ناوهڕۆك
ناساندن
خاڵی گرنگی جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق (بە ئینگلیزی: The important point of separation of Kurdistan from Iraq، بە عەرەبی: النقطة المهمة لانفصال كردستان عن العراق)، کوردستان یەکێکە لە هەرێمەکانی عێراق ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٧٣١٧ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، زۆربەی ناوچەکانی شاخاوی و نیمچە شاخاوین لە نێوان (٢٠٠ مەتر بۆ ٣٦٠٠ مەتر) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێوان بازنەکانی پانی (٣٣-٣٧)ی باکووری هێڵی یەکسانی هەردوو هێڵی درێژی (٤١-٤٦)ی ڕۆژهەڵاتی هێڵی گرینج، ئاووهەواکەی بەشێوەیەکی گشتی ئاووهەوای دەریای ناوەڕاستە، بە خاکێکی زۆر بە پیت دادەنرێت بۆ کشتوکاڵ وەک دەشتی شارەزوور.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبیانەی کە دەکەوێتە سەر کەنداوی عەرەبی ڕووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی (٣١٧,٤٣٨) کیلۆمەتر چوارگۆشە، دەکەوێتە نێوان هەردوو بازنەی پانی (٢٦-٣٧)ی باکووری هێڵی یەکسانی و هەردوو هێڵی درێژی (٣٨-٤٨)ی ڕۆژهەڵاتی هێڵی گرینجەوە، ئەم شوێنە بە گشتی شوێنگەی گواستنەوەی ئاووهەوای بیابانی گەرم و ئاووهەوای دەریای ناوەڕاست دەناسرێت، بڕێکی زۆری نەوت هەیە ئەندامە لە ڕێکخراوی ئۆپیک، خاکەکەی ڕێژەیەکی خوێی تێدایە بە کەمی سوودی لئ وەردەگیرێت بۆ کشتوکاڵ.
خاڵی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق
- لە ڕووی جیۆلۆجیەوە هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازترە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بە جۆرێک لە هەرێمی کوردستان بە ناوچەی پێچاوپێچ ناسراوە، بەڵام لە عێراقدا ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست شێوەی سادە و تەخت وەردەگرن.
- هەرێمی کوردستان لەڕووی ئاووهەواوە بە تایبەت پلەی گەرمی و بارانەوە جیاوازیەکی زۆری لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەیە، لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی باران بارین زۆر زیاترە لە ناوچەکانی عێراق، باران بارین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە لە بەرامبەر ناوچەکانی تری عێراق، بڕی باران بارین لە خانەقین و کەلار لە (٢٥٠-٣٠٠) ملم دەست پێدەکات بەرزترین باران بارین لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات لە پێنجوێنە بڕی باران بارین (١٢٠٠-١٣٠٠)ملم لە ساڵێکدا.
- هەرێمی کوردستان ئاووهەواکەی مامناوەندە پلەی گەرمی زۆر بەرز نابێتەوە ڕێژەی باران بارینی زۆرە، بەڵام عێراق ئاووهەوایەکی گەرم و وشکە پلەی گەرمی زۆر بەرزە، ڕێژەی باران بارینی دەگاتە نزیکەی (٢٥٠) ملم.
- بەرزونزمی بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێت بۆ جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، هەرێمی کوردستان هەموو جۆرەکانی بەرزونزمی دەبینرێت هەر لە چیا بەرزەکانەوە بۆ نیمچە بەرزەکان و پێ دەشتەکان و دەشتەکان، بەڵام ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی تەختن بەرزونزمی زۆر بە کەمی تێدا دەردەکەوێت، بەشێوەیەک هەموو بە ناوچەیەکی بیابانی وشک و گەرم داپۆشراوە هیچ جۆرە بەرزاییەکی تێدا نابینرێت.
- خاڵێکی تری جیاوازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ڕووەکی سروشتییە، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جۆر ڕووەکی سروشتی دەبینرێت، بە جۆرێک ڕووەکی سروشتی لە ناوچە شاخاوییەکان جیاوازە لە ناوچە دەشتایی و ڕووبار و چەمەکان، لە ناوچە شاخاوییەکان ڕووەکی بەڕوو و قەزوان دەردەکەوێت لە ناوچە دەشتایەکان هەنار و توو دەردەکەوێت، بەڵام ناوچەکانی عێراق ئەم جۆراوجۆری ڕووەکە بەدی ناکرێت تەنها ڕووەکی بیابانی تێدا دەبینرێت.
- هەرێمی کوردستان لەچەندین جۆر هەرێمی ئاووهەوای پێکهاتووە وەک (هەرێمی دەریای ناوەڕاست و نیمچە بیابانی) بەڵام ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیاتر بە هەرێمی ئاووهەوای بیابانی ناسراوە.
- گەشت و گوزار بە خاڵێکی گرنگی جیاکەرەوەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت چونکە هەرێمی کوردستان چەندین دیاردەی ناوازەی هەیە وەک ئەشکەوت، تاڤگە و بارینی بەفر کە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکات، بەڵام ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە ڕووی گەشت وگوزارەوە گونجاو نییە چونکە ناوچەیەکی وشک و گەرم و دیاردەی خۆڵ بارین وای لێ کردووە گەشتیاری کەم بێت.
- هەرێمی کوردستان چەندین نەتەوەی جیاوازی تێدایە لەوانە (عەرەب، توورک، ئاشوور) لەگەڵ چەندین مەزهەبی تێدایە وەک شیعە و سوننە چەندین ئایینی تێدایە وەک (موسڵمان، کاکەی، یەزیدی و مەسیحی)، بەڵام عێراق زۆربەی دانیشتووان عەرەب و موسڵمانن لە مەزهەبی شیعە و سونە پێکهاتوون.
- خاکی هەرێمی کوردستان ڕێژەی خوێی تێدا کەمە بە کەڵکی کشتوکاڵ دێت، بەڵام بەشێک لە خاکی عێراق بە کەڵکی کشتوکاڵ نایەت بە هۆی زۆری ڕێژەی خوێ تێیدا.