زانکۆی ئۆکسفۆرد

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-12-15-19:07:00 - کۆدی بابەت: 7251
زانکۆی ئۆکسفۆرد

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی زانکۆی ئۆکسفۆرد

زانکۆی ئۆکسفۆرد (بە ئینگلیزی: Universty of Oxford)، یەکێکە لە زانکۆ گەورە و بەناوبانگەکان و کۆنترین زانکۆی زمانی ئینگلیزییە لە جیهاندا و دووەم کۆنترین زانکۆی جیهانە، بەرواری دروستکردنی ئەم زانکۆیە بە تەواوی ڕوون نییە بەڵام دەوترێت کە لە ساڵی ١٠٩٦ وانەی تێدا خوێندراوە، زانکۆکە پێکدێت لە ٣٨ کۆلێج و ٦ هۆڵی تایبەت و هەموو کۆلێجەکان ستافی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەو کۆلێجانەی سەرەتا لە زانکۆکەدا هەبوون بریتی بوون لە کۆلێجی یاسا و کۆلێجی پزیشکی و کۆلێجی ئاینناسی و ئەدەب و زمان و فەلسەفە و مێژوو و بیرکاری و زانست، هەروەها زانکۆکە کتێبخانەیەکی تێدایە بە ناوی "بودلیان" کە لە ساڵی ١٦٠٢ دامەزراوە و بە دووەم گەورەترین و کۆنترین کتێبخانە لە بەریتانیا دادەنرێت، وە لە ساڵی ١٩٢٤ دا مۆزەخانەیەکی مێژوویی و هونەری و شوێنەوارناسی بە ناوی "ئاشموڵی" لە زانکۆکەدا دروستکراوە، لە ساڵی ١٩٢٠ دا بۆ یەکەمین جار ژنان لە زانکۆکەدا بوونەتە ئەندام، لە سەدەی بیستەمدا پڕۆگرامی خوێندن لە زانکۆی ئۆکسفۆرد نوێکرایەوە و زانست زۆر بە جدیتر و پرۆفێشناڵتر وەرگیرا، زانکۆی ئۆکسفۆرد ئەندامە لە گروپی ڕاسڵ لە زانکۆکانی بەریتانیا و گروپی کۆمێبرا و کۆمەڵەی زانکۆکان بۆ توێژینەوە لە ئەورووپا، ئەم زانکۆیە بە بەردەوامی یەکێک بووە لە ١٠ یەکەمین زانکۆکان لە جیهاندا، زانکۆی ئۆکسفۆرد بینای فەڕمی و تایبەت بە خۆی نییە بەڵکو چەندین بینای هەیە کە بە شاری ئۆکسفۆردا بڵاوبۆتەوە و کۆلێجە جیاوازەکانی تێدایە.

مەرجەکانی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆی ئۆکسفۆرد

زانکۆی ئۆکسفۆرد هەندێک مەرج دادەنێت بۆ وەرگرتنی ئەو خوێندکارانەی کە خوازیارن لە دوای خوێندنی دواناوەندی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد درێژە بە خوێندن بدەن:

  • جۆری بڕوانامەکان: چەند جۆرێکی تایبەت لە بڕوانامە هەیە کە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد باوەڕپێکراوە و بۆ خوێندن کاری پێ دەکرێت وەک، بڕوانامەی ئامادەیی بەریتانیا و بەکالۆریۆسی نێودەوڵەتی و بەکالۆریۆسی ئەوروپی.
  • نمرەی پێویست: ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بخوێنن پێویستە نمرەی پێویستیان هەبێت تا بتوانن بخوێنن، دەبێت کۆنمرەی خوێندکارەکان بەلایەنی کەمەوە ٣.٧ بێت، بەلایەنی کەمەوە لە دواناوەندی ٣٩ نمرە بێت.
  • پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری خوێندن: زانکۆی ئۆکسفۆرد پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری خوێندنی کردووەتە مەرج بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆکە و پێویستە دوو هەفتە پێش کۆتا وادە فۆڕمەکە بگەڕێنرێتەوە چونکە لە پاش کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە زانکۆکە هیچ داواکارییەک وەرناگرێت.
  • هەبوونی ڤیزە: یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی وەرگرتن هەبوونی ڤیزەیە، ئەگەر خوێندکار لە دەرەوەی بەریتانیا بێت و بیەوێت لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بخوێنێت پێویستە ڤیزەی هەبێت.

کۆلێجەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد

زانکۆی ئۆکسفۆرد پێکدێت لە ٣٠ کۆلێجی جیاواز و هەر کۆلێجێک پسپۆڕی تایبەت بە خۆی هەیە، دیارترینی کۆلێجەکان بریتین لە:

  • کۆلێجی بالیۆل: ئەم کۆلێجە یەکێکە لە کۆلێجە دیارەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد کە بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەدات بە خوێندکارانی هەندێک لە پسپۆڕییەکانی وەک، زیندەزانی و کیمیا و ئەندازیاری و زمانی ئینگلیزی و بیرکاری و فەلسەفە و فیزیا و پزیشکی گشتی.
  • کۆلێجی برەیسنۆز: بەهەمان شێوە ئەم کۆلێجە بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەدات بە خوێندکارەکان لەم پسپۆڕییانەدا، زانستی کۆمپیوتەر و مێژووی زمانی ئینگلیزی و زانستی زەوی و جوگرافیا و فیزیا و مۆسیقا.
  • کۆلێجی کەڵێسای کریستیانەکان: ئەم کۆلێجەش پێکدێت لە چەندین پسۆڕی دیکە وەک، کیمیای زیندەیی و زانستی کەلتوری و مێژوویی و زانستی کۆمپیوتەر و کارگێڕی و ئابووری و زانستی ئەندازیاری و دەرونناسی و فیزیا و ئاینناسی.
  • کۆلێجی وۆرستەر: پسپۆڕییەکانی ئەم کۆلێجەش بریتین لە کارگێڕی و ئابووری و کیمیا و فیزیا و زیندەزانی و مێژوو و جوگرافیا و بیرکاری و یاسا و فەلسەفە و کۆمپیوتەر و پزیشکی گشتی.
  • کۆلێجی ویکلف: ئەم کۆلێجەش پێکدێت لەم پسپۆڕییانە، ئاین و ئاییناسی و فەلسەفە و ئاینی کریستیان.

بەناوبانگترین دەرچووەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد

  • تۆنی بلێر: سەروەزیرانی پیشووی بەریتانیا لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٧.
  • دەیڤد کامیرۆن: سەروەزیرانی پێشووی بەریتانیا.
  • لیستر بۆڵز پێرسۆن: سەروەزیرانی پێشووی کەنەدا و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ساڵی ١٩٥٧.
  • ویلیام گۆڵدین: براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات لە ساڵی ١٩٨٣.
  • مارگرێت ساتشر: سەروەزیرانی پێشووی بەریتانیا بۆ ماوەی ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٩٠.


سەرچاوەکان



1405 بینین