کاریگەری جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر جیهان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-24-21:42:00 - کۆدی بابەت: 12297
کاریگەری جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر جیهان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر جیهان (بە عەرەبی: الآثار العالمية للحرب الروسية على أوكرانيا، بە ئینگلیزی: the global impacts of Russia war on Ukraine) جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ بە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستی پێکرد، بە یەکێک لە کاریگەرتین جەنگەکان بۆ سەر کارگێڕی جیهانیی دادەنرێت، چونکە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەریان لەسەر زۆربەی وڵاتەکانی جیهان هەیە. بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو ئۆکرانیا بە دابینکەری دانەوێڵە بۆ کیشوەری ئەفریقا دادەنرێت و وڵاتێکی وەکو میسڕ بە یەکەم هاوردەکاری گەنمی ئۆکرانیا دادەنرێت، لەلایەکی ترەوە ڕووسیا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، نەوت و گازی سروشتی و ماددە خامەکانی دروستکردنی پاتری و زێڕ و چەندەها ماددەی تر لە ڕووسیاوە هەناردەی وڵاتان دەکرێت، بۆیە هەردوو وڵات کاریگەریان لەسەر بچووکترین یەکەی نیشتەجێ بوون لە جیهاندا هەیە. 

هۆکاری هەڵگیرساندنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا چی بوو؟ 

ئۆکرانیا، بەپێی ڕێکەوتن لەگەڵ ڕووسیادا وڵاتێکی بێلایەن بوو لە کێشە و ململانێکانی نێوان ڕووسیا و ناتۆ یاخود ڕووسیا و ئەمریکا. بەڵام لە میانەی سەرۆکایەتی ڤۆلۆدمیر زێلنیسکیدا هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە. زێلنیسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیاریدا گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئۆکرانیادا بکات بەوەی ئۆکرانیا بچێتە نا یەکێتی ئەورووپا و ببنە ئەندام، هەروەها ببنە ئەندامی هاوپەیمانیەتی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ. بەمەش وڵاتێکی ناتۆ دەبێتە هاوسنووری ڕووسیا. بە پێی یاسای ناتۆ، هەر وڵاتێک ئەندامی ناتۆ بێت، دەبێت کڵاوەی ئەتۆمی و سوپای ناتۆ تێیدا جێگیر بکرێن، بەمەش سەنگەرێک دژی ڕووسیا لە وڵاتێکی هاوسنوورەوە دژی ڕووسیا دەگیرا. وڵاتی ڕووسیاش لە ئەنجامی شکاندنی ئەو پەیمانەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیاوە هێزێکی زۆری ڕەوانەی سنووری ئۆکرانیا کرد و بۆ چەند مانگێک مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر سنوور کرد و پاشان لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ هێرشی ڕووسیا بۆ سەر بەشی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکە لە سێ خاڵی سەربازییەوە دەستی پێکرد کە ئەوانیش (بیلاڕووسیا، ڕووسیا، نیمچە دوورگەی کریمیا) بوون.

گرنگترین کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر جیهان

یەکەم: قەیرانی مرۆیی 

هەموو جەنگێک لێکەوتی مرۆیی هەیە، کە تیایدا سەدان هەزار خێزان ناچارن لە هێڵی جەنگ دووربکەونەوە و ئاوارەی ناوچەیەکی پارێزراو بن، کە دڵنیایی ئەوەیان هەبێت ناکەونە بەر مەترسی جەنگ. لە ئۆکرانیا هەر لە دەستپێکی جەنگەکەدا خانمان و ئەو کەسانەی توانای شەڕکردنیان نەبوو ئاوارەی وڵاتە ئەورووپییەکان بوون، ئەوانەی مانەوە وەکو سەرباز خزمەت بە هێزی بەرگری وڵاتەکەیان دەکەن.

دووەم: قەیرانی ئاسایشی جیهانی 

کاتێک جەنگ ڕوودەدات، وڵاتانی دراوسێ دەبێت خۆیان بۆ هاتنی ئاوارەکان و پەناهەندەکان ئامادە بکەن، لێرەشدا بارودۆخی ئەو وڵاتانە تێکدەچێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئۆکرانیا تێیدا ئاوارەن، حکوومەت پێویستە ئاسایشی ئەم خەڵکە بپارێزێت و تیمەکان پێویستە بەردەوام چالاک بن و جێگەی مانەوە و هەلی کاریان بۆ دابین بکەن.

سێیەم: کاریگەری ئابووری

کاتێک جەنگ ڕوودەدات، قەیرانی ئابووریش ڕوودەدات، لێرەدا ڕووسیا و ئۆکرانیا هەردووکیان وڵاتی ئابوورین، بە ڕوودانی ئەم جەنگە زۆر وڵات تووشی قەیران هاتووە، بۆ نموونە نەوت و گازی سروشتی ڕووسیا سنووردار کراوە بەمەش نرخی سووتەمەنی زیادی کردووە، ئەو وڵاتانەی سووتەمەنی دەکڕن، بۆ نموونە تورکیا بە ڕوونی قەیرانی پێوە دیاربوو، یاخود لە ئەمریکا کە خۆی وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت و گازە تیایدا نرخی سووتەمەنی گران بوو چونکە کرێی گواستنەوە زیادی کرد. نزیکترین وڵاتەکان لە بازنەی جەنگ، وڵاتە ئەورووپییەکانن کە ڕووسیا بۆری گازی نۆرد ستریمی گرتەوە و تیایدا تووشی قەیران هاتن لە نەبوونی سووتەمەنیدا دەیان خۆپیشاندانی گەورە لە پاریس، پایتەختی فەڕەنسا ڕوویاندا بەهۆی گرانی نرخی سووتەمەنی. هەروەها کاتێک قەیران لە سێکتەرێک ڕوودەدات ئەوا بەهای دراوی ئەو وڵاتەش دەست بە دابەزین دەکات. 

چوارەم: دابین کردنی سووتەمەنی

هەروەکو لە خاڵی سێیەم خرایە ڕوو، ڕووسیا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت و گازی سرووشتی لە جیهاندا، کاتێک بەهۆی هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا، سزای خرایە سەر، دەست بەجێ بۆری گواستنەوەی گازی سرووشتی نۆرد ستریم ١ و ٢ی داخست. ئەورووپای تووشی زستانێکی سەخت کرد کە وای کرد شەوانە شارەکان تاریک بکات بەهۆی کورتهێنان لە وزە گڵۆپی شەقامەکان لە شەواندا کاریان پێ نەدەکرا. وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا پێشنیاری کرد بۆ هاوڵاتیانی کە هەفتانە یەک جار گەرماو بکەن ئەویش بە کۆمەڵ بۆ ئەوەی وزە زۆر بەفیڕۆ نەچێت.

پێنجەم: قەیرانی پەنابەران

لەو ساتەوەی مرۆڤایەتی دەستی بە فراوان بوون کردووە کۆچ و پەنابەری بوون بە دوو بابەتی دیار لەناو ئەو کۆمەڵگانەی کە گوزەران تێیاندا خراپ بووە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە دانیشتووان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتێکی تر. بۆ نموونە کاتێک ئەمریکا دۆزرایەوە بە مەبەستی ژیانێکی شایستە لە هەموو ئەورووپاوە کۆچ کرا بۆ ئەوێ. 

لە دەرئەنجامی جەنگی سووریا و ئاڵۆزی وڵاتە ئەفریقییەکان ساڵانێکه ئەورووپا بووەتە جێگەی خەونەکان. لە ئەنجامی جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیاشدا، سەدان و بگرە ملیۆنان ئۆکرانی کۆچیان بۆ وڵاتە ئەورووپییەکان کرد. ئەمەش مەترسی لەسەر ئەو کەسانە دروست کرد کە پلانیان داناوە کۆچ بکەن بۆ ئەورووپا، چونکە شوێنی مانەوە بۆ پەنابەران کەمبووەتەوە و زیاتر گرنگی بە ئۆکرانییەکان دەدرێت.

شەشەم: ناجێگیری سیاسی

جەنگەکان زۆر جار لە چوارچێوەی ئاڵۆزی ناوخۆیی یان بەرکەوتنی دوو وڵاتدایە، بەڵام جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ئاڵۆزی زیاتر لە شوێنی تری جیهان بەهۆی ئەو کاریگەرییەی ئەم دوو وڵاتە لەسەر جیهان هەیانە. بۆ نموونە ئەو وڵاتانەی گەنم هاوردە دەکەن لە کاتی جەنگدا ڕووسیا دەریای ڕەش و ئازۆڤی داخست خۆی بڕیاری دەدا گەنم بە کەشتی هەناردە بکرێت، ئەو وڵاتانەی گەنمیان لە ئۆکرانیا دەکڕی دەبوو چاوەڕێی بڕیاری ڕووسیا بکەن بۆ ناردنی گەنم، لەم حاڵەتەدا برسییەتی زۆری ئەو وڵاتە هەژارانە هۆکارێک بوون بۆ سەرهەڵدانی خەباتی چەکداری و ڕووخاندنی حکوومەتەکان. 

حەوتەم: ئاڵۆزی دیپلۆماتیکی

ئەم خاڵەیان بە واتای ئەوە دێت کە بەهۆی جەنگەوە پەیوەندی نێوان وڵاتی ڕووسیا و ڕۆژاواییەکان تێکچوو، هەمووان سزای ئابووریان لەسەر ڕووسیا دانا، ڕووسیا بێبەش کرا لە پاڵەوانیەتە وەرزشییەکان وەکو بەشداریکردنی یانە ڕووسییەکان لە خولی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ. هەروەها لە پیشەسازی یاری ڤیدیۆییشدا ستۆدیۆ و کۆمپانیا ڕووسییەکان بە پێدانی نمرەی نزم بە یارییەکانیان لە کاتی پێداچوونەوەدا سزا دەدران تاوەکو فرۆشیان نەبێت، چەندەها ڕێگەی تری سزادان گیراونەتە بەر تاوەکو ڕووسیا سزا بدەن.

هەشتەم: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ

لە جەنگدا زۆر جار لایەنەکان، مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و چەکی قەدەغە بەکاردەهێنن، بۆ نموونە ئۆکرانیا بۆمبی هێشوویی بەکاردەهێنا کە بەپێی بڕیاری UN بەکارهێنانی دژ بە مافەکانی مرۆڤە. یاخود ڕووسیا بۆمبی قەدەغەکراوی تری بەکاردەهێنا کە دەبووە هۆی گەرم داهاتنی ناوچەکە و سووتانی بەرکەوتووەکان، ڕووسیا کاتێک ناوچەیەک بۆردوومان دەکات زیاتر لە جارێک دەیکاتە ئامانج تا هیچ شتێک لێی ڕزگاری نەبێت.

نۆیەم: زیان گەیاندن بە ژینگە

گواستنەوەی لۆجستیک وەک گواستنەوەی تانک و تۆپهاوێژ بە نشینگەکان و دەشتاییەکان و ناو دارستانەکان دەبێتە هۆی گەیاندن بە سروشت چونکە ئەو جێگەیە تێکدەدرێت، هەروەها تەقاندنی موشەک و تۆپ دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگە و شێواندنی سروشتی ئەو ناوچەیە.

دەیەم: شێواندن و لەناوچوونی کولتووری 

کاتێک جەنگ ڕوودەدات ژێرخانی ئەو وڵاتە دەشێوێت، ڕووسیا لەم جەنگەدا بە مەبەست تەواوی شوێنەوارە مێژوویی و کولتوورییەکانی ئۆکرانیای لە تەواوی شارەکان کردووەتە ئامانج، ئەمەش بە واتای سڕینەوەی مێژووی وڵاتێک دێت کە باڵەخانە هەیە سەدان ساڵ تەمەنیەتی ئێستا تەختی زەوی کراوە، مۆزەخانە هەیە ئاسەواری مێژووی کۆنی مرۆڤایەتی تێدابووە بەڵام هەموو ئاسەوارەکان لە ناوبردران تا شتێک نەمێنێت بەناوی مێژووی پڕ لە شانازی. 

یانزەیەم: قەیرانی تەندروستی 

هەر وڵاتێک جەنگ تێیدا ڕووبدات قەیرانی نێونەتەوەیی تەندروستی ڕوودەدات، بەو واتایەی کاتێک بریندار زۆر دەبێت لە توانای چارەسەریی ناوخۆدا نییە و دەبێت بریندارەکان ببرێنە وڵاتێکی دراوسێ بۆ چارەسەر. یاخود لە دەرئەنجامی شەڕکردن منداڵان دووچاری بەدخۆراکی دەبن و پیسبوونی هەوا و ئاو دەبێتە هۆی پەتای کۆلێرا و دەیان نەخۆشی گواستراوەی تر. 

دوانزەیەم: دواکەوتنی کەرتی پەروەردە

هەندێک وڵات کاریگەریان لەسەر کەرتی پەروەردە و فێرکردن هەیە، ئۆکرانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانە کە کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا هەبوو، دوای جەنگ ئەو وڵاتە لە تەواوی سێکتەرەکان پاشەکشەی کرد بەتایبەتی پەروەردە.

سیانزەیەم: کاریگەری دەروونی 

فینلەند، سوید، دانیمارک و زۆر وڵاتی تری ئەورووپی تا ئەم کاتە کە ساڵی ٢٠٢٤ـە و دوای دوو ساڵ لە جەنگ و بەردەوامی شەڕ هێشتا لە دۆخێکی دەروونی خراپدان لە ترسی ئەوەی ڕووسیا هێرشیان بکاتە سەر و داگیریان بکات، لە سەرەتای جەنگەکەدا خەڵکی دانیمارک شەوان لە جێگەی پارێزراودا دەخەوتن لە ترسی هێرشی ئاسمانی ڕووسیا.

چواردەیەم: وەڵامدانەوەی فریاگوزاری لە ناوکاو

ڕێکخراو و کۆمەڵە جیهانییەکان لە کاتی جەنگدا تووشی فشار دەبن چونکە پێویستە لە هەوڵی هاوکاری کردنی لێقەوماواندا بن، بۆ نموونە UN هەوڵی گواستنەوەی پەناخوازانی دەدا لە سەرەتای جەنگ. هاوپەیمانی NATO بەردەوام هەوڵی پڕچەک کردنی ئۆکرانیا دەدات و خاچی سوور و هیلالی سوور کە دوو ڕێکخراوی تەندروستین هاوکاری برینداران دەکەن. 

پانزەیەم: گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی 

جیهان بەپێی سیستمێک دامەزراوە کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتێکی تر و داگیری بکات، کاتێک ئەم بەربەستە فەرامۆش دەکرێت و وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی تر داگیردەکرێت فراوانبوونی نەخشەی وڵاتە داگیرکەرەکە دەبێتە مەترسی بۆ وڵاتەکانی تر یان وڵاتانی دراوسێ و سەروەرییان دەکەوێتە مەترسییەوە.


سەرچاوەکان



397 بینین