەنە بێگانە هێرشکەرەکان چالاک دەکات و دەیانجووڵێنێت و هێرشیان دەکاتە سەر و دەیانکوژێت. 
هەرکە کەسێک بەرکەوتەی لەگەڵ جۆرێکی میکرۆبدا هەبوو سیستمی بەرگری لەشی فێردەبێت کە چۆن بەرگری دژی ئەو تەنە نامۆیە بکات. لەشی مرۆڤ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆی بکات دژی جۆرێکی میکرۆبەکان، گەشە بە دژەتەنی تایبەت بە جۆر میکرۆبەکە دەدات.
نموونەی ئەم جۆرە بەرگریکردنەش کاتێکە کە تۆ پێکوتە (ڤاکسین) وەردەگریت، لەشت پەرە بە دژەتەنی تایبەت بە ئەو تەنە نامۆیە دەدات کە لە پێکوتەکەدا بوونی هەیە، لە ئەنجامدا کاتێک لە داهاتووتدا تۆ تووشی ئەم جۆرە تەنە نامۆیە (میکرۆب) بوویت کۆئەندامی بەرگریت دەتوانێت بەخێرایی بیناسێتەوە و تێکی بشکێنێت.

کاتێک کۆئەندامی بەرگری بەباشی کارناکات

کاتێک سیستمی بەرگری ناتوانێت دژی تەنە نامۆکان بەباشی بجەنگێت و هێرشیان بکاتە سەر، کێشەی تەندروستی وەکوو تووشبوونی میکرۆبی تووشی کەسەکە دەبێت.
هەندێک جاریش سیستمی بەرگری بەبێ بوونی هیچ تەنێکی نامۆ هێرش دەکاتە سەر خانەکانی لەش یان ناوەستێت لە هێرشکردنە سەر خانەکانی لەش لەدوای لەناوبردنی تەنە نامۆکان. ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە کێشەی تەندروستی وەک نەخۆشییە بەرگرییە خۆییەکان و هەستیاری.

زیانگەیشتن بە کۆئەندانی بەرگری

زۆر کێشە و حاڵەتی تەندروستی هەن کە دەتوانن زیان بە سیستمی بەرگری بگەیەنن و تێکی بدەن. هەندێک جۆری دەرمانیش هەیە کە کاری بەرگریکردنی لەش دژی تووشبوونی میکرۆبی قوورستر دەکات. هەندێک جۆری نەخۆشیش هەیە کە دەبنە هۆی ئەوەی کۆئەندامی بەرگری هێرش بکەنە سەر خانە تەندروستەکانی لەش، یان سیستمی بەرگری لاواز بکەن و نەتوانێت بەباشی لەش بپارێزێت دژی میکرۆبە زیانبەخشەکان. ئەم نەخۆشی و حاڵەتانەش وەک:

  • هەستیاری: کاتێک لەش زیاد لە پێویست کاردانەوەی بۆ ماددە بێ‌زیانەکان (وەک خواردن و پیسکەری ژینگەیی) دەبێت، سیستمی بەرگری وەڵامدانەوەی دەبێت. لەش بە دەردانی هیستامین کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری دژی هاندەرە هەستیارییەکان دەجەنگێت، کاردانەوەی بەرگری دەکرێت لە کاردانەوەیەکی ئاسایی وەک پژمین و ئاوکردنی لووتەوە تاکوو کاردانەوەی توندی وەک کێشەکانی هەناسەدان و مردن بگرێتەوە. دەرمانەکانی دژەهیستامین دەکرێت لە کەمکردنەوەی ئەم نیشانانەدا یارمەتیدەربن.
  • نەخۆشییە بەرگرییە خۆییەکان: ئەم نەخۆشیانە کاتێک تووشی کەسەکان دەبێت کە سیستمی بەرگری لەشی بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر خانە تەندروستەکانی لەش، نەخۆشی شەکرە و هاشیمۆتۆ و هەوکردنی جومگەکان نموونەن لە نەخۆشییە باوە بەرگرییە خۆییەکان.
  • نەخۆشییەکانی نەمانی بەرگریی سەرەتایی: ئەم نەخۆشیانە بۆماوەیین و زیاتر لە ١٠٠ جۆری نەخۆشیی نەمانی بەرگریی سەرەتایی بوونی هەیە کە هەموویان ڕێگری لە سیستمی بەرگری دەکەن تاکوو بەباشی کاربکات.
  • تووشبوونە میکرۆبییەکان: نەخۆشیی ئایدز ناسراوترین جۆری تووشبوونی میکرۆبییە کە سیستمی بەرگری لاواز دەکات و دەبێتە هۆی تووشبوونی توند و مەترسیدار.
  • شێرپەنجە: هەندێک جۆری نەخۆشیی شێرپەنجەی وەک شێرپەنجەی خوێن و لیمفەگرێکان، ڕاستەوخۆ کاردەکەنە سەر سیستمی بەرگری، ئەم شێرپەنجانە کاتێک تووشی کەسەکان دەبن کە گەشەی خانەکانی بەرگری لە جڵەو دەردەچێت.
  • کێم: کاردانەوەی توندی کۆئەندامی بەرگری لەشە بۆ تووشبوونێکی میکرۆبی، کە ئەمەش هانی هەوکردنێکی بەربڵاو دەدات لە لەشدا و دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەندین حاڵەتی ئاڵۆزی پێچەوانە کە ئەنجامەکەیان دەکرێت زیانگەیشن بە ئەندامی تووشبوو و لەکارکەوتنی ئەندامەکە و مردنی کەسی تووشبوو بێت.
  • دەرمان: هەندێک جۆری دەرمانی وەک کۆرتیکۆستیرۆیدەکان دەتوانن کۆئەندامی بەرگری لاواز بکەن.

هێشتنەوەی کۆئەندامی بەرگری بە بەهێزی

 هەروەک هەموو بەشەکانی تری لەش کۆئەندامی بەرگریش پێوسیتی بە خۆراکپێدان و گرنگیپێدان و پشوو و ژینگەی تەندروستە بۆ ئەوەی بە بەهێزی بمێنێتەوە. هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا دەتوانێت سیسمی بەگری بەهێز بکات و دوورت بکات لە تووشبوون بە نەخۆشی. بۆ ئەمەش دەبێت: 

  • دووربیت لە جگەرەکێشان
  • کێشت دابەزێنە یان کێشت لە مەودایەکی تەندروستتدا بهێڵەرەوە
  • ژەمی تەندروست بخۆ کە لە میوە و سەوزە پێکهاتبێت
  • دووربە لە خواردنەوە کحولییەکان
  • بە بڕی پێویست بخەوە
  • وەرزشکردنی بەردەوم
  • زوو زوو شۆردنی دەستەکان
  • هەوڵ بدە فشاری دەروونی کەم بکەرەوە و سەرنجت لەسەر باشی مێشک و لەشت بێت
  • دڵنیابە لەوەی کە لە کاتی پێویستدا پێکوتە بەکاربهێنیت


سەرچاوەکان



2779 بینین