بۆچوونی عەبدوولکەریم مودەڕیس دەربارەی نەورۆز

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-10-28-22:28:00 - کۆدی بابەت: 15108
بۆچوونی عەبدوولکەریم مودەڕیس دەربارەی نەورۆز
دەربارەی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

پرسیاری هەمیشە و نەبراوە دەربارەی نەورۆز، کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا سەرهەڵدەداتەوە، بریتییە لەوەی: ئایا نەورۆز جەژنێکی کوردییە یان فارسی؟ هاوکات، پرسیارێکی گرنگتریش بۆ تاکی کورد دێتە ئاراوە، ئەویش ڕوانگەی ئایینی ئیسلامە بۆ ئەم جەژنە، کە زۆرجار لە ڕێگەی دیدگای زانایانی ئایینییەوە وەڵام دەدرێتەوە. لەم نێوەندەدا، مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس، کە گەورەترین زانای ئایینی هاوچەرخی کوردستانە و لە هەمان کاتدا خزمەتکارێکی گەورەی ئەدەب و فەرهەنگی کوردییە، دیدگایەکی ڕوون و یەکلاکەرەوەی هەیە. لە ڕوانگەی مامۆستا مودەریسیشەوە، نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی کوردە، بۆنەیەکی حەڵاڵە و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلامدا نییە، بەڵکو دەربڕینە لە شادیی هاتنی بەهار.

بۆچوونی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس

قسە و بۆچوونی زانایەکی گەورە و جێگەی متمانەی وەک مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس، گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە. مامۆستا مودەریس، کە زانایەکی بێهاوتای ئایینی و لە هەمان کاتدا خزمەتکارێکی دڵسۆزی زمان و ئەدەبی کوردی بوو، توانی پردێکی پتەو لەنێوان ناسنامەی نەتەوەیی و باوەڕی ئایینیدا دروست بکات. لە چاوپێکەوتنێکی لەگەل ڕۆژنامەیەکی عێڕاقی دەڵێت، نەورۆز جەژنێکی ناسراوی سەردەمی ئیسلام و پێش ئیسلامە، هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ ئاینی موسوڵمانان نیە. جەژنی نەورۆز دروشمێک نیە بۆ فەساد، بەڵکو جەژنی بەهار و شادی کوردە.

دەقی هەڤپەیڤینەکەی مامۆستا لەگەل ڕۆژنامەکەدا(وێنەکە)

زانا (عەلامە) شێخ عەبدولکەریم مودەڕیس: نەورۆز هەرگیز درووشمی هیچ فەساد و دژایەتیێک نەبووە لە ئایینی ئیسلام 
زانا (شێخ عەبدولکەریمی مودەڕیس) یەکێکە لە پیاوانی ئایینی ناسراو و یەکێکە لە یەکەم مامۆستاکان لە عێراق، لەگەڵی دانیشتین بۆ ئەوەی بۆمان باسی نەورۆز بکات.. سەرەڕای نەساخیی تەندروستیی، بەڵام لەنێو قوتابییەکانی قسەی بۆ کردین و گوتی: 
نەورۆز رۆژی کۆتاییەکانی زستان و سەرەتای بەهارە، کە زستان سارد بوو و خەڵک ماندوو بوون و پێویستیان بە بەتانی و لێفە و سووتەمەنی بوو، بەڵام کە بەهار دەهات، ئەو شتانەیان فڕێدەدا و بەبۆنەی هاتنی بەهار چالاک و دڵخۆش دەبوون، لەو رۆژە دیاریکراوەدا یارییان دەکرد، کە دەگوترێت یەکەم رۆژی بەهارە، ئەمە لە سەردەمی ئیسلام و موسڵمانانیشدا هەبووە، هەرگیز درووشمی هیچ فەساد و دژایەتیێک نەبووە لە ئایینی ئیسلامدا، حاشا موسڵمانان شتێک بکەن کە پێچەوانەی ئایینەکەیان بێت... ئەمە بڕیاری لێدراوە و دەیزانین، هەر لە منداڵییەوە تاوەکو ئێستا.
عەبدولکەریم مودەڕیسی زانا دەڵێ: بیستوومە خەڵک لە سەردەمی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب رەزای خوای لێبێت، شیرینی و شتی دیکەیان دروستکردووە و بەشێکیان کردووەتە دیاری بۆ پێشەوامان عەلی خوا لێی رازی بێت. ئەویش لێی پرسیون، ئەم شیرینییە چییە؟ گوتوویانە ئەمە درووشمی ئێمەیە؛ لە نەورۆزدا ئەم شتانە دەخۆین و بە دیاریش دەیبەخشینە ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن.. ئەویش (عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) گوتوویەتی مادام وایە هەموو مانگێکمان بۆ بکەنە نەورۆز.


سەرچاوەکان



16 بینین