چۆن یارمەتی کەسێکی تووشبوو بە خەمۆکی بدەین؟

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-08-03-13:53:00 - کۆدی بابەت: 13893
چۆن یارمەتی کەسێکی تووشبوو بە خەمۆکی بدەین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن یارمەتی کەسێکی تووشبوو بە خەمۆکی بدەین؟ (بە عەرەبی: كيف تساعد شخصاً يعاني من الاكتئاب، بە ئینگلیزی: How to help someone with depression) ئاساییە ناوبەناو هەست بە دڵتەنگی یاخود خەمۆکی بکەیت.  بەڵام ئەگەر ئەم هەستانە زیاتر لە ٢ هەفتە بەردەوام بن یاخود دەست بکەن بە کاریگەری لەسەر ژیان و چالاکییەکانی ڕۆژانە، ئەوە دەشێت نیشانەی خەمۆکی بێت. خەمۆکی بە هێواشی گەشە دەکات و پەرەدەسێنێت. هەربۆیە، کەسێک کە خەمۆکی هەیە هەمیشە درک بەوە ناکات یاخود دان بەوەدا نانێت کە هەست یاخود ڕەفتارەکانی لە دۆخی ئاسایی خۆی لایداوە. زۆرجار، هاوبەشی ژیان، ئەندامێکی خێزان یاخود کەسێکی چاودێر هەروەک بەخێوکەر، ئەو کەسەیە کە سەرەتا تێبینی دەکات کە کەسی تووشبوو پێویستی بە چارەسەرە. لەو حاڵەتانەدا لەوانەیە هانی هاوڕێ یاخود کەسی پەیوەندیدار بە ئەندامانی حێزانەکەیان بدەن کە تووشبووە، تا سەردانی پزیشکی گشتی بکەن یاخود ڕێگایەکی دیکە بۆ پاڵپشتیکردنیان بدۆزنەوە.

چەند نیشانەیەک کە دەریدەخەن کەسێک تووشی خەمۆکی بووە

  • لەدەستدانی حەز و ئارەزوو لە ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کە پێشتر چێژی لێ وەردەگرت.
  • وادەردەکەوێت کە هەست بە نائومێدی یاخود بێهیوای بکات.
  • خاوبوونەوەی جوڵە و قسەکردن یاخود هەبوونی دڵەڕاوکێ و نائارامی زیاتر لە جاران.
  • هەستکردن بە ماندوێتی یاخود نەبوونی وزەیەکی زۆر. 
  • زۆر خواردن یاخود نەمانی ئارەزووی خواردن. 
  • زیاد لە پێویست خەوتن یاخود کێشە لەخەوتندا. 
  • بەزەحمەت سەرنجدان لەسەر چالاکیی و ڕۆتینەکانی ڕۆژانە، وەک سەیرکردنی تەلەفزیۆن یاخود خوێندنەوەی ڕۆژنامە.

نیشانەکانی خەمۆکی لە کەسانی بەساڵاچوو

  • سەلاجە و دۆڵابی بەتاڵ (کە ئاماژەیەکە بۆ کەمی خۆراک لەماڵەوەدا.)
  • ڕواڵەتێکی ناڕێک و پێک و پشتگوێخراو واتا گرنگی نەدان بەخۆی.
  • خراپی لە پاکوخاوێنیدا.
  • کەسێک کە چێژێکی کەم وەردەگرێت لە پێشوازیکردنی سەردانکەران و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. 

چەند ڕێنمایەک بۆ یارمەتیدانی کەسێکی دڵتەنگ و دەروون لاواز

  • پێیان بڵێ کە تۆ گرنگیان پێدەدەیت و ئامادەیت بۆ گوێگرتن لێیان.
  • وەک خۆیان قبوڵیان بکە، بەبێ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدەیت.
  • بە شێوەیەکی لەسەرخۆ هانیان بدە لە یارمەتیدانی خۆیان و ئەنجامدانی کاری ئەرێنی، بۆ نموونە بەردەوام بوون لە چالاکی جەستەیی، خواردنی خۆراکی تەندرووست و ئەنجامدانی ئەو شتانەی کە چێژی لێ وەردەگرن.
  • زانیاری وەربگرە سەبارەت بەو خزمەتگوزاریانەی کە بۆیان بەردەستە، وەک خزمەتگوزاری چارەسەر لەڕێگای قسەکردنەوە یاخود گروپەکانی تایبەت بە پاڵپشتی خەمۆکی لە ناوچەکەیان.
  • لە پەیوەندیدا بمێنەوە لەگەڵیان لە ڕێگای پەیام، تەلەفۆن کردن یاخود لە ڕێگای کۆبوونەوە و خواردنەوەی قاوەیەک. ئەو کەسانەی کە خەمۆکییان هەیە لەوانەیە گۆشەگیر ببن و بە ئەستەم بتوانن ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن.
  • هەروەها، هەوڵبدە ئارام بگرێت و ئاگات لە تەندرووستی خۆت بێت، لەکاتی یارمەتیدانی کەسێکی تووشبوو. 


سەرچاوەکان



186 بینین