ناوهڕۆك
ناساندن
زانکۆی بەغداد (بە عەرەبی: جامعة بغداد، بە ئینگلیزی: University of Baghdad) کۆنترین و یەکەمین زانکۆیە لە عێراق، هاوکات لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین زانکۆی عێراقە و دەکەوێتە ناوەندی شاری بەغدادی پایتەختەوە و لە ساڵی ١٩٥٧ دامەزراوە. لە ڕابردوودا دوای زانکۆی قاهیرە لە میسر بە کۆنترین و گەورەترین زانکۆی ناو وڵاتانی عەرەبی هەژمار دەکرا.
مێژووی دامەزراندنی زانکۆی بەغداد
زانکۆی بەغداد یەکەمین ناوەندی فەرمی خوێندنی قۆناغی زانکۆیە کە لە عێراق دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٤٣ یەکەم لێژنە پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە دامەزراندنی زانکۆیەکی عێراقی لە بەغداد، لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٥٦ یەکەمین پڕۆژە یاسای عێراقی لەلایەن حکوومەتی پاشایەتییەوە دەرکرا بۆ بنیاتنان و دامەزراندنی زانکۆیەک لە بەغداد بە ناوی زانکۆی بەغداد. سەرباری ئەوەی کە زانکۆی بەغداد لە ساڵی ١٩٥٧ دامەزرا، بەڵام یەکەمین کۆلێج یان ناوەندی خوێندنی باڵا کە لە بەغداد کرایەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٠٦٧ کە لە سەردەمی ئیمامی ئەبوو حەنیفە بە "خوێندنگەی زانستە ئیسلامییەکان" ناسراو بوو تا ساڵی ١٩٠٨ کۆلێجێکی تری بۆ زیادکرا بە ناوی کۆلێجی یاسا، ئەم دوو بەشە بوونە کڕۆکی بیرۆکەی دامەزراندنی زانکۆی بەغداد.
لە ساڵی ١٩٢٢ دوای دامەزراندنی وڵاتی عێراق شا فەیسەڵی یەکەم پلانی دامەزراندنی زانکۆیەکی لە بەغداد خستە بەرباس بەڵام بەهۆی کەمی خوێندکار پڕۆژەکە دواخرا. لە ساڵانی بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوو بەجیاجیا کۆلێج و ناوەند و پەیمانگای خوێندن لە بوارەجیاجیاکان نموونەی ئەندایاری و پزیشکی و هونەرە جوانەکان لە بەغداد دامەزران. لە ساڵی ١٩٥٦ خوێندنگەی حیکمە لەلایەن کاسۆلیکه ئەمریکییەکان دامەزرا، بۆیە لە ساڵی ١٩٥٧ بڕیاری فەرمی پاشایەتی دەرچوو بە دامەزراندنی زانکۆیەک کە هەموو ناوەند و کۆلێج و بەشە زانستییەکان کۆبکاتەوە و بە زانکۆی بەغداد پڕۆژەکە ناونرا. دوای دامەزراندن لە ساڵی ١٩٥٧ یەکەم سەرۆکی زانکۆ بە ناوی دکتۆر مەتی عەقراوی دیاریکرا.
لە ساڵی ١٩٥٨ یاسایەکی تر بۆ زانکۆکە دەرکرا کە بە پێی ئەو یاسایە وەک زانکۆیەک دانی پێدانرا کە ئەنجوومەنێکی بەڕێوەبردنی کاروباری زانستی هەبێت و کۆلێجی یاسا، ئەندازیاری، پەروەردە، پزیشکی، دەرمانسازی، ئاداب، بازرگانی، کشتوکاڵ، زانستە ئیسلامییەکان و پزیشکی ڤێتێرنەری لەخۆ دەگرێت و هەموو کۆلێجەکان کۆکرانەوە و یەک کارگێڕی بەڕێوەبردنیان بۆ دیاریکرا، هەروەها پەیمانگا و ئەکادیمییە باڵاکانی ئەو سەردەمە بە فەرمی خرانە سەر زانکۆی بەغداد نموونەی پەیمانگای زمان، پەیمانگای ڕووپێوی، پەیمانگای کارگێڕی، پەیمانگای وەرزشی، پەیمانگای ئەندازیاری پیشەسازی باڵا و پەیمانگای زانستە کارگێڕییەکان. دیزاینی پڕۆژەی زانکۆی بەغداد لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن کۆمپانیای TAC، کورتکراوەی کۆمپانیا (The Architects Collaborative) دامەزراوە کە لەلایەن تەلارسازی ئەڵمانی جیهانی ناوداری سەدەی بیستەم (واڵتەر کرووبس) سەرپەرشتی پڕۆژەکە کرا.
شوێنی زانکۆکە لە ناوچەیەکی ستراتیجی لە بەغداد دیاریکرا بە دیاریکراوی نزیک ناوچەی جادرییە لە نزیک ڕووبارەی دیجلە لە سەر ڕووبەرێکی فراوانی نزیکەی ٣١٠٠ دۆنم (٣٢٥ هێکتار، ٣٢٥٠٠٠٠ مەتری چوارگۆشە) زانکۆکە بنیاتنرا. لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆی بەغداوە تاکوو ساڵی ١٩٦٧ چەند کۆلێجێکی شاری مووسڵ و شاری بەسڕە لەڕووی کارگێڕی و بەڕێوەبردنەوە خرانە سەر زانکۆی بەغداد، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٧ زانکۆی مووسڵ و زانکۆی بەسڕە بەشێوەیەکی سەربەخۆ دامەزران.
کۆلێج و بەشەکانی زانکۆی بەغداد
زانکۆی بەغداد ٢٤ کۆلێج و چوار پەیمانگای باڵای بۆ خوێندنی باڵا لەخۆدەگرێت، کۆلێج و پەیمانگا و بەشەکانی زانکۆی بەغداد بەسەر شەش ناوچە و کۆمەڵگە دابەشبوونە و پێکهاتوون لە:
١ـ کۆمەڵگای جادرییە
- کۆلێجەکانی ئەم کۆمەڵگایە: ناوچە جادرییە هەریەک لە کۆلێجەکانی ئەندازیاری، کۆلێجی ئەندازیاری خوارزمی، کۆلێجی زانست، کۆلێجی زانست بۆ کچان، کۆلێجی زانستە سیاسییەکان، کۆلێجی پەروەردەی وەرزشی، کۆلێجی پەروەردەی کچان، کۆلێجی ڕاگەیاندن، کۆلێجی کشتوکاڵ، کۆلێجی پزیشکیی ئاژەڵان لەخۆدەگرێت.
- پەیمانگاکانی ئەم کۆمەڵگایە: بریتین لە پەیمانگای لەیزەر و پلازما بۆ خوێندنی باڵا، پەیمانگای باڵای پلاندانانی شاری و هەرێمی بۆ خوێندنی باڵا، پەیمانگای ئەندازیاری بۆماوەیی و بایۆتەکنۆلۆجی بۆ خوێندنی باڵا، پەیمانگای باڵای لێکۆڵینەوەی ژمێریاری و دارایی.
- ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لەم کۆمەڵگایە: بریتین لە ناوەندی زیندووڕاگرتنی کەلەپووری زانستی عەرەبی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، ناوەندی توێژینەوەی پەروەردەیی و دەروونی، ناوەندی توێژینەوەی بازاڕ و پاراستنی بەکاربەران و ناوەندی بەڵگەنامەکانی بەغداد.
- ناوەندە خزمەتگوزاریییەکان لەم کۆمەڵگەیە: بریتین لە ناوەندی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر، ناوەندی پەرەپێدان و پەروەردەی بەردەوام، سکرتاریەتی گشتی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ، بەشی چالاکی هونەری و کولتووری، بەشی چالاکی وەرزشی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەڵەستین، ناوەندیی توێژینەوەی پەروەردەیی و دەروونی.
٢ـ کۆمەڵگای باب ئەلمعەزەم
- کۆلێجەکانی ئەم کۆمەڵگایە: پێکهاتوون لە کۆلێجی پزیشکی، کۆلێجی پزیشکی ددان، کۆلێجی دەرمانسازی، کۆلێجی پزیشکی کلینیکی و پەرستاری، فاکەڵتی پەروەردەی ئیبن ڕوشد، کۆلێجی ئاداب، کۆلێجیزمان و کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان.
- ناوەندەکانی ئەم کۆمەڵگایە: بریتین لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی، مۆزەخانەی زانکۆ، دووەم کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ.
٣ـ ناوچەی وەزیرییە: ئەم ناوچەیە پێکهاتووە لە: کۆلێجی هونەرە جوانەکان، کۆلێجی پەروەردەی وەرزشی بۆ کچان، کۆلێجی یاسا و کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری.
٤ـ ناوچەی ئەعزەمییە: کۆلێجی پەروەردەی ئیبن هەیثەم لەخۆدەگرێت.
٥ـ کۆمەڵگای ئەبووغرێب: لە ڕابردودا کۆلێجی کشتوکاڵ و کۆلێجی پزیشکی ئاژەڵانی لەخۆگرتبوو.
٦ـ ناوچەی نەهزە: کۆلێجی پزیشکی کیندی و نەخۆشخانەی فێرکاری کیندی لەخۆدەگرێت.